ژیاننامە

هاشم ئەلیاس سەلۆ ناسراو بە مەحموود ئێزدی لە ساڵی ١٩٤٤ لە ناحیەی باعەدرێ لەدایکبووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول لەگەڵ خێزانەکەی پەنای بۆ ئێران برد، دوای چەند مانگێک خێزانەکەی و براکەی حسێنی بۆ عراق نارد، مەحموود ئێزدی لەلایەن دەستی پیس و خۆفرۆشەوە لە بەرەی گارە شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی ئابی ١٩٧٩ شەهید بووە.  

تەرمی شەهید لە ساڵی ١٩٨٥ گواسترایەوە بۆ دەرگەلێ کانی مازی لە ناوچەی بەرواری، لە ١٨ی ئابی ٢٠٠١ بە ڕێوڕەسمێکی سەربازی و بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی گواسترایەوە بۆ لالش، پەیکەری شەهیدی نەمر مەحموود ئێزدی لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێڕەوی ڕێگای شێخان کرایەوە.  

لاپەڕەکانی تێکۆشان

شەهید هاشم ئەلیاس سەلۆ ناسراو بە مەحموود ئێزدی لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٦٣ دوای ژیانێکی سەخت کە لە سوپاى عێراق بەسەری برد و ڕاهێنانی سەربازی وەرگرت، پەیوەندی بە ڕیزەکانی پارتی دیموكراتی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ کرد و تا ساڵی ١٩٧٥ بەردەوام بوو لە تێکۆشان، شەهید مەحموود لەگەڵ هاوڕێکانی بڕیاریاندا سنووری ئێران و عراق و تورکیا ببڕن و بەرەو سوریا بچن بۆ بەشداریکردن لە خولە سەربازییەکان، دوای ئەوەی هەستیان بە ناجێگیری دۆخەکە کرد، ناچار بوون سوریا بەجێبهێڵن و بپەڕنەوە بۆ تورکیا و لە گوندەکانی کۆیی و قەشووریا بمێننەوە. 

شەهید مەحموود لەگەڵ عادل مزووری و ژمارەیەک لە هاوڕێکانی پەڕینەوە بۆ کوردستانى عراق، لە کۆبوونەوەیەکی فراوان لە کەنارەکانی ڕووباری خابوور لەگەڵ سامی عەبدولڕەحمان و جەوهەر نامیق سالم و سەرکردە عەلی و کەریم سنجاری دەستپێکردنی شۆڕش و بڕیاری سەرکردایەتی کاتی و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەکانیان ڕاگەیاند، لە ٣ی ئاداری ١٩٧٦ دەستیان بە کاری ڕێکخراوەیی کرد و چاویان بە کۆمەڵێک پێشمه‌رگه کەوت و پەیامی بارزانی یان پێگەیاندن، هەروەها ژمارەیەک ڕێکخراوی نهێنییان دامەزراند.

 یەکەم فیشەک لە شۆڕشی ئەیلوول لە ناوچەی بادینان لەلایەن ئەو فەرماندە شەهیدە و هاوڕێ تێکۆشەرەکانی دیکەیەوە تەقێنرا، بە ئامانجگرتنی سەربازگەکانی ڕژێمی بەعس و لەوێوە نیشانەکانی شۆڕشی گوڵان دەستیپێکرد، دوای ئاشکرابوونیان بەهۆی چالاکیەکانیانەوە ژمارەیەک لە هاوڕێکانی پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد و تێکۆشانی خۆیان لە ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ درێژە پێدا بۆ ئەنجامدانی چالاکیە سەربازییەکانیان دژی ڕەبایەکانی دوژمن و بە ئامانجگرتنی سەربازگەکانی. 

شەهید مەحموود ئێزدی بەشداری لە زۆرێک لە شەڕ و داستانەکان کردووە و ڕۆڵێکی دیاری لە شەڕی بیلیفکێ هەبووە کە تێیدا دووجار بریندار بووە، جگە لە بەشداریکردنی لە داستانی سەرسەنگ، داستانی جەمان، دۆستەکان و کانی، نەسری، بانی، دێرەلۆک، دۆکان، بلان، شەڕی مەتین و گارە.. هتد.

زۆرێک لە هونەرمەندان و شاعیران شیعر و ئاوازیان لەسەر قارەمانێتی و قوربانیدانی شەهیدی نەمر مەحموود ئێزدی داناوە، لەوانە: قادر قاچاخ، جەعفەر ئیمینکی، مەحموود، موئەیەد تەیب، عەبدولڕەحمان مزووری، قادر حەسەن مەسوزە و مەجید حەسۆ، عارف حیتۆ، هۆشیار ڕێکانی، حسێن باعەدری، ژارۆ دهۆکی، حەبیب کڵش، جێگەی باسە هەریەکە لە قادر حەسەن و د. سەعید خودێدا کتێبیان لەسەر شەهید مەحموود ئێزدی نووسیوە.

سەرچاوە: 

ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.