سیاسەتمەدار ئیسماعیل عارف عه‌بدولغه‌فور حاجی عه‌لی، ناسراو به سمكۆ ـ سه‌ربه‌ست، ساڵی ١٩٤٧ و له دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩)دا به‌شداری له به‌ره‌نگاری سوپای و‌ڵاتی ئێرانی كردووه، ساڵی ١٩٥٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق له شاری به‌غدا بووه، ساڵی ١٩٦٠ و له كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا پاڵیوراوی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه بۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦٤ و لە كۆنگره‌ی شه‌شه‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه و له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا بووەتە ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵانی (١٩٦٤-١٩٦٥) سكرتێری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه.
ژیاننامه
ئیسماعیل عارف عه‌بدول غه‌فور حاجی عه‌لی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك له وه‌چه‌ی بابا تاهیری هه‌مه‌دانی شاعیره و ساڵی ١٩٢٤ لە سلێمانی له‌دایكبووه، ساڵی ١٩٣٠ له شاری سلێمانی ده‌ستی بە خوێندنی ئاینی كردووه و ساڵی ١٩٤١ قۆناغی ناوه‌ندی و كۆرسی ژمێریاری تەواو كردووه، ساڵی ١٩٤١ چووه‌تە ڕیزی سوپای پاشایه‌تی عێراق و ساڵی ١٩٤٦ به پله‌ی عه‌ریف ڕیزی سوپای عێراقی بەجێ هێشتووه و په‌یوه‌ندی به كۆماری دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه، لە ١٦ی شوباتی ١٩٩٩ له نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری دهۆك كۆچی دوایی كردووە. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، ئینگلیزی، عه‌ره‌بی و فارسی بووه.
خه‌باتنامه
ئیسماعیل عارف عه‌بدولغه‌فور حاجی عه‌لی، ساڵی ١٩٤٧ له دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩)دا به‌شداری له به‌ره‌نگاری سوپای و‌ڵاتی ئێران‌دا كردووه و هەمان ساڵ له دوای نسكۆی كۆماری كوردستان گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان و به تۆمه‌تی به‌شداری له كۆماری كوردستان به‌ند كراوه و ئه‌شكه‌نجه دراوه و سزای مه‌رگیان به‌سه‌ردا سەپاندووه، ساڵی ١٩٥٨ له دوای ڕووخانی ڕژیمی پاشایه‌تی عێراقەوه به ده‌ستی ئه‌فسه‌رانی ئازاد له به‌ندیخانه ئازاد كراوه و په‌یوه‌ندی به پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه كردووه و ساڵی ١٩٥٩ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق له شاری به‌غدا بووه و ساڵێک دواتر ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری قۆناغی ئاشكرای پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق بووه.
ساڵی ١٩٦٠ و له كۆنگره‌ی پێنجه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا كه له شاری به‌غدا ساز دراوه پاڵیوراوی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) بووه بۆ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلووله‌وه كردووه و ساڵی ١٩٦٣ به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی پێگه‌یاندنی كادیران له گوندی ماوه‌ت سه‌ر به سنووری پارێزگای سلێمانی بووه.
ساڵی ١٩٦٤ له دوای كۆبوونه‌وه فراوه‌نه‌كه‌ی ماوه‌ت هه‌وڵی دروستكردنی باڵی سێیه‌می داوه و دواتر باڵی سه‌رۆكی به باشتر زانیوه و په‌یوه‌ندی به سه‌رۆك جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانییەوه كردووه. هەمان ساڵ و لە كۆنگره‌ی شه‌شه‌مدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه و له كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می كۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا بووەتە ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و به ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له كوردستانی عێراق ده‌ستنیشان كراوه، له ساڵانی (١٩٦٤-١٩٦٥)دا سكرتێری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی بووه. نوێنەری كۆنگره‌کانی حه‌وته‌م ١٩٦٦ و كۆنگره‌ی هه‌شته‌م ١٩٧٠ی پارتی بووە.
ساڵی ١٩٧٤ و له دوای ئاڵوزبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان وحزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست بۆ جاری دووه‌م په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلووله‌وه كردووه و ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) له دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر له ئێران ژیاوه و ساڵی ١٩٧٦ له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ باشووری كوردستان سەره‌تا بۆ باشووری عێراق و دواتر بۆ شاری به‌غدا دوور خراوه‌تەوه و ساڵی ١٩٨٢ له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌تی عێراق مۆڵه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ شاری سلێمانی پێ دراوە.
ساڵی ١٩٩١ به‌شداری ڕاپه‌ڕینی باشووری كوردستان دژ به ڕژیمی سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) كردووه. لە ١٦ی شوباتی ١٩٩٩ له نه‌خۆشخانه‌ی ئازادی شاری دهۆك كۆچی دوایی كردووە.
له به‌رهه‌مه‌كانی:
- بیره‌وه‌رییه‌كان ـ ده‌ستنووس.
- شانۆنامه‌ی كچی كورد ـ ١٩٩١.
- گوڵی سه‌ربه‌ستی ـ ١٩٩١.
- دیوانی سه‌ربه‌ست ـ ٢٠١٧.
سه‌رچاوه‌كان:
- رحیل أحد مناضلي ثورة ایلول اسماعیل عارف في ذمة الخلود، جریدة خه‌بات، لسان حال الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، العدد ٩١٢، أربیل، الجمعة، ١٩ شباط ١٩٩٩م.
- حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- حسن لطیف الزبیدي، موسوعة الأحزاب العراقیة، (بیروت ـ مؤسسة العارف للمطبوعات ـ ٢٠٠٧م).
- شكیب عقراوي، سنوات المحنة في كوردستان أهم الحوادث السیاسیة والعسكریة في كوردستان والعراق من ١٩٥٨ الی ١٩٨٠، الطبعة الثانیة، (أربیل ـ مطبعة منارة ـ ٢٠٠٧م).
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٣ز).
- علي سنجاري، القضیة الكوردیة وحزب البعث العربي الاشتراكي في العراق، الجز‌ء الثالث، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٢م).
- علي سنجاري، صفحات من نبع ذاكرتي في الحزب الدیمقراطي الكوردستاني، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠١٥م.
- محه‌مه‌د مه‌لا قادر، خه‌باتنامه كورته مێژووی پارتی و كولتووری بارزانی نه‌مر، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ ٢٠٠٧ز).
- مسعود البارزاني، البارزاني والحركة التحرریة الكردیة، المجلد الثالث، (أربیل ـ مطبعة وزارة التربیة ـ ٢٠٠٢م).
- نوسینگه‌ی برایه‌تی، كه‌سایه‌تی نیشتمانپه‌روه‌ر و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول، ئیسماعیل عارف كۆچی دوایی كرد، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو، ژماره ٢٧٨٠، هه‌ولێر، پێنجشه‌مه، ١٨ی شوباتی١٩٩٩ز.