شێخ ئیسماعیل مەلا عەزیز

سیاسه‌تمه‌دار، ئیسماعیل عەزیز مستەفا عەبدوڵا، ناسراو به‌ (شێخ ئیسماعیل مه‌لا عەزیز ـ شێخ ئیسماعیل سافی ـ شێخ ئیسماعیل هیرانی ـ ئیسماعیل مه‌لا عەزیز هیرانی ـ تاریق )، ساڵی ١٩٦٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی گشتی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ی‌(یه‌كه‌می گه‌ل) سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ دژ به‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ستاوه‌تەوه‌....


سیاسه‌تمه‌دار، ئیسماعیل عەزیز مستەفا عەبدوڵا، ناسراو به‌ شێخ ئیسماعیل مەلا عەزیز ، شێخ ئیسماعیل سافی، شێخ ئیسماعیل هیرانی، ئیسماعیل مه‌لا عەزیز هیرانی و تاریق، ساڵی ١٩٦٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی گشتی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ی‌ (یه‌كه‌می گه‌ل) سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ دژ به‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ستاوه‌تەوه‌، ساڵی ١٩٦٤ له ‌كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان  هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌‌‌م به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ١٥ی نیسانی١٩٦٧دا نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی- ڕامیاری كانی سماقی هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌م له‌ گوندی ناوپردانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌.


ژیاننامه‌

ئیسماعیل عەزیز مستەفا عەبدوڵا له ساڵی ١٩٤٣ له‌ شاری هه‌ولێر له‌ دایكبووه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی هیرانه‌، كه‌ سه‌ر به‌ ڕێبازی قادرین، نه‌وه‌ی شاعیر و سۆفیی كورد مستەفا عەبدوڵا عه‌لی ناسراو به‌ سافی هیرانی و كاك مستەفا هیرانی (١٨٧٣ـ١٩٤٢) و نوچركی هۆزانڤان و سۆفیی كورد شێخ عەبدوڵا عه‌لی مستەفا ناسراو به‌ سانی (  ـ ١٩٠٦)یه‌‌، بنه‌ماڵه‌كه‌یان له‌ شێخ سلێمان به‌گی‌ میری تیره‌ی میر مه‌حمه‌ری هۆزی خۆشناوه‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات، كە له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانەوه‌ هاتوونەتە‌ باشووری كوردستان و پێده‌چێ له‌گه‌ڵ شاڵاوی خان ئه‌حمه‌د خانی ئه‌رده‌ڵاندا گه‌یشتبنە‌ ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی‌‌ و شێخ سڵێمان بەگ ڕێبازی قادریی له‌ شێخ ته‌های به‌دلیسی وه‌رگرتووه.

شێخه‌كانی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه‌ به‌ كاكی هێران ناسراون‌، به‌ڵام به‌پێی ده‌ستنووسی (سراج السالكین) له‌ نووسینی شێخ حسێنی قازی به‌رزنجی كەسایەتییەكی وه‌ك مستەفا خۆشناو ناسراو به‌ شامی له‌گه‌ڵ شێخ ئیسماعیلی به‌رزنجیدا له‌ شاری به‌غداوه‌ بۆ گوندی قازانقایەی‌ سه‌ر به‌ پاریزگای سلێمانی، ئه‌مڕۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه و‌ ته‌ریقه‌تی قادری له‌ شێخ ئیسماعیل وه‌رگرتووه‌ و پاش ماوه‌یەك موڵه‌تی خواستووه‌ و بۆ شاری كۆیه‌ و ده‌ڤه‌ری خۆشناوه‌تی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٩ به‌ فه‌رمانێكی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی له‌ وه‌زاره‌تی حكومه‌تی خۆجێ دامه‌زراوه، له‌ ١٠ی حوزه‌یرانی ٢٠١٧دا به‌ نه‌خۆشی له‌ نه‌خۆشخانه‌ی پار له‌ شاری هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه‌ و له‌ گۆڕستانی خێزانی شێخانی هیران له‌ شاره‌دێی هیران سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌  خاك سپێردراوه‌‌‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ربی، فارسی و توركی بووه‌‌.


خه‌باتنامه‌

شێخ ئیسماعیل مه‌لا عەزیز ساڵی ١٩٥٦ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه‌‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٧ دامه‌زرێنه‌ر و یه‌كه‌مین به‌رپرسی لێژنه‌ی ڕێكخراوی هیرانی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی شه‌قڵاوه‌ی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان بووه،‌ ساڵی ١٩٥٩ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی شه‌قڵاوه‌ی سه‌ر به‌ لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق، ساڵی ١٩٦١ به‌رپرسی كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ سنووری شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٦٣ ئه‌ندامی لێژنه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی پیتاكی هه‌ولێر بووه‌ بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول له‌ چیای قه‌ره‌چوغ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر‌، له ‌دوای كوده‌تای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست په‌یوه‌ندی به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه‌ كردووه‌.

ساڵی ١٩٦٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی گشتی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ی‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ دژ به‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی وه‌ستاوه‌تەوه‌ و پشتگیری باڵی سه‌رۆك جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣- ١٩٧٩) كردووه‌،  له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ١٩٦٤دا ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاریی كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٦٤ له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌م له‌ شارۆچكه‌ی قه‌ڵادزێ سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٤ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ باره‌گای له‌ گوندی نازه‌نینی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بوو، ڕۆڵی له‌ خۆڕێكخستنه‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ تایبه‌تی له‌ شارۆچكه‌كانی شه‌قڵاوه‌ هه‌بووه‌، له‌ مانگی كانونی یه‌كه‌می ١٩٦٥دا وه‌ك به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دووی پارتی دیموكراتی كوردستان بانگه‌وازێكی بۆ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی شاری هه‌ولێر به‌ڕێ كردووه‌ بە مەبەستی كۆكردنه‌وه‌ی پیتاك بۆ پێشمه‌رگه‌كانی سنووری هه‌ولێر و به‌ هاوكاری پارێزه‌ر موحسین دزه‌یی ئه‌م كاره‌ ئەنجام دراوه‌، له ١٠ی شوباتی ١٩٦٥دا وه‌ك به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو سەركەوتووانە سه‌رپه‌رشتیی مانگرتنی بازاڕی شاری هه‌ولێری كردووه‌، به‌مه‌به‌ستی گوشارخستنه‌ سه‌ر حكومه‌تی عێراق كه‌ خۆی له‌ جێبه‌جێكردنی ڕێكه‌وتننامه‌ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ ده‌دزییەوه‌.

ساڵی ١٩٦٦ له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌‌‌م له‌ شاره‌دێی گه‌ڵاڵه‌ی سه‌ر به‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان  هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٦ به‌ جێگری به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ١٥ی نیسانی١٩٦٧دا نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی- ڕامیاری كانی سماق (هه‌ولێر) بووه‌، ساڵی ١٩٦٧ بۆ جاری دووه‌م به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٦٩ بۆ جاری سێیه‌م به‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ كۆتایی ساڵی ١٩٦٩دا له‌ لێژنه‌ی لقی دوو به‌ جێگری به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی دوو ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌ گوندی ناوپردانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ١٦ی ئابی ١٩٧٠ له‌ شاری هه‌ولێر به‌ بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی بیست و چوار ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستاندا وته‌ی لێژنه‌ی لقی دووی خوێندووه‌ته‌وه‌، ساڵی ١٩٧٠ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی زانستی كوردی (جمعیة الثقافة الكوردیة) بووه‌، ساڵی ١٩٧٠ كارگێڕی لێژنه‌ی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، له‌ ١٦ی ئابی ١٩٧١ به‌شداری ئاهه‌نگی یۆبیلی زیوینی ٢٥ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ باره‌گای لێژنه‌ی لقی پێنج له‌ شاری به‌غدا كردووه‌ و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشوازی له‌ كارداری دیپلۆماسیی باڵیوزخانه‌ی یه‌كێتی كۆماره‌ سۆسیالیستەكانی‌ سۆڤیه‌ت كردووه‌، له‌ ٣٠ی ئاداری ١٩٧٢ به‌شداری له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی حه‌وته‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری سلێمانی كردووه‌.

ساڵی ١٩٧٢ وانه‌بێژی خولی چواره‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ناوپردانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ١٩٧٢ به‌رپرسی دووه‌می لێژنه‌ی لقی پێنج بووه‌، ساڵی ١٩٧٢ له‌ پشتگیرانی خۆماڵیكردنی نه‌وتی عێراق بووه‌،  له‌ سه‌ره‌تای مانگی نیسانی ١٩٧٤دا پێش به‌رپابوونی شه‌ڕ له‌ نێوان هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراق و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلوولدا به‌ ماوه‌یه‌كی كورت هه‌ر به‌ فه‌رمانی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول، ساڵی ١٩٨٧ په‌یوه‌ندی به‌ سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ هه‌بووه‌ و به‌ ناوی نهێنی تاریقه‌وه‌ چالاكی سیاسی و پارتایه‌تی له‌ پارێزگای هه‌ولێر نواندووه‌، ساڵی ١٩٩٠ په‌یوه‌ندكاری نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و به‌شێك له‌ چه‌كداره‌ خیڵه‌كییه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر بۆ سازدانی ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان ساڵی ١٩٩١ بووه‌‌، ساڵی ١٩٩١ به‌ شێوه‌یەكی چالاك به‌شداری ڕاپه‌ڕینی شاری هه‌ولێری كردووه‌، له‌ ٢٢ی ئابی ١٩٩٣ له‌ کۆنگرەی یازده‌یه‌‌م له‌ شاری هه‌ولێر به‌ هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی ناوه‌ندی پشكنین و چاودێری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو  هه‌ڵبژێردراوه‌.  له‌ ساڵی ١٩٩٩ نوێنه‌ری کۆنگرەی دوازدەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌، ساڵی ٢٠١٠ كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر بووه‌.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. وردبوونه‌وه‌ له‌ ڕێكخستنه‌كان ـ ١٩٩٩.

سه‌رچاوه‌:

  1. ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر