مستەفا عومەر یاسین

مستەفا عومەر یاسین (١٩٢٧-١٩٩٦)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ١٩٩٦ کۆچى دوایی کردوە.


ژیاننامە

مستەفا عومەر یاسین، ساڵی ١٩٢٧ لە گوندی سەفتى سەر بە ناحیەی بارزان قەزای مێرگەسۆری پارێزگای هەولێر لە دایک بووە، خێزاندار بووە و خاوەنى پێنج کوڕ و چوار کچە، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕین گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان. ساڵى ١٩٩٦ لە قەزاى خەبات کۆچى دوایی کردووە و لە گۆڕستانى خەبات بەخاک سپێردراوە.

خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٣ پەیوەندی بە شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە و یەکێک بووە لە جەنگاوەرانى هێزى بارزان لە کۆمارى کوردستان لە مهاباد، بەشدارى شەڕەکانى دژى هێرشەکانى سوپاى ئێران بۆ سەر کۆمار کردووە.

٢٢ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی کۆتۆل (قتور) و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو، وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێ کەمپە سەربازییەکە له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازرێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە  مستەفا عومەر یاسین لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، مستەفا عومەر یاسین له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان.

ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە و بەشدارى شەڕەکانى کرووە. ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و بۆتە پێشمەرگە.


سه‌رچاوه‌كان:

١- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).

٢- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده- ٢٠٠٤ز).

٣- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات- ٢٠١٣ز).

٤- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وزارت آ‌موزش و پرورش- ٢٠٠٢ز).

٥- عه‌بدولڕە‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری- ٢٠٠١ز).

٦- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر- بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی- چاپخانه‌ی حاجی هاشم- ٢٠١٥ز).

٧- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی- چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند- ٢٠١١ز).

٨- له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆشنبیری- ١٩٩٧ز).

٩- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدی، ثورە ١٤ تموز ١٩٥٨ فی العراق، (بغداد- دار الرشید للنشر- ١٩٧٩م).

١٠- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات- ١٩٩٨ز).

١١- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام- یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان- ١٩٩٦ز).

١٢- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدوڵا هادى

مستەفا عەبدوڵڵا هادى (١٩٢٧-١٩٩٦)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ١٩٩٦ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

مستەفا ساڵح مەلا عەباس

مستەفا ساڵح مەلا عەباس، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە. ساڵى ١٩٩٩ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

مستەفا ڕەشۆ دۆلەمەری

مستەفا ڕەشید سۆفى (١٩١٧- ٢٠٠٣)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشى گوڵان(١٩٧٦- ١٩٩١) کردووە. هەڵگرى میدالیاى بارزانى نەمرە.

زانیاری زیاتر

موراد میکائیل حاجى

مراد میکائیل بژیانی (١٩٢٠-١٩٦١)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦).

زانیاری زیاتر

محەمەدئەمین میکائیل ساڵح

محەمەدئەمین میکائیل ساڵح (١٩١٩-١٩٨٩)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) کردووە.

زانیاری زیاتر