عەریف یاسین

یاسین محەمەد ناسراو بە عەریف یاسین دۆسکی پێشمه‌رگه ‌و فه‌رمانده‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بووه‌، پلەکانی سەردەستە، سەرلق، ئامربەتالیۆن، ئامر سریە، ئامرهێزی وەرگرتووە، بەشداری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە.


ژیاننامە

یاسین محەمەد ناسراو بە عەریف یاسین دۆسکی لە ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی بیرێ سەر بە قەزای ئامێدی لە دایکبووە، کارمەند بووە لە بنکەی پولیسی سەرسنگ و دواتر بووەتە عەریف و گواستراوەتەوە مووسڵ، بۆ ماوەی دوو ساڵ لە هەولێر دەبێت و وەکو هێزی گەڕۆک بۆ پاراستنی سنوورەکانی کێلەشین و خنێرە ئەرکی پێ دەسپێردرێت و لە لایەن ‌حکومەتەوە پلەی ڕەئیس عورەفای پێ دەبەخشرێت، ماوەی ساڵێک و شەش مانگ گواستراوەتەوە بۆ بنکەی پۆلیسی شێروان، جارێکی تر لە سەر داوای شێخ ئەحمەدی بارزان گواستراوەتەوە بنکەی تێڵ و دووبارە لە لایەن ‌حکومەت گەڕێندراوەتەوە بنکەی پۆلیسی شێروان، بۆ ماوەی ٩ مانگ ئامر مەخفەر بووە لە بارزان، جارێکی تر لە بەر دژایەتی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی بارزان گواستراوەتەوە بنکەی تێلی، ساڵی ١٩٧٥ ئاوارەی ئێران بووە و لە ئوردوگای زێوە نیشتەجێ بووە، لە ٢٢ی شوباتی١٩٩٢ کۆچی دواییکردووە.


خەباتنامە

عەریف یاسین دۆسکی لە ساڵی ١٩٦٠ لەگەڵ هەموو پۆلیسەکانی بنکە بە چەک و تەقەمەنی و بێتەڵەوە پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە دەکەن، لە شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ وەک سەردەستە لە ‌هێزی سوارئاغا بووە، بەشداری یەکەم شەڕ لە چیای شێروان کردووە، دوای ئازادکردنی هەرێمی بادینان لەلایەن مەلا مستەفا بارزانییەوە و پێش ڕووکردنی بۆ دەڤەری سۆران کراوە بە یارمەتیدەری محەمەد ئەمین میرخان فەرماندەی هێزە لێدەرەکان، بەشداری شەڕەکانی ناوچەی بادینان وەکو شەڕی بێتنور، قومری، کانی بەلاڤ، زێوکێ، بێسفکێ، دەریا، کەمەکا، گەرماڤا حاجی ئاغا، لۆمانا، زاویتە، سەری زەی، سوار و سپیندار، سەری ئەتروش، کەڤرە سور، کولەبێهێ، تلبزینە و نەهلە و سەری ئاکرێ کردووە.

ناوبراو ساڵی ١٩٦٢ چووەتە ناوچەی سۆران و بەشدار بووە لە شەڕەکانی بەرەو گەرووی بێشێ و گەلی بەرسیرین و دەرگەڵە و قشلەکانی گەڵاڵە و چۆمان و قەڵای رایاتیان بۆ ماوەی ٤٢ ڕۆژ  گەمارۆداوە و بە پێی ڕێنمایی عەریف یاسین نەفەقێکیان لە ژێرەوە لێداوە بۆ گرتنی قەڵایەکە، لە چیای سیاکۆ لێپرسراوی هێز بووە، بەشداری شەڕی چیای گەردن حوشتری کردووە. بە سەرپەرشتی ‌عەریف یاسین قایمقام و بەڕیوەبەری  ناحیەی مێرگەسۆر دەستگیرکران و دەست بە سەر هەموو کەلوپەلەکانیان داگیرا.

لە ١٣ی تەموزی ساڵی ١٩٦٣ لە هێرشی هێزەکانی سوپای عێراق بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سپیلک فەرماندەی لقێکی پێشمەرگە بووە لە ژێر فەرماندەیی عەقید ڕوکن عەبدولکافی نەبەوی و بەشداری شەڕی سپیلک و دەربەندی کوڕێی کردووە.

ساڵی ١٩٦٣ لێپرسراوی ناوچەی سپیلک بووە و لە شەڕێکدا لە سەر ڕێگەی خەلیفان–سپیلک فەوجێکی سەربازیان گرتووە. هەر لە ساڵی١٩٦٣ لە شەڕێک لە دەشتی هەریر بریندار دەکرێت و دوای چارەسەرکردنی گەڕاوەتەوە ناوچەی هاودیان، بەشداری شەڕەکانی هاودیان و باسکی دەری، مەزنێ، شێتنێ، لێلۆک، خەردن، بێسترێ، گەلی واژێی، دەشتی گۆڕەتوو، کولانا دەری، گردی بێرسیاڤی کردووە و بۆ جاری دووەم  بریندار دەبێت، لە سەرەتای ساڵی ١٩٦٤ لە سەر فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی بارەگاکەی گواستۆتەوە بۆ گەڵاڵە و دۆڵی شەهیدان و بەشداری شەڕەکانی ئۆمەر قەوم، ماوەت، گەمۆ، سیری، چیایی باری کردووە. فەرماندەی جەبهە بووە و بەشداری شەڕی حافیزی کردووە و گەڕاوەتەوە گەرووی بێشێ و لەوێ بەشداری شەڕه‌كانی گەرووی عومەر ئاغا، پشتی بادلیان، سەروکانی دیانا، سەرتیز، زۆزکی كردووه‌.

ساڵی ١٩٦٦ کراوە بە ئامربەتالیۆن و فەرماندەی هێزی پێشمەرگە بووە لە شەڕی چیای زۆزک و گەرووی عومەرئاغا، ساڵی ١٩٦٧ هێزی پێشمەرگە بە فەرماندەیی عەریف یاسین لە گوندی سپیندارە توانیان مەخفەری هێزی گەڕۆکی هیران بگرن. ساڵی ١٩٧٠ لە پێکهێنانی فەوجەکانی سەر سنوور کراوە بە ئامر سریە لە فەوجی ١٠ لە کانی سماقۆک، دوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ کراوەتە بەرپرسی بەرەی گۆڕەز و لەوێش سەرپەرشتی چەندین شەڕی کردووە و بۆ جاری سێیەم و چوارەم بریندار دەبێت، ساڵی ١٩٧٠ لە سەر فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی کراوەتە فەرماندەی هێز، دوای نسکۆی ١٩٧٥لە ئۆردوگای زێوە بووەتە ئەندامی لێژنەی سەرپەرشتی ئاوارەکان. 

عەریف یاسین بەشداری شۆڕشی گوڵان و سەرکردایەتی کاتی کردووە و کراوەتە بەرپرسی ناوچەی نێروە و ڕێکان و دۆسکی ژووری و بەشداری شەڕی ساڵانی نێوان (١٩٧٦-١٩٧٩) کردووە، ساڵی ١٩٧٩ بەشداری کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان کردووە، ساڵی ١٩٨٢ لە کاتی ڕێکخستنی هێزی پێشمەرگە ئامرهێزی ٥٧ و ئەندامی قیادەی ئۆپەراسیۆنی ناوچەی شنۆ و کێلە شین بووە، ساڵی ١٩٨٣ لە سەر فەرمانی سەرۆک مەسعود بارزانی، کراوەتە بە بەرپرسی ناوچەی دۆسکی ژووری لە سنووری هەرێمی یەک، ساڵی ١٩٨٦ لە لایەن سەرۆک مەسعوود بارزانی کراوە بە کارگێڕی لێژنەی ناوچەی گوڵان و سەرپەرشتیاری بەشی عەسکەری بووە تاکو ساڵی ١٩٨٧. ساڵی ١٩٨٨ بەشداری شەڕی خواکوڕکی کردووە و ئەندامی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی خواکوڕک بووە، لە سنووری لقی یەک لێپرسراوی بەشی عەسکەری بووە، هەروەها بەرپرسی میحوەری سیدەکان بووە. 


سەرچاوەکان:

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.
  2. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم بەشی یەکەم، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر، ٢٠٠٤ز، ل٧، ١٣٤، ١٣٦.
  3. یوسف سەبری و دلۆڤان مستەفا، بۆ ئازادیی یا وەلاتی، پشکا ئێکێ، چاپخانەیا خانی، دهۆک، ٢٠١٢ز، ل٢٣١، ٢٧٧.
  4. لە بیرەوەریی شەشەمین ساڵگەردی کۆچی دوایی فەرماندی قارەمان عەریف یاسین دۆسکی دا، ڕۆژنامەی برایەتی، ژمارە ٢٥٣٢، هەولێر، دوشەمە ٢٣/شوبات/١٩٩٨، ل٦.   

 


بابەتی پەیوەندیدار

ڕەشید عەلى بێشونی

ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، لە بنەماڵەى شێخ فەرەخی گەورەیە، لە بنەڕەتدا خەڵکى باکوورى کوردستان شارى جزیرەیە، پێش لەدایکبوونى بنەماڵەکەیان هاتوونەتە باشوورى کوردستان، پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییان لەگەڵ شێخانى بارزان هەبووە، ڕەشید بێشونى هەر لەتەمەنى لاوێتیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ڕێبازى بارزان.

زانیاری زیاتر

حەسەن ئاغا بەرزێوەیی

حەسەن عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەسەن ئاغا بەرزێوەیی، ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەى جێگرى بەتالیۆنى (١)ی زۆزکى وەرگرتووە، ساڵى ١٩٧٩ دەکرێتە ئامر هێزى سەرکردایەتى، ساڵى ١٩٨٦ پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندزى وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت مەلا ئیسماعیل

شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەرپرسی دەزگای بێتەلی شۆڕش بووە،پلەی فەرماندەى بەتالیۆنى سێی هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ساڵی ١٩٧٠ و لیوا لە ساڵی ١٩٩٢ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ خانەنشین کراوە.

زانیاری زیاتر

نەجمەدین گۆرۆنى

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، ناسراو بە نەجمەدین گۆرۆنى، فەرماندەو پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، سەرلق بووە و ئەرکى پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

بابەکر پشدەری

فەرماندە بابەکر مەحمود حەوێز، ناسراو بە بابەکر پشدەرى، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ئەندامى لێژنە ڕێکخراوى سەنگەسەر بەشى عەسکەرى بووە، ساڵی ١٩٩١ نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە لەپشدەر و بێتوێن.

زانیاری زیاتر