خدر مەمەدەڕەش

خدر محەمەد خدر، ناسراو بە خدر مەمەدەڕەش ڕواندزی، لە ١٦ی ئابى ١٩٥٧ لە شارى ڕواندز سەر بە پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، قۆناغى خوێندنى سەرەتایی لە شارى ڕواندز تەواو کردووە، ساڵى ١٩٧٥ لە دواى نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران دەبێت و لەشارى یەزد نیشتەجێ دەبێت. ساڵى ١٩٩١ دواى ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستان دەگەڕێتەوە نیشتمان و لەشارى ڕواندز نیشتەجێ دەبێت.


خدر محەمەد خدر، هەر لە تەمەنى لاوێتیدا پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات و لەتەمەنى ١٦ ساڵى لەگەڵ فەرماندە مەمەدەڕەش ڕواندزى باوکى لە گوندى فەقیانى سەر بە قەزاى ڕواندز دەبێتە پێشمەرگە. ساڵى ١٩٧٦ دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی گوڵان دووبارە پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەوە دەکات، لە هێزى ئاوارە دەبێتە پێشمەرگە، لە گوندەکانى خنێرە و لۆلانی دەڤەرى برادۆست ئەرکى پێشمەرگایەتى بینیوە، ساڵى ١٩٨٨ بەشدارى داستانی خواکوڕک دەکات.  

ساڵى ١٩٩١ دواى گەڕانەوەى لە وڵاتى ئێران دووبارە لەگەڵ فەرماندە مەمەدەڕەش ڕواندزى باوکى دەبێتە پێشمەرگە، ماوەیەک بەرپرسی پاراستنی  پردەکانی حافیز و پردی بێخاڵ و کاولۆکان بووە، ساڵی ١٩٩٢ لە دوای شەهیدبوونی باوکی لە شوێنی ئەو دەکرێتە ئامر هێزی هندرێن لە سنووری ڕواندز.

ساڵى ١٩٩٢ دواى پێکهێنانى لەشکرى یەکگرتووى کوردستان، پلەى سەربازى وەردەگرێت و لە فەوجى ڕواندز کە بارەگاى لە حامیەى ڕواندز دەبێت، دەبێتە جێگرى خەمەد بارزانى.

ساڵى ١٩٩٤ دواى هەڵگیرسانى شەڕى ناوخۆ، ئاوارە دەبێت و ماڵى دەباتە شارۆچکەى خەلیفان، شەوى ١٧ لەسەر ١٨ی تشرینى یەکەمى ١٩٩٦ لە کاتى هێرشى چەکدارانی یەکێتى نیشتمانی کوردستان بۆ سەر لێژنە ناوچەى ڕواندز شەهید دەبێت.


سەرچاوە:

١.ئەرشیفی دەستەی ئینسکلوپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئەسحەد چیچو یەحیی دری

ئەسحەد چیچو یەحیی، ساڵی ١٩٣٦ لە گوندی درێ لە دایک بووە، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٨٠ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٨٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵى ١٩٨٨ لەداستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل یاسین حامد ستونی

شەهید ئیسماعیل یاسین حامد ستونی، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی ستونی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٨١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵى ١٩٨٨ لە داستانى خواکوڕک شەهید بووە.

زانیاری زیاتر