شەڕی کانیەلنجا ١٩٨٣

شه‌ڕی كانیه‌لنجا له‌ ٢١ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٣ ڕوویدا، كاتێ كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی بارزان هێرشیان كرده‌ سه‌ر بنكه‌ و سه‌ربازگه‌كانی سوپای عێراق له‌ نزیك گوندی كانیه‌لنجای ده‌ڤه‌ری بارزان، توانیان به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن و زیانی زۆریان پێ بگه‌یه‌نن.‌ ‌


كانیه‌لنجا یه‌كێكه‌ له‌ گونده‌كانی ده‌ڤه‌ری بارزان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی شێروان مه‌زن هه‌ڵكه‌وتووه،‌  ٢كم له‌ ڕێگای سه‌ره‌كی مێرگه‌سۆر– شێروان مه‌زن دووره، له‌گه‌ڵ گونده‌كانی هه‌ڵانیه و بێرۆخی باكووری كوردستان هاوسنووره‌، له‌ ڕووی كارگێڕییه‌وه‌ سه‌ربه‌ ناحیه‌ی گۆڕه‌تووه‌ له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر([1])، ئه‌و گونده‌ش وه‌كو سه‌رجه‌م گونده‌كانی كوردستان ساڵی ١٩٧٩ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی به‌عس خاپوور كرا و دانیشتوانی ڕاگوێزران بۆ‌ كۆمه‌ڵگا زۆره‌ملێكانی دیانا و هه‌ریر و به‌حركه‌ و قوشته‌په،‌ له‌ ڕووی شۆڕش و به‌رخودانیشه‌وه‌ دانیشتوانی ئه‌و گونده‌ به‌شداری كارایان هه‌بووه‌ له‌ شۆڕشه‌ یه‌ك به‌ دوای‌ یه‌كه‌كانی كوردستان و شۆڕشگێڕی ناوداریان لێ هه‌ڵكه‌وتووه‌ وه‌ك ئەحمەد مستێ و ساڵح علی محه‌مه‌د ناسراو بە ساكۆ كانیه‌لنجی و  زۆرانی تر([2]).

 له‌ دوای هه‌ڵگیرسانى شۆڕشی گوڵان و به‌ستنی كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٧٩ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان([3])، یه‌كێك له‌ بڕیاره‌كانی كۆنگره‌ی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان ناردنه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو بۆ كوردستان بۆ ده‌ستكردن به‌ كاری ڕێكخستن و ئه‌نجامدانی‌ چاڵاكی پێشمه‌رگه‌یی‌ له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كان، ده‌ڤه‌ری بارزانیش یه‌كێك  بوو له‌و ناوچانه‌ی كه سه‌ر به‌ باڵی ڕاستی لقی ٢ی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو به‌و پێیه‌ی سنووری لقی ٢ دابه‌شی سه‌ر دوو باڵی سه‌ره‌كی ڕاست و چه‌پ كرابوو، باڵی ڕاست ئه‌ركی له‌ سنووری ده‌ڤه‌ری بارزان و ده‌وروبه‌ری بوو, سه‌رپه‌رشتیكردنی به‌ دكتۆر سه‌عید بارزانی سپێردرابوو به‌ هاوكاری ده‌سته‌یه‌ك کە پێکهاتبوون له‌ حاجی میرخان دۆله‌مه‌ری و مه‌لا عومه‌ر و ملازم نیهاد و تارق مه‌ولود، ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ سه‌ره‌تای هاتنیان بۆ ده‌ڤه‌ره‌كه‌ له‌ چیای برادۆست له‌ ئه‌شكه‌وتێك باره‌گایه‌كیان پێكەوه‌نا و بڕێك ئازوقه ‌و پێداویستیان ئه‌مبار كرد، سه‌ره‌تا ده‌ستیانكرد به‌ كۆكۆدنه‌وی زانیاری له‌سه‌ر سه‌ربازگه‌ و ڕه‌بایه ‌و خاڵه‌ سه‌ربازییه‌كانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ كه‌ به‌ شێوه‌ی زیك زاك بۆ پارێزگاری ڕێگا سه‌ره‌كییه‌كان ڕێكخرابوون و ته‌لبه‌ند و مینڕێژ كرا بوون([4]).

یه‌كێك له‌ زنجیره‌ی چاڵاكییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی هێزی بارزان هێرشێك بوو بۆ سه‌ر ڕه‌بایه ‌و‌ بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی حكومه‌ت له كانیه‌لنجا، دوای دانانی نه‌خشه ‌و پلان بۆ لێدانی بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی شوێنه‌كه‌ له‌ ٢١ی تشرینی دووه‌می ١٩٨٣ پلانه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌وا پێشمه‌رگه‌كان له‌ كاتی دیاریكراو هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر بنكه‌ و باره‌گاکانیان به‌ ماوه‌یه‌كی كه‌م توانیان ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن و زیانی زۆریان پێ بگه‌یه‌نن. جیا له‌وه‌ی هێزه‌كانی حكومه‌ت زیانیان پێگه‌یشت ترس و دڵه‌ڕاوكێشیان بۆ دروست بوو كه‌ پێشمه‌رگه له‌ ناوچه‌كه‌ بوونی هه‌یه‌ و‌ له‌ لێدانی سه‌ربازگه ‌و ڕه‌بایه‌ و‌ بنكه ‌و باره‌گاكانی به‌عس به‌رده‌وامن و چاڵاكییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌نگدانه‌وه‌یان هه‌بوو، هه‌رچه‌نده‌ له‌و داستانه‌دا هێزی پێشمه‌رگه‌ش زیانی هه‌بوو كه‌ ٣ پێشمه‌رگه‌ی تێدا شه‌هید بوون به‌ ناوه‌كانی ساڵح عومه‌ر، ئه‌نوه‌ر خه‌ردنی، زوبێر حارس مامیسكی ([5]).


سه‌رچاوه‌كان:

  1. هاشم شێروانی، ده‌ڤه‌را بارزان، جوگرافیا – دیرۆك – كه‌لتور، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولیر – ٢٠٠٨.
  2. حاجی میرخان دۆڵه‌مه‌ری، گه‌ڕان به‌دوای دادپه‌روه‌ریدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، كوردستان – ٢٠٢١.
  3. مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
  4. ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان – كۆنگره‌و كۆنفراسی(پڕۆگرام و په‌یره‌وی ناوخۆ) به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌لات، ٢٠٢١.

[1] - هاشم شێروانی، ده‌ڤه‌را بارزان، جوگرافیا – دیرۆك – كه‌لتور، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری، هه‌ولیر – ٢٠٠٨، ل٢٦.

[2] - هاشم شێروانی، هه‌مان سه‌رچاوه‌، ل٢٤٦.

[3] - ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان – كۆنگره‌و كۆنفراسی(پڕۆگرام و په‌یره‌وی ناوخۆ) به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌لات، ٢٠٢١، ل٣٦٩. 

[4] - حاجی میرخان دۆڵه‌مه‌ری، گه‌ڕان به‌دوای دادپه‌روه‌ریدا، به‌رگی دووه‌م، چاپی دووه‌م، كوردستان – ٢٠٢١، ل٢٥٢.

[5] - مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چواره‌م، ١٩٧٥-١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١، ل٦١.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى گەلنازکێ

شەڕى گەلنازکێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو بوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى لە ٢٤ ئابى ١٩٨٤، لە ئەنجامى هێرشێک کە حکومەتى بەعس کردیە سەر چەند ناوچەیەکى زاخۆ لە دەڤەرى بادینان، دواى هەشت ڕۆژ هێرش و پەلامارى بەردەوام، هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێگەیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.

زانیاری زیاتر

شەڕى دەشتمرێ ١٩٨٧

شەڕی دەشتمرێ چالاکییەکى پێشمەرگە بوو بەرانبەر بنکەیەکى سەربازیی سوپاى عێراق و تێیدا هێزێکى پێشمەرگەى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆ لە شەوى ٩ لەسەر١٠ى شوباتى ١٩٨٧، هێرشیان کردە سەر ڕەبایەیەکى سوپاى عێراق لە نزیک گوندى دەشتمرێ لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان و بە ماوەیەکى کەم توانیان بچنە ناو بنکە سەربازییەکە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گردە هول ١٩٨٥

ئەو شەڕە گورزێکى توندى هێزى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستان لە شۆڕشی گوڵان بوو بەر ڕەبایەکى سوپاى عێراقى کەوت، لە شەوى ١٢ لەسەر١٣ى ئابى ١٩٨٥، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبى شیوعی، جەولەیەکیان ئەنجام دا بۆ ناوچەى باتیفای پارێزگاى دهۆک، بۆ بینین و بەسەرکردنەوەى ڕیزەکانى ڕێکخستن و هاوڵاتیانى ناوچەکە، دواتر بڕیاریان دا چالاکییەکى پارتیزانى ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش ڕەبایەى (گردە هول)یان دەستنیشان کرد

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندی زێوکێ ١٩٨٣

شەڕى گوندی زێوکێ لە شۆڕشی گوڵان و لە ١٥ى نیسانى ١٩٨٣ لە دەڤەرى بادینان لە نێوان هێزێکى پێشمەرگە و هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق ڕوویدا، سوپای عێراق بە مەبەستى گێڕانەوەى هێز و هەژموونى حکومەت بۆ ناوچەکە هێرشییان کردە سەر گوندى زێوکێ لە ناوچەى مانگێشکێی. کە سوپای عێراق سەرقاڵى پشکنینى گوند بوون، هێزێکى پێشمەرگە کە بە ئەرکى پێشمەرگایەتى لە ناوچەکەدا لە گەڕان و پشکنیندا بوون لە هێرشەکە ئاگادار بوونەوە و هێرشیان کردنە سەر....

زانیاری زیاتر