یەدوڵا فەیلی

عه‌بد كه‌ریم موراد فه‌تحوڵا، ناسراو به‌ یه‌دوڵا عه‌بدولكه‌ریم، یه‌دوڵا فه‌یلی، كاكه‌ یه‌دی، زاڵ، سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٥٠ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه...


عه‌بد كه‌ریم موراد فه‌تحوڵا، ناسراو به‌ یه‌دوڵا عه‌بدولكه‌ریم، یەدوڵا فەیلی، كاكه‌ یه‌دی و زاڵ، سیاسه‌تمه‌دار، ساڵی ١٩٥٠ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانیپارتییه‌وه‌ كردووه، ساڵی ١٩٥٩ به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی چواره‌م بووته‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پشكنین و چاودێری پارتی دیموكراتی كوردستان و ساڵی ١٩٦٠ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی په‌نجا كه‌سی پشتگیریكاری دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ قۆناغی كاری ئاشكرا بووه‌ و هه‌رله‌و ساڵه‌ و له‌ كۆنگره‌ی پێنجه‌م به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ به‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌ره‌وه‌ی چاودێری و پشكنینی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌م و ساڵی ١٩٦٦ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌‌‌م به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.


ژیاننامه‌

عه‌بد كه‌ریم موراد فه‌تحوڵا له‌ ساڵی ١٩٣٤ له‌ شاری به‌غدا له‌دایك بووه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی بازرگانی كوردی فه‌یلی شاری به‌غدا په‌روه‌رده‌ بووه و به‌ خۆشی به‌ كاری بازرگانی خه‌ریك بووه‌، ده‌رچووی قۆناغی ئاماده‌ییه‌، ساڵی ١٩٤٢ له‌ شاری به‌غدا چوویته‌ به‌ر خوێندنی ئایینی، ساڵی ١٩٤٣ چوویته‌ قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی و له‌به‌ر زیره‌كی له‌ پۆلی سێیه‌می سه‌ره‌تایی دانراوه‌، ساڵی ١٩٤٩ قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی جه‌عفه‌ری ته‌واو كردووه‌، ساڵی ١٩٥٤ له‌ فه‌رمانگه‌ی كه‌ره‌سته‌ی دروستكردنی خانوبه‌ره‌ به‌ فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراوه‌، له‌ رۆژی ١٩ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٢ له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دوای كردووه‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و فارسی بوو.


خه‌باتنامه‌

عه‌بد كه‌ریم موراد فه‌تحوڵا ساڵی ١٩٥٠ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ كردووه و به‌ ناوی نهێنیی زاڵ له‌ ڕیزه‌كانی پارتی چالاكی نواندووه‌، ‌ساڵی ١٩٥١ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی به‌غدای پارتی دیموكراتی كورد، ساڵی ١٩٥٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٧ بووه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی به‌غدا‌ی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان، ساڵی ١٩٥٨ ئه‌ندامی شاندی پێشه‌وازیكه‌رانی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) بووه له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی موسه‌نای شاری به‌غدا‌، ساڵی ١٩٥٨ ئه‌ندامی لێژنه‌ی پێنج كه‌سی سه‌رپه‌رشتیی یانه‌ی سه‌ركه‌وتن بووه‌ له‌ شاری به‌غدا، ساڵی ١٩٥٩ به‌شداری كۆنفڕانسی دووه‌می به‌غدای پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان كردووه‌، ساڵی ١٩٥٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی چواره‌م به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی پشكنین و چاودێری پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ٨ی كانونی دووه‌می ١٩٦٠ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی په‌نجا كه‌سی پشتگیریكاری دامه‌زراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ قۆناغی كاری ئاشكرا بووه‌.

ساڵی ١٩٦٠ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی پێنجه‌م به‌‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی چاودێری و پشكنینی باڵا پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ٣٠ی ته‌موزی ١٩٦١ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشی گشتی عێراقه‌وه‌ به‌ تۆمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌دژی عه‌بدولكه‌ریم قاسم (١٩١٤-١٩٦٣) كه‌ باسی له‌ پێشێلكردنی مافه‌ ده‌ستووری و ڕامیارییه‌كانی كوردی ده‌كرد له‌ شاری به‌غدا بۆ ماویه‌كی كورت ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌‌، ساڵی ١٩٦١ به‌شداری كردووه‌ له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی و لێژنه‌ی باڵای پشكنیندا، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ عه‌بدولكه‌ریم قاسم و پێشیلكارییه‌كانی له‌به‌رامبه‌ر‌ كورد له‌ ماڵی دكتۆر موراد عه‌زیز (١٩١٨-١٩٨٠) له‌ گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی شاری به‌غدا به‌سترا، له‌ كۆتایی مانگی ئه‌یلوولی ١٩٦١ سه‌ردانی ده‌ڤه‌ری پشده‌ری سه‌ر به‌ سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی به‌ هۆزه‌ ڕاپه‌ڕیووه‌كان و ئاماده‌كاری بۆ شۆڕشێكی سه‌رانسه‌ری، ساڵی ١٩٦٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می گه‌ل له‌ شاری كۆیه‌ بووه‌، له‌ ٣٠ی ئاداری ١٩٦٣ وه‌ك ئه‌ندامی شاندی كوردی گه‌یشته‌ شاری به‌غدا بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی عێراقی بۆ مسوگه‌ر كردنی مافی كورد له‌ عێراق، ساڵی ١٩٦٣ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پاسه‌وانانی نه‌ته‌وه‌یی (الحرس القومي)یه‌وه‌ به‌ند كراوه‌ و به‌ ‌سه‌ختی ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه‌، ساڵی ١٩٦٣ له‌ به‌ندیخانه‌ی حیله‌ به‌ند كراوه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ دراوه و دواتر بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندی به‌غدا گواستراوه‌ته‌وه‌‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ دوای ئازادكردنی له‌ به‌ندیخانه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ قاره‌مانی كوردستان ناسراوه‌ بۆ به‌رگری و خۆڕاگری له‌به‌رامبه‌ر ئه‌شكه‌نجه‌‌. ساڵی ١٩٦٤ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی‌ فراوا‌نی ماوه‌تی كردووه‌ و نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆكی لێژنه‌ی چاودێری و پشكنینی باڵا بووه‌ و دژ به‌ بڕیاره‌كانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ وه‌ستاوه‌ته‌وه‌ و پشتگیری سه‌رۆك مستەفا بارزانی كردووه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌م به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی دووه‌می گه‌ل له‌ شاری قه‌ڵادزێ بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ ئه‌ندامی لێژنه‌ی دارایی سه‌ر به‌ نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق بووه‌.

ساڵی ١٩٦٤ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی دووه‌می لێژنه‌ی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٥دا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٥ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی پێنج‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی حه‌وته‌‌‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان  هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ١٥ نیسانی ١٩٦٧ نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی ـ ڕامیاری كانی سماق -هه‌ولێر بووه‌، له‌ كۆتایی مانگی ئابی ١٩٦٧ ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی دوو باڵی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ گوندی ناوپردانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، ڕۆژی هه‌ینی ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٧٠ به‌ فه‌رمانی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه‌ته‌ ئه‌ندامی شاندی پارتی بۆ سه‌ردانی شاری نه‌جه‌ف له‌ ناوه‌ڕاستی عێراق به‌ مه‌به‌ستی به‌شداری له‌ پرسه‌ی ئایه‌توڵای مه‌زن عه‌بدولموحسین حه‌كیم (١٨٨٩-١٩٧٠) گه‌وره‌‌مه‌رجه‌عی شیعه‌ی جیهان كرد، له‌ ١٧ی حوزه‌یرانی ١٩٧٠ به‌ فه‌رمانی ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر (١٩١٤-١٩٨٢) سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری كۆمپانیای ئه‌نباری به‌ڵێنده‌رایه‌تی كه‌ره‌سته‌ی خانوبه‌ره‌ له‌ به‌غدا دامه‌زراوه‌‌، ساڵی ١٩٧٠ كراوه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌وانی شاری ئه‌نبار له‌ ڕۆژئاوای عێراق، ساڵی ١٩٧٠ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری قۆناغی ئاشكرای یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ٧ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٠ به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گای سه‌ره‌كی یه‌كێتی ئافره‌تانی كوردستان له‌ شاری به‌غدا كردووه‌، ساڵی ١٩٧١ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ پۆچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌وڵی تیرۆركردنی ئیدریس بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ ده‌ستی ده‌زگای ئاسایشی گشتی عێراق، له‌ مانگی حوزه‌یرانی ١٩٧١ وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان ده‌ستنیشان كراوه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ٢٠ی حوزه‌یرانی ١٩٧١ له‌ باره‌گای سه‌ره‌كی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری به‌غدا پێشوازی له‌ شاندی یه‌كێتی لاوانی یه‌كێتی سۆڤێت كردووه‌.

له‌ ٢ی شوباتی ١٩٧٢ وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان به‌شداری كۆنگره‌ی چواره‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانی له‌ شاری هه‌ولێر كردووه، له‌ ٣٠ی ئاداری ١٩٧٢ وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان وتاری پێشكه‌شی كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری سلێمانی كردووه، ساڵی ١٩٧٢ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی دووه‌م به‌‌ سكرتێری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان  هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٤ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی سێیه‌م به‌‌ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٤ بۆ دووه‌مین جار له‌ ژیانی په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤ له‌ دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ماڵه‌كه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ خێزانه‌كه‌ی به‌ره‌و ناوچه‌ ئازادكراوه‌كان ده‌ركراوه، ساڵی ١٩٧٤ كراوه‌ته‌ كارگێڕی لێژنه‌ی لقی حه‌وت، ساڵی ١٩٧٤ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی سه‌رپه‌رشتیی كه‌مپی ئاواره‌كانی باشووری كوردستان له‌ شانشینی ئێران، ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاواره‌ی شانشینی ئێران بووه‌، ساڵی ١٩٧٦ گه‌ڕاوه‌ته‌‌وه‌ شاری به‌غدا و له‌وێ نیشته‌جێ بووه‌، ساڵی ١٩٩٢ شاری به‌غدای به‌جێ هێشتووه‌ و ڕووی كردووه‌ته‌‌ هه‌رێمی كوردستان،‌ ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٤ی ئابی ٢٠٠٠ له‌ ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان وتاری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌‌، له‌ ٨ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠١ كراوه‌ته‌ وه‌زیری هه‌رێم له‌ كابینه‌ی چواره‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ له‌ دامه‌زرێنه‌رانی بزاڤی دیموكراسی بۆ كوردی فه‌یلی (حركة الدیمقراطیة للكورد الفیلییة) بووه‌، ساڵی ٢٠١٠ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌.


سه‌رچاوه‌:

١.ئـه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر