سەعدۆ کورکی

سەلیم دەرباس حەمەد ناسراو بە (سەعدۆ کورکی)، لەساڵی ١٩٣٧ لە زاخۆ لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگە کردووە، ساڵی ١٩٧٠ کراوە بە سەرلق، ساڵی ١٩٧٩ لە کۆنگرەی نۆیەمی پارتی بەشداری دەکات، ساڵی ١٩٨٧ ئەندامی لێژنە و بەرپرسی بەشی سەربازی لێژنەی ناوچەی زاخۆ بووە. ساڵی ١٩٩٥ پلەى فەرماندەی هێزی ١٧ی سوپای یەکی زاخۆی وەرگرتووە. لە هەڵگرانی مەدالیای بارزانی یە، ساڵی ٢٠١٢ کۆچی دوایی کردووە.


 سەلیم دەرباس حەمەد ناسراو بە سەعدۆ کورکی لەساڵی ١٩٣٧ لە گوندی کورکا لە دەڤەری گولی سەربە قەزای زاخۆ پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول هاوسەر و منداڵەکانی بەجێ هێشتووە و لە سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان پەڕیوەتەوە و چووەتە گوندی ئەنبێ لە ورمێ و لەوێوە چووەتە ڕاژان و زێوە، لەوێشەوە گوازراوەتە بۆ بەندەر عەباس و بەندەر لنگە، منداڵ و خێزانەکەشى لەلایەن هەواڵگرى سوپا بۆ شارى ناسریەى باشوورى عێراق دوور دەخرێنەوە، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى باشوورى کوردستان گەڕاوەتەوە کوردستان و لە شارى زاخۆ نیشتەجێ بووە. ساڵی ١٩٩٧ تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، بۆ وەرگرتنى چارەسەرى ڕەوانەی وڵاتانی تورکیا، سوریا، نەمسا، ئەڵمانیا کراوە. لە ڕۆژی ٢٥ی ئایاری ٢٠١٢ لەزاخۆ کۆچی دوایی کردووە. 

ساڵی ١٩٥٨ لەسنووری باتیفا پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و کراوەتە بەرپرسی شانە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە ڕیزەکانی هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە لە هێزى دهۆک بووەتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٦٢ کراوە بە بەرپرسی ئیدارەی هەمان هێز. لەنێوان ساڵانی (١٩٦١- ١٩٦٣) بەشداری چەند خولێکی بەکارهێنانى چەکی کردووە، ساڵی ١٩٧٠ کراوە بە سەرلق و پاسەوانی سنوور لە دهۆک، ساڵی ١٩٧٤ و دوای دەسپێکردنى شەڕ لەلایەن ڕژێمی عێراق دژی هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول ، ناوبراو گەڕاوەتەوە بۆ هێزی دهۆک و بەشداری شەڕەکانی ناوچەی دهۆکی کردووە.

ساڵی ١٩٧٦ چووەتە شارى کەرەج، ساڵی ١٩٧٧ دەگەڕێتەوە بۆ باشوورى کوردستان و لەوێوە دەچێتە باکووری کوردستان و قەزای چەلێ و ئولۆدەرە و هەدریش، ئەو ناوچەیە ناوەندی پێشمەرگە گەڕۆکەکانی پارتی بووە و لەگەڵ مەفرەزە گەڕۆکە دەستوەشێنەکان درێژە بەخەباتی خۆی دەدات.

ساڵی ١٩٧٩ لەکۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتى کوردستان وەک ئەندامى کۆنگرە بەشداری دەکات، لەو کۆنگرەیەدا سەرۆک مەسعود بارزانی کڵاشینکۆفێکی بەخەڵات پێ دەبەخشێت، دوای تەواوبوونی کۆنگرە گەڕاوەتەوە بۆ کۆماتە کە بارەگای لقی یەکی لێ بووە، ساڵی ١٩٨٠ کراوە بە بەرپرسی پاسەوانەکانی لێژنەی ناوچەی زاخۆ، ساڵی ١٩٨١ ئەرکی جێگری بەرپرسی ڕێکخراوی زاخۆی پێ سپێردراوە، ساڵی ١٩٨٣ کراوە بە بەرپرسی ڕێکخراوی شەنگال لە زاخۆ، ساڵی ١٩٨٧ ئەندامی لێژنە و بەرپرسی بەشی سەربازی لێژنەی ناوچەی زاخۆ بووە.

ساڵى ١٩٨٨ دوای ئەنجامدانى  شاڵاوە بەدناوەکەی ئەنفال و کیمیابارانکردنی ناوچەی بادینان لەلایەن ڕژێمى بەعس، سەعدۆ کورکی ڕووی کردۆتە باکووری کوردستان و لەوێوە گواستراوەتەوە بۆ کەمپی پەنابەران لە ئامەد و هەر لەوێ ئەرکی لێژنەی پەنابەرانی لەئەستۆ گرتووە.

ساڵی ١٩٩١ دواى گەڕانەوە بۆ شارى زاخۆ بەرپرسیارییەتى لێژنە ناوچەى دەرکاری لە زاخۆ وەرگرتووە، ساڵى ١٩٩٢ پلەى جێگری لەشکری سێی دهۆک وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ پلەى فەرماندەی بەتالیۆنی شەش لە سوپای یەکی زاخۆ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٥ ئەرکی فەرماندەیی هێزی ١٧ی سوپای یەکی زاخۆی پێ سپێردراوە.

سەعدۆ کورکی لەژیانی پێشمەرگایەتی بەشداری چەندین شەڕی کردووە لەوانە، ساڵى١٩٦٢ شەڕی بارەگای جاسان لەگوندی بەدرک لەناوچەی جەمبور سەر بە موسڵ، شەڕی بانی دێریک لەناوچەی دۆسکی، شەڕی دهۆک، شەڕی گەلی زاویتە، ساڵى ١٩٦٣ شەڕی چیای مەتین، شەڕی چیای بێرز و بێتاس، ساڵى ١٩٨٢ شەڕی ناوچەی زەمبیل فرۆش لەناوچەی باتوفا، ساڵى ١٩٨٤ شەڕی ناوچەی زاخۆ، ساڵى ١٩٨٧ شەڕی کانی ماسێ، ساڵى ١٩٩٤  شەڕی شەقڵاوە، ساڵى ١٩٩٥ لەشەڕی گوندی بابیرێ بریندار بووە.

لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ لە یۆبێلی زێڕینی پارتی دیموکراتى کوردستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

جەوھەر ئەسعەد فەتاح ئاغا هەرکی

جەوھەر ئەسعەد فەتاح، ناسراو بە (جەوهەر ئەسعەد ئاغا)، ساڵى ١٩٥٢ لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٤ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ میدالیای بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی

تاهیر مەلا عەلی محەمەد ڕەباتی ساڵی ١٩٥٠ لە پارێزگای هەڵەبجە لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بووەتە پێشمەرگە. دوای ڕێککەوتنی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ کراوەتە پاسەوانی سنوور. ساڵی ١٩٧٣ لە لایەن حکوومەتی عێراق دەستگیر کراوە. ساڵی ١٩٧٧ پەیوەندی بە شۆڕشی گولان کردووە. ڕۆژی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ مەدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەسەن شێخ مستەفا بۆسەلی

حەسـەن شــێخ مســتەفا بۆســەلى، ســاڵی ١٩٤٨ لە گونــدی بۆسەل لە قەزای زاخــۆی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زاخۆ، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کراوە بەفەرماندەی عەمەلیاتی سوپای چوار، لەرۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

جەعفەر مستەفا مەعروف

جەعـفەر مسـتەفا مەعـروف ناسـراو بە (شـــێخ جەعـــفەری جامانەســـور)، ســـاڵی ١٩٥٧ لەگونــدی گوندی سەرکان ناوچە ســرۆچک سەربە ناحییەی بەرزنجەی پارێزگــای سلێمانی لەدایـک بـووە، سـاڵی ١٩٧٠ پەیوەندى بە ڕیــزی یەکێتــی قوتابیــانی کوردســتاندا کردووە، لەساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن بووە، ١٩٩٦ بە قایمقامی هەڵەبجەی شەهید دەستنیشان کراوە، سالانی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ وەکو قایمقامی شاری ئاکرێ لە ئەرکدا بووە

زانیاری زیاتر

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر