دکتۆر مەحمود عوسمان

مەحمود عه‌لی عوسمان، ناسراو به‌ دكتۆر مەحمود ، دكتۆر مەحمود سۆرانی و دكتۆر مەحمود عوسمان، له‌ كۆنگره‌كانی ٦، ٧ و ٨ بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌...


مەحمود عه‌لی عوسمان، ناسراو به‌ دكتۆر مەحمود، دكتۆر مەحمود سۆرانی و دكتۆر مەحمود عوسمان، له‌ كۆنگره‌كانی شه‌شه‌‌م، حه‌وته‌‌‌م و هه‌شته‌‌‌م بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی، له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵ ١٩٦٤‌ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستان و پاشان بووه‌ته‌ ئه‌ندامی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌، له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی ـ ڕامیاری كانی سماق (هه‌ولێر) بووه‌، له‌ ١٠ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٠ ئه‌ندامی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ دانوستان له‌مه‌ڕ ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی له‌ شاری به‌غدا بووه‌، له‌ ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئه‌ندامی شاندی كوردی بووه‌ بۆ ئاماده‌بوونی مه‌راسیمی جاڕدانی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان و وته‌ی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌م مه‌راسیمه‌ له‌ شاری به‌غدای خوێنده‌وه‌، له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٨٨ به‌ نوێنه‌راتی حزبی شۆسیالیستی كوردستان (حسك) له‌ باره‌گای خواكۆركی حزبی شیوعی عێراقی له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر واژۆی په‌ێڕه‌و و پڕۆگرامی به‌ره‌ی كوردستانی كرد، له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٥دا به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی گواستنه‌وه‌ی عێراقی له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی ژماره‌ ١٣٠ هه‌ڵبژێردراوه‌.


ژیاننامه‌

مەحمود عه‌لی عوسمان ناسراو به‌ دكتۆر مەحمود عوسمان، ساڵی ١٩٣٨ له‌ شاری سلێمانی له‌دایك بووه‌، قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌ بیاره‌ و سلێمانی، قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له‌ شاری سلێمانی ته‌واو كردووه‌، ساڵی ١٩٦١ كۆلێژی پزیشكی گشتی زانكۆی به‌غدای ته‌واو كردووه و به‌كالۆریۆسی پزیشكی وه‌رگرتووه‌، ساڵی ١٩٦١ بۆ یه‌كه‌مین جار نۆڕینگه‌ی خۆی له‌ شاری سلێمانی كردووه‌ته‌وه‌‌، له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٧٤ ئه‌مینداری گشتی ئه‌میندارێتی ته‌ندروستی و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی شۆڕشی ئەیلوول بووه‌، ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووی له‌‌  ئێران كردووه‌، شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، ئینگلیزی، فره‌‌نسی و فارسییه‌.


خه‌باتنامه‌

ساڵی ١٩٥٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ١٩٥٤ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی  پارتییه‌وه‌‌ كردووه‌‌، له‌ ڕێبه‌رانی خۆپیشاندانه‌كانی به‌غدا بووه‌ له‌ ڕیزی خوێندكاراندا، ساڵی ١٩٥٥ له‌ كۆنگره‌ی دووه‌م ئه‌ندامی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٥٦ بووه‌ به‌ سكرتێری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، ساڵی ١٩٥٦ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان، له‌ ٢١ی ئاداری ١٩٥٧ به‌شداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی به‌غدای كردووه‌، ساڵی ١٩٥٩ له‌ كۆنگره‌ی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراقدا له‌به‌ر ناپه‌یڕه‌وی له‌ ڕیزه‌كانی پارتی ده‌ركراوه. ‌مەحمود عه‌لی عوسمان ساڵی ١٩٦٢ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، له‌ مانگی ئاداری ١٩٦٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوولەوە كردووه و له‌ ده‌ڤه‌ری بارزان خزمه‌تی كردووه‌‌، ساڵی ١٩٦٤ مامۆستای تاكه‌ قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی شۆڕشی ئەیلوول بووه‌ له‌ گه‌ڵاڵه‌ و هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٦٤ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌‌م به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌ و له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی هه‌ڵبژێردراوه‌، هه‌مان ساڵ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق و هه‌ر له‌و ساڵه‌ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق.

ساڵانی (١٩٦٥-١٩٦٧) به‌رپرسی توڕێكی نهێنی پاراستن بووه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی عێراق، ساڵی ١٩٦٥ بووه‌ته‌ به‌رپرسی دارایی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری سه‌ر به‌ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی حه‌وته‌‌‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، دواتر له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٦ دووباره‌ بووه‌ته‌وه‌ سكرتێری نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق، ساڵی ١٩٦٦ كراوه‌ته‌ ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق، هه‌مان ساڵ به‌ مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی سه‌ردانی شاری پاریسی كردووه‌، له‌ ١٥ی نیسانی ١٩٦٧ به‌ سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مستەفا بارزانی وه‌ك ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنه‌ری كۆنفڕانسی سه‌ربازی ـ ڕامیاری كانی سماق (هه‌ولێر) بووه‌، هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٦٧ به‌ مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی و به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی سه‌ردانی شاری واشنتۆنی كردووه‌.

ساڵانی (١٩٦٨-١٩٦٩) مامۆستای وانه‌ی شۆڕشی هاوچه‌رخی كورد و مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌یمانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایانی شۆڕش بووه‌، ساڵی ١٩٦٨ به‌رپرسی به‌شی زانیاری و ته‌ندروستی سه‌ر به‌ نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری (المكتب التنفیذي) ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بووه‌ له‌ كوردستانی عێراق، ساڵی ١٩٦٨ مامۆستای وانه‌ی شۆڕشی هاوچه‌رخی كورد و مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ له‌ خولی یه‌كه‌می په‌یمانگای پێگه‌یاندنی مامۆستایانی شۆڕش‌، هه‌ر له‌ ساڵی ١٩٦٨ به‌ دووه‌مین سكرتێری نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵانی (١٩٦٨-١٩٦٩) مامۆستای وانه‌ی مێژووی شۆڕشی كوردی سه‌رده‌م بووه‌ له‌ خولی یه‌كه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی چۆمانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ ٣١ی ئایاری ١٩٦٨ وه‌ك مامۆستای خول به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی كۆتایی خولی یه‌كه‌می ته‌ندروستی گشتی له‌ گوندی ماكۆسان (هه‌ولێر) كردووه‌، ساڵی ١٩٦٩ كراوه‌ته‌ به‌رپرسی به‌شی ته‌ندروستی و زانیاری (الصحة والمعارف)‌ له‌ نووسینگه‌ی جێبه‌جێكاری ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌ كوردستانی عێراق، ساڵی ١٩٦٩ مامۆستای وانه‌ی بیركاری و فیزیای قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی گه‌ڵاڵه‌ بووه‌.

ساڵی ١٩٦٩ له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی ده‌ستی داوه‌ته‌‌ ئاماده‌كاری بۆ دووباره‌ به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستان و به‌ستنی كۆنگره‌ی سێیه‌می ئه‌و یه‌كێتیه‌، ساڵی ١٩٦٩ مامۆستای وانه‌ی شۆڕشه‌كانی هاوچه‌رخ بووه‌ له‌ خولی دووه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی چۆمانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر، ساڵانی (١٩٦٩-١٩٧٠) سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ له‌گه‌ڵ حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ كۆماری عێراق، به‌ مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان، له‌ ١٠ی كانوونی دووه‌می ١٩٧٠ ئه‌ندامی شاندی نۆ كه‌سی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ بۆ دانوستان له‌مه‌ڕ ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی له‌ شاری به‌غدا، له‌ ١١ی ئاداری ١٩٧٠ ئه‌ندامی شاندی كوردی بووه‌ بۆ ئاماده‌بوونی مه‌راسیمی جاڕدانی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستان و وته‌ی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌م مه‌راسیمه‌ له‌ شاری به‌غدای خوێنده‌وه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٩ی ئاداری ١٩٧٠ به‌شداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی سه‌دری قه‌ناتی شاری به‌غدای كردووه‌، ساڵی ١٩٧٠ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كۆنگره‌ی هه‌شته‌‌‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، هه‌مان ساڵ له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه‌.

له‌ كۆتایی ئایاری ١٩٧٠ به‌ هاوڕێیه‌تی هه‌ڤاڵ مه‌سعود بارزانی سه‌ردانی شاری سلێمانی كردووه‌ و باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان به‌سه‌ر كردووه‌ته‌وه‌ و سه‌ردانی گڵكۆی شه‌هید عه‌بدولعه‌زیز ئه‌تروشی (١٩٣٤-١٩٦٩)یان له‌ شارۆچكه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی كردووه‌، پاشان له‌ ٢ی حوزه‌یرانی ١٩٧٠ سه‌ردانی شاری كه‌ركووكیان كردووه‌ و له‌لایه‌ن به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی سێ و پارێزگاری كه‌ركووك و سه‌رله‌شكری له‌شكری دووی سوپای عێراق پێشوازیان لێ كراوه‌، ساڵی ١٩٧٠ مامۆستای وانه‌ی مێژووی كورد و كوردستان له‌ خولی سێیه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ شاری به‌غدا بووه‌، له‌ ١٥ی ته‌موزی ١٩٧٠ به‌شداری له‌ مه‌راسیمی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی شه‌شه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ گوندی ناوپردان (هه‌ولێر) كردووه‌‌، له‌ ٥ی ئابی ١٩٧٠ به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی به‌شداری ئاهه‌نگی كردنه‌وه‌ی كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانی له‌ گوندی ناوپردان كردووه‌، ساڵی ١٩٧٠ به‌شداری ئاهه‌نگی میوانداری مامۆستایانی خولی سێیه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ ناوچه‌ی ئازادكراوه‌كان كردووه‌.

ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢ی حوزه‌یرانی ١٩٧١ به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی شیوعی بوڵگاریا له‌ گوندی حاجی ئۆمه‌رانی سه‌ر ‌به‌ پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌، له‌ ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ له‌ په‌لاماره‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی حاجی ئۆمه‌راندا بۆ تیرۆركردنی سه‌رۆك مستەفا بارزانی هاوڕێی سه‌رۆك بووه‌ و له‌ مردن ڕزگاری بووه هه‌ر ئه‌ویش برینی مستەفا بارزانیی چاره‌سه‌ر كردووه‌‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٢٥ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧١ له‌ باره‌گای بارزانی له‌ گوندی حاجی ئومه‌ران به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی پێشوازی له‌ شاندی لێژنه‌ی پشتگیری گه‌لانی ئاسیایی و ئه‌فریقیایی و سۆڤێتی كردووه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٧٢ له‌ كۆشكی ئاشتی نزیك شارۆچكه‌ی چۆمانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی پێشوازی له‌ شاندێكی حزبی سۆسیالیستی ئه‌ڵمانیای یه‌كگرتوو به‌ سه‌رۆكایه‌تی پاوڵ فێرنێر كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ ئاشتی له‌ عێراق و په‌یوه‌ندییه‌ دووقوڵییه‌كان گفتوگۆیان كردووه‌، له‌ ٢٧ی حوزه‌یرانی ١٩٧٢ به‌ یاوه‌ری ئیدریس بارزانی له‌ كۆشكی پادشایی ئێران چاویان به‌ محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی كه‌وتووه‌.

له‌ ٧ی ته‌ممووزی ١٩٧٢ له‌ شاری واشنتۆن به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی هاوكاری چاوی به‌ ریچارد هێڵمز به‌ڕێوه‌به‌ری ده‌زگای سی ئای ئه‌ی (CIA) ئه‌مریكی كه‌وتووه‌، ساڵی ١٩٧٢ به‌ یاوه‌ری ئیدریس بارزانی سه‌ردانی شارۆچكه‌ی زاخۆی سه‌ر به‌ پارێزگای دهۆكیان كرد و سه‌باره‌ت به‌ به‌رخودان و به‌رگری كردن له‌به‌رامبه‌ر پرۆسه‌ی به‌ عه‌ره‌بكردن له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان گفتوگۆیان كرد، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٢ له‌ حاجی ئومه‌رانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی پێشوازی له‌ شاندی سه‌ركردایه‌تی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی داودیه‌ی پارتی دیموكراتی كورد له‌ سوریا (سه‌ركردایه‌تی قۆناغ ـ المرحلیة) كرد، له‌ مانگی شوباتی ١٩٧٣ به‌ مه‌به‌ستی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ عه‌قید كلارك سه‌ردانی شاری تارانی كردووه‌، له‌ ڕۆژی هه‌ینی ٣٠ی ئاداری ١٩٧٣ گوتاری مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی له‌ میهره‌جانی نه‌ورۆزی چۆمانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر خوێندووه‌ته‌وه‌‌، له‌ ١٨ی نیسانی ١٩٧٣ به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی سیلی چۆمان (هه‌ولێر)دا كردووه‌ كه‌ تاكه‌ نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت بووه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئەیلوولدا، له‌ ١٥ی ئایاری ١٩٧٣ له‌ مزگه‌وتی گه‌ڵاڵه‌ به‌شداری له‌ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌می به‌شی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی گونده‌كان له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئەیلوول كردووه‌، له‌ مانگی ته‌ممووزی ١٩٧٣ سمینارێكی پێشكه‌شی به‌شدارانی كه‌مپی هه‌ره‌وه‌زی هه‌ندرێن كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی قوتابیانی كوردستانه‌وه‌ له‌ گوندی ناوپردان سازدرابوو، له‌ ٨ی ئابی ١٩٧٣ تا ٨ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٧٣ مامۆستای وانه‌ی پڕۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ خولی چواره‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ناوپردانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر بووه‌.

له‌ ١٦ی ئابی ١٩٧٣ به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی یادی ٢٧ ساڵه‌ی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی ناوپردان (هه‌ولێر) كردووه‌‌‌، له‌ ڕۆژانی ٢٧ تا ٢٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٣ به‌شداری كۆنفڕانسی ڕامیاری ـ سه‌ربازی چۆمانی كردووه‌، ساڵی ١٩٧٤ پێش ده‌سپێكی شه‌ڕ له‌ نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیست، سه‌رۆكایه‌تی دوا شاندی دانوستاندنی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ئه‌نجام داوه به‌ مه‌به‌ستی ڕاگرتنی شه‌ڕ‌، ساڵی ١٩٧٤ سیمیناری پێوه‌ندی نێوان شۆڕش و به‌غدای پێشكه‌شی قوتابیانی خولی شه‌شه‌می فێرگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ گوندی زینوێی شێخی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌، ساڵی ١٩٧٤ له‌دوای ده‌رچوونی یاسای ئه‌نجوومه‌نی یاسادانان و ئه‌نجوومه‌نی جێبه‌جێكاری هه‌رێمی كوردستان به‌ وه‌زیری ته‌ندروستی ده‌ستنیشانكراوه‌، له‌ ١١ی ئاداری ١٩٧٥ له‌ شاری تاران به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی چاوی به‌ محه‌مه‌د ڕه‌زاشای په‌هله‌وی كه‌وتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری له‌مه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر و هۆشیاریدان به‌ شا محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی (١٩١٩-١٩٨٠) سه‌باره‌ت به‌ جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) ناسراو به‌ سه‌دام تكریتی به‌ مه‌به‌ستی په‌شیمانكردنه‌وه‌ی، له‌ مانگی مایسی ساڵی ١٩٧٥ له‌لایه‌ن ئیدریس بارزانی و مه‌سعود بارزانییه‌وه‌ په‌یوه‌ندی پێوه‌ كراوه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان، ساڵانی (١٩٧٥-١٩٧٦) له‌ نه‌خۆشخانه‌ی شێر و خورشیدی ئێرانی كاری كردووه‌، له‌ ٢٧ كانوونی دووه‌می ١٩٧٧ داوای مافی په‌نابه‌ری سیاسی له‌ بریتانیا كردووه‌، له‌  ١١ی ئاداری ١٩٧٧ به‌ مه‌به‌ستی دیدار له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی كورد سه‌ردانی‌ شاری له‌نده‌نی كردووه‌.

ساڵی ١٩٧٧ كراوه‌ته‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماده‌كاری پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٧٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌‌ باشووری كوردستان، ساڵی ١٩٧٨ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی به‌خه‌لیسكی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێی شه‌ڕی هه‌كاری و له‌ناوچوونی زۆربه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٧٨ له‌گه‌ڵ نه‌مانی بارگرژی نێوان لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی باشووری كوردستاندا بووه، ساڵی ١٩٧٨ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌راوی گورگان له‌ چیای قه‌ندیل له‌گه‌ڵ دانوستاندن بووه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا، له‌ ١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٧٩ به‌ مه‌به‌ستی دانوستاندن سه‌ردانی شاری به‌غدای كردووه‌ و له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری عێراق سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦) ناسراو به‌ سه‌دام تكریتی دانیشتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئۆتۆنۆمی بۆ باشووری كوردستان به‌ڵام بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ به‌رامبه‌ره‌كه‌ی ته‌نیا مه‌به‌ستی كات كوشتنه‌، ساڵی ١٩٧٩‌ له‌ كۆنفڕانسی یه‌كگرتووی گۆڕه‌شێر له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی حزبی سۆسیالیستی كوردستان‌ هه‌ڵبژێردراوه‌.

له‌ ڕێكه‌وتی ٢٤ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٧دا له‌لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری عێراقه‌وه‌ به‌ ژه‌هری ساڵیۆم ژه‌هراوی كراوه‌ و له‌ مه‌رگ ڕزگاری بووه‌، له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٨٨ به‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبی سۆسیالیستی كوردستان (حسك) له‌ باره‌گای خواكۆركی حزبی شیوعی عێراقی له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی پارێزگای هه‌ولێر واژۆی په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی به‌ره‌ی كوردستانی كرد، له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئابی ساڵی ١٩٩٠ سه‌رپه‌رشتی شاندێكی به‌ره‌ی كوردستانی كردووه‌ بۆ سه‌ردانی یاسر عه‌ره‌فات له‌ كۆماری تونس، له‌ ١٥تا ١٧ی ئاداری ١٩٩١ وه‌ك نوێنه‌ری به‌ره‌ی كوردستانی به‌شداری كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی دۆزی كوردی له‌ ستۆكهۆڵم (سوید) كردووه‌‌، له‌ ٧ی نیسانی ١٩٩٢ به‌ نوێنه‌رایه‌تی حزبی سۆسیالیستی كوردستان به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی پیرمامی به‌ره‌ی كوردستانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی كوردستان، ساڵی ١٩٩٢ پاڵێوراو بووه‌ بۆ پۆستی ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، له‌كۆی ده‌نگه‌ دراوه‌كان ٢٣٣٠٩ ده‌نگی به‌ده‌ست هێناوه‌ كه‌ ده‌كاته‌ ٢،٣٧ % ده‌نگه‌كان، ڕیزبه‌ندی پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ست هێناوه‌، به‌ڵام ده‌نگی پێویستی نه‌هێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ڕێبه‌ر، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٠ی ئابی ١٩٩٢ له‌ شاری هه‌ولێر به‌شداری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستانی كردووه‌، له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٧ی ئابی ١٩٩٢ به‌ ده‌نگی نوێنه‌رانی كۆنگره‌ی یه‌كه‌می حزبی یه‌كگرتنی كوردستان‌ به‌‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ١٣ی ته‌ممووزی ٢٠٠٣دا به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری ڕه‌وته‌نیی (گواستنه‌وه‌ی) عێراق (مجلس الحكم الانتقالي العراقي) ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ٢٠٠٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی بووه‌، ساڵی ٢٠٠٤ پاڵیوراوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ لیستی هاوپه‌یمانی كوردستان بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی عێراق، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ١٥ی ئایاری ٢٠٠٤ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سه‌روه‌ری و دیموكراسی بووه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ٦٠٠ نوێنه‌ر له‌ شاری هه‌ولێر ساز دراوه، له‌ ٣٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٥دا به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی گواستنه‌وه‌ی عێراقی له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی ژماره‌ ١٣٠ هه‌ڵبژێردراوه‌.

له‌به‌رهه‌مه‌كانی:

  1. شۆڕشی كوردستان ـ ١٩٧٠.
  2. تقییم مسیرة الثورة الكردیة وانهیارها والدروس والعبر المستخلصة منها (١٩٦١ ـ ١٩٧٥) ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ ١٩٧٧)، (چاپی دووه‌م ـ ٢٠١٦).

سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر