حەسەن عیسا عەلی، ناسراو بە (حەسەن بابکەیی)، ساڵی ١٩٤٧ لە گوندی بابکەی قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لەئۆردوگاى ڕەبەت نیشتەجێ بووە، دواتر گوازراوەتەوە بۆ شارى گۆنەباد و لەوێش بۆ جەهروم لە پارێزگای شێراز و شاری تاران. ساڵى ١٩٧٩ دواى شۆڕشی ئیسلامى گەڕاوەتەوە ئۆردوگاى زێوە.
ساڵی ١٩٦٤ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە، تا ساڵی ١٩٧٥ لە هێزی دەشت و لە ناوچەی پشدەر و باڵەکایەتی پێشمەرگە بووە و بەشدارى شەڕەکانى کردووە.
ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە و بۆتە بەرپرسی ڕێکخراوى زۆزک لە هێزی بارزان بە فەرماندەیی دکتۆر سەعید ئەحمەد نادر، بەشدارى شەڕەکانى کردووە، ساڵى ١٩٨٢ شەڕى پردی چامە و ساڵى ١٩٨٣ شەڕى بێرکم، ساڵی ١٩٨٦ بەشداری شەڕی کۆڵانا سووردکێ، ساڵى ١٩٨٧ شەڕى لێرسماقی کردووە و لە کاتی هێرش بردنیان بۆ سەر پێگەی دوژمن لە ناو مێرگەسۆر بریندار بووە.
ساڵی ١٩٨٨ بەشداری لە شەڕەکانی کەنەکە خەروانا سیرۆ کۆراوا و کەرژوولیا و ڕەبیعا تاڵافی و شەڕی گەورەی خواکوڕک کردووە. ساڵی ١٩٩١ بەشداری ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و بەشداری شەڕی کۆڕێی کردووە.
لە ڕۆژی ١٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە کۆنگرەی ١٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى کە بە کورد و کوردستانی کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.
