داستانى مەرگە تشرینى دووەمى ١٩٦٩

داستانى مەرگە وەک پەرچەکردارێک لە وەڵامى لەشکرکێشییەکانى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو و چەکدارانى باڵى مەکتەبى سیاسى کۆن ڕوویدا لە ٦ى تشرینى دووەمى ١٩٦٩، لەم داستانەدا پێشمەرگە سەرکەوتنێکى گەورەى بەسەر هێزەکانى حکومەتدا تۆمار کرد، توانى دەست بەسەر ناوچەکەدا بگرێت و زیانى گیانى و ماددى زۆر بە هێزەکانى حکومەت بگەیەنن.


لە پاییزى ساڵى ١٩٦٩دا لاى تەرازووى هێز و سەرکەوتن ڕووى لە شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە ئەنجامى شکستى یەک بە دواى یەکى هێزەکانى سەر بە حکومەت لە سوپا و ھێزى مغاویر و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لەو هەڵمەتە سەربازیانەى کە ناوچەکانى شۆڕشى بە فراوانى تەنی بوو بە پاڵپشتى تانک تۆپ و تەیارە و چەکى پێشکەوتوو. وایکرد کە سەرکردایەتى شۆڕش پلانێکى ورد و توکمە دابڕێژێ بۆ پەلاماردانى بەرى مەرگە و دەرکردنى سوپا و چەکدارە بەکرێگیراوەکان لەو ناوچەیە کە دوو فەوج و دوو ئەوەندەش بەکرێگیراوى جاشى تێدا بوو. 

بەشداربووانى ئەم هێرشەى پێشمەرگە کە لەلایەن سەرکردایەتى شۆڕشەوە ڕاسپێردرابوون بریتی بوون لە بەشێکى هێزى ڕزگارى و بەشێک لە هێزى کاوە و چەند یەکەیەکیش لە هێزى هەڵگورد، بە سەرپەرشتى فەرماندەکان فاخیر مێرگەسۆرى و حسۆ میرخان ژاژوکى و ڕەئیس عەبدوڵا، هەروەها فەرماندەرانى مەیدانى شەڕەکەش بریتى بوون لە عزەدین قەرەمحەمەد و مام وسو دزەیی و عەریف دەروێش و فەقێ حەمەدەمین.

٦ى تشرینى دووەمى ١٩٦٩ ڕێکەوتى دەستپێکردنى هێرشەکە بوو، پێشمەرگە وەک پلانى بۆ دانرابوو لە کات و شوێنى دیاریکراو هەڵمەتى پەلامارەکەى دەست پێکرد، هەر لە کاتژمێرى یەکەمەوە سات بە سات لە پێشڕەویدا بوون، مەسعود بارزانی لە کتێبى بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد لە باسى ئەم داستانەى پێشمەرگەدا دەڵێت: "بەشى پەیوەندى لە پاراستن هەواڵیان پێ دام کەوا پشێوى و شیرازە تێکچوون ڕیزەکانى دوژمنى تەنیوەتەوە، پارچەکانى سوپا لە فەرماندەرەکانیان دەرچوون و یاخى بوون و هەڵاتوون، بارەگاى هەردوو فەوجەکەش چوونەتە پاڵ یاخیبووان و فەرماندەى سریەیەکیش کوژراوە، هەروەها ورەى جاشەکانیش ڕووخاوە و دووژمن لە لوتکەیەکى چیاى ئاسۆس بەولاوە هیچى دیکەى بەدەستەوە نەماوە، هەرکە ئەو لوتکەیەش گیرا ئیتر سەرکەوتن بەتەواوى دێتە دەست و دوژمن مەرگە بەتەواو بەجێ دەهێڵێ.

دواى کاتژمێرێک ئەو لوتکەیەش لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە دەستى بەسەردا گیرا و هێزەکانى حکومەت بەرەو سەرسیان هەڵاتن، هەڵمەتى پێشمەرگە لەو ناوچەیەدا سێ ڕۆژى خایاند لە ماوەى ئەو سێ ڕۆژەدا تەواوى ناوچەکە کەوتە دەستى هێزى پێشمەرگە، لە ئەنجامى ئەو هەڵمەتەى پێشمەرگەدا هێزەکانى حکومەت زیانى گیانى و ماددى زۆریان پێکەوت کە بریتى بوون زیاتر لە ٢٣٠ کوژراو،  لە ناویاندا سەرۆک چەکدارێکى بەکرێگیراو (جاش) هەبوو بە ناوى عەلى عەباس ئاغا، هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و فیشەک و کەلوپەلى جەنگى و خواردەمەنى کەوتنە دەستى پێشمەرگە.

سەرکەوتنى پێشمەرگە لە داستانى مەرگە چەند ئەنجامێکى لێ کەوتەوە:

١- بەشێک لە دانیشتوانى ناوچەکە کە هەندێک لە ئاغاکانى میرئاودلیانى تێدا بوون لەبەر تروسکایی سەرکەوتنە پێشینەییەکانى سوپا نیازیان وابوو بچنە پاڵ حکومەت، بەڵام سەرکەوتنى ئەو جارەى پێشمەرگە و ئەو شکستەى کە هێزەکانى حکومەت دووچارى بوون ڕایان گۆڕا و لە هەڵوێستەکەیان پاشگەز بوونەوە تەنها تاقمێکى کەمیان نەبێ.

٢- ژمارەیەکى زۆرى هێزەکانى تاقمى سەربە مەکتەبى سیاسى کۆن بە ڕا و هەڵوێستیاندا چوونەوە و لە تاقمەکەیان هەڵگەڕانەوە و پەیوەندیان بە شۆڕشەوە کرد.

٣- هێزەکانى سوپاى عێراق لە دۆخى هەڵمەت و هێرشکاریەوە چوونە دۆخى بەرگرى، هەر بەوەشەوە نەوەستان بەڵکو بیریان لەوە کردەوە کە بە سیاسەتە شەڕانگێزیەکەیاندا بچنەوەو لە هەوڵە سەربازیە سەرکوتکارەکەیاندا واز بهێنن و بیر لە ڕێگا چارەى ئاشتى و وتووێژ بکەنەوە لە هەمبەر شۆڕشى کورد چونکە ئەوەى کە پلانیان بۆ دانابوو لە ڕێگەى لەشکرکێشى سەربازیەوە بۆیان دەستبەر نەبوو. 

ئیتر بەعسیەکان گەیشتنە ئەو بڕوایەى کە لە توانایاندا نیە شۆڕشى کورد هەرەس پێ بهێنن، ئەمەش لە وتەیەکى حەردان تکریتی وەزیرى ئەوساى بەرگرى عێراقدا دەردەکەوێت کە دەڵێت: " لە واقعدا کوردەکان لە ماوەى نیو سەدەى تەواودا بە خوڕاگرتنى پاڵەوانانەیان توانیان تا ئەو ڕادەیە حکومەت بە چۆکدا بهێنن، کە ئیتر وامان لێهاتبوو ئەگەر جەنگ بەردەوام بوایە لەوە دەترساین بەغداش بکەوێتە بەر دەستى بارزانى"هەروەها دەڵێت: "ڕێژەى قوربانیانى سوپاى عێراقى لە ماوەى یەک مانگدا پێش ڕێکەوتننامەى ١١ى ئازارى ١٩٧٠ لە هەر هەفتەیەکدا ٣٦٢ کوژراو و برینداریان هەبوو" بۆیە حکومەتی ناوەندى خۆى بۆ ڕانەگیرا و داواى ئاگربەست و گفتوگۆى لە سەرکردایەتى شۆڕش کرد لە ئەنجامدا ڕێکەوتنى ١١ى ئادارى ١٩٧٠ی لێکەوتەوە. 


سەرچاوەکان:  

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم، هەولێر -  ٢٠٠٤.

٢- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک - ١٩٩٩.

٣- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر- ٢٠٢٢.

٤- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر- ٢٠٢٣.

٥- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر - ٢٠١٩.

 

Test
Test2

بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر