ژیاننامە
سلێمان هادو زراری لە ساڵی 1930 لە گوندی زارارا لەدایک بووە، کە سەر بە ناحیەی کورتۆی سەر بە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێرە. لە یەکێتی سۆڤیەت خوێندوویەتی، لە ساڵی ١٩٥٤ بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کشتوکاڵ لە یەکێتی سۆڤیەت بەدەستهێناوە، لە یەکێتی سۆڤیەت لەگەڵ ڤالانیا هاوسەرگیری کردووە و زمانی کوردی و عەرەبی و ڕووسی شارەزا بووە. لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ کۆچی دوایی کردووە.
لاپەڕەی خەبات
لە ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە ڕیزەکانی ڕاپەڕینی دووەمی بارزانەوە کردووە و لە چەندین شەڕدا بەشداری کردووە. لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای سەربازی عێراق دەست بەسەر سەرجەم سەروەت و سامانە جوڵاو و نەجوراوەکانیدا گیرا. دوابەدوای پاشەکشەی ڕاپەڕینی دووهەمی بارزان، لە ١١ی خەزەڵوەری ١٩٤٥ ڕووی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، لە ٣١ی ئازاری ١٩٤٦ وەک پێشمەرگە پەیوەندی بە هێزی بارزان لە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد کرد. لە ٢٩ی پووشپەڕی ١٩٤٦ لە شەڕی قەرەوا لە ناوچەی سەققز بەشداری کردووە.
پاش ڕووخانی کۆماری دێموکراتی کوردستان لە ١٩ی ئازاری ١٩٤٧، بەشداری شەڕەکانی نەجدە و شنۆی کردووە. لەگەڵ هەڤاڵانی پێشمەرگەی بوو و لە 19ی نیسانی ساڵی 1947 لە ڕێگەی خواکورک و دەشتی بەرازکەرەوە گەڕایەوە بۆ دەڤەری شیروان و مزووری.
لەگەڵ گەڕانەوەیان، ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 15ی ئایاری 1947 لەگەڵ هەڤاڵانی لە گوندی ئەرکوش کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدا و بژاردەی مانەوە یان چوونیان بۆ یەکێتی سۆڤیەت پێدا. لەوێ هەموو هەڤاڵەکانی بڕیاریان دا بەردەوام بن و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بڕۆن. لە ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ لەگەڵ ژەنەڕاڵ مستەفا بارزانی چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شەڕەکانی قەتور و پردی ماکویان کرد. دوای سەختی و ماندووبوونێکی زۆر، لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٤٧ ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، پەڕینەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧دا لەگەڵ هەموو هەڤاڵەکانی لە شاری نەخچیڤانی ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمپاوندێکی کراوەدا کە بە تەلی دڕکاوی دەورە دراوە و لەلایەن سەربازەکانەوە پاسەوانی دەکران، دەستبەسەر کران. لە ڕووی خواردن و جلوبەرگ و گواستنەوەوە وەک دیلێکی جەنگ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. لە ٢٣ی حوزەیران بە فەرمانی حکومەتی سۆڤیەت، دواتر بەسەر ناوچەکانی ئەغدەم، لاچین، ئەیولاخ و کەلباجاری کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانونی یەکەمی ساڵی 1947 گواسترانەوە بۆ کەمپێکی سەر دەریای خەزەر لە باکۆی پایتەختی کۆماری ئازەربایجان. لە ٢٣ی کانوونی دووەمدا جلوبەرگی سەربازییان وەرگرت و ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان ئەنجامدا لە ژێر چاودێری ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان. هاوکات ڕۆژانە چوار کاتژمێر وانەی زمانی کوردییان لە بەشێک لە هەڤاڵانی خوێندەوارتریان وەرگرتووە.
دوای مامەڵەی خراپی جەعفەر باکیرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانی، بارزانی بڕیاریدا لە 29ی ئابی 1948، کۆمپیوند سەربازییەکەی لە ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمپیودەی گورجوک لە نزیک تاشکەنتی پایتەختی ئۆزبەکستان، لەوێش بەردەوام بوون لە مەشقی سەربازی.
لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٩دا خۆی و هەڤاڵەکانی بە شەمەندەفەر بە گروپ دابەش دەکران بۆ گوندە هاوبەشەکانی یەکێتی سۆڤیەت و لە کێڵگەی کۆلخۆز (زەوی کە خەڵک لە حکومەت بەکرێیان دەگرت و دواتر پشکیان بە حکومەت دەدا) کاریان دەکرد.
دوای هەوڵێکی زۆر و ناردنی چەند نامەیەکی جەنەڕاڵ بارزانی بۆ ستالین، دواجار ستالین نامەیەکی پێگەیشت کە تیایدا بارزانی باسی لە ئازارەکانی هەڤاڵەکانی کردبوو و دەستبەجێ بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ بەدواداچوون بۆ دۆخی هەڤاڵانی بارزانی پێکبهێنێت. بڕیاری کۆتایی لیژنەکە ئەوە بوو کە لە شاری فریڤسکی کۆبکرێنەوە، بۆیە لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٥١ چووە شاری فریڤسکی سۆڤیەت.
دوابەدوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق و گەڕانەوەی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە 25ی شوباتی 1959، لێبوردنی گشتی بە بارزانی و هاوکارەکانی درا بە پێی مادەی 3(و)7 و بڕگەی (ئە)ی مادەی (10)، هەروەها مادەی (11) بە پشتبەستن بە یاسای ژمارە (19) کە لە ساڵی 1959 هەموارکرایەوە، جێبەجێکرا.
کۆماری عێراق لە ساڵی 1958 بە سەرکردایەتی عەبدولکەریم قاسم دامەزراوە و لە 16ی نیسانی ساڵی 1959 لەگەڵ هاوەڵەکانی بە کەشتیی کروسیا لە ڕێگەی بەندەری بەسرە لە باشووری عێراق گەڕانەوە بۆ کوردستان.
لە شۆڕشی ئەیلولی ساڵی ١٩٦١، هەروەها لە شەڕەکانی سێرێ پیرس و کورز و چیای هێندرین بەشداری کردووە. لە ساڵی ١٩٦٣ بەشداری شەڕەکانی شوش و شەرمانە دەکات. لە 14-15ی حوزەیرانی ساڵی 1963 بەشداری شەڕی سێرێ ئاکری کردووە. لە ساڵی ١٩٧٤ لە یەکەی تۆپخانەی شۆڕشدا خزمەت دەکات. لە ساڵی ١٩٧٥ دوای پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلول، گەڕایەوە سەر خاکی باوباپیرانی خۆی. ڕژێمی عێراق لە ساڵی 1981 گوندەکەی سووتاند، ئەویش پەنای بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران برد و لە کۆمەڵگەی زێوە نیشتەجێ بوو. بەشداری شۆڕشی گوڵانی ساڵی 1983 کردووە، لە ساڵی 1991 گەڕاوەتەوە کوردستان و لە گوندی زارارا ژیاوە. لە ساڵی 1993 خانەنشین بوو، لە 16ی کانونی یەکەمی 2010 لە کۆنگرەی 13ی پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک ڕێزلێنانێک بۆ خەبات و بەرخۆدانی لە شۆڕشی دووەمی بارزانی لە کۆماری دیموکراتی کوردستان و گەشتەکەی بۆ یەکێتی سۆڤیەت و بەشدارییەکانی لە شۆڕشی ئەیلول و گوڵان، مەدالیای بارزانی لە سەرۆک مەسعوود بارزانی وەرگرت.
سەرچاوەکان
1. حەمەد جەوهەری، مەدالیای بارزانی، بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنانی، بەرگی یەک، (هەولێر - چاپخانەی الحج هاشم - 2015 زاینی).
2. حەیدەر فاروق ئەلسەمەڕائی، دیا جەعفەر و ڕۆڵی سیاسی و ئابوری لە عێراق، (لەندەن - دار الحیکمە - 2016).
3. شەعبان عەلی شەعبان، چەند زانیارییەکی سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2013ی زایینی).
4. عومەر فاروقی، سەردار دانا زیندەگی و دووانەی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، چاپ دۆم، (هۆلەر – چاپخانە و زەرات ئامۆزەش و پەروش- 2002گ).
5. عەبدولڕەحمان الملا حەبیب ئەبوبەکر، عەشیرەتی بارزان لە نێوان ساڵانی 1931 - 1991، چاپی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری - 2001 زاینی).
6. عەبدوڵڵا غەفور، فەرهەنگی جوگرافیای هەولێر، (هەولێر - بڵاوکراوەکانی ئەکادیمیای کوردی - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015).
7. کاروان محمد مەجید، بارزانیەکان لە مەهابادەوە بۆ سۆڤیەت، چاپی یەکەم (سلێمانی - چاپخانەی بایوەند - 2011ی زایینی).
8. گۆڤاری هێتاو، ژمارە 154، ساڵی 6، هەولێر، چاپخانەی کوردستان، هەینی 15ی نیسانی 1959.
٩- لە بیرەوەرییەکانی سەرکردەی شەهید حەسۆ میرخان زازوکی، ٦٢ ڕۆژ لەگەڵ بارزانی، بارزانییەکان چوون بۆ یەکێتی سۆڤیەت، چاپی یەکەم (هەولێر - چاپخانەی الثقافە - ١٩٩٧ی زایینی).
10. لەیث عبدالمحسین جەواد الزوبەیدی، شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە عێراق، (بەغدا – چاپخانەی دار الرشید - 1979 زاینی).
11. مەسعوود بارزانی و بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1931-1958 (دهۆک، چاپخانەی خەبات، 1998).
12. مەسعوود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد 1961-1975، بەرگی سێ، بەشی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2004).
13. ئەرشیفی دەسەڵاتی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.




