جەلال تاڵەبانی

جه‌لال حیسامه‌دین نوره‌دین غه‌فور، ناسراو به‌ مام جەلال، ساڵی ١٩٤٧ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی كردووه‌، ساڵی ١٩٥٣ بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری به‌غدا بووه‌....


جه‌لال حیسامه‌دین نوره‌دین غه‌فور، ناسراو به‌ مام جەلال، ساڵی ١٩٤٧ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی كردووه‌، ساڵی ١٩٥٣ بۆته‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری به‌غدا بووه‌، هه‌ر له‌و ساڵه‌ بۆته‌ سكرتێری ئه‌و یه‌كێتییه‌، ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌، ساڵی ٢٠٠٤ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عێراقه‌وه‌ به‌ سه‌رۆككۆماری عێراق هه‌ڵبژێردراوه‌.


ژیاننامه‌

جه‌لال حیسامه‌دین نوره‌دین غه‌فور، ناسراو به‌ مام جەلال، ساڵی ١٩٣٣ له‌ شاری كۆیه‌ی سه‌ر به‌پارێزگای هه‌ولێر له‌دایك بووه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌ی شێخه‌كانی ڕێبازی قادری تاڵه‌بانییه‌ و سه‌ر به‌ خێڵی زه‌نگه‌نه‌ی فه‌یلییه كه‌ باپیرانی له‌ كۆتایی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی سه‌فه‌وییه‌كاندا له‌ كرماشانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه‌ كۆچیان بۆ باشووری كوردستان كردووه‌. قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر و قۆناغی دواناوه‌ندی له‌ شاری كه‌ركوك ته‌واو كردووه‌، ساڵی ١٩٤٨ له‌ پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ ده‌ستی به‌ خوێندن كردووە، ساڵی ١٩٥٠ قۆناغی ناوه‌ندی له‌ شاری كۆیه‌ ته‌واو كردووە، ساڵی ١٩٥١ له‌ پۆلی چواره‌م لە‌ دواناوه‌ندییەكی شاری هه‌ولێر وه‌رگیراوه‌، ساڵی ١٩٥٢ پۆلی پێنجه‌می دواناوه‌ندی له‌ به‌شی زانستی له‌ شاری كه‌ركوك ته‌واو كردووە، ساڵی ١٩٥٢ له‌ به‌شی ماف له‌ كۆلێژی مافی زانكۆی به‌غدا وه‌رگیراوه‌، ساڵی ١٩٥٩ له‌دوای دابڕان له‌ خوێندن له‌به‌ر كاری ڕامیاری كۆلێژی مافی له‌ زانكۆی به‌غدا ته‌واو كردووه‌،‌ ساڵی ١٩٦٠ به‌ كاری پارێزه‌ری له‌ پارێزگای كه‌ركوك مژول بووه‌. ساڵی ١٩٦٧ له‌گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دا هاوسه‌رگیری كردووه‌ و  ساڵی ١٩٧٠ زەماوەندی كردووە‌.

له‌ ١٧ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٢ كتوپڕ نه‌خۆش كەوتووە و بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاریتێ‌ له‌ شاری به‌رلین نێردراوه‌، له‌ ٢٤ی ئەیلوولی ٢٠١٢ ڕێكه‌وتنامه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا (١٩٤٤ـ٢٠١٧)ی ڕێكخه‌ری گشتی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا واژۆ كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵپه‌ساردنی ده‌نگدان به‌ ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان، له‌ ١٩ی ته‌موزی ٢٠١٤ گه‌ڕێندراوه‌ته‌وه‌‌ بۆ شاری سلێمانی و له‌ هه‌موو كاروبارێكی به‌ڕێوه‌بردن و ڕامیاری دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌‌، له ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠١٥ دكتۆرای فه‌خریی له‌ بواری یاسا له‌لایه‌ن زانكۆی كۆیه‌وه‌ پێ به‌خشراوه‌، له‌ ڕۆژی سێشه‌مه‌ی‌ ٣ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ به‌ نه‌خۆشی له‌ یه‌كێك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی شاری به‌رلین كۆچی دوایی كردووە و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆك مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری یه‌ك هه‌فته‌ ماته‌مینیی له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕاگه‌یاند، له‌ ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٧ له‌ ڕێگای فڕۆكه‌خانه‌ی سلێمانییه‌وه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ڕێزدار مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و به‌ ئاڵای كوردستانه‌وه‌ ته‌رمه‌كه‌ی گه‌یشته‌وه‌ شاری سلێمانی و له‌ گردی ده‌باشان له‌ شاری سلێمانی ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كرا‌. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی بووه‌. 


خه‌باتنامه‌

ساڵی ١٩٤٦ له‌ هه‌وادارانی حزبی شیوعی عێراقی بووه‌ و له‌ ڕێی پارێزه‌ر عومه‌ر مسته‌فا محه‌مه‌دئه‌مین (١٩٢٣ـ١٩٩٢) ناسراو به‌ عومه‌ر ده‌بابه‌ بانگهێشتی ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورد ده‌كرێ و له‌ شانه‌یەكدا ڕێك ده‌خرێ، ساڵی ١٩٤٧ به‌ هاندان و پشتگیری پارتی دیموكراتی كورد له‌ دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی پێشكه‌وتنی خوێنده‌واریی (K.P.X) بووه‌، ساڵی ١٩٤٧ له‌ قۆناغی سه‌ره‌تاییدا پله‌ی یه‌كه‌می له‌سه‌ر ئاستی پارێزگای هه‌ولێر هێناوه‌، له‌ ٢١ی ئاداری ١٩٤٧ له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ و له‌ شانۆگه‌ری (زوحاك)دا ڕۆڵی كوڕی كاوه‌ی بینیوه‌، ساڵی ١٩٤٧ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی پارتی دیموكراتی كورده‌وه‌ كردووه‌ و به‌ ناوی نهێنی ئاگر و پۆلو ده‌ستی به‌ چالاكی ڕامیاری كردووه و هه‌ر به‌ ناوی ئاگر له‌ ڕۆژنامه‌ی ڕزگاری ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كورد كورته‌وتاری بڵاو كردووه‌ته‌وه‌‌‌. 

ساڵی ١٩٤٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی كۆیه‌ی پارتی دیموكراتی كورد‌ بووه‌، ساڵی ١٩٥٠ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوچه‌ی هه‌ولێری پارتی دیموكرتی كورد بووه‌، ساڵی ١٩٥١ له‌به‌ر چالاكیی سیاسی له‌لایه‌ن كاربه‌ده‌ستانی شانشینی عێراق بۆ ماوه‌یه‌ك بۆ شاری موسڵ دوور خراوه‌ته‌وه‌، ساڵی ١٩٥١ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی دووه‌می پارتی دیموكراتی كورد له‌ شاری به‌غدا بووه‌، به‌شداری خۆپیشاندانی ٢٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٥٢ی له‌ شاری هه‌ولێر كردووە و دوای یه‌ك ڕۆژ له‌لایه‌ن پۆلیسەوە به‌ند ده‌كرێ، ساڵی ١٩٥٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق كۆنگره‌ی سێیه‌م هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری به‌غدا بووه‌، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی لێژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری به‌غدا بووه‌، ساڵی ١٩٥٣ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌ به‌ سكرتێری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان كۆنگره‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵبژێردراوه‌‌، ساڵی ١٩٥٣ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٥٣ بووه‌ته‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان كۆنگره‌ی یه‌كه‌م، ساڵی ١٩٥٣ به‌ سه‌رۆكایه‌تی پارێزه‌ر ئیبراهیم ئەحمەد فه‌تاح (١٩١٤-٢٠٠٠) و هاوڕێیه‌تی حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم (١٩٣١ـ٢٠١٣) ناسراو به‌ حه‌بیب فه‌یلی ئه‌ندامی لێژنه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بووه‌ بۆ ئاشتیدانی سێ باڵی حزبی شیوعی عێراقی (القاعدة ـ رایة الشغیلة ـ وحدة الشیوعیین) و یه‌كخستنیان كه‌ تیایدا سه‌ركه‌وتوو بوون، ساڵی ١٩٥٤ به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٥٤ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌لایه‌ن پۆلیسی نهێنیی شانشینی عێراقه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌، له‌ ٢٠ی ئاداری ١٩٥٤ به‌شداری ئاهه‌نگی نه‌ورۆزی شاری هه‌ولێری كردووه‌ و به‌ ناوی خوێندكارانی به‌شی مافی كۆلێژی مافی به‌غداوه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بی وتاری بۆ جه‌ماوه‌ر خوێندووه‌ته‌‌وه‌، ساڵی ١٩٥٤ له‌ نێوان ڕێكخستنه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق له‌ ڕانیه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی به‌ ناوی نهێنی عه‌وڵا ده‌ناسرا، ساڵی ١٩٥٥ هه‌ڵبژێردراوه‌ به‌ سكرتێری یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان (كۆنگره‌ی دووه‌م)، ساڵی ١٩٥٥ له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیار نوری سدیق عه‌لی (١٩٢٢ـ١٩٨٣) ناسراو به‌ نوری شاوه‌یس به‌ ناوی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراقه‌وه‌ نامه‌یه‌كی ناڕه‌زایه‌تییان له‌ كرده‌وه‌كانی حزبی شیوعی عێراقی ئاراسته‌ی حزبی شیوعی بریتانیا كردووه‌، له‌ ٣١ی ته‌موزی ١٩٥٥ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بووه‌ له‌ كۆنگره‌ی لاوانی جیهانی له‌ شاری وارشۆ پایته‌ختی كۆماری پۆلۆنیا،‌ ساڵی ١٩٥٦ هه‌ڵبژێردراوه‌ به‌ سه‌رۆكی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان، ساڵی ١٩٥٦ بووه‌ته‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان (یه‌كگرتنی دووه‌م)،  ساڵی ١٩٥٧ بووه‌ته‌وە ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان (یه‌كگرتنی سێیه‌م)، ساڵی ١٩٥٧ به‌شداری فێستیڤاڵی لاوان و قوتابیانی جیهانی له‌ مۆسكۆ كردووه و چاوی به جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) كه‌وتووه‌، ساڵی ١٩٥٧ له‌ شاری دیمه‌شق به‌شداری‌ دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كورد له‌ سوریای كردووه‌ و خاڵی پەیوه‌ندی ئه‌وان بووه‌ به‌ پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانەوە، ساڵی ١٩٥٧ له‌ شاری دیمه‌شق چاوی كەوتووە بە هەریەكە لە میشێل عه‌فله‌قی ڕێبه‌ری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و ئه‌كره‌م حورانی له‌ دامه‌زرێنه‌رانی حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی و عه‌بدولحه‌مید ئه‌لسه‌راج (١٩٢٥ـ٢٠١٣) جێگری سه‌رۆككۆماری عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو و سه‌باره‌ت به ‌دیداری خۆی لەگەڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانی له‌ شاری مۆسكۆ و هەروەها دیداری لەگەڵ جه‌مال عه‌بدولناسر (١٩١٨ـ١٩٧٠)ی سه‌رۆككۆمار قسە و باسیان كردووە‌، له‌ ٣ی تشرینی دووه‌می ١٩٥٨ له‌ هۆڵی گه‌لی شاری به‌غدا پێشكه‌شكاری ئاهه‌نگی به‌ خێرهێنانه‌وه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی بووه‌ له‌ یه‌كێتی سۆڤێته‌وه‌ بۆ خاكی نیشتمان، به‌ڕێوه‌به‌ری نووسینی گۆڤاری ڕزگاری بووه‌ كه‌ ته‌نیا دوو ژماره‌ی له‌ سه‌ره‌تای ساڵی ١٩٥٩دا لێ چاپ كراوه‌‌. 

ساڵی ١٩٥٩ ئه‌ندامی لێژنه‌ی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستان و حزبی شیوعی عێراقی بۆ هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری هاوبه‌ش بووه‌، له‌ ٢١ی ئاداری ١٩٥٩ له‌ جه‌ژنی نه‌ورۆزی شارۆچكه‌ی خانه‌قینی سه‌ر به‌ پارێزگای دیاله‌ به‌ ناوی پارتی دیموكراتی یه‌كگرتووی كوردستانه‌وه‌ وتاری پێشكه‌ش جه‌ماوه‌ری كردووه‌‌، ساڵی ١٩٥٩ نوێنه‌ری پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق له‌ كۆنگره‌ی سه‌ندیكای ڕۆژنامه‌نووسانی عێراق بووه‌، ساڵی ١٩٥٩ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق (كۆنگره‌ی چواره‌م) هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٥٩ به‌ ناوی پیرۆته‌وه‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی خه‌بات ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ عێراق بابه‌تی نووسیوه‌، له‌ ١٦ی شوباتی ١٩٦٠ له‌ خولی چوارده‌یه‌می كۆلێژی سه‌ربازی یه‌ده‌گ له‌ شاری به‌غدا به‌ پله‌ی مولازم دووه‌می یه‌ده‌گ ده‌رچووه‌ و له‌ ده‌سته‌ی چواره‌می تانك له‌ سوپای عێراقدا خزمه‌تی كردووه، ساڵی ١٩٦٠‌ له‌لایه‌ن نوێنه‌رانی كۆنگره‌وه‌ به‌ ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگره‌ی پێنجه‌م هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٠ له‌ یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به‌ ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٦٠ بووه‌ته‌ به‌رپرسی لێژنه‌ی لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٦٠ خولێكی هۆشیاریی سیاسی بۆ كادیرانی لێژنه‌ی لقی چوار كردووه‌ته‌وه‌، ساڵی ١٩٦١ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵسه‌نگاندنی دوا بارودۆخه‌كان و ده‌نگی به‌ هه‌ڵگیرسانی شۆڕش داوه‌‌، ساڵی ١٩٦١ به‌ هاوڕێیه‌تی پارێزه‌ر عومه‌ر مسته‌فا محه‌مه‌دئه‌مین (١٩٢٣ـ١٩٩٢) ناسراو به‌ عومه‌ر ده‌بابه‌ سه‌ردانی گوندی بارزانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێری كردووه‌ و دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مستەفا بارزانیدا كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی زانینی ڕای ئه‌و له‌سه‌ر هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش، له‌ مانگی ئەیلوولی ١٩٦١دا سه‌ردانی هۆزه‌ ڕاپه‌ڕیوه‌كانی ده‌ڤه‌ری پشده‌ری كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كاری بۆ شۆڕشی سه‌رانسه‌ری، له‌ ٦ی ئەیلوولی ١٩٦١ سه‌رپه‌رشتی مانگرتنی گشتی شاری سلێمانی كردووه‌ بۆ داواكاری مافی كورد وه‌ك له‌ ده‌ستووری كاتیی كۆماری عێراقدا هاتبوو.

ساڵی ١٩٦١ په‌یوه‌ندی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌ كردووه‌ و یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كان بووه‌، له‌ ڕۆژانی ١٨ تا ٢٣ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٦١ له‌ گوندی عه‌واڵانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی به‌شداری كردووه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌بۆ به‌رداوامیدان به‌ شۆڕشی ئه‌یلوول و‌ ڕای به‌ به‌ڵێ داوه‌، له‌ نه‌ورۆزی ساڵی ١٩٦٢دا فه‌رمانده‌یی ئازادكردنی ده‌ڤه‌ری شارباژێڕی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، ساڵی ١٩٦٢ به‌ فه‌رمانده‌ی كه‌رتی یه‌كی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول كه‌ باره‌گای له‌ چه‌می ڕێزانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی بووه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی‌ ١٩٦٣ فه‌رمانده‌ی هێزی ڕزگاری بووه‌. له‌ ناوه‌ڕاستی ساڵی ١٩٦٣دا ماڵی باوانی له‌ شارۆچكه‌ی كۆیه‌ به‌ ده‌ستی  (الحرس القومي) سه‌ر به‌ حزبی به‌عس سووتێنراوه‌، ساڵی ١٩٦٣ فه‌رمانده‌یی شه‌ڕی چه‌می ڕێزان له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی دژ به‌ هێزی زه‌مینی سوپای عێراق كردووە و له ‌ژێر گوشاری باڵاده‌ستیی سوپای عێراقدا پاشه‌كشێی كردووه‌‌، له‌ كۆتایی مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٦٣دا به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی له‌ شارۆچكه‌ی ڕانیه‌ی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی كردووه‌ كه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌.

ساڵی ١٩٦٣ له‌ كۆنگره‌ی یه‌كه‌می گه‌ل (كۆنگره‌ی  كۆیه‌)دا له‌لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانییه‌وه‌ به‌ جێگری سه‌رۆك بۆ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، له‌ ١٨ی شوباتی ١٩٦٣ سه‌رۆكی شاندی دانوستانكاری كۆنگره‌ی یه‌كه‌می گه‌ل (كۆنگره‌ی كۆیه‌) بووه‌ بۆ شاری به‌غدا تا له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا سه‌باره‌ت به‌ مافه‌كانی كورد گفتوگۆ بكه‌ن، ساڵی ١٩٦٣ به‌ربژێری سه‌رۆك مستەفا بارزانی بۆ پۆستی وه‌زیری له‌ عێراق بووه‌.

ساڵی ١٩٦٤ په‌یوه‌ندی به‌‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی كردووه‌‌ و له‌ كۆنگره‌ی شه‌شه‌می پارتی دیموكراتی كوردستاندا له‌لایه‌ن تیكڕای نوێنه‌رانه‌وه‌ له‌‌ ڕیزه‌كانی پارتی دوور خراوەتەوە‌‌.‌ ساڵی ١٩٦٤ ڕووی له‌ وڵاتی ئێران كردووه‌ و تا ساڵی ١٩٦٥ له‌وێ نیشته‌جێ بووه‌، له‌ مانگی نیسانی ساڵی ١٩٦٥دا چاوپێكه‌وتنێك له‌گه‌ڵ ده‌زگای ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆنی (BBC) ده‌كا و په‌خش ده‌كرێت، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ته‌موزی ساڵی ١٩٦٥دا له‌ دوای لێبوردنی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی له‌لایه‌ن سه‌رۆك مستەفا بارزانییه‌وه‌، وڵاتی ئێرانی به‌جێ هێشتووه‌ و له‌ ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی شۆڕشی ئەیلوولدا نیشته‌جێ بووه‌، له‌ مانگی كانوونی دووەمی ١٩٦٦ شاندێكی حزبی شیوعی عێراقی له‌ دوڵه‌ڕه‌قه‌ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی سه‌ردانی ئه‌و و هه‌ڤاڵانی له‌ باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە و ئاگاداریان ده‌كه‌نەوە كه‌ پەیوه‌ندیی نهێنییان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقدا شارا‌وه‌ نییه‌ و زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی كورد و شۆڕش ده‌گه‌یەنێت، به‌ڵام ئه‌وان سووربوون له‌سه‌ر پەیوه‌ندییه‌كانیان.

له‌ ٢٨ی كانونی دووه‌می ١٩٦٦دا ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی دۆڵه‌ڕه‌قه‌ی به‌جێ هێشتووه‌ و ڕووی له‌ شاری به‌غدا كردووه‌ و له‌ دژی شۆڕشی ئەیلوول هاوكاریی حكومه‌تی عێراقی كردووه‌، له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی مایسی ساڵی ١٩٦٦دا سه‌رپه‌رشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی گروپی ئیبراهیم ئەحمەد ـ جه‌لال تاڵه‌بانی كردووه‌ كه‌ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ چه‌كدار كرابوون و هێرشی كردووەته‌ سه‌ر سه‌نگه‌ری پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی كه‌ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌و هێرشه‌دا سه‌ركه‌تووە و دواتر شكاوە، له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ له‌ شاری به‌غدا چاوی به‌ دكتۆر عه‌بدولڕە‌حمان  به‌زاز (١٩١٤ـ١٩٧٣) سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كه‌وتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری سوپای عێراق له‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول، له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٦٦ له‌ شاری به‌غدا چاوی به‌ لیوا عه‌بدولڕە‌حمان  محه‌مه‌د عارف (١٩١٦ـ٢٠٠٧) سه‌رۆككۆماری عێراق كه‌وتووه‌ به‌ مه‌به‌ستی هاوكاری سوپای عێراق له‌ دژی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول، له‌ ٢٨ی ئابی ١٩٦٦ له‌ گوندی تیمار (گه‌رمیان) به‌شداری یه‌كه‌مین گردبوونه‌وه‌ی دژبه‌ره‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووه‌، ساڵی ١٩٦٦ له‌ گوندی كه‌ڵۆش چاوی به‌ عه‌بدولخالق سامه‌ڕایی (١٩٣٥-١٩٧٩) كه‌وتووه‌.

له‌ ٢٨ی ئاداری ١٩٧٠ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر (١٩١٤ـ١٩٨٣) سه‌رۆككۆماری عێراق وازهێنانی ته‌واوی خۆی له‌ پشتگیری له‌ گروپی ئیبراهیم ئەحمەد ـ جه‌لال تاڵه‌بانی و چه‌ككردنی هه‌وادارانی ئه‌وان ڕاگه‌یاندووە، له‌ ٧ی ئابی ١٩٧٠ به‌ هاوڕێیه‌تی ئیسماعیل عه‌زیز مسته‌فا (١٩٣٨ـ٢٠١٧) ناسراو به‌ شێخ ئیسماعیل مه‌لا عه‌زیز جێگری به‌رپرسی لێژنه‌ لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی دووباره‌ به‌ ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه‌ سه‌ردانی سه‌رۆك مستەفا بارزانیی له‌ باره‌گای هاوینه‌ له‌ حاجی ئومه‌رانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌ و تۆمه‌تی خیانه‌تی خستووەتە پاڵ‌ فاخیر حه‌مه‌د ساڵح (١٩٣٧ـ١٩٧٥) ناسراو به‌ فاخیر مێرگه‌سۆری.

ساڵی ١٩٧٠ به‌ نوێنه‌رایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌شداری چله‌ی كۆچی دوایی جه‌مال عه‌بدولناسر (١٩١٨ـ١٩٧٠)ی كردووه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌نوه‌ر سادات (١٩١٨ـ١٩٨١)ی سه‌رۆككۆماری میسره‌وه‌ پێشوازی لێ كراوه‌، له‌ ١٠ی شوباتی ١٩٧١ هاتووه‌ته‌وه‌ ڕیزی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌،‌ ساڵی ١٩٧٢ له‌ شاری به‌یروت جێگری به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌، ساڵی ١٩٧٥ دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر ساداتدا كردووه‌.

له‌ ٢٢ی ئایاری ١٩٧٥ به‌ هاوكاری دكتۆر فوئاد مه‌عسوم و عادل موراد (١٩٤٩ـ ٢٠١٨) ناسراو به‌ عادل فه‌یلی و عه‌بدولڕه‌زاق عه‌زیز میرزا (١٩٤٥ـ ٢٠١٨) ناسراو به‌ عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی یه‌كه‌مین به‌یاننامه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان نووسیوه‌ته‌وه‌ و له‌ چاپیان داوه‌، له‌ ١ی حوزه‌یرانی ١٩٧٥ له‌گه‌ڵ دكتۆر فوئاد مه‌عسوم، عادل فه‌یلی و عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلیدا یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیان دامه‌زراندووه‌، ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول به‌ شێوه‌یەكی نهێنی و له‌سه‌ر داخوازی ده‌سه‌ڵاتدارانی یه‌كێتی سۆڤێت سه‌ردانی شاری مۆسكۆی كردووە و سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵگیرساندنی شۆڕش وتوێژیان كردووە، له‌ ڕۆژانی ٢٧ تا ٣١ی ئابی١٩٧٥ له‌ شاری به‌رلینی ڕۆژئاوا به‌شداری كۆنگره‌ی حه‌ڤده‌یه‌می كۆمه‌ڵه‌ی خوێندكارانی كورد له‌ ئه‌وروپای كردووه‌ و بووەته‌ هۆكاری كه‌رتبوونی ئه‌م كۆمه‌ڵه‌یه‌.

 له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی كانونی یه‌كه‌می ساڵی ١٩٧٦دا له‌ شاری دیمه‌شق دیداری له‌گه‌ڵ مەسعود بارزانیدا كردووه‌ و له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری ڕێك كه‌وتوون، له‌ ٢٠ی ته‌موزی ١٩٧٧ گه‌ڕا‌وه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان به‌ مه‌به‌ستی په‌ره‌پێدان به‌ خه‌باتی چه‌كداری، له‌ ٣١ی ئابی١٩٧٧ به‌شداری یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ دۆڵه‌كۆستێ له‌ سێگۆشه‌ی سنووری نێوده‌وڵه‌تی (عێراق ـ توركیا ـ ئێران) سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر كردووه‌‌ به‌ مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان و لەو كۆبوونەوەیەدا به‌ سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌ڵبژێردراوه‌، ساڵی ١٩٧٨ به‌ هاوكاری ده‌زگای ساواكی ئێران (سازمان اطلاعات و أمنیت كشور) هێزه‌كانی له‌ خاكی ئێرانەوە ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ سه‌ر سنووری كۆماری توركیا بۆ ئاماده‌كاری شه‌ڕی هە‌كاری دژ به‌ هێزه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ده‌ڤه‌ری بادینان و باكووری كوردستان، ساڵی ١٩٧٨ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی به‌خه‌لیسكی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ئاكامەكانی شه‌ڕی هه‌كاری و فه‌وتانی زۆربه‌ی هێزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ ده‌ستی هێزه‌كانی سه‌ركردایه‌تی كاتیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ساڵی ١٩٧٨ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌راوی گورگان له‌ چیای قه‌ندیل له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی دژی دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق بووه، ساڵی ١٩٧٩ به‌ چه‌ك هاوكاری حزبی شیوعی عێراقی كردووه‌، ساڵی ١٩٧٩ له‌ گوندی نێوزه‌نگی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی دیداری له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی حزبی شیوعی عێراقدا كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.

له‌ ١٣ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٢ له‌ گوندی گۆڕه‌شیر له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی به‌ مه‌به‌ستی دانوستاندن دیداری له‌گه‌ڵ عه‌قید ڕوكن خه‌لیل محه‌مه‌د شاكر ناسراو به‌ ئه‌بو ئه‌حمه‌د جێگری ده‌زگای موخابەراتی عێراقیدا كردووه‌ ، ساڵی ١٩٨٢ سه‌رۆك و دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی شۆڕشگێڕانی كوردستان بووە‌‌، ساڵی ١٩٨٤ ده‌ستی داوه‌ته‌ دانوستان له‌گه‌ڵ ڕژێمی عێراق و سه‌دام حسێن (١٩٣٧ـ٢٠٠٦) و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ وازی له خه‌باتی چه‌كداری هێناوه‌، ساڵی ١٩٨٥ نامه‌یه‌كی ئاراسته‌ی ئایه‌توڵای مه‌زن حسێن عه‌لی مونته‌زه‌ری جێگری پێشەوای كۆماری ئیسلامی ئێرانی كرد به‌ مه‌به‌ستی هاوكاریی هاوبه‌ش، له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٨٦ هاوكاریی سوپای پاسدارانی ئێرانی كردووه‌ له‌‌ ئۆپه‌راسیۆنی (فه‌تحی یه‌ك)دا بۆ لێدانی پێگه‌ی سه‌ربازی عێراق و ده‌زگاكانی نه‌وتی كه‌ركوك.

  له‌ ٨ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٦ له‌ شاری تارانی پایته‌ختی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتیی له‌گه‌ڵ ئیدریس مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د (١٩٤٤ـ١٩٨٧) ناسراو به‌ ئیدریس بارزانی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستاندا واژۆ كردووه‌، له‌ مانگی نیسانی ١٩٨٦ له‌گه‌ڵ حزبی شیوعی عێراقی ڕێكه‌وتننامه‌یەكی هاوبه‌شی واژۆ كردووە، 

له‌ ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٩٢ به‌ ئه‌ندامی ده‌سته‌ی گشتی كۆنگره‌ی نیشتمانی عێراقی (كۆنگره‌ی ڤییه‌نا) هه‌ڵبژێردراوه‌،‌ ، ساڵی ١٩٩٢ له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕێبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی كورددا به‌ پله‌ی دووه‌م له‌ دوای سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ و به‌ ٤٤١٠٥٧ ده‌نگ سه‌ركه‌توو نه‌بووه‌،  ڕۆژی شه‌مه‌ی ٣ی نیسانی ١٩٩٣ به‌ یاوه‌ری سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌ كۆشكی كۆماری توركیا چاویان به‌ تورگوت ئوێزالی (١٩٢٧ـ١٩٩٣) سه‌رۆككۆماری توركیا كه‌وتووه‌، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ٤ی نیسانی ١٩٩٣ دیداریان له‌گه‌ڵ سوله‌یمان ده‌میرێڵی سه‌رۆكوه‌زیران ساز داوه‌‌.

له‌ ١ی ته‌موزی ١٩٩٣ به‌ هاوڕێیه‌تی سه‌رۆك مەسعود بارزانی به‌شداری له‌ ئاهه‌نگی ده‌رچوونی خولی دوازده‌یه‌مینی زانكۆی سه‌ڵاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی‌ ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٩٣ له‌ خاڵی سنووری باشماخ له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی وه‌ك سكرتێری گشتی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازی له‌ كه‌ژاوه‌ی سه‌رۆك مستەفا بارزانی (١٩٠٣ـ١٩٧٩) و ئیدریس مسته‌فا شێخ محه‌مه‌د (١٩٤٤ـ١٩٨٧) ناسراو به‌ ئیدریس بارزانی كردووە كه‌ له‌ كۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ به‌ره‌و دوامه‌نزڵگه‌یان له‌ گوندی بارزانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌برانه‌وه‌.

له‌ ١٧ی شوباتی ١٩٩٤ له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا واژۆی له‌سه‌ر ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ كوردستانی عێراقدا كردووه‌، له‌ ١٣ی حوزه‌یرانی ١٩٩٤ له‌ شاری سلۆپی (كۆماری توركیا) له‌ ژێر سه‌رپه‌رشتی حكومه‌تی توركیادا به‌ مه‌به‌ستی ڕاگه‌یاندنی ئاشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا دانیشتنی كردووه‌‌‌‌،  ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٩ی تشرینی دووه‌می ١٩٩٤ له‌ باره‌گای سكرتاریه‌تی خۆی له‌ شاری هه‌ولێر ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌شی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ یه‌كگرتوو و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بووە به‌ مه‌به‌ستی بنبڕكردنی ئاڵۆزییه‌كانی نێوانیان.

له‌ ١١ی ئەیلوولی ١٩٩٨ گه‌یشتووه‌تە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ‌له‌ ١٧ی ئەیلوولی ١٩٩٨دا له‌ شاری واشنتۆن و به‌ ئاماده‌بوونی مادلین ئۆڵبرایتی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ڕێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستاندا واژۆ كردووه‌، ڕۆژی هه‌ینی ٨ی كانونی دووه‌می ١٩٩٩ له‌ شاره‌دێی پیرمام له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێ كرا، ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٣ی ئەیلوولی ١٩٩٩ به‌ سه‌رۆكایه‌تی شاندێكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی شاندی پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ هاوبه‌شی سه‌ردانی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایان كردووه‌، له‌ ٣ی كانونی یه‌كه‌می ١٩٩٩دا وه‌ك نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستكارانی عێراقی له‌ شاری نیویۆركی له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كردووه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٨ی كانونی دووه‌می ٢٠٠١ له‌ شاره‌دێی پیرمام سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر به‌ مه‌به‌ستی پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی دوو قوڵی دیداری له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا كردووه‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٥ی شوباتی ٢٠٠١ له‌ كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستاندا له‌ شاری سلێمانی له‌لایه‌ن نوێنه‌رانه‌وه‌ به‌ تێكڕای ده‌نگ به‌ ئه‌مینداری گشتی هه‌ڵبژێردراوەتەوە و به‌م بۆنه‌یەوە‌ وتارێكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووانی كۆنگرەكە كردووه‌‌،  له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ١١ی كانونی دووه‌می ٢٠٠١ له‌ سه‌ری بڵند له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا جارێكی تر كۆبووه‌تەوه‌ و باسی له‌ بۆچوونی لایه‌نی توركەكان له‌سه‌ر پێشهاته‌كانی كوردستان كردووە.

له‌ ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ٣١ی ئاداری ٢٠٠٢ پێشوازی له‌ هۆشیار مه‌حمود محه‌مه‌د ناسراو به‌ هۆشیار زێباری ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووە و سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتی توركیا و سوریا دوواون، ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌ی ٧ی نیسانی ٢٠٠٢ پێشوازی له‌ هۆشیار زیباری و فازڵ میرانی نێردراوانی سه‌رۆك مەسعود بارزانی كردووە، له‌ ڕۆژی هه‌ینی ٣٠ی ئایاری ٢٠٠٢ له‌ شارۆچكه‌ی دوكان پێشوازی له‌ فازڵ میرانی نێردراو‌ی سه‌رۆك مەسعود بارزانی كردووە، له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٢٩ی ته‌موزی ٢٠٠٢ له‌ شارۆچكه‌ی دوكانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی پێشوازی له‌ دكتۆر ڕۆژ نوری شاوه‌یسی نیردراوی سه‌رۆك مەسعود بارزانی كردووە، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٢٦ی ئابی ٢٠٠٢ له‌ شاری له‌نده‌ن پێشوازی له‌ سامی عه‌بدولڕە‌حمان و هۆشیار زێباری كردووە، ڕۆژی شه‌مه‌ی ٧ی ئەیلوولی ٢٠٠٢ له‌ خاڵی سنووری ئیبراهیم خه‌لیل له‌ سنووری كۆماری توركیا و هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن شاندێكی سه‌ركردایه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە پێشوازی لێ كراوە و له‌ هه‌مان ڕۆژدا له‌ شاره‌دێی پیرمام له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێ كراوە‌‌‌،  ڕۆژی سێشه‌مه‌ی ٢٦ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٢ به‌ هاوڕێیه‌تی سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسا و له‌ ڕۆژی پێنجشه‌مه‌ی ٢٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٢ له‌لایه‌ن نیكۆڵا ساركۆزی وه‌زیری ناوخۆی فه‌ڕانساوه‌ پێشوازییان لێ كراوه‌.

ڕۆژ پێنجشه‌مه‌ی ١٩ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٠٢ به‌ هاوڕێیه‌تی سه‌رۆك مەسعود بارزانی له‌ باره‌گای داوننگ ستریت دیداریان له‌گه‌ڵ تۆنی بلێری سه‌رۆكوه‌زیرانی بریتانیادا كردووه‌، ساڵی ٢٠٠٣ نوێنه‌ری كۆنگره‌ی سه‌ڵاحه‌دینی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی به‌ مه‌به‌ستی ڕووخاندنی ڕژیمی سه‌دام حسێن بووە‌، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ٣ی شوباتی ٢٠٠٣ له‌ شاره‌دێی خه‌لیفانی سه‌ر به‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی كوردستان و عێراق پێشوازی لێ كراوه‌، له‌  له‌ ١٣ی ته‌موزی ٢٠٠٣دا به‌‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی ڕه‌وته‌نی ده‌سه‌ڵاتدارێتی عێراقی (المجلس الحكم الانتقالي العراقي) ده‌ستنیشان كراوه‌‌، له‌ ٢٦ تا ٢٧ی ئاداری ٢٠٠٣ به‌شداری له‌ كۆنگره‌ی فراوانی ئاشتبوونه‌وه‌ی نیشتمانی له‌ شاری هه‌ولێر كردووه‌ كه‌ له‌ ژێر چاودێری سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا بۆ گشت پێكهاته‌كانی عێراق ساز درابوو، ڕۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢ی نیسانی ٢٠٠٣ به‌شداری كۆبوونه‌وه‌ی دوكانی كردووه‌ بۆ سه‌ركردایه‌تی هاوبه‌شی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی خۆئاماده‌كردن بۆ قۆناغی ئازادیی عێراق، ڕۆژی دووشه‌مه‌ی ١٥ی ئەیلوولی ٢٠٠٣ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ پێشوازییان له‌ جه‌نه‌راڵ كۆڵن پاوڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد‌ به‌ مه‌به‌ستنی دانانی تاجه‌گوڵینه‌ بۆ سه‌ر مه‌زاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، ساڵی ٢٠٠٣ به‌ هاوڕێیه‌تی زاڵمای خه‌لیلزاد سه‌ردانی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای كردووه‌.

له‌ ڕۆژی شه‌مه‌ ١٥ ئایاری ٢٠٠٤ نوێنه‌رایه‌تی كۆنگره‌ی سه‌روه‌ری و دیموكراسی كردووه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ٦٠٠ نوێنه‌ر له‌ شاری هه‌ولێر ساز درابوو‌، له‌ ١٨ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٤ له‌ دوكان سه‌رپه‌رشتی كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی باسكردن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و سه‌پاندنی ئاسایش و دادگاییكردنی سه‌دام حسێن، له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌ ١ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠٠٤ له‌ شارۆچكه‌ی پیرمام له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا واژۆی ڕێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژیی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانی بۆ پرسه‌ نیشتمانییه‌كانیان كردووه‌.

ساڵی ٢٠٠٥ پاڵێوراوی لیستی ١٣٠ هاوپه‌یمانی كوردستان بووه‌ بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ڕه‌وته‌نی عێراقی، له‌ ٣٠ی كانونی دووه‌می ٢٠٠٥ به‌ ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی ڕه‌وته‌نی له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی هه‌ڵبژێردراوه‌، له‌ ٢٨ی نیسانی ٢٠٠٥دا به‌ سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدڕاڵ بۆ قۆناغی ڕه‌وته‌نی‌ ده‌ستنیشان كراوه‌، ساڵی ٢٠٠٥ له‌سه‌ر لیستی هاوپه‌یمانی كوردستانی به‌ ژماره‌ ٧٣٠ له‌ پارێزگای سلێمانی خۆی بۆ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی عێراقی پاڵاوتووه‌، ڕۆژی شه‌مه‌ی ١٧ حوزه‌یرانی ٢٠٠٥ له‌ كۆشكی كۆماری عێراقی فیدڕاڵ پێشوازی له‌ مەسعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و سه‌باره‌ت به‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵ و به‌شداری گشت پێكهاته‌كان گفتوگۆیان كردووه‌ و ڕۆژی هه‌ینی ١٢ی ئابی ٢٠٠٥ بۆ جارێكی تر باسیان له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور كردووه‌، له‌ ١٥ی تشرینی دووه‌می ٢٠٠٥ وه‌ك سه‌رۆككۆماری عێراقی فیدراڵ به‌شداری كۆنگره‌ی ئیسلام له‌ جیهانی هه‌مه‌چه‌شن (العالم التعددي) له‌ شاری ڤییه‌نا كردووە، له‌ ٢١ی كانونی دووه‌می ٢٠٠٦ له‌ ئه‌نجومه‌نی نیشتمانیی كوردستان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مەسعود بارزانیدا واژۆی یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ولێر و ئیداره‌ی سلێمانیان كردووە به‌ مه‌به‌ستی دروستكردنی حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان، ساڵانی (٢٠٠٦ـ٢٠١٤) له‌ دوو خولدا سه‌رۆككۆماری عێراق بووه،  ڕۆژی شه‌مه‌ی ٢٣ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٠ به‌ مه‌به‌ستی پیكهێنانی حكومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ له‌ شاری هه‌ولێر له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانییەوە پێشوازی لێ كراوە.

له‌ به‌رهه‌مه‌كانی :

جەلال تاڵەبانی ژمارەیەكی زۆر بەرهەمی بڵاوكراوەی هەیە كە زۆربەیان وتار و نامیلكه‌ن و‌ بۆ بۆنه‌ تایبه‌تی و گشتییه‌كانی نووسیوه‌ یان وتاری داوه‌ و دواتر چاپ كراوه‌. لەوانە: 

  1. اتحاد طلبة كردستان لماذا؟ ـ ١٩٥٣.

  2. كوردایه‌تی بزوتنه‌وه‌ی رزگاری نه‌ته‌وایه‌تی گه‌لی كوردستان ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ )، (چاپی سێیه‌م ـ ١٩٦٤).

  3. پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ـ په‌یدابوون و گه‌شه‌كردن و به‌سه‌رهاته‌كانی له‌ ڕاپۆرتی هه‌ڤاڵ مام جەلالدا بۆ كۆنفڕانسی پارتی دیموكراتی كوردستان ـ تیمار ٢٨ی ئاب ١٩٦٦ ـ ١٩٦٦.

  4. كردستان والحركة القومیة الكردیة ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ ١٩٦٩)، وه‌رگێڕانی كوردی له‌ لایه‌ن (ح.أ)  له‌ ژێر ناونیشانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد، له‌ ساڵی ٢٠١١ چاپ دراوه‌.

  5. قوتابیانی كوردستان بۆ پێویستی به‌ بوونی ڕێكخراوێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ ـ ١٩٧٣.

  6. یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان بۆچی ...؟ ـ ١٩٧٦.

  7. جۆشدانی خه‌بات دژی ئیمپریالیزم و فاشیزم و نۆكه‌رانیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی و دیموكراسی و ئۆتۆنۆمی ـ ١٩٨٠.

  8. بانگه‌وازی كوردایه‌تی ـ ١٩٨١.

  9. له‌ باره‌ی جه‌نگی پارتیزانی له‌ ناو شاره‌كاندا ـ ١٩٨٥.

  10. حول القضیة الكردیة في العراق ـ ١٩٨٨.

  11. أغد ودیمقراطي وحرمان شعب حتی من حق الحلم؟ ـ (چاپی یه‌كه‌م ـ ١٩٨٨)، (چاپی دووه‌م ـ ٢٠١٤).

  12. فێربوون و تێگه‌یشتن و به‌كارهێنانی ماركسیزم له‌ خه‌باتدا ـ ١٩٨٩.

  13. الدكتور الأتاسي والقضیة الكردیة ـ بدون سنة.

  14. له‌ پێناوی گه‌شه‌پێدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دا ـ ١٩٩٢.

  15. ئێمه‌ له‌ شه‌ڕ ناترسین، به‌ڵام ئاشتیمان ده‌وێ ـ ١٩٩٥.

  16. یاداشته‌كانم ـ ١٩٩٦، ئه‌م نامیلكه‌یه‌ به‌ عه‌ره‌بی نووسراوه‌ له‌لایه‌ن ئامانج كراوه‌ته‌ كوردی.

  17. په‌یامی مام جەلال ـ ١٩٩٧.

  18. دایه‌لۆگی عه‌ره‌بی ـ كوردی و چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ـ ١٩٩٨.

  19. به‌هاری بوژاندنه‌وه‌ی بیره‌وباوه‌ڕ ـ ١٩٩٩.

  20. سه‌روه‌ری یۆبیلی زیوین و ئه‌ركه‌كانی داهاتوو ـ ٢٠٠٠.

  21. عێراق له‌ دیكتاتۆرییه‌ته‌وه‌ به‌رەو دیموكراسی ـ ٢٠٠٣.

  22. زنجیره‌ وتارێكی سیاسی‌ ده‌رباره‌ی فیدڕاڵی یه‌كگرتن و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ـ ٢٠٠٤.

  23. كوردستان فیدڕاڵییه‌كی باڵایه‌ ... زۆرانبازی له‌گه‌ڵدا ناكرێ ـ ٢٠٠٤.

  24. پوخته‌ باسێك ده‌رباره‌ی سۆسیال دیموكراتی ـ ٢٠٠٧.

  25. به‌شێك له‌ بیره‌وه‌رییه‌كانی مام جەلال ـ ٢٠٠٩، وه‌رگێڕان له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌ بۆ زمانی كوردی.

  26. ئه‌ركه‌كانی خه‌بات له‌ هه‌لومه‌رجێكی دژواردا ـ ٢٠١١.

 

 

سه‌رچاوه‌كان: 

  1. ئارام كه‌ریم، من مامجه‌لال ده‌ناسم، به‌شی یه‌كه‌م، (بێ شوێن ـ ٢٠٠٠ز)، ل ل ٥ ـ ٦، ٨، ١٠ ـ ١١، ١٣، ١٥، ١٧، ٢٠ ـ ٢٢، ٢٦.

  2. ئاماده‌كردنی : سه‌ڵاح ڕه‌شید، دیداری ته‌مه‌ن، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٧ز)، ل ل ٢١ ـ ٢٤، ٣٣، ٣٥، ٣٨، ٤١، ٤٣، ٦٥، ٧٢،٨٢، ٨٩ ـ ٩١، ١٨٣ ـ ١٨٤، ٢٢١، ٣٢١، ٣٠.

  3. ئاماده‌كردنی : كه‌مال مه‌حمود، ئه‌لبوم و ژیاننامه‌ی مام جەلال (جۆرج واشنتۆنی عێراق)، (سلێمانی ـ كتێبخانه‌ی ئاوات ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ  ٢٠١٧ز)، ل ل ٦ ـ ١٨، ٢١ ـ ٢٣، ٣٢، ٣٦ ـ ٣٧، ٧١ ـ ٧٢، ٧٩، ٨١ ـ ٨٥، ٨٨ ـ ٩١، ١١٤ ـ ١١٥.

  4. ئاماده‌كردنی : مه‌لا به‌ختیار، عه‌ریف سلێمان، له‌ ده‌نكه‌وه‌ بۆ گوڵه‌گه‌نمه‌كان، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی هاوسه‌ر ـ ٢٠٠٧ز)، ل ل ٤٧ ـ ٤٨.

  5. ئه‌حمه‌د بانیخێڵانی، بیره‌وه‌رییه‌كانم، (ستۆكهۆڵم ـ ١٩٩٧ز)، ل ل ١٨٨، ٢١٤ ـ ٢١٥، ٢٥٠، ٢٥٩ ـ ٢٦٠، ٣٣٩ ـ ٣٤١، ٣٥٦ ـ ٣٥٧، ٣٨٥ ـ ٣٨٧، ٤٠٠، ٤٠٧، ٤٢٧ ـ ٤٣١، ٤٤٤، ٤٤٧، ٤٧١، ٥٣٢، ٥٤٢ ـ ٥٤٣، ٥٤٨.  

  6. ئه‌حمه‌د باوه‌ڕ، مێژووی هاوچه‌رخی عێراق ١٩١٤ ـ ١٩٦٨، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی كارۆ ـ ٢٠١٨ز)، ل ل ٣٨٢، ٣٨٤.

  7. ئه‌حمه‌د دڵزار، بیره‌وه‌ری ڕۆژانی ژیانم، (هەولێر ـ وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان ـ چاپخانه‌ی شه‌هاب ـ ٢٠١٩ز)، ل ل ٨٢، ٢٢٠، ١٢٢.

  8. ئه‌حمه‌د شه‌ریف له‌ك، شرۆڤه‌ی ڕووداوه‌ مێژووییه‌كان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات ـ ٢٠١٩ز)، ل ٦٩، ٩٤، ١٠٨، ١١٩ ـ ١٢١، ١٢٤، ١٣٧، ١٤٣، ١٤٥، ٢٠٦.

  9. ئه‌شره‌ف تاڵه‌بانی، كورته‌یه‌ك له‌ مێژووی شێخانی تاڵه‌بانی، (هه‌ولێر ـ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ و په‌خشی كۆیه‌ ـ چاپخانه‌ی شه‌هاب ـ ٢٠١٢ز)، ل ل ٩٨، ١٠٢ ـ  ١٠٩، ١١٢ ـ ١١٧، ١٣٢.

  10. ابراهیم الراوي، من الثورة العربیة الكبری الی العراق الحدیث، الطبعة الثانیة، (بیروت ـ مطبعة دار الكتب ـ ١٩٧٨م)، ص ٣٧٨.

  11. أدیث و ائي، أیف، بیزوز، العراق دراسة في علاقاته‌ الخارجیة وتطوراته‌ الداخلیة ١٩١٥ ـ ١٩٧٥، ترجمة عبدالمجید حسیب القیسي، الجزء الثاني، (بیروت ـ الدار العربیة للموسوعات ـ ١٩٨٩م)، ص ص ٢٢، ٩٧. 

  12. اردشیر پشنگ، كردها در میانه‌ جنگ ایران و عراق، (تهران ـ نشر مرز و بوم ـ ١٣٩٤ھ . ش)، ص ص ١٣٦، ١٣٨، ١٥١، ١٥٣، ١٦٣، ١٩١، ١٩٣، ٢٠١، ٢٠٦، ٢١٩، ٢٢٢، ٢٢٧، ٢٦٢، ٢٦٤ ـ ٢٦٥، ٢٧١ ـ ٢٧٣، ٢٧٧، ٢٨٥، ٣١٤، ٣٣١، ٣٤٠، ٣٤٣ ـ ٣٤٥، ٣٤٧، ٣٤٩ ـ ٣٥١.

  13. أرنولد ویلسن، الثورة العراقیة، ترجمة وتعلیق جعفر الخیاط، (بیروت ـ مطبعة دار الكتب ـ ١٩٧١م)، ص ٦٧.

  14. أسماء مرشحي قائمة التحالف الكوردستاني للانتخابات القادمة، جریدة التآخي، دار التآخي للطباعة والنشر، العدد ٤٦٤١، الدورة الثالثة، بغداد، الأربعاء، ٧ كانون الأول ٢٠٠٥م، ص ٨.

  15. ایما سكاي، اللانهیار الآمال الكبیرة والفرص الضائعة في العراق، ترجمة وتقدیم قیس قاسم العجرش، (بیروت ـ الرافدین وسكلور ـ ٢٠١٦م)، ص ص ٤٢٣، ٤٧٦، ٥١٩.

  16. بهاء الدین نوري، في تقییم سیاسة الحزب الشیوعي العراقي في سني ١٩٥٨ ـ ١٩٨٣، الطبعة‌ الرابعة، (العراق ـ كانون أول ١٩٩١م)، ص ٣٣.

  17. بیتر جی . لامبرت، الولایات المتحدة والكورد دراسة حالات عن تعهدات الولایات المتحدة، ترجمة مركز الدراسات الكوردیة وحفظ الوثائق / جامعة دهوك، (دهوك ـ جامعة دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠٠٨م)، ص ص ٦٢، ٦٤، ٩٧، ٩٩، ١١١، ١١٣، ١١٧، ١١٩.

  18. پیته‌ر و. گالبریت، كۆتایی ئێراق، وه‌رگێڕانی مامك، (هه‌ولێر ـ ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس ـ ٢٠٠٧ز)، ل ل ٨٦، ٢١١.

  19. تاڵیب مۆریاسی، گه‌ڕان به‌دوای راستیدا، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ ٢٠٠٤ز)، ل ل ١١٦، ١٣١ ـ ١٣٢.

  20. جلال الطالباني، الدكتور الأتاسي والقضیة الكردیة، (كردستان ـ الأتحاد الوطني الكردستاني ـ مكتب التنظیم ـ بدون سنة)، ص ص ١، ٤٠.

  21. جلال طالباني، كردستان والحركة القومیة الكردیة، (بیروت ـ دار الطلیعة للطباعة والنشر ـ ١٩٦٩م)، ص ص ١، ٧، ٤٤٧.

  22. جه‌لال تاڵه‌بانی، كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد، وه‌رگێڕانی ح.أ، (سلێمانی ـ كتێبخانه‌ی جه‌مال عه‌لی باپیر ـ ٢٠١١ز)، ل ل ١، ٢٧٥، ٣٣٧.

  23. حافظ القاضي، ذكریات، الجزء الأول، (دهوك ـ مطبعة خاني ـ ٢٠٠٦م)، ص ٢٧٠.

  24. حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م)، ص ص ٥٠، ٥٦ ـ ٥٧، ٥٩، ٦١، ٦٨، ٨٥، ٥٠٨.

  25. حبیب محمد كریم، كركوك و ثورة أیلول المجیدة، مجلة گولان العربي، مركز گولان الثقافي، العدد ٧٠، السنة السادسة، أربیل، مطبعة وزارة التربیة، ٣١ آذار ٢٠٠٢م، ص ٣٨.

  26. الحرب علی العراق یومیات ـ وثائق ـ تقاریر ١٩٩٠ ـ ٢٠٠٥، (بیروت ـ مركز دراسات الوحدة العربیة ـ ٢٠٠٧م)، ص ص ٥٢٤، ١٠٦٦، ١١٦٠، ١٢٣٩.

  27. حسن ارفع، كردها و یك بررسی تاریخی و سیاسی، (بی جا ـ بی تا)، ص ص ١٣٣ ـ ١٣٤، ١٣٩ ـ ١٤١.

  28. حسن لطیف الزبیدي، موسوعة الأحزاب العراقیة، (بیروت ـ مؤسسة العارف للمطبوعات ـ ٢٠٠٧م)، ص ص ٤٤٨ ـ ٤٥٠، ٤٩٢، ٥١٢، ٥١٤ ـ ٥١٦، ٥٩١.

  29. حسو هورمي، لمحات من حیاة الأمیر تحسین سعید علي بك، (أربیل ـ مطبعة روژهلات ـ ٢٠١٧م)، ص ص ٩٠، ١٥٢، ١٩٣.

  30. حسین احمدی، بررسی حوادث سیاسی مناطق كردنشین ایران ١٣٢٠ ـ ١٣٣٠ ش، چاپ دوم، (تهران ـ مؤسسه‌ مطالعات تاریخ معاصر ـ ١٣٩٤ھ . ش)، ص ٢٥.


بابەتی پەیوەندیدار

چیا هەرکی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

حەمید عەلی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا. 

زانیاری زیاتر

نوری عوسمان شنگالی

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

موحسین کەمال

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر

گوهدار شێخۆ

لە ٦ی تشرینى دووەمى ساڵى ٢٠٢٢ لە کۆنگرەى ١٤یەمى پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک لەلایەن ئەندامانى کۆنگرە بە ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى هەلبژێردرا.

زانیاری زیاتر