ئەحمەد ڕەسول عەلی حسێن

ئەحمەد ڕەسول عەلی حسێن، ناسراو بە ئەحمەد بڕنۆ، ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی گرتگی دەڤەری باڵەکایەتی قەزاى چۆمان سەر بە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆی شۆڕش ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە پیرانشارى ڕۆژهەڵاتى کوردستان ئاکنجى بووە، پاش ماوەیەک بۆ ئوردۆگای سەراونیلوفەری شارى کرماشان گوزراوەتەوە، دواى مانەوەى ماوەیەک لەو شارە لەوێشەوە بۆ بەندەربوشەهر گوزراوەتەوە، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى جەماوەرى کوردستان دەگەڕێتەوە نیشتمان و لە شارى سۆران نیشتەجێ دەبێت.


ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول کردووە لە لقی باڵەک بۆتە پێشمەرگە، تا ساڵى ١٩٧٠ لەوێ بەردەوام بووە لە ئەرکى پێشمەرگایەتى. ساڵی ١٩٧٠ لە لێژنە ناوچەی باڵەک لەگەڵ محمەدئەمین ڕەشکە بووە، دوای ڕێککەوتی ١١ی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ کراوە بە پاسەوانی سنوور لە دەڤەری ڕەواندز، ساڵى ١٩٧٤ دوای دەستپێکردنەوەی شەڕ لەنێوان حکومەت و هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول، ئەحمەد بڕنۆ گەڕاوەتەوە بۆ ڕیزەکانی پێشمەرگەی هێزی کارۆخ  بە فەرماندەیی سەید سەلیم، دواتر گواستراوەتەوە بۆ قەسرێ و بەردە زەرد لەنزیک گوندی ڕایات و کراوە بە پاسەوانی بارەگای بارزانی.

ساڵى ١٩٧٦ دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان چووەتە شاری کەرەج و چاوی بە ئیدریس بارزانی کەوتووە، دواتر لەگەڵ عەریف ئەحمەد و محەمەد ڕواندزی و مستەفا ئەلیاس پەیوەندییان بە هێزى پێشمەرگە بە فەرماندەیی هەریەکە لە مولازم یونس ڕۆژبەیانی و حەمید ئەفەندی لە دەڤەری سیدەکان کردووە، لەبنکەی گەلی گۆستا لەپشت دەشتی بەرازگری ناحیەى سیدەکانى سەر بە پارێزگاى هەولێر  لەگەڵ حەمید ئەفەندی بووە، دواتر بنکەکەیان گواستراوەتەوە بۆ بێرکم لەدەڤەری سیدەکان.

ساڵى ١٩٩١ دوای ڕاپەڕینى خەڵکى باشووری کوردستان، ئەحمەد بڕنۆ لە دەڤەری سیدەکان بووە و دواتر لەگەڵ حەمید ئەفەندی و نیهاد بارزانی بنکەکەیان گواستۆتەوە بۆ ناوچەی پەیمان لە پیرمام و دواتر بۆ یەکەی ٤٣ی فەرماندەیی هەڵگورد لە سۆران دەگوازرێتەوە.

ئەحمەد بڕنۆ لەژیانی پێشمەرگایەتیدا لەچەندین شەڕدا بەشدار بووە، وەکو شەڕی کۆڕەک، شەڕی سەرچیا، شەڕی چیای پیران، شەڕی سیدەکان و ساڵى ١٩٨٨ داستانی خواکوڕک و جارێکیش بریندار بووە، لە ٢٨ی ئایاری٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک بارزانی مەدالیای بارزانی پێ بەخشرا. لە ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٩ بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانى دیانا بەخاک سپێردرا.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت حەسکو دۆلەمەری

عەبدوڵا حەسەن ئیبراهیم، ناسراو بە (شەوکەت حەسکو دۆلەمەری)، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی خۆشکان قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. لە ٩ی ئایاری ١٩٨٠دا پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

سەعید مەحمود ساڵح دۆڵەمەری

سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەلیل دەسکۆ حادێ

خەلیل دەسکۆ حادێ، ناسراو بە (خەلیل دەسکۆ)، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی سەرۆکانی قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول. شوفێرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە تا ساڵى ١٩٩١. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر