حەمەڕەشید محەمەد عەبدولڕەحمان

حەمەڕەشید محەمەد عەبدولڕەحمان، پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان بووە، لە ساڵی ١٩٧٩ لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوە بەرامبەر سەربازی ئەوکاتی عێراق لە سنوری شاری هەڵەبجە لەگەڵ هاوسەنگەرێکی دەسگیرکراون و دوای سێ مانگ زیندانی لە سێدارە دراون و شەهید بوونە، یەکێکە لەو شەهیدانەی کە گۆڕی نادیارە.


حەمەڕەشید محەمەد عەبدولڕەحمان، کە ناسراوەبە حەمەی خۆرشە لە ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی سەرشاتەی دەڤەری تاگۆزی سەربە پارێزگای هەڵەبجە لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، تا قۆناغی سەرەتایی خوێندوویه‌تی، لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە شاری جوانڕۆ نیشتەجێ بووە. خێزاندار بووە و خێزانی ناوی خاوەر ئەحمەد بووە و خاوەنی یەک کوڕ و یەک کچ بووە بەناوەکانی ناسر و شەونم. 

ساڵی ١٩٦٩ بۆتە پێشمەرگە لە لقی پێنجی بەتالیۆنی حەوتی بیارەی سەربە هێزی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان. کە لەو کاتەدا حسێن بەگی وەکێڵی جوانڕۆ سەرلقی بووە. له‌ چه‌ندین شه‌ڕ بەژداری کردووە لەوانه‌ شەڕی زۆزک، شەڕی سەرتیز، شەڕی سەرتەکی بەمۆ، شەڕی هەڵەبجە، شەڕی دەربەندیخان، شەڕی خانەقین و شەڕی بانی بۆڵان.

دوای نسکۆ و ئاوارەی وڵاتی ئێران، ساڵی ١٩٧٦ بۆتەوە بە پێشمەرگە لە بەتالیۆنی تاگۆزیەکان، کە لەوکاتەدا قادر حەمەساڵح تاگۆزی فەرماندەی بووە. ساڵی ١٩٧٧ لە شەڕی بانی بۆڵانی سەربە ناحیەی بەمۆی پارێزگای هەڵەبجە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی سەربازی ئەوکاتی عێراق فیشەکی بەرکەوتووە و بە سەختی بریندار بووە. ساڵی ١٩٧٩ لە گوندی کانی ژەنانی دەڤەری تاگۆزی ڕووبەڕووی هێزێکی زۆری سەرباز و جاشی ڕژێمی ئەوکاتی عێراق بوونەتەوە، لە کاتی ڕووبەڕوو بوونەوەکە حەمەڕەشید محەمەد و هاوسەنگەرێکی بەناوی عەبدوڵا ئەحمەد دەستگیر کراون، گوازڕاونەتەوە بۆ گرتووخانەی شاری موسڵ، دوای سێ مانگ لە زیندانی ئه‌و شاره‌ لە سێدارە دراون و شەهید بوونە، یەکێکە لەو شەهیدانەی کە گۆڕی نادیارە. 


سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر