ژیاننامه
پشتیوان سادق عه‌بدوڵا ساڵی ١٩٦٩ لە هەولێر له‌دایكبووە، باوكی له شۆڕشی ئەیلوولدا له هێزی سه‌فین پێشمه‌رگه بووه و ساڵی ١٩٦٨ له نزیك شاره‌دێی پیرمامی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر شه‌هید کراوە.
ساڵی ٢٠٠٥ بڕوانامەی ماسته‌ر و ساڵی ٢٠١٢ دكتۆرای له یاسای گشتی له زانكۆی (سه‌ڵاحه‌دین-هه‌ولێر) وه‌رگرتووه و لە زانكۆی ناوبراو مامۆستایە.
لە ساڵی ٢٠١٤ له كابینه‌ی هه‌شته‌مدا بووەته وه‌زیری په‌روه‌ده و ساڵی ٢٠١٩ لە کابینەی نۆیەمدا بووەتە وه‌زیری ئه‌وقاف و کاروباری ئایینی لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. زمانى كوردی، عه‌رەبی و ئینگلیزی دەزانێت.
خەباتنامە
پشتیوان سادق ساڵی ١٩٨٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه و ساڵی ١٩٩١ لە ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان بەشداربووە و په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌وه كردووه و له هێزی كۆڕه‌ك خەباتی كردووه.
له ١٦ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٩١ له خولی نۆیه‌می په‌یمانگای كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له شاره‌دێی پیرمام وه‌رگیراوه و سەرکەوتووانە خولەکەی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٩٣ به كارگێڕی لێژنه‌ی ناوچه‌ی به‌ڕانه‌تی سه‌ر به لێژنه‌ی لقی دووی هه‌ولێری پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو ده‌ستنیشان كراوه و هەمان ساڵ نوێنه‌ری کۆنگرەی یازدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه. ساڵی ١٩٩٦ كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی به‌ڕانه‌تی و ساڵی ١٩٩٨ كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی ناوچه‌ی دووی هه‌ولێری سه‌ر به لێژنه‌ی لقی دوو.
ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە له شاری هه‌ولێر و ساڵی (٢٠٠٠- ٢٠٠٤) به كارگێڕی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه، ساڵی ٢٠٠٥ مامۆستای وانه‌ی تیرۆر له خولی یازده‌یه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە.
ساڵانی (٢٠٠٥- ٢٠٠٨) كراوه‌ته به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر و ساڵی ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌مدا به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و له یه‌كه‌مین كۆبوونەوەی كۆمیته‌ی سه‌ركردایه‌تی به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌تەوە و بۆته به‌رپرسی مه‌كته‌بی ڕێكخستنی پارێزگای دهۆك.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- ئه‌زموونی كوردستان له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا ـ ٢٠٠٦.
- الارهاب في ضوء القانون الدولي ـ ٢٠٠٦، له سێ به‌رگدا.
- التجربة الأمریكیة ـ الأوربیة ـ العربیة في مكافحة الارهاب.
- نحو تأسیس دولة كوردستان ـ ٢٠١٣.
- پرنسیپه‌كانی مافی مرۆڤ.
سه‌رچاوه‌كان:
- دیرۆكی خوله‌كانی كادیرانی پارتی، له شاخه‌وه بۆ شار، (هه‌ولێر ـ سه‌نته‌ری دیراسات و تویژینه‌وه و ئه‌كادیمیای پارتی ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٩ز).
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی دووەم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٣ز).
- لقی دوو، لقی دوو له نیوسهدهی تێكوشاندا، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ئاراس ـ ٢٠١٠ز).