لەیلا زانا

لەیلا فەخرەدین داغلى، ناسراو بە لەیلا زانا، لە ٣ی ئایاری ١٩٦١ لە گوند باخچەى شاری فارقینی پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان لەدایکبووە، ژنە سیاسەتمەداری کورد و بۆ ماوەی ١٠ ساڵ بەھۆی قسەکردن بە زمانی کوردی لە پەرلەمانی تورکیا زیندانی کراوە. لە تەمەنی ٢١ ساڵیدا ژیانی هاوژینی لەگەڵ مەهدی زانا سەرۆکی گەورە شارەوانیی پێشووتری ئامەد پێکهێنا. دایکی دوو منداڵە و ئێستا هیچ پۆستێکی حکومی و حیزبیی نییە، لەیلا دوای ھاوسەرگیری خۆی فێری خوێندن و نووسین کردووە.


ساڵی١٩٨٧ یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی مافەکانی مرۆڤ کە ناوەندەکەی لە ئامەدە. ساڵی ١٩٨٨ ڕۆژنامەی یەنی ئولکەی ( (Yeni Ulkeدامەزراند و خۆی سەرنووسەری بوو.

ساڵی ١٩٩١ لەسەر لیستی پارتی سۆسیال دیموکراسی گەلان (SHP) لە بازنەی ئامەد بووەتە پەرلەمانتار. لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنیدا بەهۆی بەستنی ملپێچی ڕەنگ زەرد و سوور و سەوز و بە کوردی سڵاوکردن، ڕەخنەی تووندی لێگیرا. لە بەشێکی وتەکانی لەو مەراسیمەدا دەڵێت: "من شانازی  دەكەم كە بۆ پاراستنی تەواوەتی سنووری توركیا و پاراستنی سەربەخۆیی وڵات و یەكگرتوویی خەڵك و سەروەری تەواوی خەڵك سوێند دەخۆم كە وەفادار بم بە یاسای بنەڕەتی و برایەتی و یەكسانی نەتەوەی تورك و كورد". ئەم بەشەی كۆتایی بە زمانی كوردی بۆ هەمووان خستەڕوو: "من ئەو سوێندە بۆ برایەتی گەلی كورد و تورك دەخۆم".

ساڵی ١٩٩٤ بەهۆی پێشکەشکردنی وتارێکی لە ئەمریکا، پارێزبەندی لە خۆی و ئەحمەد تورک، ئۆرهان دۆغان، خەتیب دیجلە، سری ساکیک و مەحموود ئاڵنیئاک سەندرایەوە. ھەرچەندە لەیلا و ھاوەڵانی پەیوەندیكردنیان بە ( pkk)ەوە ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند: "ئەوە پیلانە و ڕوون ئاشكرایە كە من چیم، من هیچكام لەو تاوانانە قبوڵ ناكەم، ئەگەر ئەوانە ڕاست بوایە ئەوا من بە شانازییەوە بەرپرسیارییەتى هەموویانم لە ئەستۆ دەگرت، هەرچەند بە نرخی ژیانم تەواو دەبوو، من بەرگریم لە دیموكراسی و مافی مرۆڤ و برایەتی نێوان كورد و توركدا كردووە و  بەردەوام هەوڵی بۆ دەدەم تا ئەو كاتەی كە زیندوو بم"، بەڵام دادوەر گوێی بۆ نەگرت و بەھۆی ھێنانی چەند بەڵگەیەكی ساختە و دروستكراو و بە تۆمەتی ئەندامیەتی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێندرا و لەو ماوەیەشدا كە لە زینداندا بەسەری دەبات، لە پێناو ئاشتی و مافی مرۆڤ  تێدەكۆشێت.

ساڵی ٢٠٠١ دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا دەنگی بە ھەڵوەشاندنەوەی سزای زیندانیکردنی چوار پەرلەمانتارە کوردەکە دا، لەیلا زانا یەکێک بوو لەو چوار پەرلەمانتارە، بەڵام تورکیا دەنگی ئەو دادگایەی بەفەرمی نەناساند. بەهۆی گوشارەکانی دادگای باڵای مافەکانی مرۆڤی یەکێتیی ئەوروپا، لەیلا زانا ڕۆژی ٨ـی حوزەیرانی ٢٠٠٤ دوای ١٠ ساڵ زیندانیکردن ئازادکرا.

لەیلا زانا سێ خولی دیکە لە بازنەی ئاگری بووە پەرلەمانتار و دوایین جار بەهۆی ئەوەی وەکو دەقی نووسراو، سوێندی یاسایی نەخواردووە، لە پەرلەمانتاری لادرا. ناوبراو بە ھۆی‌ ھەوڵ و ماندووبوونەکانی‌ لە پێناو چەسپاندنی‌ دیموکراسی‌ لە تورکیا و دەستەبەرکردنی‌ مافی‌ کوردان، تا ئیستا زیاتر لە ٦ خەڵاتی‌ گرنگی‌ جیھانیی‌ بە دەست ھێناوە.

ئەو خەڵاتانەی لەیلا زانا پێی بەخشراوە:

ڕێكخراوی نێودەوڵەتی (ئەون)، لەیلا زانای بە زیندانی ویژدان ناساند و لە ساڵی ١٩٩٤ خەڵاتی‌ دەزگای‌ ڕافتۆی نەرویجی‌ بۆ ئاشتی‌ وەرگرتووە. ساڵی‌ ١٩٩٥ لە لایەن یەكێتی‌ ئەوروپاوە خەڵاتی ساخارۆفی ئازادیی‌ ڕادەربڕینی پێبەخشرا بەڵام بە ھۆی‌ زیندانیبوونی‌ تا ساڵی‌ ٢٠٠٤ نەیتوانی‌ ئەو خەڵاتە وەربگرێت. ساڵی‌ ١٩٩٦ خەڵاتی‌ ڤاڵدۆستی‌ ئیتاڵی‌ بۆ مافی‌ مرۆڤی‌ وەرگرت. ساڵی‌ ١٩٩٦ خەڵاتی ئاخنی ئەڵمانی‌ بۆ مافی مرۆڤی پێبەخشراوە. لە نێوان ساڵەكانی‌ ١٩٩٥-١٩٩٨ كاندیدكرا بۆ وەرگرتنی‌ خەڵاتی‌ ئاشتی‌ نوبێل. لە شاری‌ ڕۆمای‌ ئیتاڵی‌ ڕەگەزنامەی‌ فەخری‌ ئەو وڵاتەی‌ پێبەخشرا و لە کاتی‌ وەرگرتنی‌ ڕەگەزنامەی‌ فەخری‌ ئیتالیا ڕایگەیاند: "ئێمە دەبێت شتە باش و ھاوبەشەکان ببینین و ھەرگیز بێ ھیوا نەبین. ئێمەی‌ کورد ناخۆشی و شەڕمان لەگەڵ گەلانی‌ تورک و عەرب و فارس نەبووە، بەڵکو سیستەم و دەوڵەتەکان ویستوویانە ناسنامەی‌ نەتەوەییمان بسڕنەوە".

ساڵی‌ ٢٠٠٨ خەڵاتی‌ خوان ماریا باندریسی‌ ئیسپانیی‌ پێبەخشراوە. ئەو خانمە نمونەی زیندووی سمبولی فیداكاری و بەرخودان و ئاشتی و پێكەوەژیانە. لەیلا زانا بیرۆکەى بۆ نوێکردنەوەى ڕێکخستنى تورکیا پێشکەشى سەرانى ئەو وڵاتە کرد، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری ئەوەی کرد کە تورکیا سوود لە سیستەمى فیدڕاڵى وەربگرێت و هەرێمێکیش بەناوى کوردستان دابمەزرێنێت.

ساڵی ٢٠٠٨  بۆ ماوەی دوو ساڵ لەلایەن حكومەتی توركیاوە دەستگیركراوە بە تۆمەتی ئەوەی كە چەمكی تێرۆریزمی بڵاوكردووتەوە بە هۆی گوتنی ئەو دەربڕینەی کە: (كوردەكان سێ سەرۆكیان هەیە، یەکێک لەوان مەسعود بارزانییە). لەم کاتەدا كۆمیسیۆنی یەكگرتوویی ئەورپا و كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بۆ چالاكیی سیاسی، دژایەتی خۆیان بە توندی لە بەرانبەر حوكمی زیندانیکردنى لەیلا زانا دەربڕی، لەیلا زانا ڕایگەیاند: دۆسیەکەی من دژایەتی لەگەڵ ئازادی بیروڕایە و ئەوە دەسەلمێنێت كە هەڕەشە لە سەر هەر كوردێك لە توركیادا هەیە).

لەیلا زانا ئێستا وەك كەسایەتیەكی سەربەخۆ پشتگیری لەپارتی (DTP) دەكات و هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ چارەسەركردنی ئاشتییانەی پرسی كورد لە كوردستانی توركیا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستانی كردووە و لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كورد، بەتایبەتى سەرۆک مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى کۆبووەتەوە و پەیوەندییەکى نزیکى لەگەڵیاندا هەیە.

لەیلا زانا لە پێناو هەوڵە بەردەوامەکانى بۆ چارەسەرکردنى ئاشتییانەى پرسی کورد لە باکوورى کوردستان و تورکیا و هێنانەکایەى دیموکراسى و پاراستنى مافى مرۆڤ لەو وڵاتە، ڕۆژى ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە کۆنگرەى ١٣ى پارتى دیموکراتى کوردستاندا، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە میدالیاى بارزانىی پێبەخشرا.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئەحمەد ئیبراهیم مستەفا

ئەحمەد ئیبراهیم مستەفا، ناسراو بە ئەحمەد خەلانی، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی خەلانی ناحیەى حاجى ئۆمەرانى قەزاى چۆمان پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول، ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لەگەڵ کەریم سنجاری، شەکیب ئاکرەیی و ئازاد بەرواری چووەتە نەغەدە، بەڵام زۆر لەوێ نەماوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ گوندی خەلان...

زانیاری زیاتر

ئەحمەد ڕەسول عەلی حسێن

ئەحمەد ڕەسول عەلی حسێن، ناسراو بە ئەحمەد بڕنۆ، ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی گرتگی دەڤەری باڵەکایەتی قەزاى چۆمان سەر بە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆی شۆڕش ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە پیرانشارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئاکنجى بووە، پاش ماوەیەک بۆ ئوردۆگای سەراونیلوفەری شارى کرماشان گوزراوەتەوە، دواى مانەوەى ماوەیەک لەو شارە لەوێشەوە بۆ بەندەربوشەهر گوزراوەتەوە، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى جەماوەرى کوردستان دەگەڕێتەوە نیشتمان و لە شارى سۆران نیشتەجێ دەبێت.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل سادق بێتکاری

ئیسماعیل سادق بێتکاری ناسراو بە ئیسماعیل بێتکاری، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی بێتکار سەربەقەزای ئامێدی لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٩ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول دەکات و لە بەتالیۆنی هێزی دهۆک بۆتە پێشمەرگە کە سەلیم ئەسعەد خۆشەوی فەرماندەی بەتالیۆن بووە، تا ساڵی ١٩٧٥ لەو هێزە خەباتی کردووە و بەشداری لە شەڕی سەرتیز، گەروی ئۆمەرئاغا، کەلی شەدا (کێلیا شەدا) لەدەڤەری دهۆک کردووە، دوای نسکۆی شۆڕش لەساڵی ١٩٧٥ ئیسماعیل سادق گەڕاوەتەوە بۆ گوندەکەی خۆی.

زانیاری زیاتر

ئیبراهیم ڕەشاڤەیی

ئیبراهیم محەمەد عەزیز، ناسراو بە ئیبراهیم ڕەشاوەی (ڕەشاڤەیی)، ساڵی ١٩٢٨ لە گوندی ڕەشاوەی لە ناوچەی نەهێلی سەربەقەزای ئامێدی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بەڕیزەکانی پارتی دەکات و ساڵی ١٩٦١ لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بەچەکی خۆی چۆتە ناو ڕیزەکانی پێشمەرگە

زانیاری زیاتر

محەمەد زەکی حەسەن

محەمەد زەکی حەسەن، ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی بییە لە دەڤەری بەرێگارێ سەر بەقەزای ئامێدی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول دەکات و لە هێزی هەڵگورد لەلای دلۆڤان ساڵح عەبدولعەزیز بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و چووەتە شاری نەغەدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دواتر لە ئوردۆگای جەهرم نیشتەجێ کراوە و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ شاری زاهیدان لە پارێزگای سیستان و بلوچستان لە رۆژهەڵاتی ئێران.

زانیاری زیاتر