ژیاننامە
ساڵی ١٩٢٤ له گوندی هه‌سن بهكراى سه‌ر به ناحیه‌ی دێره‌لوك له قه‌زای ئامێدی له پارێزگای دهۆك له‌دایكبووه، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له به‌شی كشتوكاڵی زانكۆی تاشكه‌ند وه‌رگرتووه، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ریی له‌گه‌ڵ سوندس سینا بیلاڤ پێكهێناوه و كوڕێكیان هەبووه به‌ناوی یوسف سدیق. سدیق بەخشى لە دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی موسڵ دامه‌زراوە، دواى ڕاپەڕینى خەڵکى کوردستان، ساڵی ١٩٩٣ خانه‌نشین كراوه، له ١٢ ئابی ١٩٩٨ له دهۆك كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
سدیق بەخشى ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندیی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ٢ی تشرینی یه‌كه‌م به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و له ١٥ی تشرینی یه‌كه‌م به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی بیره‌كه‌پرای كردووه. له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراق ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی هەمان ساڵ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه. دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە، دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی شنۆ و نه‌غه‌ده‌ی كردووه.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە١٩ى نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ١٥ى ئایارى١٩٤٧ لە گوندى ئەرگوش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشداری کردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی پردی بلبل و سه‌رسنگی كردووه، له ٢٣ تشرینی دووه‌م به‌شداریی شه‌ڕی ده‌شتی سلیڤانا و له ڕێكه‌وتی ٧ تا ١٢ی كانوونی یه‌كه‌م به‌شداریی شه‌ڕی گه‌لی زاویته‌ی كردووه، له دوای ڕێكه‌وتنی ١١ ئازاری ١٩٧٠ بووەتە نۆینه‌ری شێخانی بارزان له ده‌شته زێ.
ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە زیدی خۆی، له ٢٥ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٨٥ تا ١٥ شوباتی ١٩٨٧ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق گیراوه، ساڵی ١٩٩١ به‌شداریی ڕاپه‌رینی شاری دهۆكی كردووه، له ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی گوڵان و ڕاپه‌ڕین له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی دووه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
-
حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژووی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
-
شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز.
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری – ٢٠٠١ز).
-
عه‌بدوڵڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤیەت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
-
له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا، سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی به تیكۆشه‌ران و دایكانی شه‌هید ده‌به‌خشێت، گوڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٨٤، هه‌ولێر، ١ ئه‌یلوولی ١٩٩٦ز.
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.