لەدایکبوون و ژیان
ساڵی (1943) له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی (سه‌نعان ئه‌حمه‌د) شۆڕشی دووه‌می بارزانیش چه‌خماخه‌ی لێدا، كاتێكیش له 1947 ئه‌رگۆش بۆردومان ده‌كرێت سه‌نعان له ده‌نگی فڕۆکە و بۆردومانه‌كه‌ی ناترسێت، چونكه هێشتاكه منداڵێكی 4 ساڵانه، به‌ڵام كاتێك له كۆتایه‌كانی 1947 حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌رگۆش به پۆلیس ده‌یترسێنن و هه‌ستیش ناكات باوكی یه‌كێكه له پۆلیسه‌كان، وه‌ك خۆی ده‌ڵێت:" كاتێك پۆلیس گه‌ڕانه‌وه ئه‌رگۆش، له‌به‌رئه‌وه‌ی یه‌كه‌م جار بوو بیانبینین ده‌ترساین".
سه‌نعان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له نه‌وه‌ی دوای كردنه‌وه‌ی قوتابخانه ده‌بێت، ده‌چێته خوێندنی شه‌وانه و له‌به‌ر لۆكس و له‌مپا دوو پۆلی خوێندن ده‌بڕێت.
سه‌نعان له‌و دیمانه‌یه‌ی كه له ڕۆژانی (25 و 26/2/2016) له ماڵه‌كه‌ی له گهڕەكی جوندیان- سۆران) لهگهڵیمان سازكرد، دوای گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كانی هه‌ر شه‌ڕێك داخی بۆ یهكنەگرتوویی كورد ده‌خوارد و ده‌یگوت:" هه‌ر كوردا ماڵا یه‌كتر خراپكر".
باوكم یه‌كێك بوو له مه‌ئموره‌كانی حكومه‌تی عێراقی به پله‌ی (ره‌ئیس عوره‌فا) و ناوچه‌كانی به‌رواری و رێكانی له‌به‌رده‌ستدا بووه، تاكو دوای 1961 خۆی خانهنشینكردووه.
چۆن توانرا ئیداره‌ی (500) كه‌س له میوانانی بارزانی بدرێ:
هه‌ژاری بوو، له وه‌رزێك ئه‌وان میوانی ئێمه بوون كه ئازووقه زۆر به كه‌می مابوو، ئه‌وسا پێشمه‌رگه‌كان ده‌یانگوت (ئه‌م ب "ستركێ" كوشتین) (سترك) جۆره گیایێكی بهاریه ئه‌رگۆشیه‌كان زۆر ده‌یخۆن، ئه‌وان له زۆرترین ماڵه‌كانی گوندی ئه‌رگۆش ده‌مانه‌وه وه‌كو ماڵی (عادلێ محه‌مه‌د، شوكری شه‌ریف، محهمهدهمینێ فه‌ق شێخ)، (تاڵه و هه‌رزن و گهنمۆك) زۆر هه‌بوو، ده‌ڵێن شێخ سولێمان خۆیی و چه‌ند پیاوێكی له ماڵه‌كانی ئێمه‌دا بوون، بنهماڵمان مه‌ڕداربوون له كوێستانه‌كانی (بزینیا) بووین، واته ئه‌وه‌ی مهڕداربوایه كێشه‌ی نه‌بوو، تا نزیكه‌ی مانگێك له ئه‌رگۆش مانه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی مه‌لامسته‌فا ئه‌رگۆشی به‌جێهێشت، (ڕێكانی) هاتنه سه‌ر ئه‌رگۆش، یه‌ك ئاژەڵیشیان بۆ نههێشتێن، هه‌روه‌ها فڕۆكه‌ش له ئهرگۆشیدا و هه‌موومان بۆ ئه‌شكه‌وته‌كان ڕۆیشتین، من منداڵ بووم ئافره‌تێك منی خستبووه سه‌ر پشتی و له ترسان منی جێهێشت، له‌به‌رئه‌وه‌ی منداڵبووم، هه‌ستم به ترس نه‌ده‌كرد، بۆیه سه‌یری فڕۆكهكانم ده‌كرد.
له‌و بۆردومانه بنه‌ماڵه‌ی (عه‌لی مستێ) به‌ركه‌وتن كه ده‌بنه ئامۆزایه‌كانی (ئوغز و سمۆ)، (9) كه‌س له خانه‌واده‌ی ئه‌وان كوژران، بۆمب له ناوه‌ڕاستی خانووه‌كه‌یان كهوتبووەوە، ته‌نیا باوكیان له ماڵه‌وه نه‌بوو، كاتێك فڕۆکە هاتبوو، هه‌موویان ڕایانكردبووە ژێر به‌ردێكی نزیك خانووه‌كه‌یان و سارۆخ به‌ناویان كه‌وتبوو هه‌موویانی كوشتبوو، یه‌كێكیان به ناوی (وه‌زیر) كه گه‌نجێكی زۆر جوان بوو، چه‌ند مانگێك هه‌ر برینداربوو، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی دكتۆر گیانی له‌ده‌ستدا و دایكی (له‌زگین)یش له‌و بۆردومانه برینداربوو و دوای بۆردومانه‌كه رێكانی هاتن ئهرگۆشیان به ته‌واوی تاڵانكرد، ته‌نیا مه‌ڕوماڵاتی گهوهرگیهكانی نه‌برد، چونكه (ئه‌مینی گهوهرگ)ی له‌گه‌ڵ ئه‌وان بوو.
ئه‌وه‌نده‌ی من بیزانم له ڕۆیشتنی بارزانی بۆ ئێران ئه‌رگۆش تاڵانكراوه و له كاتی ڕۆیشتنی بۆ سۆڤیه‌تیش به‌هه‌مان شێوه تاڵان و بۆردومانكراوه.
دوای ڕۆیشتنی بارزانی بۆ سۆڤیه‌ت بارودۆخی ئه‌رگۆش چۆن بوو:
حكومه‌ت گه‌ڕایه‌وه ئه‌رگۆش و بنكه‌ی پۆلیس هاته‌وه و ئه‌وه‌ی چوو له‌گه‌ڵ بارزانی ڕۆیشت و ئه‌وه‌ی مایه‌وه‌ش مایه‌وه، به بیرم دێته‌وه من منداڵبووم ده‌ترساین ده‌یانگوت حكومه‌ت هاتووه و ئازارمان ده‌دات، چونكه پێشتر پۆلیسمان نه‌دیبوو.
ژیانێكی تر ده‌ستی پێكرد، به فكرم دێته‌وه، هه‌موو ئه‌رگۆش سێ (ده‌وار)ی لێ‌بوو، هه‌موو ئیشه‌كانی ئه‌رگۆش به پشتێ بوون، ده‌چووینه شێروان نه‌فتیان به پشتێ ده‌هێنا، هه‌ندێكیان له ڕێگا نه‌وتیان به پشتدا ده‌بوو و بریندارده‌بوون و چه‌رمی پشتیان نه‌ده‌ما و ده‌سووتا.
رێكانیهكانیش به‌رده‌وام ته‌شقه‌ڵه‌یان پێده‌كردین و ڕێگایان لێده‌گرتین، زۆرجار مه‌ڕوماڵاتی (مام سهیدیهكان)یان لێدهبردن و هیچ كاتێكشیش بۆیان نهدهگهڕاندنهوه، تا ئه‌وكاته‌ی میرزاغا په‌یوه‌ندیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ حكومه‌ت باشتر كرد و كه‌متر كێشه له‌لای رێكانیهكان بۆمان دروستده‌كرا.
(عهبدولعهزیزێ صهفێ و حهجیك محه‌مه‌د و سه‌عیدێ صهفێ و جاسم سه‌عدی) له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له كۆماری مهاباد به‌شداریان كردبوو چه‌ند ساڵێك هه‌ر قاچاخبوون، (زیڕۆ عه‌زیز و ره‌شید عه‌زیز و خۆستی سنجۆ و جه‌م عه‌لی)،كه له روسیا گه‌ڕابوونه‌وه ئه‌وانیش هه‌ر قاچاخبوون.
پاشان (خۆستی و جه‌م) كاتێك به‌دزی ده‌گه‌ڕێنه‌وه ماڵه‌وه، ئه‌وكات جاسوسیش هه‌بوون، حكومه‌ت چوو له‌ناو خانی ده‌ریهێنان و ده‌سگیری كردن، (زێڕۆ و ره‌شید)یش دهسگیرنهكران، تا ماوه‌یه‌كی زۆر هه‌ر قاچاخبوون دواتر (ره‌شید)یش سێ ساڵان حوكم درا، به‌ڵام حكومه‌ت دڵنیانه‌بوو كه له‌گه‌ڵ بارزانی ڕۆیشتوون، ته‌نانه‌ت (جاسم)ی بڕای (قاسم) له زیندانی كه‌ركوك گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌ویش هه‌ندێك له ئه‌رگۆشیه‌كان شاهیدیان له‌سه‌ر دابوو، به حكومه‌تیان گوتبوو كاتێك مه‌لامسته‌فا هاتۆته ئه‌رگۆش جاسم له‌گه‌ڵی بووه.
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی بارودۆخ چۆن بوو:
دوای ئه‌وه‌ی بارزانی گه‌ڕایه‌وه، ژیان گۆڕدرا و خۆشتر بوو، حكومه‌تی توركیا پێشتر كێشه‌ی زۆریان بۆ دروست ده‌كردین و هاتوچۆیان قورس كردبوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی بارزانی گه‌ڕایه‌وه، توركه‌كانیش نه‌رم ببوون، له سنووره‌كان كێشه‌یان بۆ هاووڵاتیان دروست نه‌ده‌كرد، ئه‌گینا به بیرم دێته‌وه، حێوان و ئاژەڵهكانمان ده‌چوونه (هژیل)، سه‌ربازانی تورك ده‌هاتن ئاژەڵهكانیان ده‌بردین.
تا ئه‌وكاتیش زۆرێك له هۆزه‌كان هه‌ر دوژمنی ئێمه‌بوون، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانی، سۆفیه‌كان خۆیان ئاماده‌كرد هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌رگۆش، ئه‌وه‌بوو (محه‌مه‌د ئاغای كه‌لێتی) هه‌واڵی بۆ ئه‌رگۆشیه‌كان نارد و پێی راگه‌یاندن كه سۆفیه‌كان خۆیان ئاماده‌كردووه هێرش بكه‌نه سه‌ر ئه‌رگۆش، بۆیه ئێمه‌ش هه‌واڵمان بۆ بارزان ناردوو ده‌وروبه‌ری ئهرگۆشمان هه‌مووی گرت تاكو گوندی (گڵاڵنه).
من بچووك بووم به‌ڵام پێیان گوتم (ئۆغز) یه‌ك پیاوه، تۆش وه‌ره چه‌كه‌كه‌ی (ئۆغز) ببه و له‌گه‌ڵ (فه‌تاح عومه‌ر) بڕۆ تا به‌ته‌نیا نه‌بێت، من له‌گه‌ڵ فه‌تاح و ئه‌وان چووم بۆ پشت گوندی (گڵاڵنه)، (كه‌چووینه ئه‌وێ من هه‌ر راست نوستبووم، به‌یانی به فه‌تاحم گوت: "ئه‌ری مام ئه‌س شوێدی كویی هشیار بووم"، فه‌تاحیش له وه‌ڵامدا گوتی:"مام به‌نی، تو زورێ هشیاربووی هه‌تا وێ گاوێ ته خو نهبزاوتیه". جواب گه‌یشته سۆفیه‌كان كه ئێمه خۆمان ئاماده كردووه، بۆیه نه‌هاتنه سه‌ر ئه‌رگۆش.
له 1961 ئه‌رگۆشیه‌كانیش له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ك ده‌ستیان به‌شۆڕش كردوو چوونه سه‌ر قشڵی ئه‌رگۆش، ئه‌وانه‌ی چوونه سه‌ر بنكه‌كه، یه‌كێكیان (شه‌مدین) بوو، ئه‌وكات ئاغای ئهرگۆشیان بوو، دواتر پۆلیسه‌كان ئازادكران و هه‌رچی چه‌ك و عیتاد هه‌بوو له بنكه‌كه‌یان ده‌رهێنا، ئه‌و چه‌كانه‌ی له بنكه‌كه بردران هه‌مووی گوازرانه‌وه بۆ سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕ، چونكه هه‌موویان پێشمه‌رگه‌بوون و بێ چهكبوون.
منیش هه‌ر ئه‌وكات بوومه پێشمه‌رگه، به‌ڵام چه‌كم نه‌بوو، كاتێك بارزانی بڕیاری شۆڕشیدا، منیش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان چوومه پیرس، هه‌رچه‌نده (فه‌تاح عومه‌ر) پێی گوتم: تۆ منداڵی، به‌ڵام من گوتم هه‌ر دێم، ئه‌وه‌بوو كاتێك چووینه پیرس، ده‌نگی ته‌قه ده‌هات، من ترسام (فه‌تاح) پێی گوتم، خۆت له‌من دوورمهكهرهوه ئه‌گینا ون ده‌بیت.
مانگه‌شه‌وه، ڕۆیشتین بۆ گوندی (ئامادا) كه گوندێكی سورچیهكانه (سریه‌یه‌كی قوه‌ت سه‌یار)ی لێ‌بوو، ئێمه (40) كه‌سی ئهرگۆشینه (20)له‌وان چه‌كیان پێ‌بوو (20)یشیان بێ چه‌ك بوون، له‌و شه‌ڕە هه‌ریه‌ك له (مام گولیك و سه‌عید عه‌بدولوه‌هاب و حاجی حه‌یده‌ر و فه‌تاح عومه‌ر)مان له‌گه‌ڵ بوو، ڕۆیشتین نازانم سه‌عات (10 یان 11)ی شه‌وه رێككه‌وتووین بۆ لێدانی ئه‌و فه‌وجه‌ی قوه‌ت سه‌یار كه پێشتر بۆمان دانراوه.
گروپێک كه‌مینیان بۆ ئێمه دانابووه‌وه، له شوێنی دوو به‌رزایی كه له ناوه‌ڕاسته‌كه‌ی ڕێگای ئێمه‌بوو ئه‌وان خۆیان توند كردبوو، كاتێك گه‌یشتینه نێوانیان هه‌ردوولا ئاگاداری یه‌كتریان كرده‌وه، له‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه ته‌قه‌یان لێكردین کە به هه‌ردووك ره‌بیه (15) كه‌سیان تیابوون (گولیك) ڕاستەوخۆ ڕووبه‌ڕووی ڕەبیەکە ڕۆیشت، ئه‌گه‌ر گولیك به‌م شێوه‌یه نه‌ڕۆیشتبا كه‌سیان له ئێمه نه‌ده‌هێشت، نزیكه‌ی نیو سه‌عات شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو، گولیك گوتی" هه‌موویانم له ره‌بیه ده‌ركرد و خۆشبه‌ختانه كه‌س هیچی لێنه‌هات، چونكه كاتێك مام گولیك ده‌گاته رهبیهكه (7)كه‌سیان تێدا ده‌بێت و ته‌سلیم ده‌بن، دواتر پێیان ده‌ڵێت به برادهركانتان بڵێن شه‌ڕ ڕابگرن و شه‌ڕ وه‌ستێندرا.
ئه‌و شه‌وه‌ی ئێمه گه‌یشتینه ئامادا، مه‌لا مسته‌فا له سه‌ری ئاكرێ بە (200) كه‌سه‌وه كه‌وته بۆسه‌ی جاش و حكومه‌تی عێراقی وه‌كو ئاگرێك به پوشدا بكه‌یت شهڕەكه وه‌ها بوو، (میرزا ئاغای مێرگه‌سۆری) و یه‌كێكی خه‌ڵكی (گوندی سێلكێ) و زۆر كه‌سی تر له‌و بۆسه‌یه شه‌هید بوون، هەروەها عه‌ده‌د ڕەشاشێكش كه خه‌ڵكی (گوندی ئێدلبێ) بوو به ڕەشاشهوه ونبوو و تاساڵی دواتر لاشه‌كه‌ی نهدۆزڕایهوه، مه‌لا مسته‌فا له بۆسه‌كه ده‌رچوو و سوڕاوه و گه‌ڕایه‌وه سه‌ر چیای پیرس، كاتێك بارزانی گه‌یشتبووه ناو ره‌بیه‌ی فه‌له‌كان کە چەکدار بوون ته‌قه‌یان نه‌كردبوو، گه‌یشتبوونه مه‌لا مسته‌فا و بوونه به‌شێك له هێزه‌كه‌ی.
له‌و شهڕەی سه‌ری ئاكرێ (80) كه‌س له‌گه‌ڵ (عیسا سوار) بزربوون، (عیسا سوار) له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانی چووبووه ناو زێباریان و پاش هه‌فته‌یه‌ك نامه‌كانیان هاتن، گوتیان ئێمه سه‌لامه‌تین و (17- 18) گوندی زێباریهكانمان گرتوون، له ئه‌رگۆشیه‌كان هه‌ر یه‌ك له (عه‌بدوڵڵا نه‌عمان و حاجی حه‌یده‌ر ئه‌رگۆشی) له‌گه‌ڵ مهلامستهفادابوون.
كاتێك شه‌ڕی گروپه‌كه‌ی بۆسەیان دانابوویەوە ته‌واو كرد، له ترسی ده‌نگی ته‌قه‌ی ئێمه فه‌وجه‌كه‌ی قوه‌ت سه‌یار، كه له گوندی ئامادابوون، شوێنه‌كه‌یان به‌ردابوو و هه‌ڵاتن، واته به‌بێ شه‌ڕ چووینه ناو گوند و خه‌ڵكی گوندیش ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت.
نزیك نیوه‌ڕۆ سه‌عات نزیكه‌ی (12) بوو خواردنمان بۆ (مام گولیك و ئه‌حمه‌د و فه‌تاح و حه‌سه‌نێ رحانێ و حه‌جی ره‌شید و مسته‌فا عه‌لی و به‌كر گولیك و هتد..) برد، چونكه چووبوونه بن گردێك كه ده‌كه‌وته سه‌ره‌وه‌ی ئێمه و حكومه‌تی لێ‌بوو، هه‌ندێك ته‌قه‌یان له‌و رهبیانهی سه‌ر گرده‌كه ده‌كرد، گه‌یشتینه لای جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان جاش ئێمه‌یان گه‌مارۆدا و ته‌قیان لێكردین و حكومه‌تیش به ڕەشاش ده‌ستیان به ته‌قه‌كردن كرد، ئێمه له‌ژێر دارێك وه‌ستاین، یه‌ك په‌لك به داره‌كه‌وه نه‌ما و پێشمه‌رگه ئه‌وكات ڕەشاشی زۆر كه‌م هه‌بوو، ئێمه هه‌ر لامان نه‌بوو.
هه‌ندێك سندوقی مێش له ته‌نیشت گوندی ئامادا بوون (حه‌مۆی هه‌یده‌ر)یش چووبوو هه‌نگوین ببڕیته‌وه له‌و ته‌قه‌یه هه‌ڵات و گه‌ڕایه‌وه لای جه‌ماعه‌ته‌كه‌مان له‌ناو گوندی ئامادا، چۆن ئاگری بهردابووە مێشه‌كان، تا بیان بڕێته‌وه، وه‌هاش جێیهێشتن و مێشهكانیش سووتان، ئه‌وه‌بوو (مام گولیك) و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی سوڕانه‌وه و بوو به شه‌ڕێكی گه‌رم تا جاشه‌كان شكان و دووركه‌وتنه‌وه ئه‌وكات داوام له (مام ئه‌حمۆ) كرد كه چه‌كی خۆیم پێبدات، تا منیش هه‌ندێك ته‌قه‌ی پێبكه‌م و ئه‌وه‌بوو منیش له‌و شه‌ڕە بۆیه‌كه‌م جار ته‌قه‌م كردوو و به‌شداری شهڕەكهم كرد، كاتێك ته‌قه‌م كرد زۆر خۆشحاڵ بووم.
جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی ئێمه شهڕەكهیان به‌و چه‌كانه ده‌كرد كه له جۆری (ئینگلیزی) بوون و له (قشلەی) بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌رگۆش ده‌ستیان كه‌وتبوو له‌گه‌ڵ عیتادهكهی.
چه‌كی ئینگلیزی مه‌ودای هاوێشتنی كه‌متره له بڕنۆ، چه‌كێكی ئینگلیزی بوو بۆیه پێی ده‌گوترا ئینگلیزی، تاكه چه‌كی عێراقی بوو بۆ ئه‌وكات كه زیاتر له هه‌موو چه‌كه‌كان به‌كارده‌هات.
شهڕەكه له سه‌ره‌تاكانی وه‌رزی پایزدابوو، چونكه میوه هه‌بوو وه‌كو (هه‌نار و ترێ) ئه‌و شتانه زۆر بوو، جلوبه‌رگی ئێمه (په‌شم بهرگویز و بلوز و هتد..) بو له باره‌گاكه‌ی (قوه‌ت سه‌یار) جلوبه‌رگمان زۆر ده‌ست كه‌وت، چاكه‌ت و عه‌با بۆ خۆپاراستن له سه‌رما نه‌بوو.
له شه‌ڕی ئاماده هیچ جه‌نازه‌یه‌كی دوژمنمان نه‌بینی بمێنێته‌وه، ده‌سكه‌وته‌كان ته‌نیا هه‌ندێك فیشه‌ك و شتی ورده‌واڵه بوو، ئه‌گینا حكومه‌ت هیچ شتێكی خۆی به‌جێنه‌هێشتبوو. له‌و شهڕەدا هیچ زیانمان نه‌بوو، به‌ڵام له گه‌ڕانه‌وه‌مان (كوڕی ئیسماعیلێ شه‌نگێ)ی مزووری شه‌هید بوو، له دوژمن نازانین چه‌ند كه‌س كوژرا، به‌ڵام شه‌ڕێكی بێ حساب بوو.
ئێمه یه‌كه‌م گروپ بووین گه‌یشتینه سه‌ر سریهكهی قوه‌ت سه‌یار، ڕۆژی دواتر دۆڵه‌مه‌ری و مزووریهكانی تر هاتن، له دۆڵهمهریهكان (عومه‌ر ئاغا)یان له‌گه‌ڵ بوو.
ئه‌و هێزه‌ی له ئامادابوو یه‌ك سری (قوه‌ت سه‌یار) بوو، واته ده‌كرێت بڵێین ته‌نیا (50) كه‌س ده‌بوون، كاتێك هێرشمان بۆ سه‌ر هێزه‌كه برد، خه‌ڵكی گوندی ئاماداش به‌ر له‌وان هه‌ڵاتبوون، به‌ڵام هیچ شتێكی خۆیان نه‌بردبوو، چونكه ئه‌وانیش به‌شێك بوون له حكومه‌ت و هاوكاری حكومه‌تیان ده‌كرد، به‌ڵام به‌ر له هێرشه‌كه مه‌لا مسته‌فا پێی راگه‌یاندبووین، پێویسته به‌ر له هێرشه‌كه بانگی خه‌ڵكی گوند بكه‌ن و پێیان بڵێن؛ ئێمه بڕای یه‌كترین و براكوژی نه‌كه‌ن، ئێمه‌ش كه چووینه شهڕەكه پێشتر ئه‌و رێنمایه‌ی بارزانیمان جێبه‌جێكرد و یه‌كێك له هه‌ڤاڵانمان ئه‌و داوایه‌ی بۆ ئه‌و جاشانه به‌رزكرده‌وه كه هاتبوونه شه‌ڕمان، به‌ڵام ئه‌وان جوێنیان پێداین، بۆیه یه‌كێك له گروپه‌كه‌مان گوله‌یه‌كی هاوێشتێ و لێیدا و كوشتی.
له‌به‌رئه‌وه‌ش ئامادامان هه‌ڵبژارد، چونكه شوێنێكی دهستخۆشبوو و حكومه‌ت له هه‌موو ناوچه‌یه‌كی سه‌رچیای پیرس هه‌بوو، (ئامادا) له شوێنه ئاسانه‌كان بوو بۆ ئێمه، تا هێرشی بۆ به‌رین، به‌ڵام دوای چه‌ند ڕۆژێك پاشه‌كشه‌مان كرد و گه‌ڕاینه‌وه چیای پیرس.
مه‌لا مسته‌فا له ئاكرێوە گه‌ڕایه‌وه ته‌نیشت گوندی (سه‌پت)، ته‌نانه‌ت ئێمه (15) كه‌س له چیای پیرس له‌گه‌ڵ (فه‌تاح) هاتینه خواره‌وه بۆناو گوندی (سه‌پت)، فه‌تاح داوای له موختار كرد خواردنیان پێبدات، موختار گوتی" خوارن نه‌ماوه و هیچمان نییه پێتانی بده‌ین، ئێمه (16) ماڵ له‌و گونده داده‌نیشین، تا ئێستا خواردنی (500) كه‌سم داوه"، دواجار فه‌تاح پێی گوت باشه مادامەكی خواردن نییه، من ده‌چم به مه‌لا مسته‌فا ده‌ڵیم چارهسهرێكما بۆ بكات، ئه‌وسا ئاژەڵێكمان بۆدهكڕێت، هه‌ر كارێك ده‌یكات، ئه‌گینا بێ خواردن ئێمه ناتوانین بژین". كاتێك فه‌تاح وه‌های پێوت، موختار گوتی بوه‌سته جاره‌ك به مه‌لامسته‌فا مه‌ڵێ، موختار به‌ناو گونددا گه‌ڕا، ماڵ و نانی بۆ هێناین، له‌گه‌ڵ (دۆلكهیهك دۆ) و ئێمه‌ش خواردمان و هه‌ستاین.
دواجار شێخ ئه‌حمه‌د ده‌ستی به مفاوه‌زات كرد له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی و شه‌ڕ له ناوچه‌كانی بارزان بهدووركهوت و بنکەکانى پۆلیس گه‌ڕانه‌وه.
هێزه‌كانمان بڵاوبوونەوە، ئێمه گه‌ڕاینه‌وه ئه‌رگۆش و هه‌ندێك كه‌س له‌گه‌ڵ مه‌لامسته‌فا چوون بۆ ناوچه‌كانی به‌رواری، له‌وانه (عوسمان میكائیل، بڕایهكی عوسمان، حه‌سه‌نێ عه‌دۆی) پێم وابێت هه‌ر ئه‌وه‌نده بوون. بۆ ساڵی پاشتر (حه‌مید هه‌یده‌ر و نزمی شوكری و ئیبڕاهیم و ئهسحهدێ مستێ حه‌لێ و عه‌باسێ عهلیكێ) ڕۆیشتن، چونكه نه‌یانده‌توانی بگه‌ڕێنه‌وه ئه‌رگۆش له‌ترسی حكومه‌ت له‌به‌ر ڕووداوه‌كانی ساڵی 1961 و هه‌ڵكوتانه سه‌ر بنكه‌ی پۆلیسی ئه‌رگۆش، بۆیه ناچاربوون و گه‌یشتنه مه‌لامسته‌فا و ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی.
حكومه‌ت له دوای 1961 گه‌ڕایه‌وه ئه‌رگۆش بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێك هه‌ر مفاوه‌زات بوو (شێخ ئه‌حمه‌د) بڕیاری مفاوه‌زاتی دابوو، شه‌ڕ ئه‌وسا دووركه‌وته‌وه له ناوچه‌كانی بارزان زیاتر له ناوچه‌كانی (سۆران و به‌رواری) شه‌ڕ بوو، شهڕەكهش جه‌بهه‌یی نه‌بوو، چونكه پێشمه‌رگه بنكه‌یان نه‌بوو، له‌و ناوچه بۆ ئه‌وناوچه هاتوچۆیان ده‌كرد تا 1963 به‌م شێوه‌یه شه‌ڕ به‌رده‌وام بوو.
ته‌نیا ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی باره‌گایه‌كی كرده‌وه له‌ناو به‌رواریان له گوندێك به‌ناوی (قومریێ)، پێشمه‌رگه وه‌زعی زۆر خراپ بوو، هیچیان نه‌بوو جلوبه‌رگیان هه‌ر (په‌شمه به‌رگیز و بلوز و شتی ساده بوو) به‌س ئه‌وه‌بوو پێشمه‌رگه ڕووت نه‌بێت، ئه‌گینا هیچیان نه‌بوو، پاشان جلوبه‌رگی خاكی په‌یدابوو، ئه‌ویش له ڕێگای هاوكارییه‌كانی كوردانی سووریا و توركیا، واته دوای 1963 هاوكارییه‌كان ده‌ستیان پێكرد، كوردانی توركیا ده‌رمانیان ده‌هێنا و كوردانی سوریاش جلوبه‌رگ و جامانه‌یان ده‌هێنان له‌گه‌ڵ خۆراك، به‌ڵام پارتی باكوور زۆر هاوكاری شۆڕشی ده‌كرد.
شه‌ڕی پیرس
هاوینی ساڵی 1963 دووباره بۆ شه‌ڕ خۆمان ئاماده‌كرده‌وه و چووینه‌وه پیرس تا بیگرینه‌وه و مه‌لامسته‌فاش له (ئیسۆمهریا) بوو، منیش زانیم كه بارزانی له ناوچه‌كه‌یه، بۆیه داوام كرد بچین تا بیبینم، ئه‌وه‌بوو له‌گه‌ڵ حاجی هه‌یده‌ر و ئه‌وان چووین، بیروڕا گۆڕدراوه كه چۆن بتوانین هێرش به‌رینه سه‌ر چیای پیرس بۆ ده‌ركردنی حكومه‌تی عێراق، هه‌ریه‌ك له جه‌ماعه‌تی ئاماده‌بوو كه ڕای خۆی ده‌رده‌بڕێ مه‌لامسته‌فا پێی ده‌گوت: ئه‌و ڕایه ته‌واو نییه، جارێكیان سه‌یری ته‌نیشتی خۆی كرد و حاجی هه‌یده‌ری بینی، پێی گوت: حاجی تۆم له بیر كردووه و ده‌تۆش ڕای خۆت بڵێ، حاجی گوتی: "ئه‌زبه‌نی ره‌ئی هه‌ر ره‌ئیا ته‌یا مه چ ره‌ئی نینه"، مه‌لامسته‌فا حاجی ناچاركرد تا ڕای خۆی بڵێت، ئه‌وه‌بوو دوای گوێگرتن له ڕایه‌كه‌ی حاجی هه‌یده‌ر، مه‌لامسته‌فا گوتی: حاجی له هه‌مووان جوانترت گوت، به‌ڵام ڕایه‌كه‌ی تۆش ته‌واو نییه، ئه‌وسا حاجی هه‌یده‌ر گوتی: قوربان هه‌ر له سه‌ره‌تا پێم نه‌گوتی ئێمه چ ڕامان نییه و را هه‌ر ڕای تۆیه.
ئه‌وه‌بوو هجومهكه كرا، نیوه‌ی چیای ئازادكرا، (4-5) شه‌هیدمان دا و (8) بریندارمان هه‌بوو، جارێكی تر چیا به‌ردرایه‌وه، بارزانی توڕەبوو له جه‌ماعه‌ت و پێی گوتن: "ئه‌و هه‌موو قوربانیه‌مان دا، بۆچی جارێكی تر چیاتان به‌ردایه‌وه"، ئه‌وه‌بوو چیا نه‌گیرایه‌وه.
ئه‌و شه‌ڕە زیاتر له یه‌ك مانگ درێژەی كێشا، حكومه‌تی عێراقی به هاوكاری جاشه‌كان ده‌یانویست خۆیان بگه‌یه‌ننه بارزان، بۆ به‌رگری له بارزان و هێزێكی زۆری عێراقی هاته سه‌رمان بۆ گرتنی بارزان، مه‌لامسته‌فا جوابی بۆ ناردین پێی گوتین، ئه‌و ناتوانێت هاوكاریان بۆ بنێرێت، ئێمه كۆبووینه‌وه مزووری و ئه‌رگۆشی بووین، كه‌س له‌گه‌ڵ ئه‌وه نه‌بوو به‌رگری بكه‌ین، ته‌نیا قاسمێ سه‌عدی نه‌بێت گوتی" با به‌رگری بكه‌ین خۆ هیچ ژن و منداڵمان له‌گه‌ڵ نییه، له شوێنی خۆمان ده‌بین، تا حكومه‌ت ده‌گاته لامان"، به‌ڵام جه‌ماعه‌ت ئاماده‌نه‌بوو شهڕەكه بكات، ده‌یانگوت ئێمه كه شه‌ڕە‌كه‌مان كرد ده‌ربازبوونمان زه‌حمه‌ته ده‌شته.
بیره‌كه‌پرا ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر بارزان له بناری پیرس، تا ئێمه پاشه‌كشه‌مان كردوو گه‌یشتینه نزیك ڕووبار، هێزی دوژمن گه‌یشت، تا ئێمه خۆمان ئاماده‌كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه، ئه‌وان پردیان دروست كرد و په‌ڕینه‌وه و هجومیان بۆ سه‌ر بارزان هێنا و بارزانیان گرت و سوتاندیان.
مه‌لامسته‌فا له‌وێ هه‌ستا و ئێمه‌ش هه‌ستاین بارزان سووتا و (مه‌لا شنی) و (حوسێن محه‌مه‌د ئاغای مێرگه‌سۆری) و عه‌ده‌د ڕەشاشێك كه ئێرانی بوو به‌ناوی (عه‌بدوڵڵا) له‌و شهڕەدا شه‌هید بوون له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی تر.
له‌و هجومهدا هێزی عێراقی ژماره‌یان گه‌لێك زۆر بوو (60- 70) هه‌زار كه‌س ده‌بوون، له‌وانه‌یه پێشمه‌رگه (500) كه‌سێك بووبن، مه‌لامسته‌فا خۆی سه‌ركردایه‌تی پێشمه‌رگه‌كانی ده‌كرد، پێشمه‌رگه‌كان له (دۆڵه‌مه‌ری، شێروانی، مزووری،"سێلكی و ئه‌رگۆشی") پێكده‌هاتن، هه‌ر گونده و به‌رپرسی خۆی هه‌بوو، له ئه‌رگۆشیه‌كان كه به‌شداری شهڕەكهیان كرد بریتی بوون؛ له (حاجی هه‌یده‌ر، سه‌عید عه‌بدولوه‌هاب، فه‌تاح عومه‌ر، حه‌سه‌نێ رحانێ، مام گولیك، ئه‌سعه‌د ره‌شید، مه‌ولود، سه‌عید عه‌بدولره‌حمان ئاغا، كازم مسته‌فا، حه‌مید هه‌یده‌ر، هاشم، عه‌باس، به‌كر عهلیك، ئهسحهدێ مستێ حه‌لێ، ئیسلام كه‌مۆ، ناسرێ پیرێ، ئوغز) ئێمه (40) كه‌س بووین.
ئه‌و شه‌ڕە له وه‌رزی دروێنه ڕوویدا، واته سه‌ره‌تای هاوین بوو، له بیره كهپرا گه‌نم له زه‌ویدا بوو (10) ڕۆژبوو پیره ژنه‌ك و پیرهمێردهك ده‌هاتن دروێنه‌یان ده‌كرد، ئه‌وان له دروێنه‌ی گه‌نمه‌كه‌یان خڵاسبوون، فڕۆکە هات دروێنهكهیانی هه‌موو سوتاند.
دوژمن له‌و شهڕەدا به ته‌یاره و تۆپ شه‌ڕی ئێمه‌ی ده‌كرد (19) تۆپ له‌سه‌ر ئه‌و به‌ره‌یه ئیشی ده‌كرد، كه له دینارته دانرابوون و ده‌یان هاوێشتنه بارزان و چیای پیرس و هه‌موو شوێنه‌كان، زیانه مرۆیه‌كانی دوژمن بۆ ئێمه نه‌زانراوبوو.
پیرس خۆی چیایه‌كی سه‌خت و ته‌سكه، پێشمه‌رگه له‌و چیایه سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه، بۆ حكومه‌تی عێراق شه‌ڕكردن له پیرس خۆش‌بوو.
شه‌ڕی سه‌رێ مه‌تینا
دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی له بارزان پاشكه‌شه‌ی كرد، هجومیان به‌ره‌و ناوچه‌كانی به‌رواری برد و ماوه‌ی (44) ڕۆژ شه‌ڕیان كرد و ناوچه‌یه‌كی به‌رفراوانیان له‌ده‌ستی پێشمه‌رگه و ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی ده‌رهێنابوو، له‌و هجومانه پێشمه‌رگه شكابوو و نزیك ببووه‌وه له سنووری توركیا و ئه‌سعه‌د و پێشمه‌رگه‌كانی له بارودۆخێكی خراپبوون، شێخ ئه‌حمه‌د داوای له (حاجی حه‌یده‌ر ئه‌رگۆشی) كرد كه به هانای ئه‌سعه‌ده‌وه بڕوات، چونكه تا پایزی ساڵی 1963 مفاوه‌زات ده‌ستی پێنه‌كردبوو له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، بۆیه (حاجی حه‌یده‌ر) له‌گه‌ڵ (25) كه‌سه‌وه چووه هانای ئه‌سعه‌د.
ئه‌و سه‌ركه‌وتنه دوای ئه‌و هاوكارییه مرۆیه هات كه له‌لایه‌ن ئهرگۆشیهكانهوه به‌سه‌ركردایه‌تی (حاجی حه‌یده‌ر ئه‌رگۆشی) به ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی گه‌یشت، چونكه وای كرد پێشمه‌رگه وره‌ی به‌رزببێته‌وه، سه‌رەڕای كه‌می ژماره‌كه‌ی كه ته‌نیا (25) كه‌س بوون و بریتی بوون له (هاشم و حه‌جیێ عه‌بدوڵلای، سهلیمۆك بڕای حاجی هه‌یده‌ر، رشكۆی ماواتی، حه‌سه‌ن ره‌شید هتد..)، به‌ڵام من له‌و شه‌ڕە له‌گه‌ڵیان نه‌بووم، بۆیه نازانم به وردی كێ له‌گه‌ڵ حاجی هه‌یده‌ر دابوو.
هه‌ندێک لە هۆزهكوردیهكان به (1000) بۆ (2000) هه‌زار جاش بۆ هاوکاری حکومەت به‌شداری شهڕەكهبوون، له حكومه‌تی عێراقی خه‌ڵكێكی زۆر كوژرابوون، (17-18) لاشه ته‌نیا كه‌وتبوونه ده‌ست ئه‌رگۆشیه‌كان له‌ناو به‌رواریان شوێنێك پێیان ده‌گوت (سه‌رێ گابنێركێ).
له‌و شه‌ڕە كوڕێ عیسا سوار به‌ناوی (محه‌مه‌د عیسا سوار) له‌گه‌ڵ (6) كه‌س شه‌هید بوون، به چه‌كی تۆپ كه به‌ناویان كه‌وتبوو، هه‌ر هه‌موویان خه‌ڵكی گوندی (سێلكێ) بوون.
كاتێك له شه‌ڕی پیرس 1963 شكاین، ئێمه گواستراینه‌وه، (فه‌تاح عومه‌ر) نێردرابووه سه‌ر پردى خه‌لان. من نازانم چۆن بوو جارێك له‌لای بارزانی بووم دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی میوانه‌كان داوای كرد خواردنیان بۆبێت و دوای خوردن پێی گوت (فه‌تاح) پێم بڵێ چی روویداوه، فه‌تاحیش گوتی: سه‌ربازانی عێراقی نزیكبوونەتهوه، ئێمه داوا ده‌كه‌ین پردی خه‌لان بته‌قێنینه‌وه (موقه‌دم كافی) ناهێڵێت و ڕێگری ده‌كات، تۆ چ فەرمانێك ده‌كه‌یت، مه‌لامسته‌فا گوتی: بڕۆن پردی خه‌لان بته‌قێنه‌وه و هه‌ندێك تێنتیشیان بۆ فه‌تاح خسته نێو جانتایه‌كه‌ی پێی گوتن خودا له‌گه‌ڵ ئێوه‌بێت و به‌خێرچن. له‌و به‌ره‌یه‌ش پێشمه‌رگه شكا.
هه‌ر له هه‌مان ساڵ حكومه‌تی عێراق هێرشی بۆ سه‌ر شێروان هێنا و فه‌تاح له شێروان هات به‌رایی له حكومه‌تی عێراقی بگریت، هێزه‌كه‌ی (حاجی بێرۆخی) له‌وێ بوون له‌و شهڕەی بۆ سه‌ر شێروان (60 تا 70) جاش کوژران و فه‌تاح عومه‌ر له‌و شهڕەدا دوو گوله‌ی به‌ر كه‌وتبوو و شه‌هید بوو.
له‌شه‌ڕە‌كه‌دا لاشه‌ی فه‌تاحیان جێهێشتبوو (حاجی بێرۆخی) به جه‌ماعه‌تی گوتبوو كوا فه‌تاح جه‌ماعه‌ته‌كه وه‌ڵامیان دایه‌وه كه فه‌تاح بزربووه، ڕاستەوخۆ حاجی گوتبووی فه‌تاح شه‌هید بووه، چونكه ئه‌و هه‌ڵنایه‌ت، بۆیه گه‌ڕابوونه‌وه لاشه‌ی فه‌تاحیان هێنایه‌وه، خۆشبه‌ختانه حكومه‌تی عێراق له‌و شه‌ڕە شكا.
دوای شه‌ڕی (سه‌رێ مه‌تینا- 1963) منیش گه‌یشتمه (حاجی حه‌یده‌ر ئه‌رگۆشی) و گروپه‌كه‌یان، نه‌قل بووین بۆ لای عیسا سوار له زاخۆ، ئێمه له زاخۆ ماینه‌وه، تا شۆڕش كۆتایی پێهات، ئه‌رگۆشیه‌كان هه‌رجاره‌و هه‌ندێك ده‌هاتن و هه‌ندێكیش ده‌ڕۆیشتن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی به‌رده‌وام له‌وێ بوون، (سه‌نعان ئه‌حمه‌د، عه‌لی ساڵح، عه‌لی شاهین، هاشم، عزه‌ت، ئه‌حمه‌دێ عهزیزكێ، حه‌جیێ عه‌بدوڵڵای، حه‌جیێ محه‌مه‌د) ئه‌رگۆشیه‌كان زۆر ده‌هاتن و ده‌گه‌ڕانه‌وه، به‌ڵام دوای ڕێککەوتنی 11ی ئادار گروپێكی ماواتیهكان هات گه‌یشتنه (عه‌لی ساڵح)، هێز زۆر بوو (10) كه‌سی تر له ئه‌رگۆشیه‌كان هاتنه لای ئێمه.
له 1963 كاتێك چوینه زاخۆ له‌لای عیسا سوار به‌رپرسه‌كه‌مان به‌زۆری (حاجی حه‌یده‌ر) بوو، ساڵێكیان (قاسم سه‌عدی) به‌رپرسمان بوو، ماوه‌یه‌ك (محه‌مه‌د ئاغا) بوو، ماوه‌یه‌ك باره‌گای (سه‌عید) گواستراوه بۆ (ههورێسكێ) گوندێك بوو له‌ناو سندیان، (10) كه‌سێك له ئه‌رگۆشیه‌كان بۆ ئه‌وێ چوون له‌وانه (نزمی شوكری و حه‌جیێ عه‌بدوللا و كازمێ مستێ و هتد..) ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ حاجی حه‌یده‌ر لای عیسا سوار ماینه‌وه.
شه‌ڕی (بلان) ساڵی 1964
زستانێك لای (حسۆ میرخان) بووین له بلان؛ (بلان) ناوچه‌یه‌كه به‌لای (مرێبا)وه بۆی ده‌چی پێش ئه‌وه‌ی بگه‌یته دهۆك، كۆگایه‌كی ئازوقه و ته‌قه‌مه‌نی پێشمه‌رگه‌ی لێ‌بوو، من له‌گه‌ڵ پاڵانیهكان ڕۆیشتم، (11) كه‌س بووین، به‌هانای (حسۆ میرخان) چووبووینه ئه‌و ناوچه‌یه و به‌رپرسه‌كه‌مان (سدیق پاڵانی) بوو.
له ناو (مزووری ژێری)یان هه‌ندێك له پێشمه‌رگه‌كان ببوونه جاش، (عه‌بدوڵڵا ئاغا- له هۆزی مزووری ژێریانه و خه‌ڵكی گوندی مرێبا) ئه‌وكات سه‌رۆك جاشیش بوو، به‌ڵام هه‌واڵی بۆناردین كه به‌یانی سه‌عات 11 حكومه‌ت هێرش ده‌كاته سه‌رمان، خۆمان بۆ هێرشه‌كه ئاماده‌كرد، له‌و كاته‌ی (عه‌بدوڵڵا) د‌یاریكردبوو، ده‌بابه به‌دیاركه‌وتن ژماره‌یان (11) دهبابهبوو. جێگامان خۆش‌بوو، پشتی گوند چیابوو، دواتر هێزێكی زۆری پێشمه‌رگه بۆ هاوكاری كردنمان گه‌یشتن و (مه‌لیك هورمزی فه‌له)ش به (100) كه‌سه‌وه هاته هاوكاریمان، حكومه‌تمان تێك‌شكاند، ژماره‌كه‌مان تا كۆتایی شهڕەكه گه‌یشته (200 تا 300) كه‌س. (4) لاشه‌ی دوژمن به‌جێما كه (عه‌ریفێك و سێ جاش)ده‌بوون، 2 پێشمه‌رگه‌ی (هورمز)یش برینداربوون.
ده‌سكه‌وته‌كانی شهڕەكه كه (یه‌ك) ڕۆژی خایاند، ته‌نیا چه‌كی جه‌نازه‌كان بوو، چه‌كێك له‌لایه‌ن (فه‌ق عومه‌ر پێندرۆیی) هه‌ڵگیڕایه‌وه، كه ئینگلیزیه‌ك بوو یهكێكشیان (تهفۆ گویزی) بردی كه ئێستا له قوشته‌په داده‌نیشێت.
كاتێك هورمزیش هات و به‌ناو گوند كه‌وت، ده‌بابه ترسی زۆری لێ‌نیشت و هه‌ڵاتن، چه‌كی باشی هورمز (ئه‌ڵه‌مان) بوو، شه‌ڕی پێ له‌گه‌ڵ ده‌بابه ده‌كرد، كه هیچ كاریگه‌ریشی له‌سه‌ر ده‌بابه نه‌بوو.
دوژمن ده‌یویست ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و كۆگایه‌ی شۆڕشدا بگرن كه له (بلان)بوو، دواجار شكان و ڕۆیشتن و نه‌گه‌ڕانه‌وه، بۆ ڕۆژی دواتر ئافره‌ت هاتن ته‌رمی جاش و سه‌ربازه‌كانیان بردنه‌وه.
جارێكی تر ئێمه له ده‌وروبه‌ری گوندی (كانیكا) بووین، پێشتر گونده‌كه چۆڵ‌كرابوو كه‌سی تیانه‌بوو، فڕۆکە بۆردومانی كردین كه خه‌ریكی كوشتنه‌وه‌ی ئه‌و ئاژەڵانهبووین حسۆ میرخان پێی دابووین، فڕۆکە بۆردومانه‌كه‌ی بۆ سه‌ر ماڵ و حاڵی خه‌ڵك بوو و فڕۆکەكان له‌و بۆردومانه به‌رمیلی غازیان فڕێداخوارهوه و بووه هۆی سووتاندنی گوندی كانیكا.
كاتێك خه‌ڵكی گوند بینیان گونده‌كه‌یان ده‌سووتێت له تاو سووتانی گونده‌كه‌یان سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشتر له ماڵه‌كانیان ده‌رچووبوون، گه‌ڕانه‌وه ناو گوند و بوو به هاواری ژن و ماڵ و منداڵ زیاتر له (9) خانوو سووتان، قومبهلهیهكیش به ناوه‌راستی ئه‌و خانووه كه‌وت كه باره‌گای (حسۆ)ی تیا‌بوو، كۆشكێكی دوو قاتی گه‌وره‌بوو، به‌ته‌واوه‌تی هێنایه خواره‌وه، حسۆ دواتر به خاوه‌ن خانووه‌كه‌ی گوت كاتێك ده‌ستت به چاكردنه‌وه‌ی كرد هاوكاریت ده‌كه‌ین، خۆشبه‌ختانه به‌هۆی چۆڵكردنی گوند زیانی گیانی نه‌بوو.
له ساڵی 1964 گروپه‌كه‌مان چوونه (عه‌ین زاله) هێشتا هاشم مێرۆزی ساخ بوو (عه‌ین زاله) گیرا، له شه‌ڕی گرتنی عه‌ینزاله (عومه‌ر ئاغای دۆڵه‌مه‌ری، نزمی نێروه‌یی) برینداربوون، دواجار (نزمی نێروه‌یی) به‌و گوله‌یه مرد.
شه‌ڕی چهمكوركێ و قه‌ره‌ولا
به‌هاری 1965 ئێمه بۆ مه‌فره‌زه‌یه‌ك ده‌رچووین، (عه‌بدولره‌حیم جه‌سیم پێندرۆیی) به‌رپرسمان بوو كه نزیكه‌ی (50) پێشمه‌رگه ده‌بووین، ڕەبیەک له (چهمكوركێ) كه ده‌كه‌وته نێوان ئیبراهیم خه‌لیل و زاخۆ جاشی تیابوون، لێماندان (5) كه‌سمان له‌و (13) كه‌سه‌ی له‌ناو ڕەبیەکهبوون كوشتن، ئه‌وانی تریش برینداربوون.
قهزیفه سارۆخمان له‌گه‌ڵ بوو، زۆر له ئارپیچی به هێزتر بوو، (عه‌لی ده‌روێش) دووكه‌سی به قهزیفه سارۆخ كردبوونه دوو پارچه، لە شهڕەكه كه ماوه‌ی سه‌عاتێكی خایاند، زۆر هه‌وڵماندا ڕەبیەکه بگرین، به‌ڵام یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌ی به‌رگری ده‌كرد، زۆر زیره‌ك بوو، نه‌یهێشت نزیك بكه‌وینه‌وه، ڕۆژی دواتر ئۆتۆمبێلێك بۆ هاوكاریان چووه نێو گوندی (چهمكوركێ)، له گه‌ڕانه‌وه ڕێگامان لێگرت و عه‌ریفێكی سوپای تێدابوو، ده‌سگیرمان كرد، بۆی گێڕاینه‌وه كه كه‌س له‌ناو ئه‌و ڕەبیەیه نه‌مابوو، ته‌نیا كه‌سێك نه‌بێت ئه‌ویش برینداربووه، دواتر جاشێكمان هه‌ر له‌نێو گونده‌كه ده‌سگیركرد و پاشان پاشه‌كشه‌مان كرد، له‌و شهڕەدا ته‌نیا چه‌كی سووكمان به‌كارهێنا و خۆشبه‌ختانه هیچ زیانێكیشمان نه‌بوو.
بۆ ڕۆژی دواتر چووین به‌ره‌و (قه‌ره‌ولا)، كه ده‌كه‌وته سه‌ره‌وه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل ڕەبیەیهكی لێ‌بوو، عه‌ریف ده‌روێش كاتێك قهزیفه سارۆخی ده‌ته‌قاند، جه‌سته‌ی به‌ده‌رده‌كه‌وت جێگای زۆر خراپ بوو.
گوله‌ی قەزیفە سارۆخ چوار جار ئه‌وه‌نده‌ی ئارپێچی بوو، له‌سه‌ر پیل داده‌نرا و شه‌ڕی پێده‌كرا، عه‌ریف ده‌روێش دوو گوله‌ی به قەزیفە سارۆخ ته‌قاند، دوژمن وه‌ڵامیان هه‌بوو، ئه‌وانیش ته‌قه‌یان كرد، دوو گوله به پیلی (عه‌ریف ده‌روێش) كه‌وت و برینداربوو، داوای كرد پیلی گرێبده‌ن، تا خزم و پیاوه‌كانی نه‌زانن برینداربووه.
بۆ ڕۆژی پاشتر له نێوان (ئیبراهیم خه‌لیل و بانێ نێرگزیێ) له (گه‌لیێ هێتیانێ)، بۆسه‌مان بۆ دوو (زیلی عه‌سكه‌ری) دانایه‌وه كه بۆ تاقیبكردنی ئه‌و ڕەبایە ده‌چوون كه پێشتر له (قه‌ره‌ولا) تێكمان شكاندبوو، كاتێك گه‌یشتنه ناو بۆسهكهمان ته‌قه‌مان لێ‌كردن، یه‌كێك له زیله‌كان پهنچهربوو، ئه‌وه‌ی تریشیان ده‌ربازبوو، ئه‌و زیله‌ی په‌نچه‌ر بوو (17) پۆلیسی تیا‌بوو، ته‌قه‌مان لێ‌كردن، جاده خۆڵبوو، هه‌موو پۆلیسه‌كان هاتنه ده‌ره‌وه و شه‌ڕیان كرد، نزیكه‌ی سه‌عات و نیوێک شه‌ڕ بوو، هه‌ر (17) پۆلیسه‌كه كوژران و چهكهكانیانمان هێنان و گه‌ڕاینه‌وه هه‌موو پۆلیسه‌كان به‌چه‌كی ئینگلیزی شه‌ڕیان ده‌كرد، له‌و شه‌ڕە گه‌نجێكی سووری كه پێشمه‌رگه‌بوو، ئێمه ئاگاداری نه‌بووین کە شه‌هید بووه.
كاتێك له كه‌مینه‌كه گه‌ڕاینه‌وه یه‌كێكمان له‌گه‌ڵ بوو به ناوی (ئیسۆ عه‌مه‌ر) له دووره‌وه بانگی كردین، گوتی بڕۆن لاشه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی ئێمه‌یان برد، ئه‌و ڕەبایە كه له (قه‌ره‌ولا)بوو، لێیانه‌وه نزیك بوو، به‌هانای پۆلیسه‌كانه‌وه هاتن، ئه‌وان توانیان ده‌ست به‌سه‌ر جهنازهكهماندا بگرن، داوام له (حوسێن سێلكی) كرد له سه‌ر گرده‌كه پارێزگاریمان لێبكات، تا بچین جهنازهكهمان بهێنینه‌وه، ڕۆیشتین نزیك بووینه‌وه ته‌قه‌مان له‌وانه كرد كه لاشه‌ی پێشمه‌رگه‌كه‌ی ئێمه‌یان ڕاده‌كێشا، هه‌ڵاتن و لاشه‌كه‌یان به‌جێهێشت، ئێمه‌ش هه‌وڵماندا پێی بگه‌ین، دواتر ده‌بابه‌یه‌ك گه‌یشته نزیك لاشه‌كه پاشان ئیسعافێك هاتوو لاشه‌كه‌یان برد و ئێمه‌ش گه‌ڕاینه‌وه.
شه‌ڕی بانێ نێرگزیێ
زستانی 1966 ئێمه له زاخۆ بووین، فه‌وجێكی سوپای عێراق له پشت (پێشیا بیرا)، شوێنه‌كه پێیان ده‌گوت (دێره‌بین)، مهیدانهك بوو به‌ناوی (بانێ نێرگزیێ) سه‌ر به قه‌زای زاخۆ بوو، ده‌كه‌وته سنووری نێوان (توركیا و عێراق و سوریا) به (200) پێشمه‌رگه‌وه هێرشمان بۆ سه‌ر فه‌وجه‌كه برد، تا فڕۆکە نه‌توانێت بۆردومانمان بكات، چونكه شوێنه‌كه ده‌شتایی بوو، ئه‌گه‌ر فڕۆکە بهاتبا زۆر هیلاكی ده‌كردین. (74) كه‌س له‌ناو بنكه‌ی فه‌وج بوون، ته‌نیا (سێ) چاره‌گ شه‌ڕمان كرد و ڕەبایەكهمان گرت، (3- 4) كه‌سیان ده‌ربازبوون (17) كه‌سمان گرتن (7) كه‌سیان چه‌كی (ئینگلیزیان) پێ‌بوو، ئه‌وانی تریش كوژران (19) جه‌نازه‌ی سوپا ته‌نیا له ڕێگای ئێمه دابوون و یه‌كه‌مین كه‌سیش كه‌چوونه ناو بنكه‌كه (من و عه‌لی ساڵح و عزه‌ت ئه‌حمه‌د و ئه‌حمه‌د عزه‌ت ئه‌رگۆشی)بووین.
بۆ یه‌كه‌مین جار تۆپی (120)یمان له ناوچه‌ی بادینان له‌و شه‌ڕە به‌كارهێنا، به (بڕنۆ و ئینگلیزی)یش شه‌ڕمان ده‌كرد، ئه‌وانیش به (ئینگلیزی و پهڕاشوت و ڕەشاش و تۆپێكی (81))یان لابوو و شه‌ڕیان ده‌كرد، تۆپچیهكهیان زۆر زیره‌ك بوو، (70) گوله‌ی به‌رەو ئێمه ته‌قاندبوو.
(2) پێشمه‌رگه برینداربوون، یه‌كێكیان هه‌ر خه‌ڵكی گوندی (بێزهێ) بوو به‌ناوی (عه‌لی) پێیان ده‌گوت (عه‌لی قه‌له‌ما) به (بیور) هاتبووه شه‌ڕ، چونكه بێ چهكبوو، ده‌یویست چه‌كێكی ده‌ست بكه‌وێت، یه‌كێك هه‌بوو به‌ناوی (عه‌مو) سندی بوو، پیاوێكی زۆر به‌توانابوو، ئه‌و گوله‌ی له (عه‌لی) دابوو، دواتر بۆی گێڕاینه‌وه گوتی: ئه‌وه‌ی من دهمكوشت (عه‌لی) ده‌چوو تفه‌نگه‌كه‌ی ده‌ست ده‌دایێ (3) چه‌كی هه‌ڵگرتبوونه‌وه، له‌و چه‌كانه (2)ی به (عیسا سوار) دانه‌وه و یه‌كێكیشی بۆ خۆی هه‌ڵگرت، یه‌كێكی تری (سندی) له‌و شه‌ڕە برینداربوو كه گوله به‌ر ملی كه‌وتبوو.
شه‌ڕی دۆرنهخ
به فەرمانی (عیسا سوار) ره‌مه‌زانی 1966، ده‌مانویست قشلی (دورنهخێ) كه قشلێكی كۆنی به به‌رد دروستكرابوو، موسه‌یته‌ر بوو به‌سه‌ر ئه‌و ڕووباره‌ی به‌نێوان خاكی توركیا و عێراقدا دێته خوارێ و دواتر ده‌چێته ناو ڕووباری خابوور له‌سه‌ر سنووری توركیا و نزیك به ئیبراهیم خه‌لیل بگرین. ژماره‌مان (100) پێشمه‌رگه‌یە، گه‌وره‌ترین چه‌كمان (قەزیفە سارۆخه) و له‌لایه‌ن (عه‌ریف ده‌روێش) به‌كارده‌هێنرێت، عه‌ریف به‌رنامه‌ی گرتنی قشلەی دۆرنهخێی داڕشت و گوتی: (5) بارزانیمان له‌گه‌ڵدایه، من هه‌ر پێنج بارزانیهكه له‌گه‌ڵ خۆم ده‌به‌م و ده‌چمه به‌ر ده‌رگای سه‌ربازگه‌كه (قشلە) و قەزیفە سارۆخ له دهرگایهكهیان ده‌ده‌م، ده‌رگایه‌كه ده‌بێته‌وه، سه‌ربازه‌كان خه‌وتوون سه‌عات (1)ی شه‌وه، ڕاستەوخۆ ده‌چینه ژووره‌وه و ئێوه‌ش ڕەبیەی جاشه‌كان كه ده‌كه‌ونه سه‌ره‌وه‌ی گوند (50) كه‌سیان بۆ دابنێن، تا ڕێگایان لێ‌بگرن و مەشغولیان بكه‌ن، ئه‌وانی تریش له‌گه‌ڵ ئێمه ده‌چین هێرشه‌كه ئه‌نجام ده‌ده‌ین و ده‌ست به‌سه‌ر قشلهكه ده‌گرین، به‌ڵام هه‌ڤاڵانمان ڕازی نه‌بوون و بڕیاریاندا شهڕەكه نه‌كه‌ین و بكشێینه‌وه.
دواتر عه‌ریف ده‌روێش گوتی: بابڕۆین قشلهكه هه‌ندێك بترسێنین، ئێمه (5) كه‌س له‌گه‌ڵ عه‌ریف ده‌روێش ڕۆیشتین و قەزیفە سارۆخمان له قشلهكهدا و ته‌نیا 2 كه‌س كوژران، جاش هاتن، دواتر پێشمه‌رگه‌كان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ جاشه‌كان كرد، تا به ئێمه نه‌گه‌ن، ئه‌وبوو پاشه‌كشه‌مان كرد و خۆشبه‌ختانه پێشمه‌رگه هیچ زیانێكی نه‌بوو.
به پیاده ههتینهوه باره‌گای (سه‌عید عه‌بدولوه‌هاب ئه‌رگۆشی) كه بنكه‌كه‌یان له نێو (سندی)یان بوو، نزیكه‌ی (3- 4) كاتژمێر له دورنهخێ دووربوو، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵیاندا ڕۆژووه‌كه‌م بخۆم نه‌مخوارد و هه‌ر به ڕۆژیش بووم.
شه‌ڕی بالۆركێ
هه‌رچه‌نده ئێمه له‌گه‌ڵ عیسا سوار دابووین و له به‌ره‌ی زاخۆ شه‌ڕمان ده‌كرد، به‌ڵام له به‌هاری ساڵی (1967) له شه‌ڕی (بالۆركێ) كه ده‌كه‌وێته سنووری ئامێدی به‌شداریمان كرد، (ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی) هه‌واڵی نارد گوتی وه‌رنه مه‌تینا، هه‌ندێك ڕەبایەی حكومه‌ت له‌وێ بوون و موسه‌یته‌ر بوون به‌سه‌ر ئامێدی، تا كۆنتڕۆڵیان بكه‌ین.
هجومان برده ئه‌و چیای به‌سه‌ر ئامێدیدا ده‌ڕوانێت، چیایه‌كه زۆر عاسێ بوو، له‌سه‌ر ده‌ست (ده‌سته كهور) بۆی چووین، ئێمه (40 تا 50) پێشمه‌رگه ده‌بووین، له‌به‌رامبه‌ر دوژمنیش دۆشكە و تۆپ ته‌قه‌ی له ڕەبایەكانیان ده‌كرد، تا نه‌توانن سه‌ریان به‌رزكه‌نه‌وه، (8) كه‌سمان یه‌خسیر كردن، یه‌كێكیان عه‌ریف بوو (8)ی تریشیان خۆیان له چیا فڕێدایه خواره‌وه، له‌و شه‌ڕە یه‌كێكی (به‌رگاره‌ی) كه خه‌ڵكی گوندی (بنگهلی) ته‌نیشت ئامێدی بوو شه‌هید بوو، له‌گه‌ڵ یه‌كێكی به‌رواری و (ئه‌حمه‌د عه‌زیز ئه‌رگۆشی)یش برینداربوو، شه‌ڕی بهرێكهڕ (25) ڕۆژان به‌رده‌وام بوو، هه‌ر له هه‌مان ناوچه جێگایه‌كی تر هه‌بوو به‌ناوی (قه‌دشێ) ڕەبایەكی جاشەكانی لێ‌بوو، به‌ڵام نه‌مانتوانی بیگرین.
ئه‌و وه‌رزه‌ی ئه‌و شهڕەی تێدا كرا، به‌هار بوو، له‌و وه‌خته‌ی ئێمه له‌وێبووین (رهسه) دهدورانهوه، چه‌كه‌كانی ئێمه‌ش بریتی بوو له (تۆپی 120، قەزیفە سارۆخ، دۆشكە)، جلوبه‌رگیش خاكی بوو و له‌لایه‌ن شۆڕشه‌وه بۆمان ده‌هات و هه‌ر له‌لای ئه‌وانیشه‌وه دهدوران لەڕووی جلوبهرگەوە باشبووین، به‌ڵام بۆ خواردن وه‌زعمان هه‌ر خراپ بوو، له‌و سه‌فه‌ره ئێمه (200) ڕۆژان نه‌گه‌ڕاینه‌وه.
شه‌ڕی چیای بێخێر
عیسا له‌گه‌ڵ خه‌ڵك توند بوو، ئه‌وسا هەبوون زانیاری له‌سه‌ر ئێمه به حكومه‌ت ده‌دا، چووباینە هه‌ر شوێنێك، فڕۆکە لێی ده‌داین، له‌و چیایه‌ی ده‌كه‌وته به‌رامبه‌ر سێمێل، پێی ده‌گوترا (چیای بێخێر) له‌وێبووین، هه‌موو ڕۆژێ شه‌ڕبوو، ڕۆژ نه‌بوو فڕۆکە دووجار له باره‌گه‌كه‌ی ئێمه نه‌دا.
ساڵی 1968حكومه‌تی عێراق به هاوكاری (21) هه‌زار جاش هێرشی كرده سه‌ر ڕەبایەكانمان له چیای بێخێر و چیایهكهی له‌ده‌ست ده‌رهێناین، زیانێكی زۆر به‌ر پێشمه‌رگه كه‌وت، یه‌كێكی (گویی) كه له‌گه‌ڵ (حاجی ئهزدین برای ئه‌حمه‌د یه‌زدینی هه‌ركی)بوو بریندارببوو، حاجی یه‌زدین به‌م شێوه‌یه چیرۆكی خۆیی و پێشمه‌رگه برینداره‌كه بۆ گێڕامه‌وه، (له‌چه‌ند شوێنێك برینداره‌كه‌م خستبووه سه‌ر پشت و گواستمه‌وه، برینداره‌كه‌ش چه‌ندین جار پێی گوتم دامبنێ "من هه‌ر ڕۆیشتووم، تۆ خۆت ده‌ربازكه"، چه‌ندین جار دامده‌نا و شه‌ڕم ده‌كرد، دواتر له شوێنێك پێی گوتم: ئاوم بده‌رێ منیش ئاوم دایێ و ته‌واو بوو".
عیسا سوار داوای لێكردین جه‌نازه‌ی پیاوه گویهكه بگه‌ڕێنینه‌وه، به‌ڵام بابی شه‌هیده‌كه به‌ناوی (مه‌لا محه‌مه‌د) نه‌یهێشت، چه‌ند جارێك به عیسای گوت: چه‌ند جار مه گوتیهته، مه گه‌ل عاله‌ما بیانی دانهنه، ئه‌م دێ ته‌له‌ف چین، عیسا وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه، گوتی بڕۆن تەرمەکەى بهێننه‌وه، به‌ڵام باوكی شه‌هیده‌كه ڕێگای نه‌داو گوتی: عیسێ نازانێ، ئه‌ز دزانم، هنگژی هه‌ر كوڕێت منن، گوتی كوڕم هه‌ر ڕۆیشت بۆچی ئێوه‌ش بڕۆن.
له‌و شهڕەدا (تهعل و نه‌عمان) كه هه‌ردووكیان ئامر هێز بوون و یه‌كێكی تر به‌ناوی (محه‌مه‌د خوارزای نه‌عمان بوو سندی بوو) شه‌هید بوون و برینداریش زیاتر.
هه‌موو سنووری زاخۆ (500) پێشمه‌رگه‌ی لێیه، چیای بێخێر ئەوپەڕى 100 پێشمه‌رگه‌ی لێیە، هاوین كۆتایی دێت و سه‌ره‌تای پایزه، من ئێشکگرم، به دووربین سه‌یرده‌كه‌م ژماردم تا ئێواره (700) زیلی عه‌سكه‌ری هاتن و به‌هاوكاری (21) هه‌زار جاش له‌به‌رامبه‌ر چیای بێخێر حكومه‌تی عێراقی سه‌ربازگه‌یه‌كی دانا و به‌ته‌واوی چه‌كه‌كانی خۆی بۆ هێرش كردنه سه‌ر چیای بێخێر و وه‌رگرتنه‌وه‌ی له پێشمه‌رگه ئاماده‌كرد، حكومه‌ت به هۆزه كورد و عه‌ره‌به‌كان شه‌ڕی ده‌كرد، هه‌ر هۆزه و جارێك بۆگرتنی ستراتیژترین ڕەبایەكانمان خۆی تاقیده‌كرده‌وه، كه‌ره‌تێك یه‌كێكی عه‌ره‌ب هات (60) كه‌سی له‌گه‌ڵ بوو، به‌رپرسی فرقهكه به‌ناوی (زه‌عیم خه‌لیل) پێی گوت: مادهمكی كورده‌كان نه‌یانتوانی بیگرن، تۆ ناتوانی بیگریت، ئه‌و گوتی: نه‌خێر كورد شه‌ڕی یه‌كتری ناكه‌ن، ئه‌وه‌بوو شێخه عه‌ره‌به‌كه هات، پێشمه‌رگه‌كان بینیان كه عه‌ره‌به خۆیان لێ بێده‌نگ كرد، تا گه‌یشته ناو ڕەبایەكانیان، ته‌نیا (4) كه‌س له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به‌كه ده‌ربازبوون، ئه‌وانی تر هه‌موویان كوژران.
سه‌رده‌م سه‌رده‌می (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر)ە، چه‌كی (ڕەشاش و ئارپێچی) له‌لای حكومه‌ته‌وه زۆربوو، له به‌رامبه‌ریشمان (ده‌بابه) دانراوه یه‌ك چركه له تۆپباران ناوه‌ستێ و فڕۆکەش به‌رده‌وام بۆردومان ده‌كات، شهڕەكه نزیك ده‌بێته‌وه له یه‌ك مانگ، له كۆتایی (جاشه‌كان) هێرشیان هێنایه سه‌ر ڕەبایەكانمان له چیای بێخێر و سه‌ركه‌وتن، كاتێك جاشه‌كان توانیان به‌سه‌ر پێشمه‌رگه سه‌ربكه‌ون، هۆزه‌كانی تر پێیان ناخۆش بوو، بیانوویان هێنایه‌وه كه ئه‌رگۆشیه‌كان به‌هۆی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیان له‌گه‌ل مزووریهكان كه خاڵ و خوارزانه بێ شه‌ڕ شوێنه‌كه‌یان بۆ به‌رداون، (كه‌چی به‌تواناكانی خۆیان شهڕەكهیان برده‌وه)، حكومه‌ت به‌هۆی ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی له‌سه‌ر مزووریهكان كرا، مزووریهكانیان چه‌ككردن، دواتر چهكهکانیان پێدرانهوه. تا مفاوه‌زات ده‌ستی پێكرد، چیای بێخێر هه‌ر له ده‌ستی جاش و حكومه‌تی عێراقی بوو، دواتر له چیایه‌كه هاتنه خواره‌وه.
چه‌كه‌كانی ئێمه سووك بوون، (2) قەزیفە سارۆخ هه‌بوون یه‌كێكیان له باره‌گای (عیسا) یه‌كێكیشیان له‌باره‌گای (عه‌لی خه‌لیل) بوو، ئه‌ویش ده‌بووایه حسابی كه‌می گووله بكه‌یت، ئه‌گینا قەزیفە سارۆخ زۆر به هێزبوو و له (ئارپێچی)یش زیاتر ده‌ڕۆیشت، لەبارەى زیانه‌كانی حكومه‌ت، ئێمه زانیاریمان نه‌بوو، به‌ڵام بێ شوماربوو.
هه‌رچه‌نده جهبههمان نه‌بوو، به‌ڵام به‌رگری كردن و شه‌ڕكردنمان بۆ پاراستن و وه‌رگرتنه‌وه‌ی چیای بێخێر بۆ ئه‌وه‌بوو بارهگاكانمانى پێ بپارێزین.
چه‌ند جار هه‌وڵماندا چیای بێخێر وه‌ربگرینه‌وه، شكستمان هێنا، دواتر عیسا سوار په‌یوه‌ندی به جاشه‌كانه‌وه كرد، تا به پاره بتوانێت قایلیان بكات و له چیا بچنه خواره‌وه و راده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی بكه‌ن، نوێنه‌ری جاشه‌كانیش گوتی من له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌كانی حكومه‌ت قسه ده‌كه‌م، ئه‌وسا فه‌رمانده‌كانی به دیاری و چه‌ك و پاره قه‌ناعه‌ت پێهێنا.
هه‌موو چیایه‌كه له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌ت و جاشهكاندایه و مەعهسكهرێكی گه‌وره‌ش له بناری چیایه‌كه دانراوه، (9) ڕۆژ ماوه چله‌ی زستان كۆتایی پێبێت، چیا سارده ئێمه هه‌روه‌كو بۆ پیاسه بچین به‌م شێوه‌یه ڕۆیشتین به‌بێ چاكه‌ت و ئاماده‌كاری شه‌وانی زستان، ئابلۆقه‌ی مەعهسكهرمان دا و چه‌ند كه‌سێكی ئه‌رگۆشی له‌گه‌ڵ (ره‌مه‌زان عیسا) معاونی عیسا سوار چووین، به‌شێكی تریش له‌گه‌ڵ (عیسا سوار) ڕۆیشتن، ئه‌وان چوونه لایه‌ك و ئێمه‌ش له‌لایه‌كی تر، عیسا گوتی:"تا ده‌نگی قەزیفە سارۆخهكهمان نه‌هێت، ئێوه ته‌قه له سه‌ربازگه‌كه نه‌كه‌ن"، ئێمه‌ش ڕۆیشتین به‌لای دوژمن‌دا و گه‌یشتینه شوێنێك كه ده‌یڕوانییه سه‌ر سه‌ربازگه‌كه.
دونیا گه‌لێك سارده، بێ عه‌با و چاكهتین، باران به‌رده‌وام ده‌بارێت، (سهلیمۆك)ی برای (حاجی حه‌یده‌ر ئه‌رگۆشی) پیاوێكی به‌ته‌مه‌ن بوو، له‌گه‌ڵ ئێمه‌دابوو، له سه‌رمان تاته به‌ردێكی دابووه پشتی تا سه‌رما نه‌یكوژێت، ئه‌و سه‌ر بۆ ئه‌م سه‌ر هاتوچۆی به تاته به‌رده‌كه‌وه ده‌كرد، ئه‌و شه‌وە سه‌رمایه‌كی وامان بینی، له گه‌ڕانه‌وه به‌زه‌حمه‌ت پێیه‌كانمان به‌دواماندا ده‌هاتن.
تا دره‌نگانێك ماینه‌وه، یه‌كێك به‌ناوی (سه‌عید باڵقۆسی) له‌گه‌ڵمان بوو، ناردمانه لای جاشه‌كان كه له (گركێ ئاخێ) بوون و نزیك بوون له ئێمه و تا خۆمان گه‌رم كه‌ینه‌وه، خه‌به‌ریان بۆناردین نامانه‌وێت بارزانیان ببینین، یه‌كێك له‌ناو جاشەكان به‌ناوی (یاسین قادر) كه (شیویی) بوو ده‌ڵێت:"بێ مردنی خۆم من ئه‌و ڕەبایە به‌رناده‌م"، براده‌ره‌كانی پێیان ده‌گوت:" (عه‌بدولعه‌زیز محه‌مه‌ده‌مین مزووری- سه‌رۆك جاشی مزووریان) په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵیان هه‌یه و ئێمه چ حهقێكمان پێدایه"، دوای هه‌وڵی زۆر ئه‌وان رازی بوون كه گرده‌كه‌مان پێبده‌ن، به‌ڵام ئه‌و شوێنه‌ی (عیسا سوار) بۆی ڕۆیشتبوو، جاشه‌كان په‌شیمان ببوونه‌وه و شوێنی خۆیان به‌رنه‌دا، دواجار ئێمه هه‌ر چاوه‌ڕێی عیسامان ده‌كرد، هیچ هه‌واڵێك نه‌بوو، تا بووه به‌یانی به‌م شێوه‌یه ماینه‌وه، پاشان بڕیارماندا پاشه‌كشه بكه‌ین و پاش ماوه‌یه‌ك ده‌نگی قازیفه ساروخێك هات، تومه‌ز (عیسا) توڕەبووه و قەزیفە سارۆخهكهیان ته‌قاندووه و چه‌ند كه‌سێكیشیان كوشتووه، به‌ڵام ئێمه نه‌مانتوانی بگه‌ڕێینه‌وه، دواجار سه‌ركه‌وتوونه‌بووین له وه‌رگرتنه‌وه‌ی چیایه‌كه.
شه‌ڕی لێفێ
وه‌رزی هاوین له كۆتایی نزیك ده‌بێته‌وه و خەریکە دهگهینە پایز، باره‌گاكانمان گواسته‌وه (ناوچه‌ی لێفێ) و گوندی (بێزهێ)ی سنووری قه‌زای زاخۆ، چه‌كه‌كانمان سوكن و ته‌نیا ژماره‌یه‌كی كه‌م (دۆشكە و ئارپێچی)مان لایه، تۆپێكمان هه‌یه له ترسی فڕۆکە ناتوانین سوودی لێببینین، ئه‌وه‌ی هه‌مانه و ده‌توانین به‌كاری بێنین ته‌نیا (2) قەزیفە سارۆخن.
دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراقی چیای بێ‌خێری گرت و ڕێگای بۆ بووه‌وه، به‌ره‌و لای باره‌گاكانمان هات، باره‌گاكه‌مان له‌ناوچه‌ی هۆزی (سندی)یه‌كان بوو، 12 ڕۆژ شه‌ڕی به‌رده‌وام نزیكه‌ی (100) هه‌زار سه‌رباز و جاشی عێراقی جاده و جاده هاتنه سه‌رمان، ده‌یانویست باره‌گای (عیسا سوار) بگرن. ئه‌و گوندانه هه‌موویان ئاواره‌بوون و ماڵ و حاڵیان تێكچوو منداڵه‌كانیان ونبوون، چه‌ندین گوند ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا له‌وانه(بێتاسێ و دوڵا و بێزهێ)، (9) پێشمه‌رگه‌ش شه‌هید بوون، (83) كه‌سیش له دوژمن كوژرا.
هه‌ریه‌ك له (عه‌لی عه‌لی و عه‌ریف ده‌روێش ئامر هێزبوو، مووسا سندی- معاون ئامر هێز بوو) ئه‌وان چه‌ند گروپێك بوون له‌ناو پێشمه‌رگه‌كاندا و به‌رگری و شه‌ڕی سه‌ختیان ده‌كرد بۆ سه‌رخستنی شۆڕش.
شه‌ڕی مانگێشكێ
پایزی 1968، عیسا هه‌واڵی بۆ (عه‌لی خه‌لیل) نارد كه به‌هانایه‌وه بچێت بۆ هاوكاری كردنی له گرتنی قه‌زای مانگێشكێ، به شه‌و و ڕۆژێك و به به‌كارهێنانی چه‌كی جۆراوجۆر به‌تایبه‌ت تۆپی (120)ی كه هاوكارێكی باشی سه‌ركه‌وتنه‌كه بوو، توانرا (مانگێشكێ)ی سه‌ر به پارێزگای دهۆك ئازادبكرێت و ته‌نیا (سێ) ڕەبایە نه‌بێت كه ده‌یانڕوانیه ناو مانگێشكێ مابوون، ئه‌گینا ته‌واوی شاره‌كه كۆنترۆڵكرا، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پێشمه‌رگه‌كان، شاره‌كه به‌ردرا و پاشه‌كشه‌ی تیاكرا، چونكه پێشمه‌رگه‌كان گڕیان بەردایە دار و چل‌و كه وای كرد شاره‌كه ڕووناكببێتهوه و پێشمه‌رگه‌كان له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه بهدهربكهون، ده‌ره‌نجامی ئه‌و بهدیاركهوتنهی پێشمه‌رگه، جاشه‌كان فرسه‌تیان وه‌رگرت و (11) پێشمه‌رگه‌یان شەهید کرد، ئه‌وە بووبه شكست بۆ پێشمه‌رگه.
ئه‌و ڕەبایەی جاش كه پێشمه‌رگه‌كانی شەهید کرد و بووه هۆكاری پاشه‌كشه‌كردن له مانگێشكێ، پاش شهڕەكه سه‌دام ئه‌و سه‌رۆك جاشه‌ی گوله بارانكرد، چونكه وه‌ختێك سه‌رۆك جاشه‌كه تووڕە ده‌بێت و په‌یوه‌ندی به شۆڕشه‌وه ده‌كات پاشان گه‌ڕایه‌وه ناو حكومه‌ت و سه‌دامیش له مانگێشكێ گوله بارانی كرد.
له‌شه‌ڕی مانگێشكێ ژماره‌ی پێشمه‌رگه‌كان زۆر بوو له گروپی (عه‌لی خه‌لیل و سه‌لیم و عیسا سوار) بوون و ئێمه ئه‌رگۆشیه‌كان (10) كه‌سێك ده‌بووین، ئه‌وانه‌ی به‌رگریشیان له مانگێشكێ ده‌كرد ته‌نیا جاش بوون.
شه‌ڕی گه‌لی زاخۆ
له ساڵی 1974 (3) مانگ بوو زاخۆمان گه‌مارۆدابوو، فڕۆکەی عێراقی سنوور و سنوور ده‌هات له ترسی گوله‌ی دۆشكهكانمان، تا شتێكی گه‌یاندبایه زاخۆ، ئه‌گینا هیچ شتێك نەدەگەیشتە زاخۆ. زاخۆ له‌ژێرده‌ستی حكومه‌ت دابوو و سهربازگایهكی گه‌وره‌ی لێ‌بوو، حكومه‌تی عێراقی له ڕێگای به‌كارهێنانی فێڵه‌وه، ده‌ستی به هێرش كرد، سه‌ره‌تا به‌ره‌و سنووری سوریا ڕۆیشت، تا له‌وێوه ڕێگایان لێبگرین و ڕێگای گه‌لی زاخۆ به‌رده‌ین، به‌ڵام له‌لایه‌ن (عیسا سوار)ەوه زوو لە فێڵ و پیلانه‌كه‌ی حكومه‌ت ئاگاداركراینه‌وه، شه‌ڕ چه‌ند ڕۆژێك درێژەی كێشا، ئێمه له گوندێك بووین به‌ناوی (قادیا و كولێ)، ده‌كه‌وێته پشتی زاخۆ، واته به‌ری ڕۆژئاوای شاری زاخۆ.
حكومه‌ت به (400) ده‌بابه و بۆردومانی به‌رده‌وامی فڕۆکە و به‌شداری زیاتر له (30) هه‌زار جاش بۆپاڵپشتی سه‌ربازه‌كان، پێشمه‌رگه‌ش ژماره‌ی كه‌م نه‌بوو، خۆی له نزیكه‌ی (500) كه‌س پاڵپشت به چه‌كی جۆراوجۆری وه‌كو (دۆشكه و ڕەشاش و ئارپێچی و قەزیفە ساروخ و تۆپی جیاواز) ده‌بینیه‌وه، به‌تایبه‌ت دۆشكهكانمان شه‌ڕێكی باشیان ده‌كرد و نه‌یانده‌هێشت فڕۆکەكانی حكومه‌ت خۆیان نزمبكهنهوه.
هێرشیان بۆ هێنایان هێرشێك كه له مه‌زنی و مه‌ترسی وێنه‌ی نه‌بوو، له دووری 10 مه‌تر له‌به‌ر دووكه‌ڵی باڕووت چاو چاوی نه‌ده‌بینی، پێشمه‌رگه له چیاكانی ده‌وروبه‌ری زاخۆ و گه‌لی زاخۆ بوون. هجومهكه ده‌ستی پێكرد ئێمه هەندێکمان له ده‌شتایی بووین، ئێواره به‌هۆی دووربینه‌وه سه‌یری ده‌وڕووبه‌ری خۆمان كرد، ئه‌و ڕێگایه‌ی به چیادا بۆ زاخۆ ده‌ڕوات، له‌لایه‌ن جاشه‌وه ده‌ستی به‌سه‌رداگیرا، ئاگری دوژمن له شوێنهكانمان هه‌ڵكرا، به‌یانی ده‌ستیان به هێرش كرده‌وه، ئێمه له ده‌شتایی بووین پاش كه‌مێك گروپێك هاتن و له‌سه‌ره‌وه بانگیان كردین ئێوه كێن، ئێمه‌ش خۆمان پێناساندن، پێیان گوتین زووكه‌ن بگه‌ڕێنه‌وه ئێوه گیران، هه‌ستن جه‌بهه نه‌ماوه و ته‌نیا ئێوه له ده‌شتایی ماون زووكه‌ن هه‌ڵسن، ئێمه‌ش هه‌ڵساین و شوێنی خۆمان به‌ردا، چیا‌و چیا ڕۆیشتین ڕووبه‌ڕووی جاشه‌كان، دواجار به‌یه‌كه‌وه گه‌یشتینه گهروویهك به‌رامبه‌ر یه‌كتری وه‌ستاین و شه‌ڕێكی زۆرمان كرد زیاتر له (105) فیشه‌كم هاوێشت، تا دوژمنمان له‌خۆمان دوورخسته‌وه و ئه‌وسا گروپه‌كه‌ی ئێمه سه‌ركه‌وتن كه ژماره‌یان زیاتر له (20) كه‌س بوون.
هه‌ندێك پێشمه‌رگه به‌لای ئێمه‌دا تێپه‌ڕین، نەماندەناسین، پێمان گوتن: "شه‌رمه مهنههێلن"، چونكه ئه‌وه‌ی سه‌ر ده‌كه‌وت هه‌ڵدات، دواتر دوو دوو ڕۆیشتین، خۆمان له دۆڵه‌كه ده‌ربازكرد، ئه‌و شه‌ڕە ته‌نیا (4) ڕۆژ به‌رده‌وام بوو، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو گروپه‌كه‌مان نارد، ته‌نیا (من و مه‌جۆ- مه‌جید محه‌مه‌د) ماینه‌وه و هه‌وڵماندا هه‌نگاو هه‌نگاو یه‌كێكمان بۆ پشته‌وه، ئه‌وه‌ی تریش شه‌ڕ بكات، تا ئێمه‌ش خۆمان له‌به‌ره‌ی شه‌ڕ رزگار كرد، كه شوێنه‌كه‌مان به‌ردا، جاشه‌كان شوێنی ئێمه‌یان گرت، به‌ڵام (3) جاشمان كوشتن.
ئه‌وه‌ی له‌و شهڕەدا ده‌كوژرا ته‌نیا جاش بوو، ژماره‌یەكی زۆر پێشمه‌رگه‌ش برینداربوون، له ڕۆژی كۆتایی شهڕەكه (40) بریندارمان هه‌بوو، (ڕەشید محه‌مه‌د شه‌ریف) برینداربوو، ئێمه‌ش به (محه‌مه‌د عادل)مان گوت: ره‌شید ببه، تا ڕێگا نه‌گیراوه، هه‌ریه‌ك له (نادر جانگیر و حه‌جی ساڵح)یش با له‌گه‌ڵت بێن، باشبوو پێش هجومهكه ئه‌وان ده‌ربازبوون.
دوای ئه‌وه‌ی ئێمه خۆمان ده‌ربازكرد، له زاخۆوهش ئێمه‌یان بینی، تۆپیان بۆلای ئێمه هاوێشت، شوێنێكی راستایی بوو تۆپێك نزیك هاوڕێیه‌كمان به‌ناوی (محه‌مه‌د سهلیمۆك) كه‌وت، وامان زانی تازه ته‌واو محه‌مه‌د نەما، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه هیچی لێ نه‌هاتبوو، به‌هۆی ئه‌و تۆپه به‌ردێك كه‌وته خواره‌وه به‌ر یه‌كێك له پێشمه‌رگه‌كان كه‌وت كه سندی بوو، جلوبه‌رگه‌كه‌ی به گۆشته‌وه دڕاند، شه‌ومان به‌سه‌رداهات، ڕێگامان لێ‌گیرا.
سوپای عێراقی به‌ڕۆژ گه‌لی زاخۆی گرتبوو، به شه‌و پاشه‌كشه‌یان كرد، ترسیان هه‌بوو پێشمه‌رگه مابێت و هێرشیان بكاته سه‌ر، پاشان هه‌ندێك خێزانیش گه‌یشتنه لای ئێمه، دواتر بۆ چاودێریكردنی ڕێگایه‌كه، من و پێشمەرگەیەک ڕۆیشتین، تا بزانین ڕێگا گیراوه یان به‌ردراوه، ئێمه‌ش ڕۆیشتین بۆ سه‌ر گردێك ده‌یڕوانیه سه‌رگوندی (حه‌سه‌ن ئاوا) کە شوێنێكه ده‌بێته كۆتایی گه‌لی سپی و ده‌گه‌یته زاخۆ، مانگه شه‌و بوو به دوربین چاودێری ڕێگایهكهمان كرد، دونیایه‌كی بێده‌نگ، پاش كه‌مێك چاودێری براده‌ره‌كه‌م ئاگاداری كردمه‌وه كه ڕیزێك پیاو له‌نزیكی ئێمه‌وه تێده‌په‌ڕن، هاوڕێیه‌كه‌م وای ده‌زانی جاشن، دوای ئاگاداركردنه‌وه‌یان زانیمان پێشمه‌رگه‌ن، دواتر داوای هاوكاریمان له‌و پێشمه‌رگانه كرد و بانگی براده‌ره‌كانی خۆشمان كرد، تا هه‌ڵسن هیچ كه‌سێك له ڕێگاماندانییه بابڕۆین. دواجار له گهلیهكه په‌ڕینه‌وه و گه‌یشتینه باره‌گای عیسا سوار كه له (ئهلمشتێ)ی نزیك دهۆك بوو، ئێمه له دهشتایهكه دانیشتین ئیسـراحهتمان كرد، ئه‌وسا پێشمه‌رگه به‌ده‌ركه‌وتن، نزیكه‌ی هه‌زار پێشمه‌رگه له‌و ده‌شتاییه كۆبوونه‌وه.
به‌یانی گه‌یشتینه ئه‌و شوێنه‌ی كه ئارامی تیا‌بوو، داواكرا یه‌كێك بچێته لای عیسا سوار و ئاگاداری بكاته‌وه له گه‌یشتنمان، چونكه ئه‌وان وایان ده‌زانی ئێمه دهسگیركراوین، هیچ كه‌سێكیش نه‌یده‌وێرا بچێته لای عیسا، چونكه له شهڕەكه شكابووین، دواتر خۆم ڕۆیشتم كه لهبارهگایهكهیان نزیك بوومه، هه‌ر زوو منیان بینی و هاتنه پێشوازیم، ئه‌وان ترسیان هه‌بوو كه دهسگیركرابین، نه‌یان ده‌زانی ماوین، پاشان چووینه دوای گروپه‌كه‌مان، ئه‌وانیش گه‌یشتن.
شه‌ڕی گه‌لی دهۆك
من له عیسا تووڕەبووم، بۆیه بریارمدا بچمه لای ئه‌سعه‌د، من لای ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی مامه‌وه، تا دواتر له‌گه‌ڵ سه‌لیم ئه‌سعه‌د چووینه لای گه‌لی دهۆك و له‌وێش بووه شه‌ڕ مانگێكیش له‌وێ ماینه‌وه.
ساڵی 1974 له شه‌ڕی گه‌لی دهۆك، حكومه‌تی عێراق هێرشی كرد، بۆكردنه‌وه‌ی ڕێگای گه‌لی دهۆك و ده‌ركردنی پێشمه‌رگه له‌و چیایه تا تۆپه‌كانمان نه‌گه‌ن به دهۆك، چونكه سه‌نته‌ری شاری دهۆك له ژێر ده‌ستی ئه‌وان بوو.
من و سه‌لیم و ملازم بابه‌كر و كه‌سێكی تر به‌ره‌و گه‌لی دهۆك ڕۆیشتین، گه‌یشتینه شوێنێك پێی ده‌گوترا (سندورێ)، وه‌رزی پایزبوو، باغێكی خۆخی لێ‌بوو، ژماره‌یه‌كی زۆری كه‌وتبووه ژێر داره‌كه‌ی، ئه‌گه‌ر سه‌یریشت بكردایه، وات ده‌زانی یه‌ك خۆخ نه‌كه‌وتووه.
ئێمه له‌و به‌ره‌یه خاوه‌نی (9) تۆپ بووین، تۆپه‌كان (120، 81) بوون، سه‌لیم فەرمانی كرد ڕووی هه‌موو تۆپه‌كان وه‌ربگێڕنه گه‌لی دهۆك و گوتی: ته‌نیا له ڕێگا ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو نه‌بن، له چیا ناتوانن سه‌ربكه‌ون، دوو گوله‌ی ته‌یاره‌ش دوای ئه‌وه‌ی هاوێشتبویانه سندۆرێ و نهتهقیبوون" گوتی ئه‌و دوو گولهیهش وه‌كو تێنتی به‌كاری بێنن و هه‌ر لایه‌كی جاده‌كه‌ی پێبگرن، فەرمانی ته‌قاندنه‌وه‌ی ڕێگایه‌كه‌ی دا. كاتێك گه‌ڕاینه‌وه باره‌گا (عه‌لی خه‌لیل) گوتی چیتان كرد، سه‌لیمیش به‌رنامه‌كه‌ی بۆ گێڕایه‌وه و دواتر باسی تێكدانی جاده‌ی كرد، عه‌لی توڕەبوو گوتی:"باشه ئه‌وه حكومه‌ت هێرشی نه‌هێنا، چۆن جاده ده‌ته‌قێنه‌وه؟ ئه‌ی ژیانی خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و جاده‌یه نییه!"، واته پلانی ته‌قاندنه‌وه‌ی ڕێگا ره‌تكرایه‌وه.
حكومه‌ت ده‌ستی به هێرش كرد، به‌هه‌موو ته‌قه‌مه‌نیه‌ك و چه‌كێك هێرشی هێنا، تۆپی (ئه‌فلاق جه‌وی)یان به‌كارده‌هێنا كه هه‌ر له‌ئاسمان به‌ر له‌وه‌ی بگاته زه‌وی ده‌ته‌قینه‌وه، پێشمه‌رگه‌كان بۆ خۆپاراستن له تۆپه‌كان (تاته به‌ردیان) به‌كارده‌هێنا، حكومه‌ت شكا، نه‌یان هێشت چیا بكه‌وێته ژێر ده‌ستی حكومه‌ت. ئه‌و كات ژماره‌ی پێشمه‌رگه گه‌لێك زۆربوو، نزیكه‌ی (1000) هه‌زار پێشمه‌رگه له گه‌لی دهۆك شه‌ڕی ده‌كرد، تۆپ ده‌ورێكی باشی هه‌بوو له شهڕەكه، پێشمه‌رگه‌ش سه‌رەڕای شكسته‌كه‌ی گه‌لی زاخۆ، شه‌ڕی باشی ده‌كرد، شهڕەكه نزیكه‌ی (10) ڕۆژێك به‌رده‌وام بوو، ژماره‌یه‌كی كه‌م پێشمه‌رگه برینداربوون.
به‌رپرسی یه‌كه‌می میحوه‌ری دهۆك (عه‌لی خه‌لیل سێلكی) بوو و ڕێگای نه‌دا حكومه‌ت سه‌ركه‌وتوو بێت، هێڵی به‌رگری هه‌ر مابوو، ئه‌گه‌ر ببا شه‌ڕ، به‌رپرسه‌كان هه‌موویان له‌وێبوون، تا نزیكه‌ی وه‌رزی زستان شه‌ڕی گه‌لی دهۆك به‌رده‌وام بوو و حكومه‌ت هه‌ر ده‌شكا و هێرشه‌كانی خۆشی ده‌كردنه‌وه، ئه‌و هێرشه‌ی كه ده‌یانویست چیای گه‌لی دهۆك بگرنه‌وه زیاتر له هه‌فته‌یه‌كی خایاند، به‌ڵام تیایدا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، چونكه ڕێگایان پێنه‌ده‌دان له جاده‌وه هێرش بكه‌ن، كه ڕێگای جاده‌شیان نه‌بووایه له چیا ئه‌وان سه‌ركه‌وتوو نه‌ده‌بوون.
له‌و شه‌ڕە، زۆری ژماره‌ی پێشمه‌رگه و بوونی چه‌كی وه‌كو (دۆشكە و ئارپێچى و عیتادی زۆر) شه‌ڕكردنی به‌رده‌وامی پێشمه‌رگه‌ش، كاریگه‌ری هه‌بوو له شكانی دوژمن، خۆی حكومه‌ت چاوه‌ڕێی جاشه‌كانی ده‌كرد، تا ئه‌وان چیایان بۆ بگرنه‌وه، به‌ڵام جاشه‌كانیش شكان كه جاشه‌كان نه‌یانتوانی چیا بگرن، حكومه‌تیش پێشڕەوی نه‌كرد.
من و له‌زگین حه‌سه‌ن ئه‌رگۆشی یه‌ك مانگ له‌گه‌ڵ سه‌لیم ئه‌سعه‌د له‌و چیایه ماینه‌وه، دوای ئه‌و مانگه جێگۆڕكێمان پێكرا، ئێمه به‌دل بووین، دواتر ئێمه گه‌ڕاینه‌وه ماڵه‌وه و بوو به وه‌رزی به‌هار و شۆڕش تووشی نسکۆ بوو.
ئه‌رگۆش دوای تێكچوونی شۆڕش:
كه نسکۆ بوو دوای سێ ساڵ واته له ساڵی 1978 گونده‌كانمان تێكدران و وێرانكران سه‌ره‌تا چه‌ند ماڵێكیان تێنتی كردن دواتر هه‌موو خانوه‌كانی گوندی ئهرگۆشیان تێنتی كردن و ته‌قاندنه‌وه، من سه‌یرم ده‌كرد دواین شوێن مزگه‌وتبوو تێنتیان كرد، ئه‌وانه‌ی له گوند بوون كۆكرانه‌وه و بردران بۆ كۆمه‌ڵگای هه‌ریر و ئه‌وانی تریش گروپێك بووین ئاواره‌ی توركیابووین و له باسیا ماینه‌وه، دوای ساڵێك مانه‌وه‌مان له باسیا نه‌خۆش كه‌وتم واته ساڵی 1979 بردرام بۆ ئێران، چله‌ی ماته‌مینی بارزانی من له كهرهچ بووم ماڵ و منداڵیشم له توركیا ئاواره‌بوون، (نایف)ی برام له (كرمان) بوو منیان بۆ ئه‌وێ برد، نه‌خۆشیه‌كه‌م زۆر قورس بوو (3) كه‌ره‌ت نه‌شته‌رگه‌ریان بۆ كردم سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، (120) ڕۆژ له نه‌خۆشخانه مامه‌وه، سه‌ره‌تا ریخهله كۆرهم گرت و پاشان چه‌ندین كێشه‌ی تری ته‌ندروستی به‌دوای خۆیدا هێنا.
دواتر كورده‌كانی شوێنه دووره‌كانی ئێران رادهگوازرانهوه بۆ ناوچه‌كانی كوردستان و (نایف)یش پێی گوتم: "تۆ خۆت دهرنهخه، من له‌لات ده‌مێنمه‌وه، تا نه‌خۆشیه‌كه‌ت چاكده‌بێته‌وه، با ماڵ و منداڵ بڕۆنه‌وه كوردستان"، به‌ڵام دواجار داوام له دكتۆر كرد با له نه‌خۆشخانه ده‌رچم، هیچ كێشه‌یه‌ك نییه با بمرم.
منیان له‌سه‌ر ناوی (نایف) داخلی نه‌خۆشخانه كردبوو، ئه‌گینا رێگه‌یان نه‌ده‌دا كه‌س له عێراقه‌وه بێت و خزمه‌تی بكرێت، ئه‌گه‌ر به بیمه‌ی نایف نه‌بووایه، ئه‌وه‌نده خه‌رجیم لێكرا، هه‌موو په‌ناهه‌نده‌كان پێیان نه‌ده‌درا، چونكه نه‌خۆشخانه‌كه تایبه‌ت بوو.
من هه‌شت مانگ له نه‌خۆشخانه‌بووم، ماڵ و منداڵم هه‌ر له توركیابوون، سه‌ره‌تای زستان (نایف)ی برام له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له دۆستان ڕۆیشتن ماڵ و منداڵه‌كانی منیان هێنا بۆ ئێران و من نه‌مده‌توانی بگه‌ڕێمه‌وه (باسیا).
دوای گه‌ڕانه‌وه‌مان بۆ كوردستان و نیشته‌جێبوونمان له (كۆمه‌ڵگای زێوه)، جارێكی تر ده‌ستمان به پێشمه‌رگایه‌تی كرده‌وه، یه‌كه‌مین شوێن كه ده‌ستی به هه‌ڵگرتنی چه‌ك كرد كورده‌كانی ئاواره‌ی (زێوه)بوون، ئه‌وكات من و (هاشم) هه‌ر نهخۆشبووین، به‌ڵام چه‌كیان به ئێمه دا، جار به‌جار ده‌چووینه ده‌وام، ئیدریس و مه‌سعود ئێمه‌یان ده‌ناسی، ئه‌گه‌ر نه‌چووباینه واجبیش، ده‌یانگوت "ئه‌وانه عه‌زیه‌ت مه‌ده‌ن"، مه‌به‌ستیان (من و هاشم تاهیر) بوو.
شەڕفرۆستنی دیموکرات
له‌شه‌ری دیموكرات و پارتی، هێشتا عهمهلیاتهكهم چاك نه‌بوه‌وه، به‌ڵام به‌شداریم كرد، (سه‌عیدێ خه‌لیل) هات، بانگی كردین گوتی بابڕۆین بۆ شه‌ڕ، ئه‌وسا ده‌ستمان بهشهڕكرد له ناوچه‌كانی نزیك كۆمه‌ڵگای زێوه، ستارهكانمان گومبه‌دی (گورزه) نۆك بوون. له گونده‌كانی (مه‌نسور ئاباد و میراوه و قاهیره) ده‌ستمان پێكرد، یه‌كه‌مین جار له (قاهیره- 1980) شه‌ڕ سه‌ریهه‌ڵدا، كه ده‌كه‌وته ته‌نیشت ئۆردوگای زێوه، هه‌ر گروپه و له‌لایه‌ك هێرشی برد، له‌و شه‌ڕدا (7) كه‌سمان شه‌هید بوون، سێیان مزووری بوون به‌ناوه‌كانی (سه‌عید سۆمهیی، شهڕەف گوزی، جومعا كوڕانی) (ئه‌حمه‌د ره‌زا- خوڵامی محه‌مه‌د خاڵد)یش شه‌هید بوو، (30) كه‌سیش له دیموكرات كوژرابوون و چه‌ندینی تریشیان ده‌سگیركران، زیاتر له (400- 500) پێشمه‌رگه به‌شداری شهڕەكهیان كرد، ژماره‌ی دیموكرات بێ شومار بوو، ده‌یانگوت ئێمه (6) ملیۆنین چۆن ئێوه شه‌ڕی ئێمه‌تان پێده‌كرێت؟!
