کۆنگرەی گشتی کۆیە

كۆنگره‌ی گشتی كۆیه‌ - (كۆنگره‌ی گشتی نیشتمانی كۆیه‌ – ١٨ی ئاداری ١٩٦٣)، له‌سه‌ر پێشنیاری سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی فه‌رمانده‌ی گشتی شۆڕشی ئه‌یلوول و به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و كه‌سایه‌تییه‌ نیشتمان په‌روه‌ره‌كان له‌گشت چین و توێژه‌ جیاكان له‌ شاری كۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی دانووستان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی به‌عسی عێراقی ئه‌نجامدرا.


هۆكاره‌كان

دوای سه‌ركه‌وتنی كوده‌تای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ و ده‌سه‌ڵات گرتنه‌ده‌ستی حزبی به‌عس له‌ عێراق، چه‌ند گه‌ڕێكی دانوستان له‌ نێوان نوێنه‌رانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و حكومه‌تی نوێی عێراق سه‌باره‌ت به‌و به‌ڵێنانه‌ی كوده‌تاچییه‌كان پێش گرتنه‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵات به‌ سه‌ركردایه‌تی شۆڕشیان دابوو ئه‌نجامدران كه‌ دواترینیان چوونی شاندی شۆڕش بوو بۆ به‌غدا و هه‌ردوو و‌ڵاتی میسر و جه‌زائیر.

به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی دانوستانه‌كان ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان نه‌بوو‌، حكومه‌ت ئه‌مجاره‌ هه‌و‌ڵیدا له‌ ڕێگه‌ی ناردنی چه‌ند شاندێكی فه‌رمی بۆ لای سه‌رۆك مستەفا بارزانی درێژه‌ به‌ گفتوگۆ‌كان بدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ یه‌كه‌م شاند به‌ سه‌رۆكایه‌تی تاهیر یه‌حیا سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپا و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، له‌ چوارقوڕنه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی پڕۆژه‌ی ئۆتۆنۆمی و داواكارییه‌كانی شۆڕشی دایه‌ ده‌ست شانده‌كه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێكردن ئه‌گه‌ر تا كۆتایی وه‌رزی به‌هار داخوازییه‌كان جێبه‌جێ نه‌كرێن ئه‌وا‌ شه‌ڕ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌، پڕۆژه‌كه‌ خرایه‌ به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، ئه‌وانیش له‌ لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ هه‌وڵی كه‌مكردنه‌وه‌ی داخوازییه‌كانیاندا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و گۆڕینی هه‌ڵوێستی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش، شاندێكی تر نێردرایه‌وه‌ چوارقورنه‌ و له‌وێ جارێكیتر چاویان به‌ سه‌رۆك مستەفا بارزانی كه‌وته‌وه‌ و به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌سه‌ر چه‌ند خاڵێك ڕێككه‌وتن، له‌ ١١ی ئاداری ١٩٦٣ ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ پرسی كورد و داخوازییه‌كانی تێدا یه‌كلاكردبووه‌وه‌.

به‌یانه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش شتێكی ئه‌وتۆی بۆ كورد تێدا نه‌بوو، دانوستانه‌كانیش ئه‌نجامێكی ئه‌وتۆیان لێ نه‌‌كه‌وته‌وه‌، له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ سه‌رۆك مستەفا بارزانی به‌ پێویستی زانی بۆ پرسێكی نیشتیمانی له‌م شێوه‌یه،‌ پرس و ڕاوێژ به‌ مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركرده‌ نیشتیمانپه‌روه‌ره‌كان بكات و كۆنگره‌یه‌كی گشتی سازبدات، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ نێرده‌ی تایبه‌تی خۆی نارده‌ هه‌موو سوچێكی كوردستان، بۆئه‌وه‌ی نوێنه‌ری خۆیان بنێرنه‌ كۆنگره‌، دوای ته‌واوبوونی ئاماده‌كارییه‌كان، له‌ ١٦ی ئاداری ١٩٦٣ نوێنه‌رانی ته‌واوی چین و توێژه‌ جیاكانی كۆمه‌ڵگا، به‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاینه‌ جیاوازه‌كانه‌وه، سه‌ركرده‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان، فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول و سه‌رۆك هۆزه‌ شۆڕشگێڕه‌كان گه‌یشتنه‌ شاری كۆیه‌.


به‌ستنی كۆنگره‌

كۆنگره‌ له‌ ڕۆژانی ١٨ تا ٢٢ی ئاداری ١٩٦٣، به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مستەفا بارزانی، له‌ ژێر چه‌تری هێزی پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئەیلوول و له‌ ماڵی كاكه‌ کاکە زیاد ئاغای کۆیە، به‌ ئاماده‌بوونی ٢٥٠٠ كه‌س ساز درا كه‌ ٢٠٠ كه‌سیان مافی ده‌نگدانیان هه‌بووە، مه‌به‌ستی ئه‌م كۆنگره‌یه‌ گەڵاڵەكردنی داخوازییه‌كانی كورد بوو لە حکومەتی عێراقی، له‌ ئه‌نجامدا شاندێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی جەلال تاڵەبانی پێكهێنرا كه‌ بریتیبوون له‌ ساڵح یوسفی، مه‌سعود محه‌مه‌د، حسێن خانه‌قا، عەبدولسەمەد محەمەد بەنا ، حه‌بیب محه‌مه‌د كه‌ریم، عه‌گید سدیق، شاخه‌وان نامیق، بابه‌كر ڕه‌سول، مسته‌فا عه‌زیز و ئیحسان شێرزاد، له‌ مانگی ئاداری ساڵی ١٩٦٣دا شاندەکە ڕه‌وانه‌ی به‌غدا كرا.

هه‌موو دانوستاندنەکان بێ ئه‌نجام بوون، لایه‌نی ده‌سه‌ڵاتداری كوده‌تاچیی به‌غدا بیری له‌ یه‌كگرتنی له‌گه‌ڵ كۆماری میسر و كۆماری سوریا ده‌كرده‌وه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ یه‌ك كۆماری یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی. هه‌روه‌ها شاندی كوردی به‌ سه‌رۆكایه‌تی جەلال تاڵەبانی به‌ مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتگیری جه‌مال عه‌بدولناسر، بۆ جاری دووه‌م له‌گه‌ڵ شاندێكی حکومەتی عێراقدا سه‌ردانی قاهیره‌ی پایته‌ختی كۆماری عه‌ره‌بی یه‌كگرتووی كرد.

به‌ڵام دانوستاندنەکان بێ ئاكام بوون و له‌ سه‌ره‌تای مانگی حوزه‌یرانی ساڵی ١٩٦٣دا، شه‌ڕی یه‌كلایه‌نه‌ و كتوپڕ له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه‌ بۆ سه‌ر كوردستان ده‌ستی پێكرده‌وه‌، به‌شێك له‌ شانده‌كه‌ له‌ شوێنی نێشته‌جێبوونیان هه‌ڵاتن و ئه‌وانیتر له‌ ٩ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ كوردستان له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی کەرکووک ده‌ستبه‌سه‌ركران.


سه‌رچاوه‌كان:

  1.  مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٦١ـ ١٩٧٥، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ـ ٢٠٠٤ز).
  2.  مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان، كۆنگره‌ و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، به‌رگی یه‌كه‌م و دووه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠٢١).
  3.  محمود الدرة، القضیة الكردیة والقومیة العربیة في معركة العراق، (بیروت ـ منشورات دار الطلیعة ـ ١٩٦٣م).
  4.  حبیب محمد كریم، تأریخ الحزب الدیمقراطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
  5.  ئه‌حمه‌د دڵزار، بیره‌وه‌ری ڕۆژانی ژیانم، (هەولێر - وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری و لاوان - چاپخانه‌ی شه‌هاب - ٢٠١٩ز).
  6.  كریس كوچرا، جنبش ملی كرد، ترجمه‌ی ابراهیم یونسی، چاپ دوم، (تهران ـ موسسه‌ انتشارات نگاه ـ ١٣٧٧ھ . ش).
  7.  سه‌ڵاح ره‌شید، مام جه‌لال دیداری ته‌مه‌ن له‌ لاوێتییه‌وه‌ بۆ كۆشكی كۆماری، (سلێمانی – چاپخانه‌ی كاردۆ – ٢٠١٧).
  8.  صلاح الخرسان، التیارات السیاسیة في كردستان العراق، قراءة في ملفات الحركات و الأحزاب الكردیة في العراق ١٩٤٦-٢٠٠١، (بیروت – مطبعة البلاغ – ٢٠٠١م).

بابەتی پەیوەندیدار

شۆڕشی دووەمی بارزان

دوای ئه‌وه‌ی ‌بارزانییه‌كان له‌ ساڵی ١٩٣٩ لە باشووری عێراقەوە ده‌گوازرێنه‌وه‌ سلێمانی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی‌ بارودۆخی ژیانیان باشتر بێت، به‌ڵام بەهۆی هەڵوێستی شێخ مسته‌فا قه‌ره‌داغی، موته‌سه‌ریفی ئه‌وكاتی سلێمانی بارودۆخی گوزەرانیان خراپتر بوو، چونکە ناوبراو ڕێگای به‌ خه‌ڵكی شاری سلێمانی نەدەدا یارمه‌تییان بده‌ن.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان

ڕۆژی ٣ی تشرینی دووه‌می ٢٠٢٢ کۆنگرەی چواردەیەم له‌ شاری دهۆك و به‌ ئاماده‌بوونی ١٠٢٢ نوێنه‌ر  له‌ كۆی ١٠٦٥ نوێنه‌ر كه‌ مافی به‌شداریكردنی كۆنگره‌یان هه‌بوو له‌ سه‌رجه‌م ڕێكخستنه‌كانی پارتی له‌ ژێر (دروشمی ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری) ده‌ستی به‌ كاره‌كانی خۆی كرد.

زانیاری زیاتر

پارتی دیموکراتی کوردستان

پارتی دیموکراتی کوردستان (پ.د.ك)، به‌ ڕێنووسی لاتینی (Partiya demokrata kurdestanê)، به‌ زمانی ئینگلیزی (kurdistan democratic party) و به‌ زمانی عه‌ره‌بی (الحزب الدیموقراطي الكوردستاني)، پارتێکی نیشتمانی دیموکراتیی جەماوەرییە، له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی ئابی ١٩٤٦ به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مسته‌فا بارزانی له‌ شاری به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌كی نهێنی دامه‌زرا....

زانیاری زیاتر

شۆڕشی گوڵان

شۆڕشی گوڵان- (شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز – ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦). ‌ له‌ لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ به‌ سه‌رپه‌ر‌شتی سەرۆک مەسعود بارزانی دژی حكوومه‌تی به‌عسی عێراق له‌ باشووری كوردستان هه‌ڵگیرسا و تا ڕاپه‌ڕینی به‌هاری ساڵی ١٩٩١ به‌رده‌وام بوو.

زانیاری زیاتر

کۆنگرەی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان

كۆنگره‌ی سێزدەیەمی پارتی دیموكراتی كوردستان (پارتی دیموکراتی کوردستان - ١١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ )دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق ساڵی ٢٠٠٣ و گۆڕانكاری گه‌وره‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، له‌ كه‌شێكی ئاسایی له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدرا.

زانیاری زیاتر