محەمەدئەمین سەعید عوسمان

محەمەدئەمین سەعید عوسمان پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە.


ژیاننامە

محەمەدئەمین سەعید لە ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی زێوە سەر بە ناحیەی بارزان لە دایک بووە، دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى یەکەمى بارزان لە باشوورى کوردستان لە ساڵی (١٩٣١- ١٩٣٢) لە تەمەنی منداڵیدا ئاوارەی وڵاتی تورکیا بووە. دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەیی وڵاتی ئێران بووە و لە ساڵی ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە کوردستان.

خەباتنامە

ساڵى ١٩٤٣ و دواى گەڕانەوەى مەلا مستەفا بارزانى لە سلێمانییەوە بۆ ناوچەى بارزان و هەڵگیرساندنى شۆڕشى دووەمى بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥)، پەیوەندیی بە ڕیزەکانى لەشکری شۆرشگێڕەوە کردووە و بەشدارى لە شەڕەکانى گرتنى پۆلیسخانەکانى ناوچەى بارزاندا کردووە. ساڵى ١٩٤٥ و دواى نسکۆى شۆڕش، هاوشانى جەنگاوەر و خێزانە بارزانییەکان ئاوارەى ڕۆژهەڵاتى کوردستان (ئێران) بووە و دواى دامەزراندنى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد سەرەتاى ساڵى ١٩٤٦، لە هێزى بارزاندا بۆتە پێشمەرگەى کۆمار و دواى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٤٦، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە فەرماندەیی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى دواى چەندین شەڕ و نەبەردیی لە دژى سوپاى شاهەنشایی ئێران، بە ناوچەى نازدارداغى سێکوچکەى سنوورى ئێران-عێراق-تورکیادا گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە ڕیزەکانى لەشکردا لە ناوچەى هۆزى مزووریی گیرساوەتەوە.

لە ڕێکەوتى ٦ى ئایارى ساڵى ١٩٤٧ و دواى بڕیارە مێژووییەکەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە کۆبوونەوەکەى ئەرگۆش، بە خۆڕادەستنەکردنەوەیان بە حکومەتى عێراق و ڕێکردنیان بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، هاوشانى لەشکرى شۆڕشگێڕى بارزان بە زیاتر لە پێنجسەد جەنگاوەرەوە و بە سەرکردایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى بڕیارى ڕۆیشتن دەدات و دەبێت بە یەکێک لە هەڤاڵانى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤییەت. لە ماوەى ٢٨ ڕۆژ ڕێکردنى بەردەوام بەنێو سەختى و سرووشتى ڕێگا و ڕووبەڕووبوونەوەى سەربازى سوپاى هەرسێ وڵاتى عێراق، تورکیا و ئێران و دواى سەرکەوتنیان لە شەڕى بەنێوبانگى دەشتی شووت و پەڕینەوەیان لە پردى قزڵداغى ماکۆ، سەرەنجام لە ڕێکەوتى ١٨ى حوزەیران هاوشانى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە ڕووبارى ئاراس و سنوورى یەکێتى سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.

دواى پەڕینەوە لە سنوور، لەلایەن سۆڤییەتەکانەوە لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان وەک دیلى جەنگ گواستراوەتەوە بۆ شارى نەخچەوانى کۆمارى ئازەربایجان. دواى ئەوەى مۆسکۆ بڕیاریدا بارزانییەکان وەک پەنابەر وەربگرێت و دواى ڕێککەوتنى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤى سەرۆک کۆمارى ئازەربایجان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان گواستراوەتەوە بۆ سەربازگەیەکى سەر دەریاى خەزەر لە نزیک باکۆى پایتەختى ئازربایجان و لەلایەن ئەفسەرە ئازربایجانییەکانەوە خراوتەوە بەر مەشقى چڕى سەربازیی و هەر لەوێش وانەى فێربوونى نووسین و خوێندنەوەى زمانى کوردیشیان لەلایەن ئەفسەرانى کوردەوە پێ گوتراوەتەوە.

دواى تێکچوونى پەیوەندییەکانى نێوان جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی و جەعفەر باقیرۆڤ و دەرکەوتنى نیاز خەراپى و دوڕدۆنگى باقیرۆڤ بەرامبەر بارزانییەکان، لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان لە رێکەوتى ٢٩ى ئابى ١٩٤٨ لە کۆمارى ئازربایجانەوە گواستراوەتەوە بۆ کۆمەڵگاى چرچوکى کۆمارى ئۆزبەکستان و لەوێش بۆجارى دووەم بەشێوەیەکى کاتى خراوەتەوە بەر مەشقى سەربازیی.

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٤٩ دواى پلانگێڕییەکانى باقیرۆڤ و بێریاى یاریدەدەرى ستالین، جەنگاوەرە بارزانییەکان لە یەکترى جیاکرانەوە و بە شەمەندەفەر کۆمەڵ کۆمەڵ بەسەر گوند و کێڵگە کەلخوز و هەرەوەزییەکانى کۆمارى ئۆزبەکستاندا بڵاوکرانەوە و بۆ پەیداکردنى بژێوى ژیانیان هاوشێوەى دیلە ئەڵمانییەکان خرانە بەر سوخرە و کارى سەختى ڕۆژانە.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییەوە بۆ کۆشکى کریملین و دەسەڵاتدارانى یەکێتى سۆڤیەت، سەرەنجام نامەیەکى بارزانى گەیشتنە دەست ستالینى سەرۆکى یەکێتى سۆڤیەت. دواى گەیشتنى نامەى بارزانی، لەلایەن ستالینەوە بڕیار لە دروستکردنى لێژنەیەک درا بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى بارزانییەکان و سەرەنجام بۆ جارێکى دیکە و ساڵى ١٩٥١ تەواوى بارزانییەکان لە یەکترى کۆکرانەوە و لە شارى ڤرێڤسکى سەر دەریای ڕەش لە باشوورى ڕووسیاى ئەمڕۆ نیشتەجێ کران.

دواى ١١ساڵ مانەوە لە یەکێتى سۆڤییەت، ساڵى ١٩٥٨ ڕژێمى پاشایەتى لە عێراق ڕووخا و سیستەمی بەرێوەبردنی وڵات بۆ کۆماری بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دامەزرا و دەسەڵاتی عێراقیان گرتە دەست، بە هاتنە سەر دەسەڵاتى کۆمارییەکان ڕێگاى گەڕانەوەى بارزانییەکان لە یەکێتى سۆڤیەت کرایەوە و لە ڕێکەوتى ١٦ى نیسانى ١٩٥٩ لەگەڵ تەواوى جەنگاوەرە بارزانییەکان بە سووارى کەشتى گروزییا و بە ڕێگەى بەندەرى شارى بەسڕاوە گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان.

ساڵی ١٩٦١ و دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان بارزانی و عەبدولکەریم قاسم و لێبوونەوەی حکومەت لەو بەڵێنانەی بە کوردی دابوو، شۆڕشی نەتەوەی کورد هەڵگیرسایەوە و محەمەدئەمین سەعید پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەوە کردووە و بەشداری شەڕەکان بووە.

سەرچاوەکان:

١-گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ژمارە ٣٥، ٣٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٠، پێشمەرگەی دێرین : دیمانە مقداد شاسواری لەگەل محەمەدئەمین سەعید عوسمان، دەربوتکێ، ل١٦-١٧.

٢-شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام- چاپخانه‌ خه‌بات- ١٩٩٦ز)، ل١٦، ٣٢.

٣-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

نەبی سەر ئاسن

نەبی حەسەن عەبدوڵا (١٩٢١- ١٩٦٢)، ناسراو بە (نەبی سەر ئاسن)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە.

زانیاری زیاتر

مەلکۆ عەباس محەمەدئەمین

مەلکۆ عەباس محەمەدئەمین (١٩٢٨-٢٠١٥) پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٩- ١٩٩١) کردووە.

زانیاری زیاتر

مەل محەمەدئەمین عومەر

مەل محەمەدئەمین، بەشداری شۆڕشی یەکەمی بارزان (١٩٣١- ١٩٣٢) و شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦).

زانیاری زیاتر

میرۆ چیچو چاوشین

میرۆ چیچو چاوشین (١٩٢٢- ٢٠١٩) پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە.

زانیاری زیاتر

مستێ عەولا

مستەفا عەبدوڵا فەق نەبی (١٩٣٢-٢٠١٠)، ناسراو بە (مستێ عەولا)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان(١٩٧٩- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ خەڵکى باشوورى کوردستانى کردووە، هەڵگرى میدالیای بارزانییە.

زانیاری زیاتر