سیاسه‌تمه‌دار مستەفا كه‌ریم غه‌فور، ناسراو به مسته‌فا حه‌مامچی، ساڵی ١٩٥٠ له کۆنفرانسی یه‌كه‌می به‌غدا ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كورد بووه، دواتر له پارتی هه‌ڵگه‌را‌وه‌تەوە و ئاماده نه‌بووه بڕیار و ڕاسپارده‌كانی حزب جێبه‌جێ بكات، ساڵی ١٩٥٣ له كاتی به‌ستنی کۆنگرەی سێیه‌م له لایه‌ن لێژنه‌ی به‌رێوه‌بردنی كۆنگرەوە داوای لێكراوه به‌شداری كۆنگره‌ی بێیت به‌ڵام به‌شدار نه‌بووه و له‌گه‌ڵ ساڵح ڕوشدی ڕێكخستنێکی نوێیان به ناوی حزبی دیموكراتی كوردی عێراقی دامه‌زراندووە.
ژیاننامه
مسته‌فا كه‌ریم غه‌فور ساڵی ١٩٢٤ له سلێمانی لەدایکبووە، ساڵی ١٩٤٧ له به‌شی وه‌رزشی خانه‌ی مامۆستایانی سه‌ره‌تایی به‌غدا وه‌رگیراوه، له ١٤ی شوباتی ١٩٩٣ له ته‌قینه‌وه‌ی کۆگای كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سووری عێراقی له شاری سلێمانی كه به ده‌ستی ئاسایشی كه‌ركوكی سه‌ر به حزبی به‌عس ئه‌نجام درابوو، شه‌هید كراوه و له گۆڕستانی شێخ عه‌وڵای شاری سلێمانی به خاك سپیردراوه. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بووه.
خه‌باتنامه
مسته‌فا كه‌ریم غه‌فور ساڵی ١٩٣٩ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی برایه‌تییه‌وه كردووه و ساڵی ١٩٤١ پله‌داری سوپای لیڤی بریتانیا له دورگه‌ی قوبرس بووه، ساڵی ١٩٤٦ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی پارتییه‌وه كردووه و له ساڵی ١٩٥٠ و له کۆنفرانسی یه‌كه‌می به‌غدادا ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموكراتی كورد بووه و ساڵی ١٩٥١ به‌ڕێوه‌به‌ری چاپخانه‌ی نهێنی پارتی دیموكراتی كورد بووه، دواتر له پارتی ههڵگهراوەتەوە و ئاماده نه‌بووه بڕیار و ڕاسپارده‌كانی حزب جێبه‌جێ بكات و ئه‌و ئامێره چاپه‌ی لای بووە بگه‌ڕێنته‌وه بۆ حزب.
دوای ده‌رچوونی له ڕیزکانی پارتی، ده‌ستی كرد به ئاشكراكردنی نهێنیه‌كانی پارتی. ساڵی ١٩٥٣ له كاتی به‌ستنی کۆنگرەی سێیه‌مدا له لایه‌ن لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كۆنگرەوە داوای لێكراوه به‌شداری كۆنگره‌ی بیت به‌ڵام به‌شدار نه‌بووه و له‌گه‌ڵ ساڵح ڕوشدی ڕێكخستنهكی نوێیان به ناوی حزبی دیموكراتی كوردی عێراق دامه‌زراند، کە له نیوه‌ی دووه‌می ساڵی ١٩٥٢ هه‌ڵوه‌شایه‌وه و زۆربه‌ی ئه‌ندامه‌كانی هاتنه‌وه ڕیزی پارتی دیموكراتی كورد.
له ١٤ی شوباتی ١٩٩٣ له ته‌قینه‌وه‌ی کۆگای كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سووری عێراقی له شاری سلێمانی كه به ده‌ستی ئاسایشی كه‌ركووكی سه‌ر به حزبی به‌عس ئه‌نجام درابوو، شه‌هید كراوه و له گۆڕستانی شێخ عه‌وڵای شاری سلێمانی به خاك سپیردراوه. شاره‌زای زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، كۆنگره و كۆنفرانس (پرۆگرام و په‌یڕه‌وی ناوخۆ)، ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی رۆكسانا- ٢٠٢١).
- مه‌هدی محه‌مه‌د قادر، پێشهاته سیاسییه‌كانی كوردستانی عێراق ١٩٤٥ ـ ١٩٥٨، (سلێمانی ـ سه‌نته‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ی ستراتیجیی كوردستان ـ ٢٠٠٥ز).
- عبدالخالد صابر (مامۆستا خالد)، شه‌جه‌ره‌ی بنه‌ماڵه دێرینه‌كانی سلێمانی له نێوان ساڵانی ١٧٨٤ ـ ١٩١٤، چاپی دووه‌م، (به‌یرووت ـ چاپخانه‌ی گرین گلوری ـ ٢٠١٠ز).
- عه‌بدوڵڵا ئاگرین، عه‌مید عه‌بدولڕه‌حیم وهفییه، گۆڤاری سلێمانی، ژماره ١٢٩، خولی سێهه‌م، سلێمانی، چاپخانه‌ی دلێر، ئازاری ٢٠١٢ز.
- عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ، به‌شێك له یاداشته‌كانم، به‌رگی یه‌كه‌م، (سلێمانی ـ ده‌زگای چاپ و په‌خشی سه‌رده‌م ـ چاپخانه‌ی ده‌زگای حه‌مدی ـ ٢٠٠٦ز).
- كه‌ریم زه‌ند، خه‌رمان ـ شارا، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی ئه‌زمڕ ـ ٢٠٠٣ز).
- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ ـ ١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر ـ چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ـ ٢٠٠٤ز).