ئەنوەر سەعید مستەفا، ناسراو بە (ئەنوەری سەعید ئاغا)، ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی ناوەندە سەربە دەڤەری باڵەک قەزاى چۆمان لە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە و هەر لەوێش چووەتە قوتابخانە. ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە ئۆردوگاى بەهرام نیشتەجێ بووە، ساڵى ١٩٧٦ گەڕاوەتەوە و بۆ باشوورى عێراق دوورخراوەتەوە، ساڵى ١٩٧٧ گەڕاوەتەوە زێدى خۆی، شارەزایی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە و زمانەکانی فارسی و عەڕەبی دەزانێت.
ساڵى ١٩٧٢ پەیوەندى بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لە هێزی کارۆخ بۆتە پێشمەرگە دواتر چۆتە بەتالیۆنی بەرگری میللی و دواتر چۆتە هێزی هەندرێن، ساڵی ١٩٧٤دا چۆتە لقی حیزبی لای محەمەد مەعرووف، لە بەشێک لە شەڕەکانی ئەو کاتدا، بە تایبەتی دوایین شەڕی شۆڕشی ئەیلوول، ساڵی ١٩٧٧دا پەیوەندى بە هێزەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیست و لە خەباتی شاخدا تا پلەی فەرماندەی هەرێم بڕیوە. بەشدارى چەندین چالاکی پارتیزانى لە دەڤەرى سۆران و شوێنەکانى تر کردووە. لە ١٩٧٧ لە ناو بزووتنەوەی سۆسیالیست دەستی بە پێشمەرگایەتی کردووەتەوە. لە ١٩٧٨ تا ١٩٧٩ فەرماندەی مەفرەزە، لە ١٩٧٩ تا ١٩٨٢ جێگری فەرماندە کەرت، لە ١٩٨٢ تا ١٩٨٣ فەرماندەی کەرت و لە ١٩٨٣ تا ١٩٩١ فەرماندەی هەرێمی ٩ی باڵەکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان بووە.
بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە و دوو جاریش لە ساڵی ١٩٨٣ و ١٩٨٨دا بە سووکی بریندار بووە. هەندێک لە شەڕەکانی بریتین لە: شەڕەکانی تەمووزی ١٩٧٨ لە گوندەژۆر، شێرکاوە لە ١٩٧٨، دەربەندی ڕایات لە ١٩٧٩، چیای سۆرک و ڕەشک لە تەمووزی ١٩٨٠، چۆمان لە ئەیلوولی ١٩٨٠ بەشداری لە هەردوو کردەوەی سەربازی (عەمەلیاتی) بەرێوەبەرایەتی (دائیرەی) ئەمنی چۆمان لە ساڵانی ١٩٨٠ و ١٩٨١، شەڕی ڕەبایەی بانەگەڵان لە چۆمان لە ٤ی نیسانی١٩٨٢، ڕەبایەی ڕەزان لە ئایاری ١٩٨٣، کۆسپێ سپی لە ١٩٨٣، شەڕەکانی دۆڵی ڕۆست لە ١٩٨٣ تا ١٩٨٤، گۆمەسپان و دێگەڵە لە ١٩٨٧، کردەوەی پارتیزانی لە ١٩٨٧ و چالاکییەکی تر لە جوندیان لە ١٩٨٧، وەرتێ لە٢١ى ئایارى ١٩٨٨ دۆڵی باڵەییان لە ١٩٨٨ و چەندین شەڕی دیکە.
ساڵى ١٩٨١کادیری پارتی سۆسیالیستی کوردستان و دا ئەندامی کۆنگرەی یەکەمی حیزبی سۆسیالیست بووە. ساڵی ١٩٨٢ نوێنەری بەرەی جوود بووە لە ناوچەی باڵەک. لە ١٩٩١ تا ١٩٩٢ ئەندامی کاگێڕی لقی هەولێری سۆسیالیست بووە. لە ١٩٩٢دا ئەندامی یەکەمین کۆنگرەی حیزبی یەکگرتن بووە و تا ١٩٩٣ لە ناو حیزبی یەکگرتندا کارگێڕی لقی پارێزگای هەولێر و بەرپرسی کۆمیتەی ناوچەی سۆران بووە.
ئەنوەری سەعید ئاغا، وەک فەرماندەیەکی سەربازی لە ناوچەی سۆراندا چالاکی سەربازی کردووە. بە تایبەتی لە کاتی ئەنفالەکاندا، کە هاتووچۆ بۆ ناو دیوی باشوور زۆر سەخت بوو، لەگەڵ هێزەکەی خۆیدا چەندین جار هاتوونەتەوە ناوچەی سۆران و پەیوەندیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ خەڵک و شانە نهێنییەکاندا ڕاگرتووە. ئەو بە هۆی نزیکایەتی لە بەرەی جود و دواتر بەرەی کوردستانی ئاگاداری بڕیارەکانی سەرکردایەتیی سیاسی بوو. بۆیە بەر لە ڕاپەڕین بڕیار بوو بە پلانێک بێتەوە سۆران و خەڵکی ئەو ناوچەیە ڕاپەڕێنن و پشتیوانییان لێ بکەن. بەڵام لەبەر چەند هۆیەک ئەو پلانە ڕاگیرا. دوای گۆڕینی پلانەکە، هێزەکەیان لەگەڵ و چەند فەرماندە و پێشمەرگەیەکی تر لە ڕۆژی١ى ئازارى ١٩٩١ هاتنە نزیک سەنگەسەر و چەند ڕۆژێک لەو ناوچەیەدا مانەوە. لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵک لە ڕانیە، لە٥ى ئازارى ١٩٩١ گەیشتنە ناو ڕانیە.
ساڵى ١٩٩٣ تا ١٩٩٧ ئەندامی کارگێڕیی لقی ١٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. ساڵى ١٩٩٦ تا ١٩٩٧، بەرپرسی لێژنەی ناوچەی باڵەک بووە. ساڵی ١٩٩٥دا لە سۆران فەرماندەی لیوای ٦٨، لە ١٩٩٧ تا ٢٠٠٣ ئەندامی سوپای باڵەک و بەرپرسی ڕێکخستنی سوپا و لە ٢٠٠٣ تا ئێستا ٢٠٢٦ ئەندامی فەرماندەیی هەڵگۆردە بە پلەی عەمید بووە.
ساڵى ١٩٩٣دا ئەندامی کۆنگرەی ١١ و لە ٢٠٠٩دا ئەندامی کۆنگرەی ١٢ی پارتی بووە. هاوتەریب لە کاری ڕۆشنگەریدا، جگە وتاری جەماوەری، وتاری ڕۆژنامەیی لە ڕۆژنامەکانی برایەتی و خەباتدا بڵاوکردونەتەوە.
لە دوای ڕاپەڕینیشدا لە ١٩٩٤ تا ١٩٩٩ بەشداری لە شەڕەکانی بەرگری لە پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە و لە ٢٠١٤ تا ٢٠١٧ لە بەرەی جەنگی دژی داعش لە بەعشیقە بووە. ساڵی ٢٠١٨دا، بەهۆی خزمەتەکانى کە بە کورد و کوردستانی کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.
سەرچاوەکان
١- ئەنسکڵۆپێدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، چاوپێکەوتن، ٢٠٢٦. www.partipedia
٢- ئەنوەر سەعیدئاغا، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی، ڕانیە: کەناڵی ڕووداو، بەرنامەی فیچەر، دیمانە: بەختیار قادر،٥ى ئازارى ٢٠١٨.
٣- ئەنوەر سەعیدئاغا، ڕاپەڕین، چاوپێکەوتنی تەلەفزیۆنی، سۆران: کوردستان ٢٤، هەواڵ، دیمانە: تەیفوور محەممەد، ٥ى ئازارى ٢٠١٨.
٤- ئەنوەر سەعیدئاغا، ڕووکردنی هەندێ زانیاریی مێژوویی لە ڕۆژی ڕاپەڕیندا؛ ڕووژنامەی خەبات، ژمارە ٥٧٠٦، ٤ى ئازارى ٢٠١٩.
٥- سەید کاکە، بیرەوەری پێشمەرگەیەک، هەولێر: چاپخانەی شەهاب، ٢٠١٢، ل ٣٢٧.
٦- کاروان کەریمخان، ئەو شێرە پرچنەی چیا، وتار، پەیجی تایبەتی:
https://www.facebook.com/share/١L١bYWciVd/?mibextid=wwXIfr
٧- محەمەد حاجی مەحموود، دیمانە، گوڵەخانە: تەلەفزیۆنی ڕووداو، ٥ى ئازارى ٢٠١٨.


