ئەو شەڕە گورزێکى توندى هێزى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتى کوردستان لە شۆڕشی گوڵان بوو بەر ڕەبایەکى سوپاى عێراقى کەوت، لە شەوى ١٢ لەسەر١٣ى ئابى ١٩٨٥، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبى شیوعی، جەولەیەکیان ئەنجام دا بۆ ناوچەى باتیفای پارێزگاى دهۆک، بۆ بینین و بەسەرکردنەوەى ڕیزەکانى ڕێکخستن و هاوڵاتیانى ناوچەکە، دواتر بڕیاریان دا چالاکییەکى پارتیزانى ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەش ڕەبایەى (گردە هول)یان دەستنیشان کرد، ئەو ڕەبایە کەوتبووە بەشى ڕۆژئاواى شارۆچکەى باتیفا، هێزى پێشمەرگە بەپێی پلانێکى داڕێژراو، کاتژمێر ١٢ى شەو هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکە و شەڕێکى توند دەستى پێکرد، بەڵام بەهۆى بەرگرى سەربازانى ڕەبایەکە و بەهاناوەهاتنى هێزێکى زۆرى سەربازى لیواى باتیفا هێزى پێشمەرگە پاشەکشەى کرد.
دیارە یەکێک لە ئەرکەکانى پێشمەرگە بڵاوکردنەوەى پلان و پڕۆگرامى شۆڕش و ئامانجى هەڵگیرساندن و ڕووبەڕووبوونەوەى حکومەتى عێراق بوو بۆ جەماوەر لە پاڵ کارەکانى تر، لە ڕێگاى دەستەوتاقمى کادر و پێشمەرگەوە کە خۆیان دەخزاندە ناو جەوماوەر لە شار و لادێکانى کوردستان، لێرە و لەوێ سەردانى ڕێکخستنەکانیان دەکرد و دیدەنى و کۆڕ و کۆبوونەوەیان بۆ ئەنجام دەدان، وێڕاى ئەوەش خەڵکی دیکەیان بانگهێشت دەکرد کە پەیوەندى نهێنى لەگەڵ ڕیزى ڕێکخستنەکانى شۆڕشەوە بکەن تاکو پاڵپشتى جەماوەرى و ڕیزەکانى ڕێکخستن و پێشمەرگە بەهێزتر بکەن، ئەوە ڕێگایەکى کاریگەرى گەیاندنى بیروباوەڕى شۆڕش بوو بە دانیشتوانى شار و لادێکان، زۆر جارى واش هەبوو هەر لە هەمان گەڕاندا چالاکى پێشمەرگەیشى لەخۆ دەگرت وەک هێرشکردنە سەر بنکە و بارەگا سەربازی و ئەمنیەکان.
ساڵى ١٩٨٥ هێزى پێشمەرگە لە دەڤەرى بادینان بەردەوام لە چالاکیدا بوون بۆ پتەوکردنى ڕیزەکانى ڕێکخستن و ئەنجامدانى چالاکى پێشمەرگەیی، لە چەندین شوێنەوە ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت دەبوونەوە و سەرکەوتنى گەورەیان تۆمار دەکرد، وەک لە مانگى ئابدا هێزێکى پێشمەرگە سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان و سریەى (٣)ى حزبى شیوعی عێراق جەولەیەکى هاوبەشیان پێکهێنا بۆ گەڕان بەناو گوندەکانى ناوچەى باتیفا لە دەڤەرى بادینان، بۆ دیتن وئەنجامدانى کۆڕ و کۆبوونەوە لەگەڵ جەماوەر و بەسەرکردنەوەى ڕێکخستنەکانى شۆڕش، بە مەبەستى ڕوونکردنەوەى سیاسەت و بیروباوەڕی شۆڕش و خەبات لە پێناوى ئازادی و دیموکراسى و زیاتر بەئاگاهێنانەوەى جەماوەر لە سیاسەتى خۆسەپێنى ڕژێمى بەعس و فراوانى بازنەى زولم و زۆریەکان و خەبات و تێکۆشانى شۆڕش لە پێناوى کۆتایی پێهێنانى. دیارە ئەو چالاکییە هاوبەشەى نیوان پارتى دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعى دەگەڕێتەوە بۆ هاوپەیمانیێتى نێوانیان کە لەسەر بنەماى بەرەیەکى یەکگرتووى لایەنە سیاسیەکانى کوردستان کە بە بەرەی جود ناسرا بوو و لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٠ دامەزرابوو.
دواى ئەوەى پلانى یەکەمى دەرچوونەکە بە سەرکەوتوویى کۆتایی پێهات کە بریتى بوو لە بینینی خەڵکى و ئەنجامدانى دیدەنى و کۆر و کۆبوونەوە، هێزەکەى پێشمەرگە بڕیاری دا کەوا هەر لەو جەولیەدا چالاکییەکى پێشمەرگەیش ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەى بە گوێی ڕژێمى بەعسدا بچرپێنن کە شۆڕش بەهێزە و لە توانایدا هەیە لە هەر شوێنێک بێ چالاکى پێشمەرگەیی ئەنجام دەدات و زیان بە دامودەزگا و بنکە سەربازییەکانى حکومەت دەگەیەنێ، هەروەها پاڵپشتى بەهێزى جەماوەرى هەیە، لە لایەکى دیکەشەوە ورە و مۆڕالێک بە جەماوەر و هەوادارانى شۆڕش دەبەخشێ کە هیوا و ئومێدى زیاترى لەسەر هەڵبچنن.
بۆ ئەنجامدانى ئەو چالاکییە هەر لەو ناوچەیەدا ڕەبایەى (گردە هول) یان دەستنیشانکرد کە دەکەوێتە تەنیشت شارۆچکەى باتیفا لە بەشى ڕۆژئاوا، هێزەکەى پێشمەرگە کە نەخشەى هێرشکردنە سەر ڕەبایەکەیان بە تەواوى کێشا لە تاریکە شەوى ١٢ لەسەر١٣ى ئابى ١٩٨٥ بۆى دەرچوون، سەرەتا بۆ گەیشتن بە ڕەبایەکە و کردنەوەى ڕێگایەکى سەلامەت، دەستیانکرد بە هەڵگرتنەوەى مینەکانى دەوروبەرى ڕەبایەکە لەلایەن چەند پێشمەرگەیەکى شارەزا لە هەڵگرتنەوەى مین، کە سوپاى عێراق بۆ پارێزگارى لە خۆیان لە مەترسى پێشمەرگە، دەوروبەرى تەواوى سەربازگە و بنکە سەربازییەکانى مێنڕێژ کردبوو، دواى ئەوەى ڕێگایان لە مین پاککردەوە تاکە بەربەستى گەیشتن بەردەمیان هەڵگرت، بڕیاریان دا لە ڕەبایەکە نزیک بنەوە و هێرش بکەنە سەرى، کاتژمێر ١٢ى شەو زۆر بە ئەسپایی خۆیان گەیاندە دیوار و کەمینەکانى ڕەبایە و لە چاوتروکانێکدا هێرشەکەیان ئەنجام دا، شەڕێکى گەرم دەستى پێکرد و بۆ ماوەیەک بەردەوام بوو، هەرچەندە بەرگریەکى بەهێزى سەربازانى ڕەبایەکە بوونى هەبوو، پێشمەرگە توانى بچێتە ناو ڕەبایەکە، لەو بەرپەرچدانەوەى سەربازانى ڕەبایەکە چەند نارنجۆکێک کەوتنە ناو پێشمەرگەکانەوە، پاشان لیواى باتیفا و ڕەبایەکانى دەوروبەر بەئاگا هاتن، ئەوانیش دەستیانکرد بە تەقە بە ئاراستەى هێزى پێشمەرگەوە و بە هێزى زۆرەوە بە هاناى سەربازانیانەوە هاتن لەو ڕووبەڕووبۆنەوانەدا ژمارەیەک پێشمەرگە بریندار بوون.
دیارە بەهۆى بەرگرى بەهێز و ڕووبەڕووبوونەوەى لیوا و ڕەبایەکانى دەوروبەر کە بە هاناى ڕەبایەکەوە هاتن پێشمەرگە نەیتوانى درێژە بە هێرشەکە بدات، بەڵکو بتوانن پێشمەرگە بریندارەکان بگوازنەوە شوێنێکى سەلامەت دەستیان لە هێرش هەڵگرت و پاشەکشەیان کرد، هەر لەو کاتەوە سوپاى عێراق تۆپبارانێکى چڕى ناوچەکەیان کرد، لەو ناو تۆپبارانەدا هێزەکەى پێشمەرگە کشانەوە گوندى بێغەبارێ و پێشمەرگە بریندارەکانیان تیمار کردن پاشان بۆ شوێنێکى دوورەدەستى حکومەت دوورکەوتنەوە.
سەرچاوەکان:
١- مەسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- محەمەد مراد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٩٧٦- ١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.
٣- جەمال فەتحوڵڵا تەیب، بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد لە باشوورى کوردستان، چاپى یەکەم، چاپخانەى شەهاب، هەولێر- ٢٠١٢.