پرسی ئاوارەیی و پەنابەری، بە یەکێک لە دیارترین دەرهاوێشتەکانی ململانێی سیاسی و سەربازی لە مێژووی هاوچەرخی کوردستاندا سەیر دەکرێت. گەلی کورد لە باشووری کوردستان لە چەندین قۆناغی جیاوازدا بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکاری و هێرشە توندوتیژەکانی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، ناچارکراوە نیشتمان جێبهێڵێ و پەنابباتەبەر وڵاتانی دراوسێ. ''لە زۆر قۆناغدا، کورد لە پارچەکانى تیایدا دەژیت ناچار بە ئاوارەبوون کراوە چى لەناوخۆى وڵاتەکەیدا، یان بڕینى سنوورەکان بۆ وڵاتانى دراوسێ لە ئاکامى فشارخستنەسەر و توندوتیژى بەدەر لە تواناى خەڵکەکە بۆ مانەوە. بۆیە گەلێ جاریش لەلایەن سەرکردایەتى شۆڕشەکانەوە، بۆ پاراستنى گیانى هاووڵاتیان لە مەترسیەکانى شەڕ و پێکدادانەکان، بەناچارى بڕیارى کۆچکردن و ئاوارەبوونى بەکۆمەڵ دراوە.'' (عبدالرحمن على کوردە، ٢٠١٨: ٣٤).
لە مێژووى نوێى کورددا بەرایى لێشاوەکانی کۆچکردنی بەکۆمەڵ بۆ سەرەتای سەدەی بیستەم و سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی بارزان دەگەڕێتەوە. لە ساڵی ١٩٣٢دا و دواى ئەوەى ئینگلیز و حکومەتى مەلەکى ئەوساى عێراق بە هەموو هێزیانەوە هەوڵى شکستپێهێنانى شۆڕشى یەکەمى بارزانیان دا، بەهۆی گوشارە سەربازییەکان، زەمینەسازی بۆ کۆچکردن بەرەو باکووری کوردستان کە لە ژێر دەستى تورکیایە، کرا: ''بە هاتنى مانگى حوزەیران، ڕێ خۆش کرا بۆ چوونە ناو تورکیا و بەجێهێشتنى عێراق، لە ١٠/٦/١٩٣٢ ماڵ و منداڵ لە (دۆڵى زێت) و گوندەکانى دەوروپشتى خڕبوونەوە بۆ ئامادەیی چوونە ناو تورکیا'' (مەسعود بارزانى، ٢٠٢٠: ٤٦).
ئەم پرۆسەیە لە ساڵی ١٩٤٥ و لە کاتی شۆڕشی دووەمی بارزاندا ڕەهەندێکی فراوانتری وەرگرت، کاتێک هێزەکانی حکومەتی عێراق بە تانک و تۆپ هێرشیان کردە سەر ناوچەکە: ''لە ١١ى تشرینى یەکەمى ١٩٤٥ دوایین پێشمەرگەى شۆڕشى بارزان بە یاوەرى مستەفا بارزانى لەگەڵ ٣٥ هەزار ژن و پیاو و لاو لەژێر فشارى تانک و تۆپى حکومەتى عێراقى لە ڕێگاى کێلەشین سنووریان تێپەڕاند و پەڕینەوە کوردستانى ڕۆژهەڵات.'' (مستەفا محەمەد کەریم، ٢٠٢٢: ٢٣٧-٢٣٨).
لە کتێبى ''بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد'' وردەکاریى چوونە ناو خاکى ڕۆژهەڵات بەمشێوەیە خراوەتەڕوو: ''کاتێ بارزانییەکان لە ١١/١٠/١٩٤٥ لە ڕێگەى کێلەشین-مەرگەوەڕ (داڵامپەر)ەوە، چونە کوردستانى ئێران، باڵەفڕەى عێراقى تا دوا پنتى سنوور بەدواى ماڵ و خێزانەکانەوە بوون. ئەم کشانەوەیە زۆر بە وردى و بە ڕێک و پێکى جێبەجێکرا، بەجۆرێک کە نە یەک خێزان بەجێما و نە یەک کەس کەوتە دەستى دوژمن. شێخ ئەحمەدى بارزان خۆى لەگەڵ خێزانەکاندا دەڕۆیشت و هاوبەشى ماندوویەتى و ڕەنجیان بوو. شۆڕشگێڕەکانیش بەدواى خێزانەکانەوە بوون، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ کوردستانى ئێران، زۆر بە گەرمى پێشوازى کران و برا کوردەکانى ئێران کەوتنە یارمەتى دانیان و بەسەر (٤٩) گونددا دابەشیان کردن، کە ماڵ و خواردنیان لەگەڵدا بەشکردن'' (مەسعود بارزانى، ٢٠٢٠: ٤٦). ئەم هەزاران کەسە تا دەمى ڕووخانى کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان مانەوە، بەڵام لە ١٩٤٧ ناچاربوون ئەوێ بەجێبێڵن و ڕووبکەنەوە هەوارى خۆیان.
ئاوارەکانى شۆڕشی ئەیلوول و پەنابەرانى دواى نسکۆی ١٩٧٥
ئەم قۆناغە بە یەکێک لە قوڕسترین و بەربڵاوترین قۆناغەکانی پەنابەری دادەنرێت، کە لە ١١ی ئاداری ١٩٧٤ تا ٦ی ئاداری ١٩٧٥ی خایاند: ''قۆناغا ئێکێ ١١ى ئادارا ١٩٧٤- ٦ێ ئادارا ١٩٧٥ ژبەر هێرشا سوپایێ عیراقێ بۆ سەر دەڤەرێن ژێر دەسهەلاتا شۆڕەشا ئەیلوولێ ژمارەکا خەڵکێ سڤیل ماڵ و حالێ خۆ بجه هێلان و قەستا جهێن دویرتر کرن و بوونە ئاوارەیێن نافخویی ل کوردستانێ، بەلێ دگەل بەردەوام بوونا وان هێرشان ژمارا پەنابەران ژى ڕۆژ بۆ ڕۆژێ زێدەتر لێهات، و ڕەوشا وان ژ هەمى لایەکێڤە خراپتر لێدهات، چونکە ئەو دەڤەر زۆربەى چیایى بوون و هیشتا کەش و هەوا زۆرێ ساربوو و جهێن ڤەحەواندنێ ژى زۆر دکێم بوون، ژبەرهندێ پێلەکا ب کوم کو پارتى دیموکراتى کوردستان د بەلاڤۆکێن خۆدا ب (٨٠٠٠٠) کەس قەلەم دابوون، د دەمێ دوو هەیڤاندا ژ نیسانێ هەتا دۆماهیا گۆلانێ ل ساڵا ١٩٧٤ ژ ترسا وان هێرشان پەنابەرى وەڵاتێ ئێرانێ بوون و هژمارەکا کێم ژى بە نەپەنى چوونە دناڤ سنورێ تورکیادا. (فەتاح محەمەد وەڵاتژێرى، ٢٠٢٤: ٦٠). چوونى زیاتر لە هەشتا هەزار کەس بۆ ناوچە ئازادەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش کارەساتێکى چاوەڕواننەکراو بوو، چونکە ئەو خەڵکەى ئاوارەببوون بەشێکى زۆریان شتێکى ئەوتۆیان لەبارەى ژیانى گوند نەدەزانى و سەرچاوەیەکى دارایى ئەوتۆشیان نەبوو، شۆڕشیش ئەو توانا داراییە گەورەیەى نەبوو بتوانێ سەرەتاییترین پێداویستیان بۆ دابینبکا، لەمەش سەختتر؛ نەبوونى هیچ هاوکاری و پاڵپشتییەک بوو لەلایەن ڕێکخراوە خێرخوازییە نێودەوڵەتییەکان.
هۆکارى ئەم کارەساتەش زیاتر ئەوەبوو: ''حکومەتێ بتنێ خەڵکێ ناوچێن شۆڕشێ دەربەدەر نەکرن، بەلکو دەستێ خۆ ژ هاولاتیێن کوردێن ئاکنجى ل کەرکوک و موسل و بەغدا ژى نەپاراست و هەرکەسێ پەیوەندى ب شۆڕەشێڤە کرى ئەگەر رژێمێ زانیبا خێزانێن وان ژ ماڵ دکرنە دەرێ'' (فەتاح محەمەد وەڵاتژێرى، ٢٠٢٤: ٦٣).
هەروەها بۆچوونی جیاواز لەسەر ئاماری گشتی ئەم قۆناغە هەیە بەهۆی نەبوونی دەزگای سەرژمێری ورد لەو سەردەمەدا: ''جوداهیێن زۆر دناڤبەرا ژێدەران لسەر ژمارا پەنابەرێن کورد ل ئیرانێ دڤێ ماوەیێ دیروکیدا یا هەى، ئەگەرێ ڤێ ئێکێ ژى بۆ هندێ دزڤریت کو سەرکردایەتیا شۆڕەشا ئەیلوولێ چ ئامارێن سەراستکرى ل بەر دەست نەبوون.. بەڵێ خالا هەڤپشک دڤان ئاماراندا ئەوە، ئەو خەڵکێ هەر ژ دەستپێکا شەڕێ ساڵا ١٩٧٤ هەتا پشتى دۆماهى هاتنا شۆڕەشا ئەیلوولێ ل ئادارا ١٩٧٥ کوردستانا عیراقێ بجەهێلایى و بەرەڤ وەڵاتێ ئێرانێ پەنابەر بوون دەوروبەرێ (٢١٠٠٠٠) کەسان بوون. دڤێرەدا دیاردبیت ژ سەرجەمێ (١٥٠٠٠٠٠) کەسێن ل ژێر دەستهەلاتا شۆڕەشا ئەیلوولێ نێزیکى (%١٤) ژ خەڵکێ وێ پەنابەربوون. ئەڤەژى بۆ وى دەمى ژمارەکا ئێکجار زۆر بوویە'' (فەتاح محەمەد وەڵاتژێرى, ٢٠٢٤: ٩٢).
دوای نسکۆی ١٩٧٥ و ڕێککەوتننامەی جەزائیر، بارودۆخەکە دژوارتر بوو: ''لەگەڵ ڕاگەیاندنی ڕێککەوتننامەی شوومەکەی جەزائیر، ژمارەیەکی زۆری جەماوەری کوردستان ئاوارەیییان هەڵبژارد و چارەنووسی خۆیان بە بارزانی و شۆڕشەوە بەستەوە و بەرەو دواڕۆژێکی نادیار بەڕێ کەوتن. نسکۆی ساڵی ١٩٧٥، بە ڕادەیەک گەورە و مەترسیدار بوو کە تەنانەت ژمارەیەک لەو کەسانەی کاتی خۆی پلە و پایەیەکی گەورەیان لەناو شۆڕشدا هەبوو، تووشی دارووخان و بێهیوایی بوون و خۆیان پێ ڕانەگیرا، بۆیە ژمارەیەک لەوانە ڕوویان لە دەرەوە کرد. کەچی ژمارەیەکی زۆر لە دڵسۆزان و هەژارانی گەلەکەمان خۆیان ڕاگرت و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە سەختی و دەربەدەری و ئازارێک بوونەوە و ئامادە نەبوون لەژێر هیچ هەڕەشە و گوشارێکدا دەستبەرداری ڕێباز و سەرۆکەکەیان بن. هەر لە هەڕەشە و گوشارەکانی ساواک و بۆردومانکردن و باری قورسی ژیانی ئاوارەیی و هەندەرانەوە تا هاندان و هەڵڕشتنی پارە و پلە بە ناوی جیا جیاوە لەپێناو ڕاکێشانی پەنابەران و دوورخستنەوەیان لە پارتی.'' (مەسعود بارزانى،٢٠٢١: ١٥٦-١٥٧ ). هەر ئەوەش وا لە سەرۆک مەسعود بارزانى کردووە لە کتێبە مێژووییەکەیدا ئەمە بنووسێ: ''بە پێویستی دەزانم لێرەدا سوپاسی بێپایانی خوشک و برا پەنابەرەکانم بکەم لە سەرانسەری ئێران و بەتایبەتی ئەو پەنابەرانەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بوون، کە سەرەڕای هەموو قورسیی و گوشار و نالەباری و لاوازیی باری ژیان و گوزەرانیان، خۆڕاگر بوون و ئامادە بوون بۆ هەموو قوربانییەک لەپێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و ڕێبازی پارتی و شۆڕشەکەیدا، چونکە نالەباریی ژیان، قورسایییەکی یەکجار زۆری خستبووە سەر شانیان و تەنانەت بەشى زۆریان بژێوی ژیانیان لەسەر کاری ڕۆژانەیان بوو. (مەسعود بارزانى،٢٠٢١: ١٥٦-١٥٧ )
خۆڕاگری جەماوەر و پەیڕەوکارانى ڕێبازى بارزانى لەم قۆناغەدا بووە داینەمۆی ڕێکخستنەوەی هێزەکان: ''بە مەبەستى باشتر بەڕێوەبردنى کاروبارەکان، من کاک ئیدریس لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە ئەو، خۆى بۆ بەڕێوەبردن و سەرپەرشتى کاروبارى پەنابەر و ئاوارەکان کە نزیکەى سەد و هەشتا هەزار کەس بوون، تەرخان بکات. منیش ئەرکى سەر لەنوێ ڕێکخستنەوەى ڕیزەکانى پارتایەتى بگرمە ئەستۆ و لە قۆناغى دووەمدا دەست بە شۆڕش و خەبات بکەینەوە، هەموو هەنگاوەکانمان بەیەکەوە و بە ئاگادارى یەکترى نا'' (مەسعود بارزانى، ٢٠٢١: ٢١). ئیدریس بارزانی بە هاوکاری ژمارەیەک لە کادیرانی شۆڕش، لێژنەی تایبەتی بۆ سەرپەرشتیکردنی کەمپەکان (ئۆردوگاکانی وەک زێوە، سەرپێڵی زەهاو، کەرەج و شوێنەکانی دیکە) پێکهێنا. ئامانجی یەکەم دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک نیشتەجێکردن، خۆراک و دەرمان بوو لە ڕێگەی هەماهەنگی لەگەڵ مانگی سووری ئێران و ڕێکخراوە مرۆییەکان و دواى ئەمەش پرسى خوێندنى منداڵانى زۆر بەلاوە گرنگ بوو، بۆیە هەموو هەوڵێکى دا کە منداڵانى کورد بچنە بەر خوێندن.
وێڕاى دابەشبوونیان بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا، نەوەی نوێی پەنابەران پێشەنگ بوون لە خوێندندا: ''شوکور بۆ خودا گەنجێکی زۆر لەناو پەنابەران لەو بارودۆخە نالەبارەدا توانییان بخوێنن و خۆیان پێبگەیەنن، تەنانەت لە ناوەندەکانی خوێندندا ئاستی زۆر باڵا تۆمار بکەن. هەمیشە قوتابییە پەنابەرەکانمان لە قوتابخانەکانی ئێران، سەرەڕای هەژاری و دەستکورتی، لە قوتابییە زیرەک و یەکەمەکانی قوتابخانەکان بوون. خوشک و برا پەنابەرەکانمان کە بەهۆی بەرنامەی ڕژێمی شا بەسەر هەموو پارێزگاکان و ناوچە دوورەدەستەکاندا پەرتبووبوون و پەڕاکەندە کرابوون، لە غەریبیدا پارێزگارییان لە زمان و داب ونەریتەکەی خۆیان دەکرد و بیروباوەڕی خۆیان بە ڕێبازی بارزانی و کوردایەتی دەپاراست.'' (مەسعود بارزانى،٢٠٢١: ١٥٦-١٥٧ )، ئەمەش دواى گەڕانەوەى پەنابەرانى کورد لە ئێران و وڵاتانى دیکە زۆر بەرجەستەبوو و زۆرینەى هەرە زۆریان بە ئاستى جیاواز یان خاوەنى بڕوانامە بوون، یان خەریکى خوێندن بوون.
- قۆناغی دووەمى پەنابەران ١٩٧٩-١٩٨٧
ڕژێمى بەکر و دواتریش سەدام پارەیەکى باشیان لە فرۆشتنى نەوت دەسکەوتبوو و بەمهۆیەوە لەشکریان بە چەکوچۆڵى زۆر نوێ تەدارەک کردبوو. سەدام شەڕى لەگەڵ ئێران هەڵگیرساند و ناسنامەى لە دەیان هەزار کوردى فەیلى ستاندەوە و ناچارى کردن ئێراق بەجێبێڵن و ئاوارەى ئێران ببن. دواى ئەمە هەڵمەتى ئەنفالى دەستپێکرد و زیاتر لە هەشت هەزار گەنج و پیاوى بارزانى ئەنفال کرد، بۆیە هەر بارزانییەک لەوکاتەدا توانیباى سنوور ببڕێ ئاوارەى ئێران دەبوو، چونکە دڵنیابوو لەوەى ئەگەر لێرە بمێنێتەوە، بەرەوڕووى چارەنووسێکى نادیار دەبێتەوە.
قۆناغە جیاوازەکانى ئەنفال کە لە دژى کورد لەو ماوەیەدا پەیڕەوکران، هۆکارێکى دیکە بوون وایانکرد هاووڵاتیانى بێتاوان ماڵ و حاڵیان بەجێبێڵن و ڕوو لە وڵاتانى دراوسێ بکەن. هەروەها بەهۆى شەڕى عێراق و ئێران؛ ڕژێمى بەعس تەواوى گوندە سنوورییەکانى چۆڵکرد، ئەمەش وایکرد ژمارەیەک هاووڵاتى ئاوارەى ئێران بن. ئەمە بێجگە لەوەى دەیان گەنجى کورد بەهۆى سەربازیى زۆرەملێوە کوردستانیان بەجێهێشت.
-
قۆناغى دواى کیمیابارانى هەڵەبجە ١٩٨٨
ڕژێمى بەعس لە ١٦ى ئادارى ١٩٨٨ شارى هەڵەبجەى کیمیابارانکرد و زیاتر لە ٥٠٠٠ هاووڵاتى بێگوناهى شەهیدکرد. لەو ڕۆژەدا تەواوى هاووڵاتیانى هەڵەبجە و شارەدێ و گوندەوارەکانى دەوروبەرى بەرەو ئێران ئاوارەبوون کە زۆرینەیان ژن و منداڵ بوون و ژمارەیەکى بەرچاویشیان بەرکەوتەى چەکى کیمیایى بوون. ''کیمیابارانی هەڵەبجە و چەند شوێنێکی تری کوردستان لە ساڵی (1988) و ڕاوەستانی شەڕی هەشت ساڵەی خوێناوی (عێراق - ئێران) لە (1988/8/8)، هەزاران هاووڵاتی بە ماڵ و منداڵیانەوە ئاوارەی ئێران ببوون و لە ئۆردوگا و لادێ و شار و شارۆچکەکانی ئێران لە ژیانێکی کۆڵەمەرگی و هەژاری و نەداری نیشتەجێ کرابوون.'' (عبدالرحمن على کوردە، ٢٠١٨: ٣٧). ئەگەر پەنابەرانى پێشوو بەهۆى زۆرییانەوە بارگرانى بووبن، ئەوا ئاوارەکانى ئەم قۆناغە بەهۆى خراپى بارى تەندروستییانەوە بارگرانى زۆریان دروستکرد و ئێرانیش تاکە وڵات بوو کە هاوکاریى ئاوارەکانى دەکرد، چونکە وڵاتانى دیکە بەهۆى پەیوەندیى باشیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانى بەعس و حکومەتى عێراق خۆیان لە بابەتەکە بواردبوو.
پێکهاتەی کۆمەڵایەتیى پەنابەران
کۆمەڵگەی پەنابەرانی کورد لە ئێران فرەڕەنگ و هەمەجۆر بوو لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە: ''لسەر ئاستێ ئایینى و نەتەوەیى کا چاوا پێکهاتەیا جڤاکێ کوردستانێ یێ رەنگاورەنگ و هەمەجور بوو وەسا دناڤ پەنابەران ژى ژمارەکا زۆر ژ نەتەوە و ئاینێن ژێک جودا وەکى ئاشورى و ئێزدى کاکەیى هەبوون'' (فەتاح محەمەد وەڵاتژێرى، ٢٠٢٤: ٩٢).
لە ڕووی کارگێڕییەوە، پەنابەران بەپێی بەڵگەنامە فەرمییەکان بۆ ١٠ گروپی جیاواز دابەشکرابوون: ''د بەڵگەنامێکدا بناڤێ (دستورێ کاروبارێ پەنابەرێن کوردێن ئیراقێ)، پەنابەر لسەر (١٠) جوران دابەشکرینە، ئەو ژى ١- سەرکردێن پەنابەران ٢- پەنابەرێن ژ هوزا بارزان خێزانێ نێزیک مەلامستەفا بارزانى، ٣- ئەفسەر و پلەدارێن سوپا و پۆلیس و دەزگەیێن ئەولەهیێ یێن عیراقێ، ٤- کادرێن کارگێڕە و ڕێڤەبەرێن میرى و هونەرى یێن شۆڕەشا کوردى، ٥- کادرێن تەندروستى وەکى نوژدار و هاریکارێن نوژدارى و برینپێچ، ٦- پێشمەرگە، ٧- خێزانێن بێسەپەرشت (خێزانێن شەهیدان) و کەسێن دانعەر و پەککەفتى، ٨- پەنابەرێن ئاسایی، ٩- قوتابى، ١٠- مامۆستا'' (فەتاح محەمەد وەڵاتژێرى، ٢٠٢٤: ٩٣)، ئەمەش ڕەنگە مەبەستەکەى دووسەرە بێ، لەلایەک دەسەڵاتدارانى ئێران بەرچاوڕوونیان دەبێ کە لەناو ئاوارەکان چ کەسانێک هەن و سەریان لە چى دەردەچێ و بۆ چ کارێک بەکەڵک دێن، لاکەى دیکەشى ئەوەیە بە ئاسانى دەتوانرێ کۆنتڕۆڵ بکرێن و ڕێگە نەدرێ بە ئاسانى بجووڵێنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران لە قۆناغە جیاوازەکاندا فۆرمی جیاوازی پێناسیان بۆ ڕێکخستنی کاروباری یاسایی ئاوارەکان بەکارهێناوە، ''هەموو ئاوارەیەک لە جمهورى ئیسلامى ئێران دەبوایە هەڵگرى پێناسەى فەرمى ئاوارەبوون بێت کە لەلایەن دەسەڵاتێکى تایبەتمەندەوە(امور پناهندگان-بەشى کاروبارى ئاوارەکان) کە دواتر بووە بە (امور اتباع خارجى- بەشى کاروبارى بیگانەکان)ى تایبەت بەم ئەرکە پێى بدرێت.. ئاوارەکانى ساڵى (١٩٧٤)، خاوەن پێناسەیەکى تایبەت بوون بەناوى (دەفتەرچە) لە ئێرانی شاهنشاهى. ئاوارەکانى دواى شۆڕشى ئیسلامى ئێران تا ساڵى (١٩٨٨)، پێناسەیەکى تایبەتیان هەبوو بەناوى (کارتى سەوز). ئاوارەکانى دواى کیمیاباران و ئەنفالەکان و کۆچى بە کۆمەڵى ئەم قۆناغەش لە ناوەڕاستى (١٩٨٨) بەدواوە، پێناسەیەکى تریان پێ دەدرا بەناوى (کارتى سپى)'' (عبدالرحمن على کوردە، ٢٠١٨: ٥٩)، هەر یەک لەم کارتانە چەند تایبەتمەندییەکیان هەبوو و هەڵگرێکى لەوەى دیکە جیا دەکردەوە، بۆ نموونە هەڵگرى کارتى سپى نەیدەتوانى شارەکەى خۆى بەجێبێڵێ و چۆنى بوێ ئاوا شارەکانى ئێران بگەڕێ، بەڵام ئەوانەى دەفتەرچەیان هەبوو ئاسنتر ئەم کارەیان بۆ ڕایى دەبوو.
-
ڕۆڵى پەنابەران لە هەڵگیرساندنەوەى شۆڕش
سەرەڕای سەختی و دەستکورتی، پەنابەران ڕۆڵێکی گرنگیان لە پشتگیریکردنی دارایی شۆڕشدا گێڕا: ''لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی بەرچاویان لە بارودۆخێکی قورسی ژیان و هەژاریدا دەژیان، کەچی بە خۆڕاگرییان بوونە هۆکاری دەستپێکردنەوە و بەرەوپێشوەبردنی شۆڕش و بەهێزبوونەوەی پارتی لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندا. پەنابەران و دڵسۆزانی گەلەمان، بە خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتنیان، بوونە هۆکاری شکستپێهێنانی هەموو پلان و نەخشە گڵاوەکانی دوژمنانی گەل و سەرکەوتنی ئیرادەی پارتی لەپێناو بەرگریکردن لە ماف و داوا ڕەواکانی گەلەکەماندا، ... دڵسۆزی و خۆڕاگریی پەنابەران بۆ پارتی و شۆڕش بە شێوەیەک بوو کە نیوەی داهاتی ڕۆژانەیان دەکردە دیاری بۆ بەرەکانی شەڕ و دابینکردنی پێویستییەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان، ئەو پەنابەرە خۆڕاگرانە بوونە هەوێنی بەردەوامیی شۆڕش و سەرکەوتنە یەک لە دوا یەکەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە سەنگەرەکانی بەرگری لە خاک و نیشتمان و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان؛ بۆیە مێژوو لە لاپەڕەکانی خۆیدا، خۆڕاگری و بەرخودانی پەنابەران، بە ئاوی زێڕین تۆمار دەکات. خوشک و برا پەنابەرەکانمان، ساڵانێکی دوورودرێژ ژیانیان لە ئاوارەیی و دەربەدەری و هەژاری و ژیانی کرێچییەتی و کرێکاریدا بەسەر برد و ئەو ماوە تاقەتپڕوکێنەیان سەربەرزانە تێپەڕاند و، پشتیوانی شۆڕش و پێشمەرگە بوون و شەهید و برینداریان پێشکەشی کوردستان کرد.'' (مەسعود بارزانى،٢٠٢١: ١٥٦-١٥٧ ). ئەوەى لە قسەکانى سەرۆک مەسعود بارزانى هەڵدەهێنجرێن بریتین لەوەى؛ وێڕاى ئەوەى خەڵک بە کۆڵەمەرگى ژیاوە، بەڵام ئامادەبوون جگە لە گیانفیدایى و پێشمەرگایەتى، لە قووتى منداڵەکانیشیان بگێڕنەوە و بیدەنە شۆڕش و ئەوان داینەمۆى ڕاستەقینەى شۆڕشى گوڵان بوون. لەمەشدا ڕۆڵى دایکان و خوشکان و هاوژینى پێشمەرگە زۆر بەرچاوە و ئەگەر بیرەوەرییەکانى پێشمەرگەکانى ئەو سەردەم بخوێنینەوە، بۆمان دەردەکەوێ چەند سەربەرز و قارەمان بوون. کاتێک پیاوان لە سەنگەر ئەکانی بەرگریدا بوون، بارگرانی بەڕێوەبردنی خێزان لەسەر شانی ئافرەتان بوو: ''پیاوەکان چەکی شەڕەفی شۆڕشیان لە شان بوو و ئافرەتانیش ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵ و خۆڕاگرییان لەسەر شان بوو.'' (مەسعود بارزانى،٢٠٢١: ١٥٦-١٥٧). ئەم ڕاستییە لە یادەوەرییەکانی پێشمەرگەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە: ''کە بووینە پێشمەرگە، زۆرجاران بۆ ماوەى شەش مانگ یان زیاتر، بە مەفرەزە دەهاتینەوە بۆ کوردستانى عێراق، ماڵ و منداڵى خۆمان جێدەهێشت، هاوسەرەکانمان ڕۆڵێکى مەزنیان دەبینى لە بەخێوکردنى منداڵەکان و ڕاگرتنى ماڵ و خێزان و گەورەکردن و پەروەردەکردنى منداڵان، ئەوان هونەرێکى مەزنیان هەبوو کە توانیان ئەو منداڵانە بە جوانى بەخێوبکەن'' (حاجى میرخان دۆڵەمەرى، ٢٠٢١: ٢٤٢)، بەمشێوەیە دایکانى کورد ڕۆڵەکانیان لەسەر خۆشەویستیى خاک و نیشتمان پەروەردە دەکرد.
بەرەى کوردستانى و کاروبارى ئاوارەکان
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە مرۆییەکان بەتایبەت لە ساڵی ١٩٨٨، لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دامەزراوەی هاوبەشیان پێکهێنا: ''بۆ سەرپەرشتی ئەو خەڵکە و نیشتەجێ کردنیان، بەتایبەتی دوای کۆچە بەلێشاوەکەی ئەنفالەکان و کیمیاباران، سەرەتا هەردوو حزب، پارتی دیموکراتی کوردستان.. و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان.. هەر یەکەی بەجیا، لیژنەی تایبەتمەندیان پێکهێنا بۆ سەرپەرشتی ئاوارەکان کە دواتر حزبەکانی تری بەرەی کوردستانی و دەرەوەشی وەک (حزبی سۆشیالیست، حزبی شیوعی، پاسۆک و پارتی گەل) و (بزووتنەوەی ئیسلامی)ش بەجۆرێک لە جۆرەکان تەنسیقی هەبوو. هەر یەکەی بەپێی قەبارەی خۆی، هەنگاوی بۆ ئەم پڕۆسەیە هاوێشتووە بۆ پێشوازی لەم لێشاوەی ئاوارە و سەرپەرشتیان کە تەنسیق و هەماهەنگی تەواویش هەبوو لە بەینی ئەم لیژنانە و لیژنەی عیلاقاتەکانی حزبەکان لە زۆربەی شار و شارۆچکە و سنوورەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.'' ئەمە بۆ ماوەیەک بەردەوام دەبێ، بەڵام دواتر، بە بڕیارێکی سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی، لیژنەکانی حزبەکان لێکدران و فراوان کران بۆ نوێنەرایەتی حزبەکانی بەرەی کوردستانیش بۆ سەرپەرشتی و نیشتەجێ کردنی ئەم خەڵکە لە ئۆردوگاکان و شار و شارۆچکەکان و هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا و ئۆرگانەکانی پەیوەندیداری کۆماری ئیسلامی ئێران و سەرپەرشتی کردنیان، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەکی باڵا پێکهێنرا بە ناوی (لیژنەی باڵای سەرپەرشتی ئاوارەکان) کە سەرەتا پێکهاتبوو لە نوێنەرانی هەر سێ لە حزبە سیاسییەکانی دیاری بەرەی کوردستانی (پارتی و یەکێتی و سۆشیالیست) کە ڕاستەوخۆ سەر بە مەکتەبی تەنفیزی بەرە بوو کە دواتر فراوان کراو پێکهاتبوو لە بەڕێزان: کۆمەڵەی فریاکەوتنی کوردستان '' (عبدالرحمن على کوردە، ٢٠١٨: ٣٧)، واتە حزبە کوردییەکان لەسەرەتادا هەریەکەیان خزمەتى ئەو خەڵکەى کردووە کە سەربەخۆى بوون، بەڵام دواتر لیژنەى هەماهەنگى پێکدەهێنن و پاشان بەرەو پتر دامەزراوەیى دەڕۆن و دواجار لەڕێى کۆمەڵەى فریاکەوتنى کوردستان هاوکاریى پەنابەران دەکەن.
داتای کۆتایی و سەرژمێریی گشتی ئاوارەکان
پوختەی ئامار و ژمارەی ئاوارەى کورد بەپێی قۆناغ و گروپەکان بەمشێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە، بەڵام هێشتا داتاکە زۆر ورد نییە:
''ژمارەى ئاوارەکان:
- ئاوارەکانى ساڵى ١٩٨٨ ..................................٩٠٠٠٠-١٠٠٠٠٠
- ئاوارەکانى ساڵى ١٩٧٩-١٩٨٨ ............................... ٢٠٠٠٠-٢٥٠٠٠
- ئاوارەکانى ساڵى ١٩٧٤ کە ماونەتەوە .................. ٤٠٠٠٠-٤٥٠٠٠
- ئاوارە فەیلییەکان ..................................................... زیاتر لە ٢٠٠٠٠٠
- سەرجەمى ئاوارەکان ................................................ ٣٧٠٠٠٠'' (عبدالرحمن على کوردە، ٢٠١٨: ٦٢)
جێی باسە، لە دوای شاڵاوی بەدناوی ئەنفال و کۆڕەودا ژمارەیەک هاووڵاتی کورد ئاوارەی تورکیا بوون. هەموو ئەوەى لەسەرەوە گوترا؛ سەلمێنەرى ئەوەیە گەلى کورد و کوردستانى کۆچ و ئاوارەییان وەک ئامرازێکى گرنگى مانەوە بەکارهێناوە و دواجاریش هەر کۆڕەو بوو، وەک یەکێک لە هۆکارە گرنگەکان، وایکرد جیهان پاڵپشتیى لە کورد بکا و دان بە بەشێک لە مافەکانى دابنێن و هەوڵى پاراستنى بدەن.
سەرچاوەکان
- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەرییدا، کوردستان-٢٠٢١.
- عبدالرحمن على کوردە، کۆمەڵەى فریاکەوتنى کوردستان، چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٨.
- مستەفا محەمەد کەریم (د.)، شۆڕشى دووەمى بارزان، دەستەى ئینسکلۆپیدیاى (پ.د.ک)، چاپخانەى دانیشفەڕ، هەولێر-٢٠٢٢.
- فەتاح محەمەد وەڵاتژێرى، پەنابەرێن کورد ل ئیرانێ (١٩٧٤-١٩٧٩)، دەستەى ئینسکلۆپیدیاى (پ.د.ک)، چاپخانەى زانکۆى سەڵاحەدین، هەولێر-٢٠٢٤.
- مەسعود بارزانى، بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى چوارەم-شۆڕشى گوڵان، بەشى یەکەم، چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕۆکسانا- ٢٠٢١.




