بێرنارد کۆشنێر

بێرنارد کۆشنێر، سیاسەتمەدار، دیپلۆمات و پزیشکى پسپۆڕى فەڕەنسی، ساڵى ١٩٣٩ لە شارى کۆموونى باشوورى ڕۆژهەڵاتى وڵاتى فەڕەنسا لە دایک بووە، دامەزرێنەرى هەردوو ڕێکخراوى پزیشکانى بێ سنوور و پزیشکانى جیهانى، ئەندامى پەرلەمانى فەڕەنسا، ئەندامى پەرلەمانى یەکێتى ئەوروپا، وەزیرى تەندروستى، وەزیرى دەرەوەى یەکێتى ئەوروپا بووە، لە ١٥ى ئازارى ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشرا.


لەسەرەتای تەمەنى لاویدا چووەتە ڕیزى حزبى کۆمۆنیستى فەڕەنسا، ساڵى ١٩٦٤ لەتەمەنى ٢٥ ساڵى چووەتە کوبا و لە نزیکەوە چاوى بە فیدل کاسترۆ کەوتووە، ساڵى ١٩٦٦ بەتاوانى هەوڵدان بۆ لادانى سکرتێرى حزبى کۆمۆنیستى فەڕەنسا لەو حزبە دەرکراوە، ساڵى ١٩٦٨ بووەتە ئەندامى ڕێکخراوى خاچى سوورى نێودەوڵەتى و کاتى شەڕە ناوخۆییەکانى نێجیریا، لەلایەن خاچى سوورەوە چووەتە بیافڕا.

ساڵى ١٩٧١ بە ئەزموون وەرگرتن لە خاچى سوورى نێودەوڵەتى، ڕێکخراوى پزیشکانى بێسنوورى دامەزراندووە و لەکاتى شەڕە ناوخۆییەکان یارمەتى بریندارەکانى شەڕ و ئەو کۆمەڵە نەخۆشانە داوە کە ناوچەکانیان لەلایەن حکومەتەکانەوە گەمارۆ دراوە. دواتر بە هۆى بیرکردنەوەی جیاواز لەگەڵ سەرۆکى ڕێکخراوى پزیشکانى بێسنوور، ڕێکخراوەکەى جێهێشتووە.

ساڵى ١٩٨٠ ڕێکخراوێکى ترى بۆ هەمان مەبەست بە ناوى ڕێکخراوى پزیشکانى جیهان(Médecins du Monde) دامەزراندووە. ساڵى ١٩٨٠ لە شەڕى ناوخۆی لوبناندا کاتێک کەمپى پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتى بەیروت لە گەمارۆدا بوو، لە نزیکەوە هاوکارى شیعەکان و ئیمام موسا سەدرى دەکرد. ساڵى ١٩٨٣ بە گروپێکەوە گەیشتە ناوچەى ئالانە لە نێوان سنوورى ڕۆژهەڵات و باشوورى کوردستان و بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەى حزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران بریندار و نەخۆشانى ناوچەکەى چارەسەر کردووە. ساڵى ١٩٨٦ کاتێک شەڕ و تێکهەڵچوون لە باشوورى کوردستان و لە بیافڕا و لە ئەسیوبیا و لە سودان لە ئارادابوو، دکتۆر بێرنارد کۆشنێر لە نزیکەوە بە فریاى خەڵکى لێقەوماوى ئەو هەرێمانە چووە. لە سۆماڵ گونیە برنجى دەگەیاندە خەڵکى برسی، بۆ ئەوەى لە مەرگ ڕزگاریان بکات، ئەو کارانەى بوونە هۆکارى ناساندنى وەک کەسایەتییەکى خۆشەویستى جیهانى.

ساڵى ١٩٨٨ لەسەردەمى سەرۆکایەتى فڕانسوا میتراندا لە فەڕەنسا چووەتە ڕێزى حزبی سۆسیالیستى فەڕەنسا، ساڵى (١٩٩٢-١٩٩٣) لە حکومەتى سۆسیالیستى فەڕەنسى وەزیرى تەندروستى بووە، ساڵى ١٩٩٤ بە ئەندامى پەرلەمانى ئەوڕوپا هەڵبژێردراوە. ساڵى ١٩٩٧ وەک نوێنەرى وڵاتى فەڕەنسا بە ئەندامى پەرلەمانى ئەوڕوپا هەڵبژێردراوە، هەمان ساڵ دواى تەواوبوونى ماوەى بەرپرسیاریەتییەکەى لە پەرلەمانى ئەوڕوپا، دووبارە کرایەوە وەزیرى تەندروستى و تا ساڵى ١٩٩٩ لە پۆستەکەى مایەوە.

ساڵى ١٩٩٩ تا ٢٠٠١ لە وڵاتى کۆسۆڤۆ نوێنەرى تایبەتى سەرۆکى ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان بوو. ساڵى ٢٠٠١ تا ٢٠٠٢ دووبارە پۆستى وەزیرى تەندروستى لە وڵاتى فەڕەنسا وەرگرتەوە.

ساڵى ٢٠٠٧ لە هەڵبژاردنەکانى فەڕەنسا بێرنارد کۆشنێر، پشتگیرى لە ماریا سێگۆلێن ڕۆیال دژى نیکۆلا سارکۆزى کرد، ماریا لە هەڵبژاردن لەبەرانبەر سارکۆزی دۆڕاندى، دواى پێکهێنانى حکومەت، بێرنارد کرایە وەزیرى کاروبارى دەرەوەى فەڕەنسا، تا ساڵى ٢٠١٠ لەو پۆستە مایەوە.

دکتۆر بێرنارد کۆشنێر دۆستێکى نزیکى نەتەوە بێ دەوڵەتەکان و نەتەوەی کوردە و لە چەندین قۆناغى مێژوویى هەڵوێستى لەبارەى ئەو پرسانە هەبووە کە پەیوەندییان بە کوردستانیانەوە هەبووە، بۆ نموونە بەر لە تیرۆرکردنى عەبدولڕەحمان قاسملۆ، بێرنارد کۆشنێر درکى بە پیلانى تیرۆرکردنى لەلایەن کۆمارى ئیسلامى کردبوو، بۆیە پێى گوتبوو ئاگادارى خۆی بێت و پاسەوان لەگەڵ خۆى بگێڕێت.

هەروەها دوای دەستپێکردنی قۆناغەکانی ئەنفال، رێکخراوی پزیشکانی بێ سنور توانیان خۆیان بگەینە ناوچە ئازادکراوەکان و ھاوکاریی تەندروستی بۆ ھێزەکانی پێشمەرگە دابین بکەن کە سەرۆکی خودی رێکخراوەکە برنارد کۆشنێرى دۆستی دێرینی کورد و فرێدریک تیسوت بوون، بوونە پشتیوان و ھاوکاری کوردستان.

هەروەها ساڵى ١٩٩١ دواى کۆڕەوە مەزنەکەى خەڵکى باشوورى کوردستان، بێرنارد کۆشنێر لەگەڵ دکتۆر فرێدریک تیسۆ ڕۆڵێکى کاریگەرى هەبوو لە داڕشتنى بڕیارى ٦٨٨ی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دیاریکردنى ناوچەی دژەفڕین لە باشووری کوردستان.

دوای پرۆسەى ئازادى عێراق پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فەرەنسا چووە قۆناغێکى پتەوتر و بەهێزتر و لەمەشدا بێرنارد کۆشنێر کە وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا بوو، ڕۆڵێکى گەورەى هەبوو، ئەوەبوو ڕۆژى ١ى حوزەیرانى ٢٠٠٨ نووسینگەى نوێنەرایەتى فەڕەنساى بەڕەسمى لە هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان کردەوە، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازى کرا.

هەروەها لەسەر بانگهێشتى بێرنارد کۆشنێر لە مانگى ئایارى ٢٠١٠ بە ئامادەبوونى ٥٠٠ بەرپرسی فەرهەنگى و سیاسى و دەزگاکانى ڕاگەیاندنى فەڕەنسا و ڕاوێژکارەکانى، فیلمى پشیلە ئێرانییەکان لە هۆڵى سینەماى وەزارەتى دەرەوەى فەڕەنسا لە پاریس نمایشکرا.

دکتۆر بێرنارد کۆشنێر وەک دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدارێکى ناودارى فەڕەنسا و جیهان و هاوسۆزى پرسی نەتەوەى کورد، لە بەرامبەر ئەو خزمەت و هەوڵانەى بۆ ئازادى و سەربەخۆیی کوردستان لە ١٥ى ئازارى ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیاى بارزانى پێ بەخشرا.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی

عیزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، ناسراو بە مام عیزەت بەگ، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی دەرگەڵەی سەربەقەزای ڕەواندزی پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، دوای ئەوەی بارزانییەکان لە ئەنجامی شەڕی مەیدان مۆریک و نسکۆی شۆڕشی یەکەمی بارزان (١٩٣١- ١٩٣٢) ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، لە ڕۆژی ١١ی ئەیلوولی ١٩٤٥ عیزەت سلێمان بەگ و بنەماڵەکەی لەگەڵ بارزانیەکان ڕۆیشتوون بۆ مەهاباد

زانیاری زیاتر

سەبریە هەکاری

سەبریە ئەسعەد ڕسقۆ ئیسماعیل ناسراو بە سەبریە هەکاری، ساڵی ١٩٤٨ لە پارێزگای دهۆک لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦١ بەهاندانی شەعبان بەرواری هاوسەری کە لەبەنداوی دەربەندیخان کاری کردووە و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، ناوبراو پەیوەندی بە پارتی کردووە، دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، سەبریە هەکاری گەڕاوەتەوە بۆ دهۆک و لە ڕێکخراوێکی نهێنی سەربە لقی یەک کاری کردووە...

زانیاری زیاتر

فارس محەمەد ئەمین حسێن قادر

فارس محەمەد ئەمین حسێن قادر، لەساڵی ١٩٥٢ لە گوندی ڕوست سەر بەشارۆچکەی سمیلانى قەزاى چۆمان پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٤ چووتە ڕیزی پێشمەرگەکانی لقی یەک کە محەمەد مەعروف بەرپرسی بووە

زانیاری زیاتر

دەشی زیا یوحەنا

دەشی زیا یوحەنا کوڕی قەشە زیا ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی درگنیی دەڤەری نهێل سەربەقەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک لەدایک بووە، باوکی و باپیری بەشداری شۆڕشەکانی یەکەمی بارزان(١٩٣١- ١٩٣٢) و دووەمی بارزان ساڵی (١٩٤٣- ١٩٤٥) یان کردووە، قەشە زیای باوکی لە پەیڕەوانی بارزانی و دامەزرێنەری ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناو کریستیانەکانی دەڤەری نهێل بووە و لەکاتی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١، ناوبراو کادرێکی لێهاتوو بووە و ماڵی خۆی کردبووە بارەگای پێشمەرگە.

زانیاری زیاتر

هەژار موکریانی

عەبدولڕەحمان محەمەد شەڕەفکەندی، ناسراو بە هەژار موکریانی، لە ١٣ی نیسانی ١٩٢١ لە شاری مهاباد ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە خانەوادەیەکی ڕۆشنبیر و کوردپەروەر لەدایک بووە، هەژار کوڕی حاجی مەلا محەمەد شەڕەفکەندی کەسایەتی دیاری کوردستان و برای سادق شەڕەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بووە.

زانیاری زیاتر