تەمەر ئەحمەد شاباز

تەمەر ئەحمەد شاباز، ساڵی١٩٥٢ پەیوەندیی بە ڕێکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بەشداریی شۆڕشی ئەیلوول(١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی کوردستانی کردووە، ساڵی ١٩٩٦ لەبەر ئەو خەبات و تێکۆشانەی بۆ کورد و کوردستان، لە لایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە مەدالیای بارزانیی پێبەخشراوە.


تەمەر ئەحمەد شاباز، ساڵی ١٩٣١ لە گوندی سرێشمەی سەر بە شارۆچکەی خەلیفان لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە. خێزاندار و خاوەنى دوو کوڕ و پێنج کچ بووە. ساڵی ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و ساڵى ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوورى کوردستان و بەشداریى ڕاپەڕینى لە دژى سوپاى عێراق کردووە و دواتر لە زێدى باب و باپیرانى نیشتەجێ بووەتەوە.

ساڵى ١٩٦٢ پەیوەندیى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە. ساڵی ١٩٦٣ دواى ئەوەى ڕژێمی عێراق پەلاماری گوندی سرێشمەی ناحیەى خەلیفان دەدات و گوندەکە دەسوتێنێت، لەگەڵ خانەوادەکەی بەرەو ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش دەچن و لە دەڤەرى باڵەک نیشتەجێ دەبن. تەمەر ئەحمەد شاباز هەمان ساڵ بەشدارى شەڕەکانى دەڤەرى قەڵادزێ و سەنگەسەر دەکات. کاتێک سوپاى عێراق پلان بۆ هێرشکردنە سەر ئەو شوێنانەى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش دەدات لە قۆڵى مێرگەسۆر و سەرى ئاکرێ و چیای پیرس بە مەبەستى داگیرکردنى گوندى بارزان و دەڤەرەکە، مەلامستەفا بارزانى نامەیەک بۆ ئەحمەد شاباز دەنێرێت بۆ ئەوەى هێرش بکەنە سەر سوپاى عێراق تاکو قورسایی شەڕ لە دەڤەرى بارزان کەم بکەنەوە، بۆیە تەمەر ئەحمەد شاباز دواى وەرگرتنى مۆڵەت لە مەلامستەفا بارزانى دەگەڕێتەوە لاى باوکى و بە هاوکارى و پاڵپشتى خەڵکى سرێشمە لە حەسارى گوندى ڕوستێی دەڤەرى باڵەکایەتى هێرشێکى فراوان دەکەنە سەر سوپاى عێراق و زەرەر و زیانێکى زۆریان پێ دەگەیەنن.

ساڵى ١٩٦٧ خانەوادەى ئەحمەد شاباز دووبارە بەهۆی سوتاندنى گوندەکەیان لەلایەن سوپاى عێراقەوە ئاوارەى دەشتى بەرزاگر لە سنوورى دەشتەهێرتى ناحیەى سیدەکان دەبنەوە و تاکو ١١ى ئاداری ١٩٧٠ لەوێ دەمێننەوە. دواى ڕێککەوتنامەی ١١ى ئادار لەسەر فەرمانى مەلا مستەفا بارزانی دەگەڕێنەوە گوندى سرێشمە.

ساڵى ١٩٨١ لەسەر ڕاسپاردەی ئیدریس بارزانی گەڕاوەتەوە بۆ شارى شنۆ لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەشداریی شۆڕشی گوڵانی کردووە، دواتر بە فەرمانى فەرەنسۆ هەریری وەکو مەفرەزە گەڕاوەتەوە بۆ خواکوڕک. ساڵى ١٩٨٧ بەشدارى شەڕى گەلى ڕەشى لە دەڤەرى سیدەکان و ساڵى ١٩٨٨ بەشدارى شەڕى نازدارداغ کە بەشێک بوو لەشەڕەکانی داستانی خواکوڕک کردووە و بریندار بووە. تەمەر ئەحمەد شاباز چەندین جار بریندار بووە و سەرجەم ماسوڵکەکانی جەستەی بە هۆی سوتانێکی زۆرەوە لە شەڕی نازداری داغ دوچاری گرفت هاتن، هەروەها ساڵى ١٩٨٧ لە  گەلی ڕەش بە هۆی ناپاڵمی قەدەغەکراوی ڕژێمەوە بە سەختی بریندار دەبێت و چاوێکی لە بینایی دەکەوێت بۆیە ساڵى ٢٠١٣ بۆ وەرگرتنى چارەسەرى پزیشکى ڕەوانەى وڵاتی نەمسا دەكرێت.

ساڵی ١٩٩١ و لە کاتی ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، ناوبراو بە ڕێگاى حاجی ئۆمەرانەوە گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و بەشداریی ڕاپەڕین و ئازادکردنی شاری ئامێدیی کردووە، دواتر کراوە بە ئەندامی فەرماندەیی هەڵگورد. ساڵی ١٩٩٤ لە لیوای تایبەتی سەری بڵند بووە و دواتر ئەرکی فەرماندەیی پێشمەرگەکانی گوندی سرێشمەی سەربە شارۆچکەی خەلیفانی پێ سپێردراوە کە نزیکەی ١٠٠ پێشمەرگە دەبوون.

ساڵى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پەنجا ساڵەى دامەزراندنى پارتى دیموکراتى کورستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانییەوە میدالیاى بارزانىی پێ بەخشراوە.

لە ٢٩ى تەمووزى ٢٠١٥ بەهۆی کاریگەرى برینەکانىەوە کۆچى دوایی کردووە و لەسەر داخوازى خۆى و بە ئامادەبوونى نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانی و جەماوەرێکى زۆرى ناوچەکە، لە گوندى سرێشمەى زێدى باب و باپیرانى بەخاک سپێردراوە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت حەسکو دۆلەمەری

عەبدوڵا حەسەن ئیبراهیم، ناسراو بە (شەوکەت حەسکو دۆلەمەری)، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی خۆشکان قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. لە ٩ی ئایاری ١٩٨٠دا پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

سەعید مەحمود ساڵح دۆڵەمەری

سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەلیل دەسکۆ حادێ

خەلیل دەسکۆ حادێ، ناسراو بە (خەلیل دەسکۆ)، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی سەرۆکانی قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول. شوفێرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە تا ساڵى ١٩٩١. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر