جەمال بەختیار

جەمال حامید ئەسعەد، ناسراو بە (جەمال بەختیار)، ساڵی ١٩٢٥ لە شارى سلێمانى لەدایک بووە، ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندى بەڕیزەکانى کۆمارى کوردستان لە مهاباد کردووە، ساڵى ١٩٦١ دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول، دەستى بە خەباتى نهێنى کردووە، لە ١٣ی تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ میدالیاى بارزانى نەمرى لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانى پێبەخشراوە.


جەمال حامید ئەسعەد، ناسراو بە (جەمال بەختیار)، سالى ١٩٢٥ لە شارى سلێمانى لەدایک بووە، تا قۆناغى ناوەندى لە شارى سلێمانى خوێندووە.

سالى ١٩٤٢ پەیوەندى بەڕیزی کۆمەڵەى هیوا کردووە، لەبەر کارى لەناو کۆمەڵەى هیوا وازى لە خوێندن هێناوە، ساڵى ١٩٤٣ لە ئیدارەى گومرگى قەڵادزێ وەک فەرمانبەر دامەزراوە، ساڵى ١٩٤٤ بە هۆى گوشارەکانى حکومەتى عێراق وازى لەکارەکەى هێناوە و گەڕاوەتەوە شارى سلێمانى، بۆ بژێوی ژیانى کارى نیگارکێشانى کردووە، ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندى بەڕیزەکانى کۆمارى دیموکراتی کوردستان لە مهاباد کردووە و لە ٢٠ى حوزەیرانى لەگەڵ مەلامستەفا بارزانى چووەتە دیدارى پێشەوا قازى محمەد. لەیەکەم دیدارى لەگەڵ پێشەوا قازى بەڵێنى پێ دەدات بینێرێت بۆ باکۆ بۆ ئەوەى بخوێنێت. هەر لەو دیدارە نازناوى بەختیارى پێدەدات. دواى ڕوخانى کۆمارى کوردستان، دەگەڕێتەوە باشوورى کوردستان و لە گوندى لۆلان لەلایەن جاش و سەربازانى سوپاى عێراق دەسگیر دەکرێت و دەیگوازنەوە بۆ قشلەى باپشتیان لە ناحیەى دیانا، پاشان دەگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەى شارى کەرکووک، ساڵى ١٩٤٩ وەک دەسبەسەر ڕەوانەى شارى هەولێرى دەکەن. تا ساڵى ١٩٥٢ لە شارى هەولێر دەمینێتەوە و خەریکى کارى وێنەگرى بووە.

ساڵى ١٩٥٢ دەگەڕێتەوە شارى سلێمانى، ستۆدیۆیەکى بازرگانى هونەرى دادمەزرێنێت بۆ کارووبارى هونەرى، ساڵى ١٩٥٦ لەگەڵ چەند ڕۆشنبیرێکى شارى سلێمانى کۆمەڵەى هونەرەجوانەکانی کورد دادەمەزرێنن و ساڵی ١٩٥٧ جەمال بەختیار دەبێتە ئەندامى دەستەى بەڕێوەبەرى ئەو کۆمەڵەیە. 

لە ١٦ى تشرینى یەکەمى ١٩٥٨ دواى گەڕانەوەی بارزانى لە یەکیەتى سۆڤیەت لە شارى سلێمانى چۆتە دیدارى مەلامستەفا بارزانى. ساڵى ١٩٦١ دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلوول، دەستى بە خەباتى نهێنى کردووە، دەستى بە نەخشاندنى پۆستەرى سیاسى و نووسینى سەر مانشێتەکانى بڵاوکراوەکان کردووە،  ساڵى ١٩٦٤ کاتێک ئیبراهیم ئەحمەد لە پارتى جیا بوویەوە، جەمال بەختیار لایەنگیرى سەرۆک بارزانى کرد.

ساڵی ١٩٥٧ ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی سلێمانی بووە، نیگار کێشێکی ڕیالیست و خۆشنووسێکی بە توانا بووە. لە سەرەتای ساڵى ١٩٤٠ ەوە دەستی داوەتە وێنە کێشان، خۆی دەڵێت من لە تەمەنی ٧-٨ ساڵی یەوە خولیای نیگار کێشان بووم، لە سەرەتای ڕێککەوتنامەى ١١ى ئازارى ١٩٧٠ لە بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى سلێمانى وەک فەرمانبەر دامەزراوە، وێڕاى ئەرکى فەرمانبەرایەتى لەسەر داواکارى فرەنسۆ حەریری و شێخ محمەد هەرسین چەند جارێک چووەتە مەکتەبى سیاسی لە گەڵاڵە و ناوپردان بۆ ئەنجامدانى کارە هونەرییەکانى. ساڵى ١٩٧٤ دواى دەسپێکردنى شەڕ لەلایەن حکومەتى عێراق دژى شۆڕش بەکجارى چووەتە ناوپردان و لەوێ ماوەتەوە، دواى بۆردومانکردنى شارى قەڵادزێ لەلاین فڕۆکەکانى سوپاى عێراق تابلۆیەکى ئەو تاوانەى نەخشاند، ئەو کارەى گوزارشت بوولە جینۆسایدى خەڵکى سڤیل، لەسەر ڕاسپاردەى ئیدریس بارزانى ١٥ هەزار دانەی لێ کۆپی کراو بەسەر ناوەندە سیاسى و ڕۆشنبیرییەکانى ئێران و جیهان دابەشکران. 

ساڵی ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە شارى کاشانى پارێزگاى ئەسفەهان نیشتەجێ بووە، هەر لەو شارە ماوەیەک وەک مامۆستا دامەزراوە، لە ١٧ى حوزەیرانى ١٩٧٦ ئێران جیدەهێڵێت و بەرەو ئەمریکا کۆچ دەکات و لە شارى بسمارکی ویلایەتى داکۆتای ژووروو نیشتەجێ دەبێت. وەک نەخشەکێش لە شارەوانى ئەو شارە دامەزراوە. ئەو ماوەیەى لە ئەمریکا بووە بەهاوکارى لقى حەوتى پارتى دیموکراتى کوردستان ساڵانە چەند پێشانگایەک بۆ کارەکانى کراونەتەوە. ساڵى ١٩٧٩ لەسەر داواى ئارسەر لینک پارێزگارى داکۆتای ژووروو، وێنەى پۆرترێتى پارێزگاى کێشاوە، کە ئێستاش لە باڵەخانەى پارێزگای ویلایەت هەڵواسراوە. 

ساڵى ١٩٨٠ چۆتە شارى ناشڤێل، لەوێ لەسەر ڕاسپاردەى ئیدریس بارازنى و سەرۆک مەسعود بارزانى و بەهاوکارى چەند هونەرمەندێکى کورد کۆمەڵەى هونەرە جوانەکانى کوردستانى دامەزراندووە. لەوێ سەرۆکی کۆمەڵی هونەرە جوانەکانی کورد بووە و بەدرێژایی ئەو ماوەیە لە چالاکی نەکەوتووە وێنەکانی زیاتر دیمەنی سرووشت و ژیانی کوردەواری بە شێوەیەکی ساکار و فۆتۆگرافی وێنە کردووە. 

لەو ماوەیەى لە ئەمریکا بووە دووجار چۆتە کۆشکى سپی، ساڵی ١٩٩٤ تابلۆیەکى بۆ بیل کلنتۆنى سەرۆکى ئەمریکا درووست کردووە و لەڕێگاى لقى ٧ی پارتى دیموکراتى کوردستان پێشکێشى کۆشکى سپى کردووە، ساڵى ١٩٩٦ بەهۆى کۆمەڵەکەیەوە توانى پڕۆگڕامێکى تەلەفزیۆنى بەزمانى کوردى لە کۆمپانیاى تاکس لە کالیفۆڕنیا وەربگرێت و ڕۆژانى شەمە ماوەى نیو کاتژمێر پێشکێشى کردووە. ساڵى ٢٠٠٣ تابلۆیەکى پێشکەشى جۆرج بۆشى سەرۆکى ئەمریکا کردووە.

جەمال بەختیار زیاتر له ۱۰۰۰ تابلۆی ڕۆنى نەخشاندوە و چەندان بەرهەمى هێلکاریشى هەیە، بەرهەمەکانى ولاتەیەکگرتوەکانى ئەمریکاى پارێزراون. زۆربەى بەرهەمە هونەرییەکانى بەر لە ساڵى ١٩٧٦ لەناوچوون، تەنها چەند دانەیەکیان کۆپیان ماوە، یەکەمین هونەرمەندی کوردە تابلۆکانی وەکوو پۆستەر چاپکراوە و بووەتە میوانی زۆربەی ماڵی هاووڵاتییانی کورد.

لە ١٣ی تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ لە کۆنگرەى ١٢ى پارتى دیموکراتى کوردستان، بەهۆی خزمەتەکانى بەهونەرى کوردى و ناساندنى کورد بەگەلانى ئەمریکا بەڕێگەى چالاکییەە هونەرى فەرهەنگییەکانى، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.


ئەم تابلۆیانەى خوارەوە بەشاکارى بەرهەمەکانى دادەنرێن:

١- تابلۆى پێشەوا قازى محمەد و سەلاحەدینى ئەیوبى، مهاباد ١٩٤٦.

٢- تابلۆى کچە کوردێکى سلێمانى، سڵیمانى ١٩٥٤.

٣- تابلۆى سەماى شەهرەزاد، سلێمانى ١٩٥٥.

٤- تابلۆى ڕاپەڕین سلێمانى، سلێمانى ١٩٥٦.

٥- تابلۆى کیژى هەورامان سلێمانى، سلێمانى ١٩٥٨.

٦- تابلۆى کورد و شۆڕشى عەبدولکەریم قاسم ساڵى ١٩٥٨، ئەم تابلۆیە دراوەتە کۆشکى سەرکۆمارى عێراق لە بەغدا.

٧- تابلۆى ڕزگاى بەغدا ١٩٥٩.

٨-تابلۆى مەم و زین ساڵى ١٩٦٣.

