عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی

عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، ناسراو بە مام عیزەت بەگ، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی دەرگەڵەی سەربەقەزای ڕەواندزی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای ئەوەی بارزانییەکان لە ئەنجامی شەڕی مەیدان مۆریک و نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان (١٩٣١- ١٩٣٢) ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٤٥ عیزەت سلێمان بەگ و بنەماڵەکەی لەگەڵ بارزانیەکان ڕۆیشتوون بۆ مەهاباد


عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، ناسراو بە مام عیزەت بەگ، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی دەرگەڵەی سەربەقەزای ڕەواندزی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای ئەوەی بارزانییەکان لە ئەنجامی شەڕی مەیدان مۆریک و نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان (١٩٣١- ١٩٣٢) ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٤٥ عیزەت سلێمان بەگ و بنەماڵەکەی لەگەڵ بارزانیەکان ڕۆیشتوون بۆ مەهاباد، دوای ڕاگەیاندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لەساڵی ١٩٤٦و بەژداری کردنی بارزانییەکان لە کۆماردا، لەسەر فەرمانی جەنەراڵ مستەفا بارزانی و پێشەوا قازی محەمەد وەکو قوتابیەک ڕەوانەی تەورێز کراوە بۆ ئەوەی لەوێ بخوێنێت، ناوبراو لەگەڵ ئەحمەد بلوریان، ئەحمەد ساڵحی، بابانزادە، ڕەحمانی برای هەژار موکریانی و موحسین ساڵح عەبدولعەزیز کەتانی لە تەورێز بووە، دوای هەرەسهێنانی کۆماری ئازەربایجان بەناچاری لەگەڵ قوتابیەکوردەکانی تر گەڕاوەتەوە بۆ مەهاباد، دوای ڕووخاندنی کۆماری کوردستان، باوکی ناوبراو و برایەکی لەگەڵ جەنەراڵ مستەفا بارزانی چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت و ئەویش کە تەمەنی ١٥ ساڵ بووە لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانی و گەڕاوەکانی تر هاتۆتەوە بۆعێراق و بۆ ماوەی سێ مانگ لەگەڵ بارزانییەکان لە شارۆچکەی دیانا دەستبەسەر بووە.

عیزەت سلێمان بەگ دوای ئازادکردنی گەڕاوەتەوە بۆ گوندی دەرگەڵە و دواتر بەهۆی سەعید قەزاز کە پارێزگاری موسڵ بووە و ناسیاوی لەگەڵ باوکی هەبووە، کراوەتە بەرپرسی کرێکارەکانی دروستکردنی ڕێگای هامڵتۆن لەنێوان شارۆچکەی دیانا و حاجی ئۆمەران، لەو ماوەیەدا بەهۆی نزیکی لە شیوعیەکان کە لەو دەڤەرە جموجۆڵیان هەبووە، چووتە ڕیزی حزبی ڕزگاری نیشتمانی(تەحەرور وەتەنی) کەسەر بەحیزبی شیوعی عێراق بووە.

ساڵی ١٩٦٣ و دوای ئەوەی حیزبی بەعس دەسەڵاتی عێراقی گرتە دەست، عیزەت سلێمان بەگ و چەکدارەکانی لەڕێگەی موقەدەم عەزیز ئاکرەیی کە فەرماندەی پێشمەرگەکانی بەرەی سپیلک بووە هاتووە بۆ لای جەنەراڵ مستەفا بارزانی و پەیوەندى بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، دواتر خۆی و ئەو کۆمەڵەچەکدارەی کە لەگەڵی بوون بەشداری شەڕەکانی سپیلک، چیای کۆڕەک و هەندرێنی کردووە. پاشان کراوەتە فرەماندەى بەتالیۆنى٤ لە هێزى باڵەک.

ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ناوبراو لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە وڕووی کردۆتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرەتا لەشاری مەهاباد بووە و دواتر چووەتە شاری کەرەج، کاتێک جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ڕۆ‌ژی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٧٦ بۆ جاری دووەم بەمەبەستی چارەسەری نەخۆشیەکەی لە ئێرانەوە ڕەوانەی وڵاتی ئەمریکا کرا، عیزەت سلێمان بەگ لەسەر داواکاری خۆی و وەرگرتنی ڕەزامەندی جەنەراڵ مستەفا بارزانی، گەڕاوەتەوە بۆ عێراق.

لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق لە ساڵی ١٩٧٨ چووە بۆ وڵاتی ئەمریکا بۆ ئەوەی جەنەراڵ مستەفا بارزانی ببینێت و بەڵکو ئامادەبێت وتووێژ لەگەڵ عێراق بکات، جاری دووەمیش لەسەر داواکاری بارزان تکریتی، ناوبراو ڕۆشتووە بۆ دیداری سەرکردە مەسعود بارزانی بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان شۆڕش و حکومەتی بەعس، لە ڕۆژی ٢٧ی ئازاری ٢٠١١ لایەن سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشرا. لە ڕۆژی ٣٠ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ کۆچی دوایی کردووە و لە گۆڕستانى گوندى دەرگەڵە بە ئامادەبوونى خەڵکیکى زۆر بەخاک سپێردراوە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

جەوھەر ئەسعەد فەتاح ئاغا هەرکی

جەوھەر ئەسعەد فەتاح، ناسراو بە (جەوهەر ئەسعەد ئاغا)، ساڵى ١٩٥٢ لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ میدالیای بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی ساڵی ١٩٥٠ لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە. دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوەتە پاسەوانی سنوور. ساڵی ١٩٧٣ لە لایەن حکوومەتی عێراق دەستگیر کراوە. ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە شۆڕشی گولان کردووە. ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەسەن شێخ مستەفا بۆسەلی

حەسـەن شــێخ مســتەفا بۆســەلى، ســاڵی ١٩٤٨ لە گونــدی بۆسەل لە قەزای زاخــۆی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زاخۆ، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کراوە بەفەرماندەی عەمەلیاتی سوپای چوار، لەرۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

جەعفەر مستەفا مەعروف

جەعـفەر مسـتەفا مەعـروف ناسـراو بە (شـــێخ جەعـــفەری جامانەســـور)، ســـاڵی ١٩٥٧ لەگونــدی گوندی سەرکان ناوچە ســرۆچک سەربە ناحییەی بەرزنجەی پارێزگــای سلێمانی لەدایـک بـووە، سـاڵی ١٩٧٠ پەیوەندى بە ڕیــزی یەکێتــی قوتابیــانی کوردســتاندا کردووە، لەساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن بووە، ١٩٩٦ بە قایمقامی هەڵەبجەی شەهید دەستنیشان کراوە، سالانی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ وەکو قایمقامی شاری ئاکرێ لە ئەرکدا بووە

زانیاری زیاتر

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر