عوسمان خورشید محەمەد حەمەد

عوسمان خورشید، ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی کۆرەکی گچکەی سەربە ناحیەی کەسنەزانی قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، لە ٣٠ی تەموزی ١٩٨٨ لەلایەن سەربازانى سوپاى عێراق شەهید کراوە.


شەهید عوسمان خورشید، ساڵی ١٩٣٤ لە گوندی کۆرەکی گچکەی سەربە ناحیەی کەسنەزانی قەزای بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، عوسمان خورشید خێزاندار بووە و خاوەنی سێ کوڕ و پێنج کچ بووە، ساڵی ١٩٧٥ دواى  نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و سەرەتا لە ئۆردۆگای مەریوان و دواتر لە شاری سەوڵاوە نیشتەجێ بووە و لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٧٦ گەڕاوەتەوە کوردستان و لە گوندەکەی خۆی نیشتەجێ بووە.

ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە و لە هێزەکەی مەحمود کاوانی کە سەربە هێزی سەفینی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە بۆتە پێشمەرگە، دواتر گوازراوەتەوە بەتالیۆنی دکتۆر خالید لە دەشتی کۆیە. ساڵی ١٩٦٤ دوای ئەوەی بەشێکی زۆری هاوسەنگەرانی لە بەتالیۆنەکەیاندا لە شۆڕش هەڵدەگەڕێنەوە و بڕیاری دژایەتی شۆڕشی ئەیلوول دەدەن، عوسمان خورشید بە تەنها خۆی گەیاندۆتە لای شەهید فارس باوە لە هێزی دەشتی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان و لەو هێزە پلەی سەرلقی وەرگرتووە و درێژەی داوە بە خەباتی چەکداری خۆی.

عوسمان خورشید بەشداری کارای هەبووە لە داستانەکان و شەڕەکانی دەشتی هەولێر، شەڕی بەردەباز، داستانەکانی چیای سەفین و شەڕەکانی دەشتی کۆیە. لە ساڵی ١٩٦٧ لە شەڕی گوندی نازەنینی بناری چیای سەفین لە ڕووبەڕووبوونەوەی سوپاى ئەوکاتی عێراقدا فیشەک بەر ڕانی کەوتووە و بە سەختی بریندار بووە.

عوسمان خورشید لە شۆڕشی گوڵاندا وەک کادری ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان درێژەی بە خەباتی سیاسی خۆی داوە و لەلایەن، لقی دووی پارتیەوە بەرپرسیارێتی تەواوی کاروباری حیزبی گوندەکانی ئەو دەڤەرەی پێ ڕاسپێدراوە و سەرپەرشتیاری کاری ڕێکخستن و چالاکییەکانی سەرجەم شانە نهێنیەکانی کردووە.

لە ٣٠ی تەموزی ١٩٨٨ دوای ئەوەی لە ماڵەکەی خۆیدا کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسی شانەی گوندەکاندا کردووە، لەلایەن چەند جاشێکەوە ئاشکرا کراوە و هێزێکی زۆری سەرباز و جاشی ڕژێمی بەعس چواردەری ماڵەکەی داوە، عوسمان خورشید و هەڤاڵانى ڕووبەڕوویان دەبنەوە، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ماوە درێژ، عوسمان خورشید فیشەکێکى بەرکەوتووە و شەهید بووە، هەر لەو هێرشەى سوپاى عێراق بۆ سەر ماڵەکەى خێزانەکەشى ناوی مەلیحە ئەحمەد تەها و ئامۆزایەکی بەناوی سەباح شەهید بوونە و دوای بردنی جەستەکانیان لەلایەن سەربازەکانەوە تەواوی گوندەکەشیان سوتاندووە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیای پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئەسحەد چیچو یەحیی دری

ئەسحەد چیچو یەحیی، ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی درێ لە دایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٨٨ لەداستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل یاسین حامد ستونی

شەهید ئیسماعیل یاسین حامد ستونی، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی ستونی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٨ لە داستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر