دکتۆر فرێدریک تیسۆ

دکتۆر فرێدریک تیسۆ، ساڵى ١٩٨١ لە ڕێگاى کەندال نەزان سەرۆکى ئەنستیتیۆتى کورد لە پاریسی وڵاتى فەڕەنسا ئاشناى کێشەى گەلى کورد بووە، ساڵى ١٩٨٢ دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ساڵى ١٩٨٩ بەشدارى کۆنفرانسێک لە پاریس سەبارەت بە کێشەى کورد دەکات، دواى کردنەوەى کونسلخانەى فەڕەنسا لە ٢٣ى ئەیلوولى ٢٠٠٧ وڵاتى لە شارى هەولێر فرێدریک تیسۆ یەکەمین کونسلى ئەو وڵاتە بوو. لە ڕۆژى ١٥ی ئازارى ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشرا.


دکتۆر فرێدریک تیسۆ، ساڵی ١٩٥١ لە جەزائیر لەدایکبووە، ساڵی ١٩٦٢ دەگەڕێتەوە بۆ فەڕەنسا و شاری لیۆنى فەڕەنسا نیشتەجێ دەبێت، قۆناغەکانى خوێندنى لە وڵاتى فەڕەنسا تەواو دەکات و لە ساڵی ١٩٨٠ دەبێتە پزیشک. ماوەى چەند ساڵێک ناوەندێکی تەندروستی گوندنشینی لە دۆڵی ئایت بوگێمێز بەڕێوە دەبات و یارمەتى نەخۆشەکانى دەدات، وەکو پزیشکێکی فەڕەنسی، بڕیار دەدات لەو وڵاتانەی کە دوورەدەستن و شەڕ تێیاندا بڵاوە و هیچ هاوکارییەکیان بەدەست ناگات یارمەتى خەڵکەکەى بدات.

دکتۆر فرێدریک تیسۆ ژیانێکی پڕ لە سەرکێشی بەسەر بردووە، ساڵى ١٩٨٢  دەچێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەک پێشمەرگەیەک لە گوندى مەزرێ لە ناوچەى ئالانى سەردەشتى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لە نەخۆشخانەى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران خزمەتى نەخۆش و بریندارەکانى شەڕى حکومەتى ئێران دەکات.

دکتۆر فرێدریک تیسۆ ئەندامى پزیشکانى بێسنوور، ساڵى ١٩٨١ لە ڕێگاى کەندال نەزان سەرۆکى ئەنستیتیۆتى کورد لە پاریسی وڵاتى فەڕەنسا ئاشناى کێشەى گەلى کورد بووە. تیسۆ بە ڕادەیەک لەگەڵ ئێش و ئازارى گەلى کورد تێکەڵاو ببوو، دواى ئەوەى کوردستانى جێهێشت و گەڕایەوە وڵاتى فەڕەنسا بەهەموو شێوەیەک هاوکارى بزووتنەوەى ڕزگاریخوازى کوردى کردووە، ساڵى ١٩٨٤ لە شاخەکانى کوردستان ئاشنایەتى لەگەڵ بێرنارد کۆشنێر پەیدا کردووە، دکتۆر فرێدریک تیسۆ دژى ئەوە بووە کەوا پارتە کوردییەکان دژى یەکتر شەڕ بکەن و بەردەوام هەوڵى ناوبژیوانى لەنێوانیان داوە. ساڵى ١٩٨٤ دەگەڕێتەوە وڵاتى مەغریب و بۆ ماوەى پێنج ساڵ لەو وڵاتە خزمەت بە کەرتى تەندروستى دەکات و یارمەتى نەخۆشەکان دەدات.

ساڵى ١٩٨٩ بەشدارى کۆنفرانسێک لە پاریس سەبارەت بە کێشەى کورد دەکات و لەو باریەوە دەڵێت: هەریەک لە وڵاتانى تورکیا و عێراق و ئێران و سوریا بە ئەنجامدانى ئەو کۆنفرانسە خۆشحاڵ نەبوون. ساڵی ١٩٩١ لەگەڵ بێرنارد کۆشنێر ڕۆڵى هەبووە لە داڕشتنى بڕیارى بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجوومەنى ئاسایش و نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ دابینکردنى ناوچەى ئازاد و دژەفڕین بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان. ساڵى ١٩٩١ چەندین جار سەردانى باشوورى کوردستان دەکات.

لە ١٢ى تەمووزى ٢٠٠٦ لە شارى پۆرت ئۆ پرێنسى پایتەختى وڵاتى هایتى تووشى ڕووداوێکى سەخت بوو، کەوانەیەکى کارەبایی دواى ڕووداوێک لەسەر هێڵى ڤۆڵتییەى بەرز فڕێیدا بۆ ئاسمان و لەکاتى کەوتنیدا بڕبڕەى پشتى شکا، لەو کاتەوە کورسى گەڕۆک بەکاردەهێنێت.

لە ٢٣ى ئەیلوولى ٢٠٠٧ وڵاتى فەڕەنسا کونسلخانەى خۆى لە شارى هەولێر کردەوە و دکتۆر فرێدریک تیسۆ، یەکەم کونسلى وڵاتەکە بوو لەهەولێر، لەو ڕۆژەوە بە شێوەیەکى فەرمى نوێنەرایەتى وڵاتەکەى لە هەرێمى کوردستان کردووە، وەک دیبلۆماتکارێک و هاوسۆز لەگەڵ کێشەى کورد هەمیشە لە هەوڵى پتەوکردنى پەیوەندییەکانى وڵاتى فەڕەنسا لەگەڵ هەرێمى کوردستان بووە. لەو باریەوە دەڵێت: من دیبلۆمات نەبووم کە ئەرکى کونسلى وڵاتەکەم لە کوردستان پێسپێردرا، بەڵکو من بە ڕێگاى کارى پزیشکى تێکەڵى سیاسەت بووم.

دکتۆر فرێدریک تیسۆ تا ساڵى ٢٠١٢ لە کوردستان مایەوە و بەشدارى زۆربەى بۆنە و ڕێوڕەسمەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستانى کرد و پردێکى بەهێزى پەیوەندى نێوان کوردستان و فەڕەنسا بوو. لەزۆربەى بۆنەکان تاجە گوڵینەى لەسەر مەزارى شەهیدان و ئەنفالکراون لە بارزان و هەڵەبجە و گەرمیان و بادینان و بالیسان هەموو شوێنەکانى ترى کوردستان داناوە.

ڕۆژى ٣٠ى ئەیلوولى ٢٠١٢ بەهۆى کۆتایی هاتنى ئەرکەکەى وەک کونسلى فەڕەنسا لەهەولێر گەڕایەوە وڵاتەکەى خۆى، لەکاتى بەڕێکردنى مەڕاسیمێکى شایستەى لەلایەن حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هۆڵى شەهید سەعد عەبدوڵا بۆ ڕێکخرا و چەندین بەرپرسی پایە بڵندى حکومەت لە ڕێوڕەسمەکە ئامادەبوون و سوپاس و پێزانینى حکومەت و گەلى کوردییان پێشکەشکرد کە بۆ ماوەى سی ساڵ خزمەتى دۆزى ڕەواى گەلى کوردى کردووە. لە ڕێوڕەسمەکەدا دکتۆر فرێدریک تیسۆ سوپاسى سەرۆک مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی کرد و خۆشحاڵى خۆى دەربڕى کە وەک دیبلۆماتکارێک خزمەتى بە دۆزى ڕەواى گەلى کورد کردووە. جەختى لەوە کردەوە کە وەک دۆستێکى کورد بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردن بە نەتەوە ماف خوراوەکان و وەک دۆستێکى کورد دەمێنێتەوە.

بەهۆى ئەو خزمەتانەى چ لەسەر ئاستى کوردستان و فەڕەنسا و ئاستى جیهانى پێشکەشى گەلى کوردى کردووە لە ڕۆژى ١٥ی ئازارى ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى پێ بەخشرا.


سەرچاوە:

 ١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

حەسەن شێخ مستەفا بۆسەلی

حەسـەن شــێخ مســتەفا بۆســەلى، ســاڵی ١٩٤٨ لە گونــدی بۆسەل لە قەزای زاخــۆی پارێزگاى دهۆک لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦٧ چووەتە ڕیزی پێشمەرگەکانی هێزی زاخۆ، دوای نسکۆی شؤڕشی ئەیلول لەساڵی ١٩٧٥، ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە، دوای ڕاپەرینەکەی ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشوری کوردستان، ساڵی ٢٠٠٣ کراوە بەفەرماندەی عەمەلیاتی سوپای چوار، لەرۆژی ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٣ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

جەعفەر مستەفا مەعروف

جەعـفەر مسـتەفا مەعـروف ناسـراو بە (شـــێخ جەعـــفەری جامانەســـور)، ســـاڵی ١٩٥٧ لەگونــدی گوندی سەرکان ناوچە ســرۆچک سەربە ناحییەی بەرزنجەی پارێزگــای سلێمانی لەدایـک بـووە، سـاڵی ١٩٧٠ پەیوەندى بە ڕیــزی یەکێتــی قوتابیــانی کوردســتاندا کردووە، لەساڵی ١٩٩٢ قایمقامی پێنجوێن بووە، ١٩٩٦ بە قایمقامی هەڵەبجەی شەهید دەستنیشان کراوە، سالانی ٢٠٠٣- ٢٠٠٥ وەکو قایمقامی شاری ئاکرێ لە ئەرکدا بووە

زانیاری زیاتر

فەقێ ئەحمەد پشدەری

ئەحمەد محەمەد ئەبوبەکر، ناسراو بە (فەقێ ئەحمەد پشدەرى)، ساڵى ١٩٢٢ لە گوندى دەلگە لە ناوچەى پشدەر لە ناحیەى هێرۆ سەر بە قەزاى قەڵادزێ پارێزگاى سلێمانى لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، لە ٤ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٩ وەک ئەندامى کۆنگرە بەشدارى لە کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە.

زانیاری زیاتر

خالید تەها عەلی

خالید تەھا عەلی ساڵی ١٩٤٥ لە پارێزگای دھـۆک لەدایـــــک بـــــووە. ڕۆژی ٤ی نیسانی١٩٦٢ پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوولەوە کردووە، ساڵی ١٩٧٠ بووەتەسکرتێری سەندیکای کرێکـارانی دھـۆک، دوای نسکۆی شۆرشی ئەیلوول لەساڵی ١٩٧٥ئاوارەی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەساڵی ١٩٨٩ چووەتە وڵاتی نەمسا، ساڵی ١٩٩٩ گەراوەتەوە بۆ کوردستان، لە رۆژی ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حەمید حەیدەر ئەرگوشی

حەمیـد حەیـدەر ئەحمەد، ناسراو بە (حەمید ئەرگۆشى)، لە دایک بووی گوندى ئەرگۆشى ناحیەى شێروان مەزنە، ساڵى ١٩٥٩ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پـارتی دیمـوکراتی کوردسـتان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، لە ١٥ی کانونی یەکەمی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر