ئه‌فسه‌ر و سیاسه‌تمه‌دار موراد عه‌زیز، ناسراو به دكتۆر موراد، سه‌روان موراد ڕ‌زم ئاوه‌ر، سه‌رگورد موراد ڕ‌زم ئاوه‌ر و موراد ڕهبهری، ساڵی ١٩٤١ له ئه‌فسه‌رانی سوپای ئێران له شاری ورمێ بوو، په‌یوه‌ندی نهێنی له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی حزبی توده‌ی ئێران‌دا هه‌بوو، له کۆنگرەی چواره‌م ١٩٥٩ و کۆنگرەی پێنجه‌م ١٩٦٠دا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان - عێراق هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٧٤ به ئاشكرا دژ به پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول وه‌ستاوه‌ته‌وه و هاوكاری حزبی به‌عسی عێراقی كردووه.
ژیاننامه
موراد عه‌زیز ساڵی ١٩١٨ لە شاری كرماشان لەدایکبووه و سه‌ر به هۆزی له‌كی سه‌ر به فه‌یلییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانە، ساڵی ١٩٤٩ له به‌شی زانسته ڕامیارییه‌كانی زانكۆی باكۆ وه‌رگیراوه، ساڵی ١٩٥٣ بۆ قۆناغی دكتۆرا له زانكۆی مۆسكۆ وه‌رگیراوه و ١٩٥٧ دكتۆرای ڕۆژهه‌ڵاتناسی وەرگرتووە، له ١٠ی نیسانی ١٩٨٠ له شاری لاس پاڵماسی ئیسپانیا به‌هۆی ڕاوه‌ستانی دڵه‌وه كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی برۆك مودی شاری له‌نده‌ن له بریتانیا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی، فارسی، ڕوسی، توركی، عه‌ره‌بی، فڕه‌نسی و ئینگلیزی بووه.
خه‌باتنامه
موراد عه‌زیز ساڵی ١٩٤١ په‌یوه‌ندی به ڕیزی كۆمه‌ڵه‌ی نهێنی ئه‌فسه‌رانی حزبی توده‌ی ئێرانه‌وه كردووه، ساڵی ١٩٤٥ پله‌ی پێشه‌نگ (نه‌قیب)ی له تۆپخانه‌ی سوپای ئێران‌دا هه‌بوو و له ڕێكخستنی نهێنی سه‌ربازی حزبی توده‌ی ئێران چالاك بووه، ساڵی ١٩٤٦ له نزیك شاری قه‌زوین له ده‌ستی پیاوانی هه‌واڵگری سوپای ئێران به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت هه‌ڵهاتووه و له شاری باكۆی پایته‌ختی كۆماری ئازه‌ربایجان جێگر بووه و دواتر له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بۆ پێكهێنانی سوپای میللی ئازه‌ربایجان ڕه‌وانه‌ی ته‌ورێز كراوه، ساڵی ١٩٤٧ له دوای داڕمانی كۆماری میللی ئازه‌ربایجان ڕووی كردووه‌ته یه‌كێتی سۆڤیەت.
ساڵی ١٩٥٧ جه‌لال تاڵه‌بانی (١٩٣٣-٢٠١٧) له شاری مۆسكۆ چاوی پێیكه‌وتووه و گەیاندویەتییە لای جه‌نه‌راڵ مستەفا بارزانی (١٩٠٣-١٩٧٩) و ساڵی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی بارزانیدا به كه‌شتیی گرۆزیا گه‌یشتووه‌ته به‌نده‌ری به‌سڕه له باشووری عێراق و له‌لایه‌ن سه‌رۆك مسته‌فا بارزانییه‌وه ناسنامه‌ی عێراقی وه‌ك بارزانییه‌ك بۆ وه‌رگیراوه.
ساڵی ١٩٥٩ به سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ئاماده‌كاری کۆنگرەی چواره‌می پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق ده‌ستنیشانكراوه و لە کۆنگرەدا به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كوردستان-عێراق هه‌ڵبژێردراوه و له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه، ساڵی ١٩٦٠ و له کۆنگرەی پێنجه‌میشدا دووبارە به ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی و پاشان مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ڵبژێردراوه.
له دوای كودەتای ٨ی شوباتی ١٩٦٣ شاری به‌غدای به‌جێهێشتووه و ڕووی له شاری مۆسكۆ كردووه و ساڵی ١٩٦٨ گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری به‌غدا. ساڵی ١٩٦٩ به هاوكاری و پشتگیری ده‌سه‌ڵاتدارانی حزبی به‌عس و ده‌زگای هه‌واڵگری (KGB) یه‌كێتی سۆڤێت په‌یوه‌ندی به جه‌نه‌راڵ ته‌یمور به‌ختیاره‌وه كردووه و له‌دژی ده‌سه‌ڵاتدارێتی محه‌مه‌دڕه‌زا شای په‌هله‌وی به ناوی خوازراوی (ڕەهبهری)یه‌وه چالاكی نواندووه و هەمان ساڵ به ناوی ڕاوێژكاری سه‌ربازییه‌وه بۆ ناساندنی چه‌كی ڕوسی له به‌نده‌ری به‌سڕه له‌گه‌ڵ سوپای عێراقدا كاری كردووه.
ساڵی ١٩٦٩ له‌سه‌ر داخوازی سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق هاوكاری ئه‌فسه‌رانی تری حزبی توده‌ی ئێرانی بۆ پرۆژه‌كه‌ی جه‌نه‌راڵ ته‌یمور به‌ختیار كردووه و ساڵی ١٩٧٠ هاوڕێیه‌تی سه‌دام حسێن (١٩٣٧-٢٠٠٦)ی كردووه تا گوندی ناوپردانی سه‌ر به پارێزگای هه‌ولێر به مه‌به‌ستی دانوستان له نێوان ده‌سه‌ڵاتدارانی حكومه‌تی عێراق و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئەیلوولدا.
ساڵی ١٩٧٤ به ئاشكرا دژ به پارتی دیموكراتی كوردستان و شۆڕشی ئەیلوول وه‌ستاوه‌ته‌وه و هاوكاری حزبی به‌عسی عه‌ره‌بی سۆسیالیستی كردووه، له ١٠ی نیسانی ١٩٨٠ له شاری لاس پاڵماسی ئیسپانیا به‌هۆی ڕاوه‌ستانی دڵه‌وه كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی برۆك مودی شاری له‌نده‌ن له بریتانیا ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- فاضل رسول، كردستان والسیاسة السوفیتیة في الشرق الأوسط، ترجمة غسان نعمان، (السلیمانیة ـ مكتب الفكر والوعي في الأتحاد الوطني الكردستاني ـ مطبعة مؤسسة حمدي للطباعة والنشر ـ ٢٠٠٨م).
- في سبیل السلم والوحدة الوطنیة في سبیل تطبیق اتفاقیة آذار، (بغداد ـ منشورات دار التآخي ـ مطبعة التآخي ـ ١٩٧٣م).
- به كوشش : حمید احمدی، ماهم در این خانه حقی داریم (خاطرات نجمی علوی)، چاپ سوم، (تهران ـ نشر اختران ـ ١٣٨٧ ھ . ش).
- احسان طبری، كژ راهه، چاپ سوم، (تهران ـ مؤسسه انتشارات امیر كبیر ـ چاپخانه سپهر ـ ١٣٦٧ ھ.ش).
- حبیب محمد كریم، تاریخ الحزب الدیمقرطي الكوردستاني ـ العراق (في محطات رئیسیة) ١٩٤٦ ـ ١٩٩٣، (دهوك ـ مطبعة خه‌بات ـ ١٩٩٨م).
- حمید ملازاده، سیری در كوچه‌های خاطرات، (تبریز ـ انتشارات ارك ـ ١٣٧٣ ھ ش).
- عفت ماهباز، نجمی علوی پایهگذاران جنبش زنان ایران بی هیچ حقی از آن خانه، سایت بی‌بی‌سی فارسی، www.bbc.co.uk .
- یدالله كریم، ثورة أیلول التحرریة .. وقائع ودلالات، جریدة التآخي، العدد ٤٣٠٩، بغداد، الأحد، ١٢ أیلول ٢٠٠٤م.