٩-تابلۆى نازدارى جاف، سلێمانى ١٩٦٧، ئەم تابلۆیە بە پشتگیرى ئیدریس بارزانى بە شێوەیەکى نوێ لە چاپ دراوە و لەماڵى بەشیک لە کوردەکان هەیە.

١٠-تابلۆى کیژۆڵەى شەقڵاوە، ساڵى ١٩٦٨.

١١- تابلۆى جوانى لادێ ساڵى ١٩٦٨.

١٢- تابلۆى جینۆسایدى ئەرمەنەکان ساڵى ١٩٦٩.

١٣- تابلۆى شەهید عەزیز ئەتروشى ساڵى ١٩٧٢، ئەم تابلۆیە بە پێشنیازى شێخ محمەد هەرسین بۆ سەرۆک مستەفا بارزانى دروستکراوە، بەڵام لەکاتى بۆردومانى بارزان لەناوچووە، لەسەر داواى سەرۆک مەسعود بارزانى بۆ جارى دووەم ئەم تابلۆیە کێشراوەتەوە و ئێستا لەلاى سەرۆک مەسعود بارزانى هەڵگیراوە.

١٤- تابلۆى شیرین تەشى ئەڕێسێت ساڵى ١٩٧٢.

١٥- تابلۆى کارەساتى بۆمبارانى شارى قەڵادزێ، ناوپردان ساڵى ١٩٧٤.

١٦- تابلۆى پەناهندەیی کاشان، ساڵى ١٩٧٥.

١٧- تابلۆى هەزار شەو شەوێک بسمارک ساڵى ١٩٧٩.

١٨- پۆرترێتی ئارسەرلینگ بسمارک ساڵى ١٩٧٩.

١٩- تابلۆى شۆڕشى گوڵان ناشفیل ساڵى ١٩٨٤.

٢٠- تابلۆى ڕێڕەوى بارزانى نەمر و هەڤاڵانى بۆ یەکیەتى سۆڤیەت لە ١٩٤٧، شارى ساندیاگۆ لەویلایەتى کاڵیفۆڕنیا ساڵى ١٩٩٩، ئەم تابلۆیە پێشکێشى سەرۆک مەسعود بارزانى کراوە.

٢١- تابلۆى کلینتۆن و پاراستنى ئاشتى و دیموکراسى، ساندیاگۆ ساڵى ١٩٩٤.

٢٢- تابلۆى چاوەڕوانى هەڵۆى بەبەزەیی ساندیاگۆ، ساڵى ٢٠٠٣.


سەرچاوە: 

١- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

میتۆ ئەحمەد زەینەڵ ستونى

میتۆ ئەحمەد زەینەڵ ستوونى، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى ستونی ناحیەى شێروان مەزن لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بۆتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٧٠ دواى بەیاننامەى ١١ى ئادار، لە فەوجى ٤ى هێزى باڵەک، کراوەتە پاسەوانى سنوور. ساڵى ١٩٩٧ ساڵی کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

سەعید ئیسماعیل ئەحمەد

سەعید ئیسماعیل ئەحمەد سپینداری، ساڵی ١٩٢١ لە گوندی سپیندار لەدەڤەری بەرواری ژێری سەربە قەزای ئامێدی لەدایک بووە، ساڵی ١٩٥٨ پەیوندی بە ڕیکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٧٩ پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، ساڵی ١٩٩٧ بۆتە ئەندامی دەزگای ئەیلوول، لە ١٦ی ئابی ١٩٩٦ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە، لە ٣١ی ئایاری ٢٠٠١ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ڕەمەزان عیسا شەریف

ڕەمەزان عیسا شەریف ناسراو بە (ڕەمەزان عیسا)، ساڵی ١٩٣٥ لە گوندی سێلکێ ناحیەى شێروان مەزن قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایک بووە، ساڵى ١٩٥٩ نایب زابت بووە لە سوپاى عێراق، ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٢ دواى ئەوەى ئاشکرا بووە، ڕیزەکانى سوپاى جیهێشتووە و پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە، لە ١٠ی تەمووزی ٢٠٠٨ کۆچی دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ڕەسول فەقێ خۆشناو

ڕەسول فەقێ خۆشناو ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی( گەڕووتە) لە قەزاى شەقڵاوە پارێزگاى هەولێر لە لەدایک بووە. ساڵی ١٩٥٩ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانى پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، بۆتە ئەندامی لێژنەی ناوچەی شەقڵاوە. ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووە. ساڵی ١٩٩٤ کراوە بە فەرماندەی هێزی کۆڕەک لە پیرمام، دوای دامەزراندنی دەزگای ئەیلول، کراوەتە جێگری بەرپرسی دەزگاکە. لە ١٦ی ئابی ١٩٩٣ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خالید کۆچەر

خالید ڕەشید ئەحمەد ناسراو بە (خالید کۆچەر)، ساڵی ١٩٥٧ لە گوندی گرفیل سەربە قەزای سێمێل لەدایک بووە، ساڵی ١٩٧٢پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٦ پەیوەندی بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە بۆ باشووری کوردستان، لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ میدالیای بارزانی پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر