هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.


حکومەتى بەعس کە هێشتا خۆى بە سەرکەوتوو دەهاتە پێشچاو و پێى وابوو توانیویەتى گەورەترین شۆڕشى کوردستان لەناوببا، هەوڵى تیرۆر کردنی سەرکردەکانى کوردستانى دەدا، لەناویشیاندا مەسعود بارزانی کە هەم کوڕى مستەفا بارزانیى سەرکردەى بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کورد بوو، هەمیش دواى نەخۆشکەوتنى باوکی پێکەوە لەگەڵ ئیدریس بارزانی کاروبارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستانیان ڕایی دەکرد.

مەسعود بارزانی کە لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانیى باوکى لە ئەمریکا بوو، لە ساڵى ١٩٧٨ کاروبارەکانى شۆڕش پێویستیان بەوە بوو لەگەڵ سەرکردایەتى کۆببێتەوە و تاوتوێى کاروبارەکانى شۆڕش بکەن، بۆ ئەم مەبەستە سەردانى ئەوروپاى کرد. لەماوەى ئەو سەردانەیدا، هاوکات وەفدێکى حکومەتى عێراق بە سەرکردایەتى بارزان تکریتى لە ڤیەننا دەبێ، هەرچەندە ڕوون نییە ئایا تەنیا بۆ تیرۆر کردنی مەسعود بارزانی چووبوون و هەندێک کاروبارى حکومەتیان کردووەتە بیانوو، یان لەوێوە زانیویانە مەسعود بارزانی لەوێیە، بڕیارى قۆستنەوەى دەرفەتەکەیان داوە و هەوڵیانداوە تیرۆرى بکەن، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبى بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد دەڵێ بارزان و چەند کەسێکى دیکە بە تایبەت بۆ کوشتنى من هاتبوون، چونکە لەو ساڵانەدا حکومەتى عێراق بە تەواوى مەبەستى لەناوبردنى منى هەبوو.

بۆیە باشترین سەرچاوە کە لەم بارەیەوە پشتى پێ ببەسترێ، کتێبى بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردە، چونکە ئەو ڕووداوە تیرۆرستییەى ڕوویداوە، بەسەر خودى نووسەرى کتێبەکەدا هاتووە. گێڕانەوەى ڕووداوەکە لەسەر زارى سەرۆک مەسعود بارزانی بەمشێوەیەیە: 

مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٧٨، لە لەندەنەوە سەردانى ڤیەننامان کرد و لە بارەگاى لق شوێنى مانەوەمان بۆ دەستەبەرکرا. دواتر بڕیارمدا، ڕۆژى ٨ى کانوونى دووەمى ١٩٧٩ سەردانى پاریس بکەم بە مەبەستى بینینى ئیمام خومەینى. من دەمویست چاوم بە فارس باوە بکەوێ. ئێوارەى ڕۆژى ٨ى کانوونى دووەمى ١٩٧٩ حەمەڕەزا و ئازاد بەرواریم ئاگادار کردەوە کە پێکەوە سەردانى ماڵى پیرۆت ئەحمەد بکەین. لە ڕێگەدا پێم گوتن بەنیازم فارس ببینم. زۆر پێداگرییان کرد کە بگەڕێینەوە، بەڵام بە قسەم نەکردن. کاک پیرۆت لە شوقەیەکدا ژوورێکى هەبوو، تا نەچووینە بەردەرگا ئاگادارى چوونەکەمان نەبوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی داوا لە پیرۆت دەکات بە فارس باوە بڵێت، بێتە لاى، بەڵام  پیرۆت بە هیچ شێوەیەک بە فارس ناڵێت کە مەسعود بارزانی لێرەیە و دەیەوێت بتبینێت، بەڵکو دەڵێ پەیامى برادەرێکم پێیە و ئەویش دێ.

بارزانى لە گێڕانەوەى ڕووداوى تیرۆرکردنەکە بەردەوام دەبێت و ئەمە دەنووسێت:

دواى تەواوبوونى دیدارەکە خۆم ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن و پێم گوت، فارس با بڕۆین، بەڵام ناوبراو سوێندى دام کە جارێ خۆمان بگرین، با برادەران سەیرێکى دەرەوە بکەن، دواتر بڕۆین. لە کاتى چوونى برادەران بۆ خوارەوە ئۆتۆمبێلێکى باڵیۆزخانەى عێراق لە دەرەوە چاوەڕێى دەکردن، دوو کەس لێیان هاتنە پێشەوە و  وایان زانیبوو کە  ئازاد بەرواری منم و دەمانچەکەیان خستە سەر سەرى، بەڵام خۆشبەختانە نەتەقى و چرووکى کرد.

هەڤاڵانى سەرۆک توانیبوویان خۆیان لە دەست تیرۆرستان ڕزگاربکەن و یەکێک لە هەڤاڵەکانى دەمانچەیەکى دەنگى پێ بوو و دواى تەقاندنى، ترسى لاى تیرۆرستان دروستکردبوو و ناچار شوێنەکەیان بەجێهێشتبوو. هەروەها نەشیانزانیبوو کە مەسعود بارزانی لە سەرەوەیە، ئەگینا ڕەنگە بەو ئاسانییە، وازیان نەهێنابا.

دواى ڕووداوەکە، پۆلیس دێت و بارزانییش سکاڵا لە دژى حکومەتى عێراق تۆمار دەکا و حکومەتى نەمساش پاسەوانى بۆ دابین دەکەن و پاشان لە هۆڵى ترانزێتى ئەسینا لە چاوەڕوانى فڕۆکە دەبن، بارزان تکریتى براى سەدام و دە دوازدە کەسى دیکە کە لەگەڵ ئەو دەبن، دەیانەوێ بگەڕێنەوە عێراق.

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوە دەگێڕێتەوە کە ساڵى ١٩٩١ لەکاتى دانوستان لەگەڵ حکومەتى عێراق، لە ئێوارە خوانێکدا ئەمەى بیر بارزان هێناوەتەوە و ئەویش نکۆڵى لە ڕووداوەکە و بەشداریکردنى لەو کارە تیرۆرستییە نەکردووە.


سەرچاوە:

١.مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەشی چوارەم، بەرگی یەکەم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆکسانا- ٢٠٢١).


بابەتی پەیوەندیدار

پرسی ئاوارەیى و پەنابەریی کوردی باشووری کوردستان

پرسی ئاوارەیی و پەنابەریی کوردی باشووری کوردستان، یەکێکە لە دیارترین دەرهاوێشتەکانی ململانێی سیاسی و سەربازی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا. ئەم پرسە بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکاری و هێرشە توندوتیژەکانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە سەریهەڵدا، کە تێیدا گەلی کورد ناچارکراوە نیشتمانەکەی جێبێڵێت و کۆچ بکات.

زانیاری زیاتر

بەرەی کوردستانی: مێژوو، پێکهاتە و ڕەهەندە ستراتیژییەکانی (١٩٨٨ - ١٩٩٢)

بەرەی کوردستانی وەک هاوپەیمانیەتییەکی سیاسی و سەربازیی فراوان؛ لە نێوان حزبە سەرەکییەکانی باشووری کوردستان، لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی بیستەمدا دامەزرا. ئەم بەرەیە وەک چەترێکی نیشتمانی، وای کرد کوردستانى پێکەوە ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی قڕکردنی ڕژێمی بەعس ببنەوە، دەنگی گەلی کورد بگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، دواتریش سەرکردایەتی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و یەکەمین هەڵبژاردنی دیموکراتی لە کوردستاندا بکات.

زانیاری زیاتر

قادر یونس عەلی بریفکانی

شێخ قادر سەید یونس سەید عەلی سەید ئەحمەدی بریفکانی ناسراو بە (دکتۆرقادر بریفکانی)، پزیشک ولە کەسایەتییە دیارەکانی شۆڕشی مەزن ئەیلوول بووە، ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی بریفکا لە قەزای دهۆک سەربە پارێزگای موسلی ئەوکات، لە دایک بووە، ساڵی ١٩٤٤ ئەندامی حزبی هیوا و ساڵی ١٩٤٦ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، ساڵی ١٩٦٢ وەک پزشک پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە دەکات تا نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕووپا

پەیدابوونی کۆمەڵه و ڕێکخراوی پیشەیی و سیاسی له مێژووی گەلاندا، نیشانەیەکی بایەخداره له بواری گەڵاڵەبوون و پێشکەوتنی باری هزری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیی كۆمەڵگا له چوارچێوەیەکی ڕێکخراوەییدا. خەباتی خوێندکارانی کورد لە ئەوڕووپا بەشێک بوو لە خەباتی خوێندکارانی ھەموو وڵاتانی ژێردەستەی دونیا، لە دژی کۆنەپەرستی و ئیمپریالیزم و کۆلۆنیالیزم کە لە دەرەوی وڵات نوێنەری خەباتی ڕەوای کوردی دەکرد.

زانیاری زیاتر