فەرهاد عەلی ڕەزا عومەر

فەرهاد عەلی پێنج برای شەهید بووە، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان بووە، لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، لە ژیانی پێشمەرگایەتی دووجار بریندار بووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەی سەردەستە و لە شۆڕشی گوڵان پلەی فەرماندەی مەفرەزەی پارتیزانی وەرگرتووە.


ژیاننامە

فەرهاد عەلی ڕەزا عومەر لە ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی ئاشۆکانی سەربە دەڤەری بەڕانەتی پارێزگای هەولێر لە دایکبووە. گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە. لە خوێندن ئاستی سەرەتایی بووە. لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول تەواوی بنەماڵەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بوونە و تا ساڵی ١٩٩١ دەرفەتی گەڕانەوەیان نەبووە و لە شارۆچکەی خانێ نیشتەجێ بوونە. شەهید فەرهاد عەلی خاوەنی پێنج برای شەهیدە بەناوەکانی شەهید ئەکرەم عەلی ڕەزا لە ساڵی ١٩٧٤، شەهید ئەسکەندەر عەلی ڕەزا لە ساڵی ١٩٨٣، شەهید تەڵعەت عەلی ڕەزا لە ساڵی ١٩٨٨، شەهید فەتاح عەلی ڕەزا لە ساڵی ١٩٨٨، شەهید ڕەزاق عەلی ڕەزا لە ساڵی ١٩٨٨. فەرهاد عەلی خێزاندار بووە و خێزانی ناوی سەهیرە ئەحمەد بووە و خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچ بووە بەناوەکانی ڕۆستەم، مەحەمەد، توران و شیلان.


خەباتنامە

شەهید فەرهاد عەلی لە ساڵی ١٩٦٤ بۆتە پێشمەرگە لە پەلی عەلی ڕەزای باوکی لە حاجی ئۆمەران. ئەم پەلە لە ساڵی ١٩٦١ دامەزراوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندیان لەگەڵ بارەگای بارزانی هەبووە و بارەگایان لە دەڤەری بارزان و حاجی ئۆمەران بووە.

فەرهاد عەلی لە ساڵی ١٩٦٩ لە حاجی ئومەران لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق فیشک بەر ڕانی ڕاستی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

لە ساڵی ١٩٧١ فەرهاد عەلی پلەی سەرپەلی وەرگرتووە و لە دەڤەری بارزان ئەرکی بینیووە.

لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و ئاوارەیان لە وڵاتی ئێران، شەهید فەرهاد عەلی و بنەماڵەکەی چەکیان دانەناوە و بەردەوام بوونە لە خەباتی چەکداری خۆیان، دوای بەستنی کۆنگرەی نۆیەمی  پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٧٩ و دامەزرانی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەلەکەی عەلی ڕەزا کە شەهید فەرهاد عەلی سەرپەلی بوو، کرانە مەفرەزەی پارتیزانی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان و شەهید فەرهاد عەلی کرا فەرماندەی ئەو مەفرەزەیە و لەسەر سنوری نێوان عێراق و ئێران ئەرکیان پێ سپێدرا.

شەهید فەرهاد عەلی لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ دووەم جار لە دەڤەری خۆشناوەتی و لە دامێنی چیای سەفین لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازانی ڕژێمی بەعس فیشەک بەر شانی چەپی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

لە مانگی ٦ی ١٩٨٢ فەرهاد عەلی و دەستەیەک لە هاوسەنگەڕانی ویستوویانە بۆ ئەنجامدانی چالاکیەکی پارتیزانی بچنە دەشتی قەراج و کەندێناوە، بەڵام کە گەشتوونەتە نزیک گوندی قۆریتانی سەربە پارێزگای هەولێر، کەوتوونەتە بۆسەی سەرباز و جاشی ڕژێمی بەعس و ڕووبەڕوویان بوونەتەوە. دوای ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی دوو کاتژمێری لە ئەنجامدا فەرهاد عەلی و بەشێک لە هاوسەنگەرانی بە برینداری دەستگیر کراون، گوازراونەوەتەوە بۆ شاری بەغداد و دادگای سەوڕەی بەغداد سزای لە سێدارەدانی سەربازی فیشەک باران بۆ فەرهاد عەلی و برایەکی بەناوی ئەسکەندەر عەلی ڕەزا و کوڕەخاڵێکی بەناوی ئیسماعیل عەوڵا حەمەد دەرکردووە.

لە ڕێکەوتی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣ بڕیاری لە سێدارەدانەکە جێبەجی کراووە و فەرهاد عەلی ڕەزا، ئەسکەندەر عەلی ڕەزا و ئیسماعیل عەوڵا حەمەد لەسێدارە دران.

 


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید باکوزی

وەحيد ئیبراهيم ساڵح، بەرنياس ب (وەحید باکوزی) کورێ شەهید وپێشمەرگێ دێرین یێ هەردوو شورەشێن ئەیلوول وگولانێ وزیندانیێ سیاسی ئیبراهیم ساڵح داوودە. هەڵگرێ مەدالیا بارزانییە نەمرە.

زانیاری زیاتر

فەتاح عوسمان میکائیل

فەتاح عوسمان میکائیل، ساڵی ١٩٤٦ لە گوندی ئەرگۆش لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦٨ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. لە ٧ى ئابى ١٩٨٨ لە شەڕى خواکوڕک دژى سوپاى عێراق شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

شەفیق فەریق ئەحمەد

شەفیق فەریق ئەحمەد، ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی ئەرگۆش لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتی کردووە، بەشدارى خولى حەفتەمى کادیرانى کردووە. ساڵى ١٩٨٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

سەیفەدین عادل عاشور

سەیفەدین عادل عاشور، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی ئەرگۆش لە دایک بووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٩١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى کوردستان کردووەتەوە. لە ١٨ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر