ئاڤدەل مستۆ

ئاڤدەل مستەفا عومەر (١٩٢٧-٢٠٠٣)، ناسراو بە ئاڤدەل مستۆ، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦-١٩٩١)، ڕاپەڕینی ١٩٩١ کردووە، پلەی سەرپەل بووە.


ژیاننامه‌

ئاڤدەل مستۆ، ساڵی ١٩٢٧ له‌ گوندی باوێی سەر بە ناحیەی گۆڕەتوو لە قەزای مێرگەسۆرى پارێزگای هەولێر له‌دایكبووه. مسته‌فا عومه‌ری باوكی یه‌كێك بووه‌ له‌ پاسه‌وانه‌كانی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی. ساڵی ١٩٨٤ بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و له‌ شاری  نه‌غه‌دەی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێ بووە، له‌ ساڵانی (١٩٨٤-١٩٩٧) له‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌رۆك مەسعود بارزانی بووه‌. ساڵی ١٩٩٧ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان. ساڵی ١٩٩٨ خانه‌نشین كراوه‌ له ٢٤ی ته‌مووزی ٢٠٠٣ به‌ هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجەوە له هەولێر كۆچی دوایی كردووە.


خەباتنامە

 ساڵی ١٩٤٥ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه‌‌. له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌، له‌ شه‌ڕه‌كانی میاندواو و بۆكان و سەقز بەشدارى کردووە. دوای ڕووخانی كۆماری دیموكراتی كوردستان، له‌ ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری لە شه‌ڕەکانی کشانەوەی هێزی بارزان بۆ کوردستانی عێراق كردووه‌.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌.

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ڕێكه‌وتی ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتی گرۆزیا له‌ ڕێ به‌نده‌ری به‌سڕه‌وە له‌ باشووری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ كوردستان.

ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه‌ و سه‌رپه‌ل بووه و له‌ شه‌ڕه‌كاندا به‌شدار بووه‌‌. ساڵی ١٩٨٤ وه‌ك  ‌پەنابه‌ر ڕوو ده‌كاته‌ كۆماری ئیسلامی ئێران و له‌ شاری نه‌غه‌ده‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێ دەبێت. به‌شداری شۆڕشی  گوڵان و ڕاپه‌ڕینی كردووه‌. له‌ ساڵانی (١٩٨٥-١٩٩٧) له‌ پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كانی سه‌رۆك مەسعود بارزانی بووه‌. ساڵی ١٩٩٧ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان و ساڵی ١٩٩٨خانه‌نشین كراوه‌ له ٢٤ی ته‌مووزی ٢٠٠٣ به‌ هۆی نه‌خۆشی شێرپه‌نجەوە‌ له هەولێر كۆچی دوایی كردووە.


سه‌رچاوه‌:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

قادر ئیبراهیم شاهین

قادر ئیبراهیم شاهین، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٣١ لە گوندى مامیسک لە ناحیەى پیران قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٨٣ لە ناحیەى هەریر لەلایەن ڕژێمى بەعس ئەنفال کراوە.

زانیاری زیاتر

فه‌یزی وەسمان هه‌میره

فه‌یزی وەسمان هه‌میره، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى پێندرۆ ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٩٩ لە قەزاى پیرمام کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

فه‌قێ محه‌مه‌د حسێن

فه‌قێ محه‌مه‌د حسێن، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى زێوەی ناحیەى بارزان قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦٣ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

فه‌تاح ئه‌حمه‌دخان حه‌مه‌د

فه‌تاح ئه‌حمه‌دخان حه‌مه‌د، ناسراو بە (فه‌تاح به‌گ ئه‌حمه‌د خان)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩١٨ لە گوندى شێتنەی ناحیەى مەزنێی قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٩١ لە پارێزگاى دهۆک کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر