تەیمەز ئارەب قەتران، ناسراوه به (ته‌یمه‌ز سێلكى)، پێشمه‌رگه و هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٤ له گوندی سێلكێ له‌دایكبووه، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، لە هەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشداریکردووە، پلەى پێشمەرگایەتى فەرماندەى بەتالیۆن بووە و بەرپرسى ناوچەى ئامێدى بووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، ساڵی ٢٠١٤ لە پیرمام کۆچی دوایی کردووە.
ژیاننامە
تەیمەز سێلکى، ساڵی ١٩٢٤ له گوندی سێلكێى سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت، خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ی ناوی ڕوحان بووە و منداڵێکیان هه‌بووه، هەروەها له یه‌كێتی سۆڤیەت بۆ جارى دووەم ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ ڤالانتینا داچیچكا پێكهێناوه، بەڵام کە لە یەکێتى سۆڤیەت گەڕاوەتەوە، لەگەڵ خۆی نەیهێناوەتەوە و دوای گەڕانەوەی لەگەڵ مسریخان شیت محمد هاوسەرگیری کردووە و خاوەن سێ کوڕ و پێنج کچە. ساڵی ١٩٦٠ له ڕواندز به فه‌رمانبه‌ر دامه‌زراوە. زمانه‌كانی كوردی، ڕووسی، توركی و فارسی زانیوە. له ٥ی ئابی ٢٠١٤ كۆچی دوایی كردووه و له گوندی سێلكێ به خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
لە ساڵی ١٩٤٢ لەبەرئەوەى خزمەتى سەربازى بە خورتى بوو، بۆیە تەیمەز سێلکى ده‌بێته سه‌رباز له سه‌ربازگه‌ی كه‌ركووك. دواى هەڵگیرسانى شۆڕشى دووەمى بارزان لە ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشەوە دەکات و له ٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ری کردووە. له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆكی كردووه و بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.
له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریكی كردووه و له ١٤ی ئهیلوول له شه‌ڕی چیای پیرس بریندار بووە. ئاره‌ب قه‌ترانی باوكی ساڵی ١٩٤٥ له شه‌ڕی دۆڵی بیاو شه‌هید بووە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە "مهاباد"، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه و ڕۆڵێکی کارای هەبووە.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی به‌ره‌ی سه‌قز كردووه. له ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی قاراواى له ناوچه‌ی سه‌قزى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه و له‌و شه‌ڕه بریندار ده‌بێت، بەڵام بڕیاری داوه كه له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نەڕاڵ مستەفا بارزانی له به‌رخودان به‌رده‌وام بێت.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٣ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی نه‌لۆس-ى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانى كردووه و له ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ لە شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆ به‌شداربووە.
لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، شێخ حسێن له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی مەزنی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی كردووه و ساڵی ١٩٦٣ له ناوچه‌ی سۆران ئامر به‌تالیۆن بووه و ساڵی ١٩٦٧ له ناوچه‌ی بادینان ئامر به‌تالیۆن بووه. به‌شداری شه‌ڕه‌كانی دهشتهبیل، نه‌لیوان، شه‌ڕانش، كانی ماسێ، گه‌لی زنتا، لۆمانا، مهیدانكا ڕۆڤیا، گه‌لی دهۆك، سه‌ری ئامێدی، چیای مه‌تین، چیای برادۆست، هاودیان، تاهیره، میراو، كانی سپی، كه‌وپه‌ر-ی كردووە. ساڵی ١٩٦٨ ده‌بێته ئامر به‌تالیۆن و به‌رپرسی ناوچه‌ی ئامێدی.
ساڵی ١٩٧٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته وڵاتی ئێران و له كۆمه‌ڵگای زێوه نیشته‌جێ ده‌بێت و دواتر ده‌گوازرێته‌وه بۆ شاری فه‌ریدون شهر له پارێزگای مازندران و پاشان بۆ شاری جەهروم و دواتر كوهسەنگ له پارێزگای مه‌شهه‌د و ساڵی ١٩٧٧ چووەتە ئوردوگای ساوه.
ساڵی١٩٧٩ به‌شداری شۆڕشی گوڵانی كردووە و ئەندامی کۆنگرەی نۆیه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان بووە و فەرماندە بووە لەهێزی خەبات. ساڵی ١٩٨٦ لەگەڵ ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، دەکرێتە فه‌رمانده‌ی هێزی به‌ساڵداچووانی پارتی و ئەرکی پاراستنی مەزاری بارزانی‌یان پێ دەسپێردرێت لەگوندی هەلەج.
ساڵی ١٩٩٣ ده‌گه‌ڕێته‌وه باشووری كوردستان و له شارۆچکەی پیرمام نیشته‌جێ ده‌بێت و ساڵی١٩٩٦ خانه‌نشین ده‌كرێت. له ڕێكه‌وتی ١٦ ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی بارزانی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانییەوە میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه. له ٥ی ئابی ٢٠١٤ كۆچی دوایی كردووه و له گوندی سێلكێ به خاك سپێردراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥).
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – شۆینی چاپ نادیار – ١٩٩٧).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.