بابەکر محەمەد زوبێر

بابەکر محەمەد زوبێر (١٩٢٠- ١٩٩٨)، ناسراو بە بابەکر محەمەد، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦-١٩٩١) کردووە، پلەی سەرپەل بووە.


ژیاننامە

بابەکر محەمەد زوبێر، ساڵی ١٩٢٠ له‌ گوندی هه‌سنێ له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌. لە یەکێتى سۆڤیەت خوێندوویەتى و لە بەشى کشتوکاڵ بڕوانامه‌ی په‌یمانگاى بەدەستهێناوە. هه‌ر له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ شوكریه‌ یوسف پێکهێناوە و كوڕێكیان به‌ ناوی زوبێر بابه‌كر هەبووە کە لە ساڵى ١٩٥٩ لەدایکبووە، کچێکيشيان هەبووە بە ناوى هەدیا. خێزانه‌كه‌ی له‌ نه‌ته‌وه‌ی تاتاره‌كانی نیمچه‌ دورگه‌ی قرم له‌ (كۆماری ئوكرانیا)یە‌. له‌ ١٢ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ تا ٢٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٦٣ شوكریه‌ یوسف له‌گه‌ڵ دوو منداڵەکەى له‌ هه‌ولێر له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسەوە به‌ تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی كه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی یاوه‌ری مستەفا بارزانی و پێشمه‌رگه‌ بووه، ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كرێت و‌ خراوه‌ته‌وه‌ به‌ندیخانه، دواى بەربوونى لە زیندان له‌ گه‌ڕه‌كی ئیسكان و دواتر له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌یداوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌ ژێر چاودێری پیاوانى حکومەت بووه‌ و دواتر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ یه‌كێتی سۆڤیەت.

دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت، بابەکر محەمەد ساڵی ١٩٥٩ له‌ فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر به‌ ڕێنیشانده‌ری كشتوكاڵی دادەمەزرێت. بەهۆى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوولەوە لە پیشەکەى دادەبڕێت، بەڵام ساڵی ١٩٧١ دوای ڕێككه‌وتننامه‌ی یازدەى ئازار گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر پیشه‌كه‌ی خۆی. ساڵی ١٩٧٢ تا ١٩٧٥ وه‌ك ڕێنیشانده‌ری كشتوكاڵی ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی بارزان. هەر سێ زمانى کوردی و ڕووسی و فارسی زانیوە. ساڵی ١٩٩٨ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان و ساڵی ٢٠٠٣ كۆچی دوایی كردووه‌ و له‌ گوندی هه‌سنێ به‌خاك سپێردراوه‌.


خەباتنامە

 بابەکر محەمەد پێش ئه‌وه‌ی ساڵى ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به‌ شۆڕشەوە بكات،  لە ڕێزەکانى سوپاى عێراقدا سه‌رباز بووه‌ و هاوشێوەى زۆرینەى خەڵکى کوردستان کە قایل نەدەبوون لە سوپاى عێراقدا ببنە سەرباز، له‌ سه‌ربازی ڕایکردووە و په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە كردووه‌، بەم هۆیەوە له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازی دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوه‌ و نه‌گواستراوه‌کانیدا گیراوە.

له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌. برایه‌كیشی کە ‌ناوی زوبێر محه‌مه‌د بووە، له‌ ساڵی ١٩٤٥ له‌ كۆماری دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی كردووه‌.

 دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده‌ و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه‌‌، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵداكراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لە باكۆى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێکراوە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

دوای ئەوەى کۆمارى عێراق لە ساڵى ١٩٥٨ بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو  له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

ساڵی ١٩٦٢ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوول كردووه و بووەتە سه‌رپه‌ل و لە شەڕەکاندا بەشداربووە. ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول بە په‌نابه‌رى ڕووده‌كاته‌ ئێران و له‌ نه‌غه‌دەى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێ ده‌بێت.

 ساڵی ١٩٧٩ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه و لە هەردوو شەڕى لۆلان و شەڕى ئه‌لوه‌تان بەشداربووە‌‌. ساڵی ١٩٩٢ خانه‌نشین کراوە و ساڵی ١٩٩٨ له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ باشووری كوردستان.


سه‌رچاوه‌كان:

    1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

    2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).
    3. حیدر فاروق السامرئي، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
    4. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا، چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
    5. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
    6. نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٢،٣، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.
    7. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، ده‌قی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ نادر بابه‌كر محه‌مه‌د زوبێر، لە ڕێکەوتی ١٣ی نیسانی ٢٠١٩- پیرمام.

بابەتی پەیوەندیدار

غەزالی ئیبراهیم ئاغا چەمێ

غەزالى ئیبراهیم ئاغا چەمێ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى چەم لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، لە هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان بەشداریى کردووە، لە ڕاپەڕینى ساڵى ١٩٩١ بەشداربووە و هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، ساڵى ٢٠٠٦ لە گوندى چەمێ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

ئەسعەد خۆشەوی

ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش، پێشمەرگە و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣- ١٩٤٥)بەشدار بووە، لە بەرگریکارانی کۆماری دیموکراتی کوردستان (٢٢کانوونی دووەمی- ١٥ کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، بەشداری کارا و چالاکی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوای کردووە.

زانیاری زیاتر

عومەر ئاغای دۆڵەمەری

عومەرئاغا محەمەد عومەرئاغا شوان ناسراو بە (عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە، هەڵگرى میدالیای بارزانی یە، لە ڕێکەوتى ١٠ی تەمووزى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر