شاڵاوی بەدناوی ئەنفال

ئەنفال شاڵاوی کۆمەڵکوژى و لەناوبردن و سڕینەوەى نەتەوەى کورد بوو. لە چەند قۆناغێکى جیاواز ڕژێمى بەعس ئەنجامی دا، لە ساڵى ١٩٧١ لە دژى کوردە فەیلییەکان، ساڵى ١٩٨٣ بەرانبەر بە بارزانییەکان و ساڵى ١٩٨٨ سەرجەم خاکی کوردستان گرتەوە، ئەم شاڵاوە لێسەندنەوەى ڕەگەزنامە، سوتاندنى گوند و لادێکان، گرتن و ڕاگواستن و زیندەبەچاڵکردن و کوشتنى هاوڵاتیانى سڤیلى کوردستانى لێکەوتەوە، سەرەنجامەکەشى بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردنی نزیکەى ١٨٢ هەزار هاوڵاتى بێ تاوانی کوردستان بوو.


ڕژێمى بەعس بە سەرۆکایەتى سەدام حسێن، بەسوود وەرگرتن لەو ئایەتە، ئەو ناوەى بۆ هێرشى سەربازى و کاوڵکردنی کوردستان و خەڵکى سڤیلى کورد بەکارهێنا، ساڵى ١٩٨٨ هێزە سەربازی و جاشەکانی سەردەمى ڕژێمى بەعس کە پێکهاتبوون لە: فەیلەقى یەکەم کە بارەگاى لە شارى کەرکووک بوو، فەیلەقى پێنجەم بارەگاى لە هەولێر بوو، هێزى ئاسمانى، هێزى تایبەت، مغاویر، بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئەمن و هەواڵگرى و یەکە تایبەتەکان بەچەکى کیمیاوى و بایۆلۆجی و هەواڵگرى سەربازى و سەرجەم دامەزراوەکانى دیکە بەشدارییان کرد، بە فەرماندەیی عەلى حەسەن مەجیدى ئامۆزاى سەدام حسێن ئەو هەڵمەتە سەربازییە دژى خەڵکى کوردستان ئەنجام درا.

هەرچەندە شاڵاوى ئەنفالى گەلى کورد مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ڕژێمى ئەوکاتى عێراق نزیکەی ٤٠ ھەزار فەیلی لە عێراق دەرکرد کە چەندین نەوە لە نزیک بەغدا و خانەقین ژیاون و وایان نیشاندا ئەوانە ئێرانین. لە ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٨٠ زیاتر لە ٢٠٠ ھەزار کوردی فەیلی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە زێدی خۆیان دوورخرانەوە. لە ساڵی ١٩٨٠ ڕژێمى بەعس بڕێک پارەى وەک پاداشت پێشکەشی ئەو ھاوڵاتیانە دەکرد کە لە فەیلییەکان جیادەبوونەوە یان خۆیان لەوان بێبەری دەکرد.

هەروەها لە ٣١ى تەمووزی ١٩٨٣ ڕژێمى بەعس بەهێزێکى زۆرەوە هەر یەکە لە کۆمەڵگاکانى قوشتەپە و بەحرکە و هەریر و دیاناى گەمارۆ دا و لە شاڵاوێکی بێویژدانانە هەشت هەزار هاوڵاتى سڤیلى بارزانى بەرەو بیابانەکانى عێراق ڕاپێچکرد، بە دڕەندانەترین شێوە و دوور لە هەموو بەهایەکى ئایینى و عورفێکى مرۆڤایەتى لە نوگرە سەلمانی شارى سەماوە زیندەبەچاڵ کردن. ئەنفالى بارزانییەکان یەکێک بوو لەو تاوانانەى لەمێژووى مرۆڤایەتى کەموێنەن و بەیەکێک لە تاوانە گەورەکان هەژمار دەکرێت.

ئەو تاوانانەی کۆمەڵکوژی هەتا ساڵانى (١٩٨٦-١٩٨٨) بەبێ ناونان بەردەوام بوون. دواتر ڕژێمى بەعس بە فەرمی وشەی ئەنفالی وەکو ناوێک بۆ پرۆسەی کۆمەڵکوژکردنی کورد لە عێراق دیاریکرد. ئێدی ئەو ناوە بۆ هێرشى سەربازى بۆ کاوڵکردنی کوردستان و لەناوبردنى خەڵکەکەى بەکارهات و لەو ڕووەوە عەلى حەسەن مەجید ماڵ و سامانى نەتەوەى کوردى بۆ سوپا و جاش و خۆفرۆشە کوردەکان حەڵاڵ کردبوو و فەرمانى تاڵانکردن و دەست بەسەرداگرتنى ماڵ و سامانى هاوڵاتیانى کوردى بۆ سوپا دەرکرد. لەو شاڵاوەدا نزیکەى ١٨٢,٠٠٠ هەزار خەڵکى سڤیلى کورد بوونە قوربانى و بێسەروشوێن و زیندەبەگۆڕ کران.

 


قۆناغەکانی ئەنفالی کورد

هەرچەندە وەک ئاماژەمان پێدا، سەرەتای شاڵاوی ئەنفال بۆ ساڵى ١٩٧٠دەگەڕایەوە، کە بە دەرکردن و دەستگیرکردنی کوردانی فەیلی دەستی پێکرد، بەڵام بەشێوەیەکی فەرمی لە ساڵی ١٩٨٨ دوای کۆتایهاتنی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران(١٩٨٠-١٩٨٨) بە ھەشت قۆناغ دژی خەڵکى سڤیلى کورد بەڕێوەبردرا:  

قۆناغى یەکەم

قۆناغى یەکەم کە ناسراوە بە (ئەنفالى دۆڵى جافایەتى)، لە ٢٣ى شوباتى ١٩٨٨ بە سەرکردایەتى سوڵتان هاشم وەزیرى بەرگرى و بە بەشدارى لیواى ٦٠ى هێزى سەربازى بۆ سەر گوندەکانى سەرگەڵو و بەرگەڵووى دۆڵى جافایەتى و دۆکان، بنگرد، چوارتا، قەڵاچۆڵان، سەرچنار، سورداش، زێی بچووک، ئەزمەڕ، سوسێ، ماوەت دەستى پێکرد، لەو هەڵمەتەدا ڕژێمى بەعس چەندین جۆرە چەکى قورسى دژى خەڵکى ئەو ناوچانە بەکارهێنا. لە ئەنجامى ئەو هەڵمەتەى ڕژێم چەندین گوند و ناوچە وێران و خاپوور کران، لە ١٨ى ئادارى ١٩٨٨ کۆتایی هات.

قۆناغى دووەم

قۆناغى دووەم کەناسراوە بە (ئەنفالى قەرەداغ)، لە ٢٢ى ئادارى ١٩٨٨ ناوچەکانى چیاى گلەزەرد، بازیان، قەرەداغ، دەربەندیخان، زەڕایەن، عەربەت و گوندەکانى تەکیە، سێوسێنان، سەگرمە، دەربەندباسەرە، قۆپى قەرەداغى گرتەوە. ڕژێمى بەعس بەچەکى کیمیایی ئەو هەڵمەتەى دەستپێکرد، لەو هەڵمەتە زیاتر لە ٨ هەزار خەڵکى سڤیلى ناوچەکە ڕاگوێزران. پاشان گەنج و پیاویان لە ئافرەت و پیرەکان جیاکردنەوە و ڕەوانەى زیندانى نوگرە سەلمانى شارى سەماوە کران. ئەو قۆناغە لە ١ى نیسانى ١٩٨٨ کۆتایی هات.


قۆناغی سێ

قۆناغى سێ، لەهەمان کات ئەنفالى گەرمیانیشی پێ دەگوترا، لە ٧ تا ٢٠ى نیسانى ١٩٨٨ سێ ناوچەى گەرمیانى گرتەوە، ئەو قۆناغە بەرفراونترین هێرش و پەلامار بوو بۆ سەر ناوچەکە، ناوچەکانى دوزخورماتو، قادرکەرەم، کەلار، کفرى، چەمچەماڵ، تێلەکۆ، پێباز، سەنگاو، دەربەندیخان، قەرەهەنجیر، تەکیە و بەشێکى ناوچەى ئاغجەلەرى گرتەوە، ئەو قۆناغەى ئەنفال لەهەموو قۆناغەکانى دیکە کارەساتبار تر و بەزیانتر بوو لە هەموو ڕوویەکەوە، چونکە نزیکەى ٨٠ هەزار خەڵکى سڤیلى کوردى تێدا ئەنفال کرا.

قۆناغی چوار

ئەنفالى قۆناغى چوار، یان ئەنفالى حەوزى زێی بچوک، لە٣ی ئایارى ١٩٨٨ دەستیپێکرد و دواى تەواوکردنى تاوانەکانى ئەنفالى سێ کە زۆرترین قوربانى لێکەوتەوە. ئەو هەڵمەتە حەوزى زێی بچووکى گرتەوە، هێڵى سنوورى هەردوو پارێزگاى کەرکووک و هەولێر پێک دەهێنێت، هەروەها باشوورى ڕێگاى نێوان کۆیە و دەریاچەى دۆکان و ناوچەکانى شوان، شێخ بزینى، دەشتى کۆیە، گۆپتەپە، عەسکەر، دێگەلە و ئاڵتون کوپرییشى گرتەوە.

قۆناغی چوارەمی ئەنفال بە کیمیابارنکردنى گوندى گۆپتەپە دەستی پێکرد، سەرەتا فڕۆکە جەنگییەکان بۆمبى کیمیایی بەسەر خەڵکى ناوچەکە باراند، قوربانیانى ئەو گوندە نزیکەى ٣٠٠ کەس دەبوون، گوندى عەسکەریش بە ٨ بۆمبى کیمیایی بۆمباران کرا، هاوکات ئاوى بەنداوى دۆکانى بەردایەوە تاکو خەڵک نەتوانن بپەڕنەوە و ڕزگاریان بێت. ئەو قۆناغە لە ٨ی ئایارى هەمان ساڵ کۆتایی هات.


قۆناغی پێنجەم

قۆناغى ئەنفالى پێنج و شەش و حەوت لە ١٥ى ئایارى ١٩٨٨ دەستیپێکرد،  ئەو قۆناغە دۆڵى چیاکانى شەقڵاوە و ڕواندزى گرتەوە، چەند فڕۆکەیەک بە گازى کیمیایی گوندەکانى نازەنین، کاموسەک، سپیندارە، عەلیاوە، سماقوڵییان بۆمباران کرد و بەهۆیەوە ژمارەیەکى زۆرى دانیشتوانى ئەو گوندانە شەهیدبوون. لە ٧ی حوزەیران شاڵاوى ئەنفالى پێنج کۆتایی هات.

قۆناغی شەش و حەوت

لە ٢٦ى تەمووزى ١٩٨٨ دەستیپێکرد، ئەو قۆناغە ناوچەکانى دۆڵى بالیسان و دۆڵى مەلەکان و دۆڵى وەرتێ و هیران و سماقوڵى گرتەوە، ڕژێمى بەعس بەچەکى کیمیایی ناوچەکەى بۆمباران کرد، لە میانەى شاڵاوەکانى پێنج و شەش و حەوت ٥٢ گوند لە ناحیەى خەلیفان و ڕواندز و خۆشناوەتى وێران کران. ئەو دوو قۆناغە لە ٢٦ى ئابى ١٩٨٨ کۆتایی هات.

قۆناغی هەشتەم و کۆتایی

قۆناغى هەشتەم یان ئەنفالى بادینان، لە ٢٥ى ئابی ١٩٨٨ دواى وەستانى شەڕى عێراق و ئێران لە دەڤەرى بادینان دەستى پێکرد، ئەو شاڵاوە بە هێرشى کیمیایى بۆ سەر ناوچەى زیرەشکانى سنوورى عێراق و تورکیا دەستیپێکرد و ناوچەکانى دهۆک و زاخۆ و ئامێدى و کانى ماسێ و زێوە و ئەتروش و زاویتە و شێخان و ئاکرێی گرتەوە. ئەو قۆناغەی ئەنفال چڕترین هێرشى بۆمبى کیمیایی تیادا بەکارهات، بەڵام ژمارەى قوربانیان لەچاو ئەو بۆردومانە چڕە کەم بوو، ئەویش لەبەر ئەوەى هێزى پێشمەرگە لەناوچەکە پێشتر خەڵکیان ئاگادر کربووەوە و ئامۆژگارى خۆپارستنیان پێدا بوون، تەنیا زەرەر و زیانێکى زۆر بەر ماڵ و ماڵاتى خەڵک کەوت و مەڕ و ماڵات قڕ بوو و کێڵگەى جوتیارەکانیش بەهۆى کاریگەریى کیمیایی لەبەرهەم کەوتن. ئەو قۆناغە تاوەکو ٦ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەردەوام بوو.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان- ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥

لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥، هەشت فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی هوڤیانە پەلاماری ئۆردوگای زێوەیاندا کە ئۆردوگایەکی تایبەت بەنیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشوور بوو، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەئەنجامدا ١٥٠ هاووڵاتی سڤیل بە پیر و منداڵ و پەککەوتەوە شەهیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی کۆتایی ساڵ چووبوونە قوتابخانەکەیان.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژیەکەى بەردەرگای سەرای شارى سلێمانى

ئەم کۆمەڵکوژیە لە هاوینى ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر کۆمەڵکوژى و هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.

زانیاری زیاتر

بۆردومانى قەڵادزێ

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژدیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى سڤیل ئەنجام درا، دواى ئەوەى کەوا حکومەت فەرمانى دەست پێکرنەوەى شەڕی دژى شۆڕشى کورد دەرکرد بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، لە ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ بە چەند بالەفڕێکى جەنگى بۆردمانى شارى قەڵادزێی کرد.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژییەکەى گوندى سوريا

کۆمەڵکوژى گوندى سۆریا لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ ڕوویدا لەلایەن سوپاى عێراق، کە تێیدا هەڵمەتێکى سەربازیان کردە سەر گوندى سۆریا لە قەزاى زاخۆ بە بیانووى ئەوەى کە دەستیان هەبوو لە دانانەوەى مینێک لە شەقامى سەرەکى نزیک گوندەکەیان، کە بە سیارەیەکى سەربازیدا تەقیەوەو تێیدا ئەفەسەرێک و چەند سەبازێک کوژران.

زانیاری زیاتر