ئێمه له‌لای راستی (گرده‌وان) ڕۆیشتین پێش ئێمه هه‌ندێك هه‌ركی هێرشیان برد (جهوكۆ و جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی)بوون، گۆمێك ئاو له سه‌ر ڕێگامان بوو (3) لاشه‌ی دیموكرات كه‌وتبووه ناوی، ئێمه‌ش له‌و شوێنه تێپه‌ڕین و به گروپ و رێره‌وی جیاواز به‌نێو سپیندارهكاندا ڕۆیشتین (من و ده‌روێش عومه‌ر) به‌یه‌كه‌وه بووین، به‌ڵام دواتر ده‌روێش منی به‌جێهێشت و له ڕۆیشتنهكهم به‌رده‌وام بووم، خوێنم بینی به ڕێگاوه به‌دوای خوێنه‌كه‌دا ڕۆیشتم تا گه‌یشتمه ماڵێك له‌ناو گوندی (گرده‌وان) ئافره‌تی ماڵه‌كه كه‌منی بینی به‌ره‌و لای ئه‌وان ده‌ڕۆم، هاته ده‌ره‌وه و جوێنی دان تا من سه‌رگه‌ردان (مشاوش) بكات، (ده‌روێش)یش بانگی كردم و گوتی:" ئه‌و چیه ته"، منیش گوتم ئافره‌تێكه، گوتی وه‌ره له‌گه‌ڵ ئافره‌ت قسه مه‌كه، دواتر بڕیارمدا نه‌چمه ژووره‌وه و برینداره‌كه ته‌واو نه‌كه‌م و گه‌ڕامه‌وه لای ده‌روێش، چوم و به (ده‌روێش)یشم نه‌وت.
(ده‌روێش عومه‌ر) له شهڕەكهدا به‌رپرسی ئێمه بوو، ته‌نیا (یه‌ك) بریندارمان هه‌بوو، من به چه‌كی سمینۆڤ شه‌ڕم ده‌كرد، ده‌روێش به بڕنۆ، كه به سمینۆڤ ته‌قه‌م ده‌كرد، ئه‌وه‌نده حوكمی نه‌بوو دوژمن له شوێنی خۆی بجوڵێنێت، بۆیه داوام له ده‌روێش كرد كه بڕنۆیهكهی خۆیم پێبدات، ئه‌وسا به بڕنۆیهكهی ئه‌و (2) پاكه‌ت گوله‌م هاوێشتن، دوژمن له شوێنی خۆیان هه‌ستان و هه‌ڵاتن، ئێمه‌ش به‌دوایاندا ڕۆیشتین.
له شوێنی خۆمان هه‌ستاین بۆ گوندێك چووین پێیان ده‌گوت (كانی سۆرك)، خه‌ڵكی گوند خۆیان شاردبوه‌وه، ترسێندرابوون به‌وه‌ی بارزانیه‌كان هه‌موو كه‌سێك ده‌كوژن و ئازار ده‌ده‌ن، (سه‌عید خه‌لیل) هات گوتی قه‌ده‌غه‌یه خیاری ماڵێكیش لێبكه‌نه‌وه، نابێت زیان به هیچ كه‌سێك بگه‌یه‌نرێت، بۆ ماوه‌یه‌ك له گونده‌كه ماینه‌وه، خه‌ڵك سه‌یری ئێمه و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی ئێمه‌یان كرد، تاك تاكه هاتنه لامان و ده‌وربه‌ری گوندی (كانی سۆرك)مان گرتبوو، ئێمه پێشتر هیچ كێشه‌یه‌كمان له‌گه‌ڵ حزبی دیموكرات نه‌بوو، بارهگایهكانیان هه‌ر له‌وێ بوون، چه‌ند جارێك تۆپیشان به ناو ئۆردوگای زێوه‌دا دابوو.
شه‌و به‌سه‌رداهات، (سه‌عید خه‌لیل) داوای كردم، منیش چوومه لای و گوتی: (سه‌عید سۆمهیی) شه‌هید بووه، بۆیه به‌منی گوت، چونكه (سه‌عید سۆمهیی) زاوای ئێمه‌بوو و 2 برای له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا بوون و نه‌یانزانی بوو، گوتی:"برایه‌كانی له‌گه‌ڵ خۆت به‌ره، به‌ڵام ده‌بێت به ڕۆژ بچن، نابێت به‌شه‌و بگه‌ڕێنه‌وه"، بۆ به‌یانی ئێمه ڕۆیشتین، تا گه‌یشتینه (زێوه) هه‌ر (7) پێشمه‌رگه شه‌هیده‌كانیان شاردبوونه‌وه، له گۆڕستانی (مهلاباسهك_زێوه).
پایزێكی دره‌نگ ناوچه‌كه كه‌مێك به به‌فر داپۆشراوه، چووین به‌ره‌و (نهڵۆسێ) كه سه‌ر به شنۆیه، هه‌ندێك له پێشمه‌رگه‌كانمان كه ژماره‌یان (3-4) كه‌س ده‌بوو ده‌سگیركران كه یه‌كێكیان (عزه‌ت خان) بوو، چه‌كه‌كه‌شی خستبووه ناو به‌فر تا نه‌یدۆزنه‌وه، به‌ڵام هێزه‌كانی ئێمه هێرشیان برد و ئه‌وانه‌ی دهسگیریش كرابوون، ئازادكران، عزه‌ت خان‌یش چه‌كه‌كه‌ی دۆزیه‌وه.
شهڕەكانی ناوچه ئازاده‌كان ساڵان 1987
له ساڵی 1987من له‌گه‌ڵ (سه‌لیم) بووم هاتینه ناوچه ئازاده‌كان، باره‌گایه‌كه‌مان له (كانی جفركێ) بوو له گوندی (سێلكێ)، بۆماوه‌ی (3) مانگ له‌و شوێنه بووین، دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی دیموكرات، هێشتا خه‌ڵكی ئێمه له‌سه‌ر گونده‌كان مابوون، له یه‌كێك لە شهڕەكان چووینه سه‌ر شێروان و ده‌وره‌ی ناوچه‌كه‌مان دا و له قشلەی شێروانمان دا به (تۆپ و ئارپیچى و دۆشكە)، یه‌كێكمان له‌گه‌ڵ بوو به‌ناوی (عه‌لی تۆپچی- له‌شه‌ڕی خواكوڕك شه‌هید بوو) دۆشكه‌یه‌ك له‌سه‌ر قشلەی شێروان بوو ئه‌و تۆپێكی هاوێشت له ناوه‌ڕاستی دۆشكه‌كه‌ی دا، هه‌موو شوێنه‌كانی شێروان گیرابوون، نزیكه‌ی (100) ڕەبایەی جاشی لێ بوو جگه له سه‌ربازی عێراقی.
ئێمه (50) كه‌سێك ده‌بووین كه ئه‌و هێرشه‌مان برد، ئه‌و چه‌كانه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌بوون به ئاژەڵی باری (ده‌وار) هاتوچۆمان پێده‌كردن، تۆپمان له (تاتكی) دانابوو، چونكه شوێنێكی بزر و قووڵه، له‌و چیایه‌ی ده‌كه‌وێته به‌رامبه‌ر شێروان تا لۆفه‌كانی هاتینه خواره‌وه و دۆشكهمان له‌وێ دانا و له‌گه‌ڵ (57)ێك كه سارۆخێكی به‌هێزه (7) گوله‌ی له‌گه‌ڵ بوو(ئه‌حمه‌د عه‌بدوڵڵا ئه‌رگۆشی) عهدەدی بوو، ڕەشاش و كهرستهكانمان ئاماده‌كرد، تۆپچیهكهمان ده‌ستی به هاوێشتنی تۆپكرد، دۆشكه‌یه‌ك له‌سه‌ر بانی قشلە بوو، تۆپێكی پێ كه‌وت، شه‌ش كه‌س له‌سه‌ر دۆشكهكه بوون، هه‌ر شه‌شیان كوژران، ئه‌و جاشانه‌ی لهوێشبوون شه‌ڕیان كرد، (شه‌مدین گێنده‌ر) عه‌ده‌د دۆشكه‌ی ئێمه‌بوو، ئۆتۆمبێلێك هاته خواره‌وه، سه‌ره‌تا به شهمدینم گوت: تەقهی لێبكه، دواتر هه‌ر خۆم پێم وت، ته‌قه‌ی لێمه‌كه.
لهشهڕەكه تۆپچی حكومه‌تی عێراقی هه‌ڵات تۆپه‌كه‌ی جێهێشت، چونكه (ئه‌حمه‌د) سارۆخی 57ی به‌ڕوودا ته‌قاندبوو، ترسابوو ڕای كرد بۆناو قشلە، ته‌نیا مه‌به‌ستمان گه‌یاندنی زیان بوو له حكومه‌تی عێراقی، نه‌ك مانه‌وه و سه‌ندنه‌وه‌ی شوێن، دوای ئه‌وه‌ی چهكهكهمان له‌و شه‌ڕە خڵاسكرد، پاشه‌كشه‌مان كرد، پێشمه‌رگه هیچ زیانێكی نه‌بوو له‌و شه‌ڕە، نزیكه‌ی سێ تا چوار سه‌عات شهڕەكه به‌رده‌وام بوو.
یه‌ك مانگ من له‌سه‌ر ڕووباری زرارا بووم، (حاجی عه‌لی ئه‌رگۆشی) زۆر هاوكاری ئێمه‌ی ده‌كرد، چه‌ندین جار رومانه و گوله ئارپێچی، بۆ ناردین، به‌دزیه‌وه ئازوقه‌ی بۆ ده‌هێناین، جارێك (800) كیلۆ برنجی بۆ هێناین.
شه‌ڕی خواكوڕك:
دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق هه‌وڵیده‌دا سنووره‌كان كۆنترۆڵ بكاته‌وه، له خواكوڕك پێشمه‌رگه ڕووبه‌ڕوویان بوونه‌وه، واته دوای كۆتایی شه‌ڕی عێراق و ئێران و له ساڵی 1988، بیانیه‌كان له ناوچه سنووریه‌كان چاودێری شهڕەكهیان ده‌كرد.
نزیكه‌ی (900) پێشمه‌رگه له خواكوڕك شه‌ڕی ده‌كرد، جێگا تهسكبوو، سه‌ربازانی عێراقی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام هێرشیان ده‌هێنا، تۆپهكانیشمان لێیان ده‌دان و ئه‌وسا هه‌ر لاشه‌ی دوژمن بوو ده‌كه‌وته سه‌ر یه‌كتری، ئه‌وانه‌ی كه دهسگیریش ده‌كران ده‌یانگوت (قەبری زاهێر) له‌كوێیه، چونكه سه‌دام گوتویه‌تی پێویسته تا قەبری زاهێر بڕۆن، له‌و شه‌ڕە سه‌ربازی زۆر ده‌سگیركرا، كاتێك شهڕەكه كۆتایی پێهێنرا، هه‌ندێك له سه‌ربازه دیله‌كان به‌ردران و نێردرانه‌وه. شه‌وێك هێرشیان هێنا (150) سه‌رباز ده‌سگیركران.
ئه‌و شه‌ڕە له وه‌رزی پایز كرا، شهڕەكه به (كلاشینكۆف، دۆشك، تۆپ، ئاربیچی) حكومه‌تی عێراقی نه‌یده‌توانی فڕۆکە هه‌ستێنێت، چونكه شه‌ڕی له‌گه‌ڵ ئێران ڕاگرتبوو و ناوچه‌كه‌ش سنوور بوو، فڕۆکەكان كه هه‌ڵده‌ستان، نه‌یان ده‌توانی خۆیان نزمبكهنهوه له‌ترسی دۆشكهكانمان و دژە فڕۆکەشمان زۆر لابوو، بۆ فڕۆکەكانیان قورسبوو له‌و به‌رزایه بۆردومان بكه‌ن و نه‌یانده‌توانی ئامانجی خۆیان بپێكن، وه‌كو فڕۆکەی ئێستاش پێشكه‌وتوو نه‌بوون، نیوه له‌و تۆپانه له ناوچه‌كانی توركیا ده‌كه‌وتنه خواره‌وه.
ئه‌و شه‌وه‌ی 150 سه‌ربازی عێراقیان ده‌سگیركرد، ئێمه له‌لای جادانێ بووین، ئه‌و هێرشه له‌لای چیای كوراوا پشتا (جۆرجا) كرا سهرپێشمهرگه. وه‌كو من ئاگاداربم ته‌نیا كوردێكیان نه‌كوشتبوو، چونكه شه‌ڕی نه‌كردبوو به‌ڵگه‌شیان (بوونی شه‌ش ساجۆر بووه به پشتیه‌وه كه ته‌نیا یه‌ك فیشه‌كیشی نه‌ته‌قاندبوو).
له‌و شهڕەدا (40) پێشمه‌رگه شه‌هید بوون، بێگومان برینداری زۆرمان هه‌بووه، به‌ڵام من ژماره‌كه‌یم نه‌ده‌زانی، چونكه شه‌ڕێك بوو له ده‌قیقه‌یه‌ك هه‌زار تۆپ به‌ر زه‌وی ده‌كه‌وتن، نوقتهیهكمان هه‌بوو له ناوه‌ڕاستی جه‌بهه پێیان ده‌گوت نوقته‌ی (4) هه‌ر گروپێك (3) شه‌و له‌و نوقتهیهبوو، كه‌س نه‌یده‌توانی له سێ شه‌و زیاتر له‌وێ بمێنێته‌وه، چونكه تۆپی زۆر له‌و نوقته‌یه ده‌درا و هجومی به‌رده‌وامیشی له‌سه‌ر بوو.
ڕاپه‌ڕین:
له ڕاپه‌ڕین 1991 ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌كان گه‌ڕاینه‌وه كوردستان، له‌گه‌ڵ (عه‌لی خه‌لیل) بووین، ئه‌وكات (سه‌لیم) هاته خواره‌وه بۆ كوردستان و ئێمه‌ش له‌گه‌ڵی هاتین، بڕیارنهبوو من بمێنمه‌وه، چونكه (سه‌كوان)ی كوڕمم له‌گه‌ڵ بوو، به (سه‌لیم)م گوت من نامێنمه‌وه، كارم هه‌یه (سه‌كوان) با له‌گه‌ڵ تۆ بێت، ئه‌ویش ڕێگای نه‌داو تا مانگێك له‌لای ئه‌و مامه‌وه له قه‌لعه‌ی سپیلك.
من (20) ساڵ له زێوه بووم، ساڵی بیسته‌م گه‌ڕامه‌وه كوردستان، واته ساڵێ 1999، دوای ڕووداوه‌كانی ده‌رهێنانی گۆڕی بارزانی، من له هه‌له‌ج بووم، پاسه‌وانی گۆڕی بارزانیمان ده‌كرد، تا ته‌رمی بارزانیان هێنایه‌وه، من له‌وێ پاسه‌وان بووم، دواتر لە ساڵی 1999 گه‌ڕاینه‌وه كوردستان.
سەرچاوە:
١- ئەرشیفى دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.