هەڵمەت عومەر عەلی عەزیز

هەڵمەت عومەر عەلی عەزیز ناسراوە بە (هەڵمەت چوار مزەڵی)، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین بووە، لە ساڵی ١٩٩١ شەهید بووە.


ژیاننامە

هەڵمەت عومەر عەلی عەزیز ناسراوە بە هەڵمەت چوار مزەڵی، لە ساڵی ١٩٦٩ لە پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، قوتابی قۆناغی دووەمی ناوەندی بووە، هەڵمەت عومەر کچە خوشکێکی بەناوی تارا عومەر نورەدین لە بۆمبارانەکەدا لەگەڵ خۆی شەهید بووە و دوو خوشکی تری پەککەوتە بوونە، دایکی هەڵمەت عومەر ناوی مەلیحە ئەحمەد و براکانی ناویان هەڵکەوت و عەلی وە خوشکەکانی ناویان بەفرین، سەروین، سەروان و کوردستانە.


خەباتنامە

هەڵمەت عومەر لە ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و بووە کادیری ڕێکخستنی لقی دوو، هەر لە هەمان ساڵدا چووە سەربازی زۆرەملێ و دوای دوو مانگ لە سەربازی زۆرەملێ، شەوێک دەرفەت دەدۆزێتەوە و چوار چەکی جۆری (کڵاشینکۆفی مزەڵی) کردووە ناو بەتانی و خۆی گەیاندووە دۆڵی سماقوڵی بۆلای عەریف عەلی و دکتۆر ڕەشید، بۆیە لە شۆڕش نازناوی هەڵمەت چوار مزەڵی وەرگرتووە، لە هەمانکاتدا لەناو شاری هەولێر باوک و برایەکی بەناوی هەڵکەوت دەستبەسەر کراون تا بڕی ٨٠٠٠ دیناری عێراقیان لە بری چوار چەکەکە داوەتەوە بە سەربازگەی ڕژێمی بەعس لە هەولێر.

لە ساڵی ١٩٨٢ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەک لەگەڵ هاوسەنگەرێکی دەگەڕێنەوە ناو شاری هەولێر و لە گەڕەکی باداوا دەکەونە بۆسەی عومەر حەسەن و دەستبەسەری دەکەن و ڕادەستی ئەمنی ڕژێمی بەعسی دەکەن، دواتر دادگایی سەربازی کراوە و بە هەشت ساڵ زیندانی سزادراوە و دەگوازرێتەوە بۆ گرتووخانەی ئەبوغرێب و ماوەی دوو ساڵ لەوێ زیندانی بووە، دواتر گوازراوەتەوە بۆ گرتووخانەی بادوش لە موسڵ، هەڵمەت عومەر بەر لێبوردنی گشتی ساڵی ١٩٨٦ کەوتووە و دوای چوار ساڵ زیندانی ئازاد کراوە و گەڕاوەتەوە شاری هەولێر.

دوای ئازادبوونی دووبارە پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە بەشی ڕێکخستنی لق پلەی کادیری وەرگرتووە، سەرپەرشتی شانە نهێنیەکانی ناو شاری کردووە و لە هەمانکاتدا سەردانی کادیران و شانە نهێنیەکانی دەڤەری ڕانیە و قەڵادزێ و دەڤەری خۆشناوەتی کردووە، وەک کادیر و پێشمەرگە لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستان بەشدار بووە و لە ڕزگارکردنی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆڵی بینیوە.

دوای تێکچونی بارودۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، لە بەرواری ٣١ی ئاداری ١٩٩١ هەڵمەت عومەر ڕێنیشاندەری ماڵباتی خۆی کردووە بۆ دەرەوەی شاری هەولێر، بەڵام لە خاڵی پشکنینی مالا ئۆمەر لەگەڵ کۆمەڵێک هاوسەنگەری تەقەیان لە کۆپتەرێکی ڕژێمی بەعس کردووە و دواتر کە کۆپتەرەکە گەڕاوەتەوە بە چڕی بۆردوومانی کردوون و هەڵمەت عومەر لەو بۆردوومانەدا شەهید بووە. شایەنی باسە بۆردوومانەکە ڕەشە کوژی بووە و ڕێژەیەکی زۆری هاونیشتیمانی مەدەنی ئافرەت و منداڵ هاوشان لەگەڵ پێشمەرگە شەهید بوونە، هاوکات لەگەڵ هەڵمەت عومەر کچە خوشکێکی بەناوی تارا عومەر نورەدین شەهید بووە و دوو خوشکی تری پەککەوتە بوونە.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

سدیق لێلوکی

سدیق عەبدوڵڵا محەمەد ناسراو بە (سدیق لێلوکی)، سالی ١٩٥٨ لە گوندی لێلوکی ناحیەى مەزنێ لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە. ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح محەمەد ئەحمەد لێلوکی

ساڵح محەمەد ئەحمەد، سالی ١٩٦١ لە گوندی لێلوک ناحیەى مەزنێ قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لە دایکبووە، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٧ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ریاز ئیسقێلى

ریاز سەعید مەحمود ئیسقێلی، ناسراو بە (ریاز ئیسقێلى)، ساڵی ١٩٨١ لە وڵاتى ئێران لەدایک بووە، ساڵى ١٩٩٣ پەیوەندى بە یەکێتى قوتابیان کردووە، لە ٢١ى کانوونى یەکەمى ٢٠٠٨ شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

حەمەدئەمین ئیسقێلى

حەمەدئەمین مستەفا ئەحمەد ناسراو بە (حەمەدئەمین ئیسقێلى)، سالی ١٩٥٥ لە گوندی ئیسقێل ناحیەى مەزنێ لە دایکبووە، ساڵی ١٩٧٨ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٨٤ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

توفیق حەمد فریاد

توفیق حەمد فریاد، سالی ١٩٥٨ لە گوندی خۆشکەل ناحیەى مەزنێ لە دایکبووە، سالی ١٩٩٢ داوى ڕاپەڕینى جەماوەرى باشوورى کوردستان پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگە کردووە. ساڵى ١٩٩٤ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر