هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.


حکومەتى بەعس کە هێشتا خۆى بە سەرکەوتوو دەهاتە پێشچاو و پێى وابوو توانیویەتى گەورەترین شۆڕشى کوردستان لەناوببا، هەوڵى تیرۆر کردنی سەرکردەکانى کوردستانى دەدا، لەناویشیاندا مەسعود بارزانی کە هەم کوڕى مستەفا بارزانیى سەرکردەى بزاڤى ڕزگاریخوازى گەلى کورد بوو، هەمیش دواى نەخۆشکەوتنى باوکی پێکەوە لەگەڵ ئیدریس بارزانی کاروبارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردستانیان ڕایی دەکرد.

مەسعود بارزانی کە لەگەڵ سەرۆک مستەفا بارزانیى باوکى لە ئەمریکا بوو، لە ساڵى ١٩٧٨ کاروبارەکانى شۆڕش پێویستیان بەوە بوو لەگەڵ سەرکردایەتى کۆببێتەوە و تاوتوێى کاروبارەکانى شۆڕش بکەن، بۆ ئەم مەبەستە سەردانى ئەوروپاى کرد. لەماوەى ئەو سەردانەیدا، هاوکات وەفدێکى حکومەتى عێراق بە سەرکردایەتى بارزان تکریتى لە ڤیەننا دەبێ، هەرچەندە ڕوون نییە ئایا تەنیا بۆ تیرۆر کردنی مەسعود بارزانی چووبوون و هەندێک کاروبارى حکومەتیان کردووەتە بیانوو، یان لەوێوە زانیویانە مەسعود بارزانی لەوێیە، بڕیارى قۆستنەوەى دەرفەتەکەیان داوە و هەوڵیانداوە تیرۆرى بکەن، سەرۆک مەسعود بارزانی لە کتێبى بارزانى و بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد دەڵێ بارزان و چەند کەسێکى دیکە بە تایبەت بۆ کوشتنى من هاتبوون، چونکە لەو ساڵانەدا حکومەتى عێراق بە تەواوى مەبەستى لەناوبردنى منى هەبوو.

بۆیە باشترین سەرچاوە کە لەم بارەیەوە پشتى پێ ببەسترێ، کتێبى بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردە، چونکە ئەو ڕووداوە تیرۆرستییەى ڕوویداوە، بەسەر خودى نووسەرى کتێبەکەدا هاتووە. گێڕانەوەى ڕووداوەکە لەسەر زارى سەرۆک مەسعود بارزانی بەمشێوەیەیە: 

مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى ١٩٧٨، لە لەندەنەوە سەردانى ڤیەننامان کرد و لە بارەگاى لق شوێنى مانەوەمان بۆ دەستەبەرکرا. دواتر بڕیارمدا، ڕۆژى ٨ى کانوونى دووەمى ١٩٧٩ سەردانى پاریس بکەم بە مەبەستى بینینى ئیمام خومەینى. من دەمویست چاوم بە فارس باوە بکەوێ. ئێوارەى ڕۆژى ٨ى کانوونى دووەمى ١٩٧٩ حەمەڕەزا و ئازاد بەرواریم ئاگادار کردەوە کە پێکەوە سەردانى ماڵى پیرۆت ئەحمەد بکەین. لە ڕێگەدا پێم گوتن بەنیازم فارس ببینم. زۆر پێداگرییان کرد کە بگەڕێینەوە، بەڵام بە قسەم نەکردن. کاک پیرۆت لە شوقەیەکدا ژوورێکى هەبوو، تا نەچووینە بەردەرگا ئاگادارى چوونەکەمان نەبوو.

سەرۆک مەسعود بارزانی داوا لە پیرۆت دەکات بە فارس باوە بڵێت، بێتە لاى، بەڵام  پیرۆت بە هیچ شێوەیەک بە فارس ناڵێت کە مەسعود بارزانی لێرەیە و دەیەوێت بتبینێت، بەڵکو دەڵێ پەیامى برادەرێکم پێیە و ئەویش دێ.

بارزانى لە گێڕانەوەى ڕووداوى تیرۆرکردنەکە بەردەوام دەبێت و ئەمە دەنووسێت:

دواى تەواوبوونى دیدارەکە خۆم ئامادە کرد بۆ ڕۆیشتن و پێم گوت، فارس با بڕۆین، بەڵام ناوبراو سوێندى دام کە جارێ خۆمان بگرین، با برادەران سەیرێکى دەرەوە بکەن، دواتر بڕۆین. لە کاتى چوونى برادەران بۆ خوارەوە ئۆتۆمبێلێکى باڵیۆزخانەى عێراق لە دەرەوە چاوەڕێى دەکردن، دوو کەس لێیان هاتنە پێشەوە و  وایان زانیبوو کە  ئازاد بەرواری منم و دەمانچەکەیان خستە سەر سەرى، بەڵام خۆشبەختانە نەتەقى و چرووکى کرد.

هەڤاڵانى سەرۆک توانیبوویان خۆیان لە دەست تیرۆرستان ڕزگاربکەن و یەکێک لە هەڤاڵەکانى دەمانچەیەکى دەنگى پێ بوو و دواى تەقاندنى، ترسى لاى تیرۆرستان دروستکردبوو و ناچار شوێنەکەیان بەجێهێشتبوو. هەروەها نەشیانزانیبوو کە مەسعود بارزانی لە سەرەوەیە، ئەگینا ڕەنگە بەو ئاسانییە، وازیان نەهێنابا.

دواى ڕووداوەکە، پۆلیس دێت و بارزانییش سکاڵا لە دژى حکومەتى عێراق تۆمار دەکا و حکومەتى نەمساش پاسەوانى بۆ دابین دەکەن و پاشان لە هۆڵى ترانزێتى ئەسینا لە چاوەڕوانى فڕۆکە دەبن، بارزان تکریتى براى سەدام و دە دوازدە کەسى دیکە کە لەگەڵ ئەو دەبن، دەیانەوێ بگەڕێنەوە عێراق.

سەرۆک مەسعود بارزانی ئەوە دەگێڕێتەوە کە ساڵى ١٩٩١ لەکاتى دانوستان لەگەڵ حکومەتى عێراق، لە ئێوارە خوانێکدا ئەمەى بیر بارزان هێناوەتەوە و ئەویش نکۆڵى لە ڕووداوەکە و بەشداریکردنى لەو کارە تیرۆرستییە نەکردووە.


سەرچاوە:

١.مسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەشی چوارەم، بەرگی یەکەم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، (هەولێر- چاپخانەی ڕۆکسانا- ٢٠٢١).


بابەتی پەیوەندیدار

هەوڵی تیرۆرکردنى ئیدریس مستەفا بارزانى

ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن.

زانیاری زیاتر

هەوڵەکانی تیرۆرکردنی سەرۆک مستەفا بارزانی

هەمیشە ئەو باوەڕە لە ناوەوەیە کە بە مردن یان لەناوبردن یان تیرۆرکردنى سەرکردەیەک، ڕەنگە شۆڕشێک یان دۆزى نەتەوەیەک کۆتایى بێت، بەڵام ئەمە هەموو کات و لاى هەموو نەتەوەیەک وەڕاست ناگەڕێت. دوژمنانى گەلى کورد زۆر لە مێژبوو لەو ڕاستییە تێگەیشتبوون کە سەرۆک مستەفا بارزانى بڕیاردەر و چەقى قوڕسایى بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کوردە، بۆیە چەند جارێک هەوڵى تیرۆرکردنى درا.

زانیاری زیاتر

تۆپخانەی شۆڕش

تۆپخانەی شۆڕش بەشێکى گرنگ و کاریگەرى ناو هێزى پێشمەرگە بوو، بە شێوەیەکى گشتى لە ساڵى ١٩٦٥ بە دواوە گەشەسەندنێکى زۆرباشى بەخۆوە بینى لە دابینکردنى ئەفسەر و پێشمەرگەى ڕاهێنراو لە ڕێى ئەنجامدانى خولى تایبەت و پەیوەندى هەندێک ئەفسەرى سوپاى عێراق کە لە تۆپخانەدا شارەزاییان هەبوو.

زانیاری زیاتر

هێزی زاخۆ

دامه‌زراندنی هێزی زاخۆ بۆ ئه‌وكاته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك مسته‌فا بارزانی و ٤٠٠ پێشمه‌رگه‌ له‌ ده‌ڤه‌ری بارزانه‌وه‌ گه‌یشتنه‌ ده‌ڤه‌ری بادینان، چوونی بارزانی و هێزه‌كه‌ی بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ سه‌ره‌تاییه‌كی گرنگ و وه‌رچه‌رخانێكی مێژوویی بوو بۆ ناوچه‌كه‌.

زانیاری زیاتر