شەڕی شەرمن

لە حوزەیرانى ١٩٦٣ حکومەتى عێراق گفتوگۆى ڕێکەوتنى لەگەڵ سەرکرایەتى شۆڕشى کورد هەڵپەسارد، ئیتر بارودۆخى سیاسى عێراق و کوردستان بەرەو ئاڵۆزى هەنگاوى نا، بە دیاریکراوى لە ١٠ى حوزەیران ڕادیۆى بەغدا هۆشدارى دایە کورد و بە جوداخوازى ناوى بردن، پاشان گەڕێکی دیکەى شەڕو پێکدادان لە نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق و حەرەس قەومی و چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاش) دەستى پێکردەوە.


شەڕى ئەو جارەى حکومەتى عێراق بە پلانێکى سەربازى توکمە و ئامادەسازیەکى یەکلایی کەرەوە لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەستى پێکردەوە، دواى ئەوەى گوشارێکى زۆرى خستە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە کە هێرش لە دواى هێرش و تۆپباران و بۆردومانێکى زۆر لە سەرێ ئاکرێ، لە ئەنجامى ئەو گوشارە زۆرە و کەم بوونى فیشەک و تەقەمەنى، پێشمەرگە لەو سەنگەرانە پاشەکشەى کرد بۆ چیاى پیرس، بە نەمانى ئەو هێڵه‌ بەرگرییەی بارەگاى هێزى ئاکرێ و شێخان لە ئەشکەوتى شەرمن بە فەرماندەیی حسۆ میرخان دۆلەمەری کەوتە بەر پەلامار و هێرشى هێزەکانى حکومەت، هەرچەندە هێرشەکانى حکومەت لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێکدەشکان و زیانى زۆریشیان پێ دەگەیشت، پێشمەرگەش لەگەڵ تێکشکاندنى هەر ھێرشێکى سوپا و جاش دەستى بەسەر چەکەکانیشیان دادەگەرت، بەڵام حکومەت هەر بەردەوام بوو لە هێرشکارى، بە هێزى زۆرى سەربازى و جاش و پاڵپشتى تۆپى دوورهاوێژ و فڕۆکەى جەنگى.

لە ئەنجامى ئەو هەموو هێرش و پەلامارە یەک بە دواى یەکەى هێزەکانى حکومەت توانیان دەست بەسەر چەند شوێنێک و گوندى شوشدا بگرن کە هێزى پێشمەرگە بە فەرماندەیى عومەرئاغا دۆلەمەرى بەرگرى تێدا دەکرد، پێشمەرگە پلانى داڕشت بۆ گرتنەوەى ئەو شوێنانە چونکە ئەگەر ئەو شوێنانە نەکەوتبانەوە ژێر دەستى پێشمەرگە دەبوایە بارەگاى هێز بگواسترێتەوە شوێنێکى تر، پلانى هێرشى پێشمەرگە بۆ سەر هێزەکانى حکومەت لە سێ قۆڵەوە داڕێژرا، قۆڵێک بریتى بوو لە هێرش کردن بۆ ڕۆژئاواى گوندى شوش بە فەرمادەیى عومەرئاغا دۆلەمەرى، هێزێکى تریش لە ڕۆژهەڵاتى گوندەکە بە فەرماندەیى حاجى میرخان دۆلەمەرى و مەلا عوزێر زێوەیی، هێزێکى دیکەش بە فەرماندەیى هورمز مەلەک چەکۆ مەسیحى لە باشوورەوە ڕێگەیان لێ بگرێ تاکو گەمارۆیان بدەن.

لەم هێرشەى پێشمەرگەدا هێزەکانى حکومەت شکستێکى گەورەیان خوارد و شوێنەکانیان چۆڵکرد و لاشەى کوژراوەکانیان لە مەیدانى شەڕەکەدا بەجێ هێشت، زۆر نزیک بوو کە فەرماندەى هێزەکانى حکومەت عەقید ڕوکن سەعب حەردان بەدیل بگیرێ، بەڵام لەو ئان و ساتەدا عومەرئاغاى فەرماندەى پێشمەرگە بریندار بوو پێشمەرگەکانیش پێیەوە سەرقاڵ بوون، ناوبراو دەرفەتى بۆ هەڵکەوت و لە دەستی پێشمه‌رگه‌ ڕزگارى بوو.

دواى ئەوەى کە عومەرئاغا بەهۆى برینداربوونی لە بەرەى شەڕ دوور کەوتەوە بۆ تیمارکردن، هورمز مەلەک چەکۆ شوێنى گرتەوە، سوپاى عێراق هەڵمەتێکى دیکەى فراوانى هێرش و پەلامارى بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە هێنایەوە لە ٢٧ى حوزەیرانى ١٩٦٣ بۆ ڕاماڵینى پێشمەرگە لە تەواوى ئەو ناوچەیە، بەتایبەتى شەڕ لە دواى نیوەڕۆ زۆر گەرم بوو، بەڵام پێشمەرگە زۆر بە توندى بەرگریان لە سەنگەرەکانیان کرد، تا توانیان ئەم هێرشەش شکست پێ بێنن و پاشەکشە بە هێزەکانى حکومەت بکەن و ١٢ لاشە لە مەیدانى شەڕدا بەجێ بێڵن. لە بروسکەیەکى سوپاى عێراقدا بە ژمارە (١٠٤٥) لە ٢٨ى حوزەیران کە کەوتە دەستى پێشمەرگە لەم شەڕەدا دانیان بە ٢٧ کوژراو و ٥١ برینداردا نابوو.

 پاش ئەو  هەموو هێرش و پەلامارانەى کە هێزەکانى حکومەت بۆ گرتنى بارەگاى هێز کردى لە ئەشکەوتى شەرمن نەیتوانى ئامانجەکەى بپێکێ بەڵکو دووچارى شکستى گەورە و زیانى زۆر بوون، چونکە لە ناوچەى شوش پێشمەرگە بە فەرماندەیی هورمز مەلەک چەکۆ بە جۆرێک خۆى ڕاگرت و بەرگرى کرد كه‌ نەیهێشت هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بهێنن، بۆیە بە ناچارى هێزەکانى بەرەو دینارتێ و چیاى پێرس گواستنەوە.          


سەرچاوەکان:

١- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٢- وەلى زبێر هۆستان، چەند ڕووداو و بەسەرهاتێک لە شۆرش و ڕاپەڕینەکانى بارزاندا، چ: یەکەم، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٧.

٣- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.

٤- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٥- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر