عەبدوڵا ڕەزا عەبدولڕەحمان جەلیل

عەبدوڵا ڕەزا ناسراوە بە شێخ عەبدوڵا ئەندامی ڕێکخستنە نهێنییەکان و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان بووە، دوو ساڵ زیندانی کراوە، پلەی سەرپەل و بەرپرسی نووسینگەى (مەکتەبى عەسکەرى) سەربازی لقی یەک و پلەی کارگێڕی لێژنەی ناوچەی شوانی هەبووە، ساڵی ١٩٧٩ شەهید بووە.


شەهید عەبدوڵا ڕەزا ناسراوە بە شێخ عەبدوڵا، لە ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی شێخانی شێخ بزێنی سەربە ناحیەی ئاغجەلەر لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، لە خوێندن ئاستی سەرەتایی لە حوجرەی شێخەکانی شێخ بزێنی تەواو کردووە. عەبدوڵا ڕەزا خاوەنی دوو خێزان بووە بە ناوەکانی سەعدیە نەجیم و سەعدیە عەلی و خاوەنی شەش کوڕ و دوو کچ بووە بە ناوەکانی فاتیح، ناسیح، سەردار، سەروەت، سامان، سەروەر، نەجیبە، هاجەر. ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە شاری شنۆ نیشتەجێ بوو بوو.

لە شاڵاوی سێیەمی ئەنفال لە مانگی ٣ی ساڵی ١٩٨٨ی دەڤەری گەرمیان، سەعدیە عەلی خێزانی و چوار کوڕ و یەک کچی بەناوەکانی سەردار، سەروەت، سامان، سەروەر، نەجیبە بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتوونە و تا ئێستاش شوێن بزرن.

شەهید عەبدوڵا ڕەزا لە ساڵی ١٩٥٤ پەیوەندی کردووە بە حاجی شێخ قادر بەرپرسی ڕێکخستنی پارتی لە دەڤەری گەرمیان و کەرکووک و بۆتە ئەندام لە ڕێکخستنە نهێنیەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی ١٩٥٦ بەهۆی چالاکییەکی تەنزیمییەوە لە ناحیەی ئاغجەلەر دەستگیر کراوە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ ئەمنی چەمچەماڵ و دواتریش بۆ فەیلەقی کەرکووک، هەروەها دوای دووساڵ زیندانی لە ساڵی ١٩٥٨ ئازادکراوە، لە ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندی بە ریزەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لە لقی یەکى بەتالیۆنی دووی ئاغجەلەری بە فەرماندەیی شەهید عەریف ئیسماعیل لە هێزی ڕزگای پارتی دیموکراتی کوردستان بۆتە پێشمەرگە. 

بەشداری شەڕەکانی شۆڕشی ئەیلوول وەک شەڕی چنارتو ئاغجەلەر،چەمی ڕێزان، خاڵخاڵان، شەڕی خانەقین، دەربەندیخان، شەڕی حاجی ئۆمەران کردووە، لە ساڵی ١٩٦٤ پلەی سەرپەلی لە لقی یەکى بەتالیۆنی دووی ئاغجەلەری وەرگرتووە و لە ساڵی ١٩٦٧ بۆتە بەرپرسی نووسینگەى (مەکتەبى عەسکەرى) سەربازی لقی یەکى ئەو بەتالیونە.

 

شەهید عەبدوڵا ڕەزا لە ساڵی ١٩٧٧ لە ئاوارەیی دووبارە بۆتەوە پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان و پەیوەندی بە لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، لە هەمانکاتدا پلەی کارگێڕی لێژنەی ناوچەی شوانی سەربە لقی سێی وەرگرتووە. 

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٧٩ عەبدوڵا ڕەزا و ١١ هاوسەنگەری بە فەرمانى سەروى خۆیان و بە چاوساغی وەلید ئەبو شواڕب ڕەوانەی ناحیەی مەیدانی سەربە قەزای خانەقین کراون بۆ ڕێگرتن و ڕاوەدوونانی ئەو بنەماڵە عەرەبانەی کە لە دەڤەرەکە کە بە مەبەستى بە عەرەبکردنى کوردستان نیشتەجێ کرابوون، عەبدوڵا ڕەزا و هاوسەنگەرانی دوو هەڵمەتیان لە دوو کاتی جیاوازدا سەرکەوتووانە ئەنجامداوە، بەڵام لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەڵمەتی سێیەم و لە بەرواری ٧ی حوزەیرانی ١٩٧٩ لەلایەن ئەمنی گشتی بەعس لە خانەقین ڕێگاکەیان مینڕێژ کراوە، لە ئەنجامدا مین بە ئۆتۆمبیلەکەیاندا تەقیوەتەوە و عەبدوڵا ڕەزا و هەر ١١ هاوسەنگەرەکەی شەهید بوونە. دواتر لەلایەن کادیرانی پارتیەوە لەو دەڤەرە جەستەکانیان گوازراوەتەوە وڵاتی ئێران و لەلایەن سەرکردایەتی پارتی و بنەماڵەکانییانەوە لە شاری شنۆی وڵاتی ئیران بەخاکیان سپاردوون. 


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان. 


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید مەمو سەمەد ئەرگۆشی

وەحید مەمو سەمەد ئەرگۆشی مزوری، لە ساڵی ١٩٥٤ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە رێخستنەکانی پارتی کردووە، لە هەمان ساڵدا بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٨٢ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

نەجات محەمەد محەمەد بەنانى

نەجات محەمەد محەمەد، ساڵی ١٩٦٠ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە

زانیاری زیاتر

سوبحی ئەسکەندەر حاجی ئەرگۆشی

شەهید سوبحی ئەسکەندەر حاجی ئەرگۆشی لە ساڵی ١٩٦٢ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆر لە پارێزگای هەولێر لە دایک دەبێت.لە ساڵی ١٩٨٥ دەبێتە پێشمەرگە.لە ساڵی ١٩٩١ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

بەدیع محەمەد عادل ئەرگۆشی

بەدیع محەمەد عادل ئەرگۆشی مزوری، ساڵی ١٩٦٩ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنیەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٤ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

کوردۆ سەدیق عەزیز ئەرگۆشی

کوردۆ سەدیق عەزیز ئەرگۆشی لە ساڵی ١٩٦٦ لە گوندی ئەرگۆش سەر بە ناحیەی شێروان مەزن لە قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٨٥ پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر