ساڵی ١٩٦٦ پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات، ساڵی ١٩٧٠ دوای دامەزراندنی هێزی حەمرین کە شەهید عەبدولڕەحیم جەسیم فەرماندەی هێز بوو و ئەو دەبیتە سەرپەل، ساڵی ١٩٧٢ پلەی لەناو هێزی پێشمەرگە بەرز دەبێت بۆ سەرلق.
دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بە خیزانەوە ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، بەڵام حکومەتی ئێران ئەو ڕادەستی حکومەتی عێراق دەکات و بۆ باشووری عێراق دوورخرایەوە، دوای ماوەیەک بۆ ئۆردوگای کانی قرژالەی پارێزگای هەولێر گواسترانەوە و ئەو و چەند کەسی تر دەست بە ڕێکخستنی حزبی دەکەن، بەڵام دوای ماوەیەک ئاشکرا دەبێت وحوکمی لەسێدارە دانی بۆ مەحمود گاڤان و برایەکەی دەردەکرێت و ناچار کۆمەڵگایەکە بەجێ دەهێلێت و پەیوەندی بە ڕێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان کرد و لە بارەگای مەکتەب سیاسی لە ڕاژان دەکرێت بە بەرپرسی پاراستن و گواستنەوەی ئامێرەکانی ئیزگەی دەنگی کورستانی عێراق.
ساڵی ١٩٨١ لەشاری شنۆ بریندار دەبێت، ئەمەش لەکاتێکدابوو کە دوژمن هەوڵی دەستدرێژی بۆ سەر روفاتی مەلا مستەفا بارزانی دابوو.
هەندێک لەو شەڕانەی کە بەشدار بووە بریتین لە:
ساڵی ١٩٧٤ شەڕی سەرێ ئاکرێ، شەڕی بجیل.
ساڵی ١٩٧٨ شەڕی ناوچەی گوزەڕەش، شەڕی گەلی ڕەشاڤا، ساڵی ١٩٧٩ شەری گەلیی زاویتە.
ساڵی ١٩٨٠ شەڕی خانەقین، شەڕی قورەتو، شەڕی حاجی ئۆمەران.
ساڵی ١٩٨٢ شەڕی شەرمن و گوندی کانی.
ساڵی ١٩٨٧ شەڕی ڕزگاری قەزای مێرگەسۆر لە سوپای عێراق.
ساڵی ١٩٩١ بەشداری لە ڕاپەڕینی باشووری کوردستانی کردووە.
ساڵی ١٩٩٢ لەگەل مولازم بابەکر زێباری و شەهید عەبدوڵا قادۆ لەشەڕی کەلەک لە دژی سوپای عێراق بەشدار بووە، لە ١٠ی تشرینی یەکەمی هەمانساڵ لە شەڕی بەرگری لە دەسەڵات و مانەوەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ چەکدارانی پەکەکە لە ناوچەی بێگوڤا سەر بە قەزای زاخۆ بەشدار بووە.
ساڵی ١٩٩٤ تا ١٩٩٦ لە شەڕی ناوخۆ بەشدار بووە.
ساڵی ١٩٩٧ لە شەڕی کەپکی حەمەد ئاغا بریندار و بەدیل گێرا و دوای ساڵێک ئازاد دەکرێت.
ساڵی ١٩٩٨ کرا بە بەرپرسی جموجۆلی سەربازی (حەرەکات) لە هێزی ڕزگاری لە سوپای ١٧ی لەشکری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٤ کرا بە ئەندام لە دەزگای ئەیلوول لە ئاکرێ.
٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان بە هۆی ئەو خزمەت و خەباتەی پێشکەشی کورد و کوردستانی کردبوو، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشرا.
سەرچاوە:
١- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.