جەوھەر ئەسعەد فەتاح ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی میرانخوڕ لە قەزای پیرمام پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. خێزاندارە.
ساڵی ١٩٧٤ کاتێک ڕژێمی بەعس شەڕی دژی کورد دەستپێکرد، لە میرانخوڕەوە بەشداری شەڕەکانی کردووە، دواتر چۆتە دەڤەرى سیدەکان.
ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، جەوھەر ئەسعەد چۆتە گوندی کانی سپی لە ناوچەی دەشتی بێڵ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و تا مانگی تشرینی یەکەمی ھەمان ساڵ لەوێ ماوەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ عێراق و لەلایەن ڕژێمی بەعس دوور خراوەتەوە بۆ قەزای شەتڕە لە پارێزگای ناسریە، جەوھەر ئەسعەد بۆ ماوەی ١٨ مانگ لە دوورخراوەیدا ڕاگیراوە و دواتر ڕێگەیان پێداوە بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەی.
ساڵى ١٩٧٨ گەڕاوەتەوە بۆ زێدى خۆى و پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و پەنای بۆ دەڤەری زرارەتی لە شەقڵاوە بردووە. لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٧٩ چۆتە شاری شنۆ لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بە شێوەیەکی فەرمی بەشداری لە شۆڕشی گوڵان کردووە و کراوەتە بەرپرسی نزیکەی 30 پێشمەرگە. لەماوەى پێشمەرگایەتى بۆ ئەنجامدانى چالاکی دووجار گەڕاوەتەوە ناوچەکانی پیرمام و گوندەکانی دەوروبەری. ساڵى ١٩٨٢ لەگەڵ محەمەدی مەلا قادر کە بەرپرسی لقى ٢ بووە گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی خەتێ و توتمە لە دۆڵى بالیسان.
لە بەھاری ساڵی ١٩٨٣، گەڕاوەتەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و بۆ ماوەی چوار ساڵ لە گوندەکانی ڕاژان، گاڕانە، گێسیان، میراوا، مەرگەوەڕ و بەرازان لە ناوچەی مەرگەوەری پاریزگاری ورمێ ژیاوە. ساڵی ١٩٩٠، پێش ڕاپەڕین، گەڕاوەتەوە بۆ حاجی ئۆمەران و بەشداری ڕاپەڕینی کردووە.
لە کاتی وتوێژەکانی نێوان حکوومەت و بەرەی کوردستانی، دوای شکانی سوپای عێراق لە شەڕی کۆرێ، ھێزێک لە کۆمەڵگای شاخۆڵە لە لەبەری بەڕانەتی لە قەزای کەڵەک دامەزراندووە. دواتر کراوەتە فەرماندەی ھێزێک کە سەر بە مەکتەبی سیاسی پارتی بووە.
ساڵی ١٩٩٨، جەوھەر ئەسعەد ئاغا گوازراوەتەوە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە پلەی لیوا.
لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە کۆنگرى ١٣ى پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
١- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


