ئەندازیار و سیاسەتمەدار محەمەد مەحموود عەبدولڕەحمان خدر، کە بە ناوەکانی سامی، سامي عەبدولڕەحمان، ساڵح، دارا-ش دەناسرێت، لە ساڵی 1957دا ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد بوو لە ئەورووپا، لە ساڵی 1966دا بوو بە ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی کوردستانی عێراق، لە کۆنگرەی حەوتەمی ساڵی 1966دا و لە کۆنگرەی هەشتەمی پارتی دیموکراتی کوردستان دا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان وەک ئەندامی مکتب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی 1975دا بوو بە ئەندامی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ساڵی 1979دا لە کۆنگرەی نۆیەمدا لە پارتی دیموکراتی کوردستان جیابووەوە، لە ساڵی 1981دا پارتی گەلی دیموکراتی کوردستانی (PGDK) دامەزراند، لە ساڵی 1993دا گەڕایەوە ناو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە کۆنگرەکانی 11 لە ساڵی 1993 و 12 لە ساڵی 1999دا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان ئەندامی مکتب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو هەڵبژێردرا، لە 1ی شوباتی 2004دا لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی لە ناو بارەگای لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە شاری هەولێر شەهید بوو.

ژیاننامە

محەمەد مەحموود عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1933دا لە شنگال-مووسڵ لەدایک بووە، لە ساڵی 1952دا وەک نوێنەری حکوومەت بۆ شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا دەنێردرێت و لە ساڵی 1953دا لە زانکۆی مانچستەر وەردەگیرێت. لە ساڵی 1957دا بڕوانامەی ماستەری لە بواری ئەندازیاری کارەبادا وەرگرت و گەڕایەوە عێراق و لە ساڵی 1958دا لە وەزارەتی نەوت وەک ئەندازیار دامەزرا. لە هەمان ساڵدا یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی سەندیکای ئەندازیارانی عێراق و لە ساڵی 1959دا وەک سکرتێری سەندیکای ئەندازیارانی عێراق هەڵبژێردرا. لە ساڵی 1959دا، ئەو ئەفسەر بە پلەی مولازمی دووەمی یەدەگ بوو لە مووسڵ و لە کاتی شۆڕشی عەقید ڕوکن عەبدولوەهاب شەواف (1016-1959)دا پشتگیری لە زەعیم ڕوکن عەبدولکەریم قاسم (1963) کرد و دژی شۆڕشی عەقید ڕوکن عەبدولوەهاب شەواف وەستایەوە. لە ساڵی 1961دا لەگەڵ هاوسەرەکەی فەوزییە ئەمین عەبدولڕەحمان هاوسەرگیری دەکات. لە 1ی شوباتی 2004دا لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی لە شاری هەولێر لەلایەن گرووپی تیرۆریستی ئەلقاعیدەوە شەهید بوو. بە کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی باش دەزانی.

خەباتنامە

محەمەد مەحموود عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1954دا، کاتێک خوێندکار بوو لە بەریتانیا، تێکەڵی کۆمەڵەی خوێندکارانی عێراقی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوو و بۆ کۆمیتەی بەڕێوەبەری خوێندکارانی پارتی کۆمۆنیستی عێراق لە زانکۆی مانچستەری شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا هەڵبژێردرا، لە ساڵی 1957دا وەک ئەندامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەورووپا قبووڵ کرا. لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا بەرپرسی پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوو لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.

دوای کودەتای 8ی شوباتی 1963 و دەرکردنی کۆمۆنیستەکان، تێکەڵی ڕیزەکانی هێزی پێشمه‌رگه‌ بوو و وەک ڕۆژنامەوانێک دەستی بە تێکۆشانی خۆی کرد و ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق بوو کە لە ئەشکەوتی گردەڕەش لە پارێزگای سلێمانییەوە پەخش دەکرا، لە ساڵی 1965دا ئەندامی دەستەی نووسەرانی ڕۆژنامەی خەبات، ئۆرگانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو و لە هەمان ساڵدا بوو بە بەرپرسی ڕادیۆی دەنگی کوردستان.

لە 1ی ئابی 1966دا وەک ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق دەستنیشانکرا و پاشان بوو بە ئەندامی مکتب سیاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق. لە هەردوو کۆنگرەی 7 لە ساڵی 1966 و 8 لە ساڵی 1970ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و پاشان بۆ مکتب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لە هەمان ساڵدا بوو بە یاریدەدەری بەرپرسی مکتبی سەربازی نووسینگەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق و لە هەمان کاتدا وەک ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی نووسینگەی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش لە کوردستانی عێراق دەستنیشانکرا، لە 15ی نیسانی 1967 لەژێر چاودێری سەرۆک مستەفا بارزانی دا وەک ئەندامی مکتب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری کۆنفرانسی سەربازی-سیاسی لە کانی سماق بوو، لە کۆتایی ساڵانی شەستەکاندا بەردەوام ڕۆڵی خۆی لە پەروەردەکردنی کادرەکاندا هەبووە و وەک مامۆستای وانەکانی فێرکردن خزمەتی کردووە.

ناوبراو وەک سەرکردەیەکی سەربازی ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە و لە 18ی تشرینی دووەمی 1969دا سەرپەرشتی داستانی پیرەمەگروونی کرد و لە کۆتایی هەمان ساڵیشدا پێشەنگایەتی شەڕی سوورداشی کردووە، لە 1ی ئاداری 1969دا وەک فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر کۆمپانیای نەوتی کەرکووک لە بابەگوڕگوڕ دەستنیشانکرا، بەهۆی کارامەیی و لێهاتوویی خۆی لەگەڵ تێکۆشانی سیاسی و دیپلۆماتیکدا بەردەوام لە کات و شوێنی پێویستدا پشتیان بە توانا و لێهاتوویی ئەو دەبەست و لە ساڵی 1970دا ئەندامی کۆمیتەی ئاشتی حەوت کەسی بوو لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی بەعسی سۆسیالیستی عەرەبی، لە 10ی کانوونی دووەمی 1970دا، ئەندامی شاندی 9 کەسی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو کە بۆ دانوستاندنەکانی ئۆتۆنۆمی باشووری کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی پارتی بەعس لە شاری بەغدا، لە 11ی ئاداری 1970دا، ئەندامی شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ پەسەندکردنی پەیمانی 11ی ئادار لەسەر ئۆتۆنۆمی کوردستان لەلایەن سەرۆککۆمار ئەحمەد حەسەن بەکر (1914-1982)ەوە.

لە 29ی ئاداری 1970دا لە کابینەی ئەحمەد حەسەن بەکردا وەک وەزیری کاروباری باکوور دامەزرا، لە 7ی ئابی 1970دا لەگەڵ ئیسماعیل عەزیز مستەفا (1938-2017) ناسراو بە شێخ ئیسماعیل مەلا عەزیز جێگری بەرپرسی کۆمیتەی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تێکەڵی ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ببێت سەردانی سەرۆک مستەفا بارزانی ی لە بارەگای هاوینەی حاجی ئۆمەران کرد.

لە 12ی ئاداری 1974دا بەهۆی جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتننامەی 11ی ئادار لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی سەرۆککۆماری عێراق ئەحمەد حەسەن بەکر کرد، لە 7ی نیسانی 1974دا بە بڕیارنامەی کۆماری لە وەزیری کاروباری باکوور لە کابینەی ئەحمەد حەسەن بەکر دوورخرایەوە، لە 28ی نیسانی 1974دا دوای ئەوەی دەوڵەتی عێراق دەستی بەسەر ماڵەکەیدا گرت، خێزانەکەی بۆ ناوچە ڕزگارکراوەکان دەرکران، لە سەرەتای ئاداری 1974دا، بۆ ماوەیەکی کورت وەک بەرپرسی سکرتاریەتی گشتیی پەروەردە و خوێندنی باڵای شۆڕشی ئەیلوول دەستنیشانکرا، لە ساڵی 1974دا کاتێک شەڕی نێوان سوپای عێراق و سوپای شۆڕشگێڕانی کوردستان دەستی پێکرد، وەک بەرپرسی ڕاگەیاندن دەستنیشانکرا.

لە ساڵی 1975دا، پاش هەڵوەشانەوەی شۆڕشی ئەیلوول، وەک پەنابەر چوو بۆ ئێران و لە هەمان ساڵدا پاش ماوەیەکی کورت کۆچی بۆ بەریتانیا کرد، لە سەرەتای نیسانی 1975دا لەلایەن هاوڕێ مەسعود بارزانی بۆ ئامادەکاری شۆڕشی گوڵان ئەرکدارکرا و لە ساڵی 1976 بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان (کۆنفڕانسی بەرلین).

لە ساڵی 1977دا بە ڕێگەی باکووری کوردستان و بە هاوکاریی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا تێکەڵی ڕیزەکانی پێشمه‌رگه بوو و بە نازناوی ساڵح و پاشان دارا تێکۆشانی کردووە، لە ساڵی 1977 لە ناوچە ڕزگارکراوەکانی شۆڕشی گوڵان وتاری کردنەوەی لە ڕادیۆی کوردستانی عێراق دەخوێندەوە، لە 15ی تشرینی دووەمی 1977دا، لە کۆبوونەوەی بەرفراوانی بێداوی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەشدار بوو بۆ ڕێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمه‌رگه و بووژاندنەوەی ڕێکخستنەکان.

هەتا کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک سکرتێری کاتیی سەرکردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشانکرا و لە ساڵی 1979دا لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە گیرا و بەشداریی کۆنگرەی 9ی پارتی دیموکراتی کوردستان نەبوو، لە ساڵی 1979دا سەرۆک مەسعود بارزانی، ئیدریس بارزانی، وێسلی گریک بەرپرسی بەشی پاراستنی پەنابەرانی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران و کۆماری گەلی لیبیا هەوڵی ئازادکردنیان لە دەستی کۆماری ئیسلامیی ئێران دا، لە کۆتایی ئەیلوولی 1980 لە زیندانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەرچوو و گەڕایەوە بەریتانیا.

لە ساڵی 1981دا پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان (PGDK)ی دامەزراند، لە 26 هەتا 30ی تەممووزی 1981 لە کۆنگرەی یەکەمی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان (PGDK)دا لەلایەن نوێنەرانی کۆنگرەوە وەک سکرتێری گشتی هەڵبژێردرا، لە ساڵی 1992دا لەلایەن نوێنەرانی یەکەمین کۆنگرەی پارتی یەکگرتنی کوردستانەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردرا و بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی یەکگرتنی کوردستان (پاسۆک)، ه‌س‌ک، گەل، لە ساڵی 1993دا، لە کۆنگرەی یازدەهەمدا بوو بە ئەندامی مکتب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – یەکگرتوو، لە 4ی ئایاری 1994دا، لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (ی‌ن‌ک)دا بۆ ئاساییکردنەوەی ڕەوشی باشووری کوردستان ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئیمزا کرد.

لە 20ی کانوونی یەکەمی 1999دا لە بەردەم ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان سوێندی یاسایی خوارد و وەک جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کابینەی چوارەم دەستنیشانکرا، لە ساڵی 1999دا و لە کۆنگرەی 12دا وەک ئەندامی مکتب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردرا، لە 12ی ئابی 2003دا لەلایەن ئەنجومەنی دەسەڵاتداری عێراقەوە وەک ئەندامی کۆمیتەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەی دەستووری دەستنیشانکرا، لە ساڵی 2003دا وەک ئەندامی کۆمیتەی داڕشتنی دەستووری عێراق دەستنیشانکرا.

لە 1ی شوباتی 2004دا لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستی لە شاری هەولێر لەلایەن گرووپی تیرۆریستیی ئەلقاعیدەوە شەهید بوو و سەرۆک مەسعود بارزانی بەو بۆنەیەوە نامەیەکی بۆ گەلی کورد نارد، ڕۆژی سێشەممە، 3ی شوباتی 2004 نێچیرڤان ئیدریس مستەفا ناسراو بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق بەو بۆنەیەوە نامەیەکی بۆ گەلی کورد نارد، لە کاتی شەهیدبوونی سکرتێری مکتب سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوو.

لە بەرهەمەکانی ئەو:

1. گەشتێک لە زەوی سووتاودا - 1988.

2. دەستپێک و ئاسۆ - 1988.

3. لە کاغەزەکانی من - 1991.

4. جیهان چاوەڕێی ئاشتی کوردانە – 1998.

5. لە بنەماکانی دیپلۆماسی، دیالۆگ و موزاکەرەدا – 1998.

6. دەربارەی دیپلۆماسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – 1999.

7. پەروەردەی کادران - بێ ساڵ.

8. دەربارەی دیپلۆماسیی پارتی دیموکراتی کوردستان – 1999.

سەرچاوە:

  1. عەلی شنگالی، کێشەی کورد و پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012).
  2. مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکان (بەرنامە و ڕێزنامەی ناوخۆیی)، دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان، بەرگی 1، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆکسانا - 2021).
  3. حەبیب محەمەد کەریم، کەرکووک و شۆڕشی ئەیلوول ی شکۆدار، گۆڤاری گوڵانی عەرەبی، ناوەندی ڕۆشنبیریی گوڵان، ژمارە 70، ساڵی شەشەم، هەولێر، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، 31.03.2002.
  4. نەوزاد عەلی ئەحمەد، چاپەمەنیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەرەوەی وڵات، (سلێمانی - سازیی ژین بۆ بووژاندنەوەی میراتی بەڵگەنامەیی و ڕۆژنامەگەریی کوردی - 2010).
  5. پالێ باوانی، کەسایەتیی شەهید سامی و چەند بیرەوەرییەک، گۆڤاری خازر، ناوەندی ڕۆشنبیریی بەردەڕەش، ژمارە 9، هەولێر، چاپخانەی منارە، بەهار 2005.
  6. ئەرشیفی دەستەی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  7. ئامادەکردن و ساغکردنەوە: شەریف هەژاری، بزووتنەوەی نەتەوەییی باشووری کوردستان 1961-1977 لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیادا، وەرگێڕانی پاسار شێرکۆ، (سلێمانی - چاپخانەی پەنجەرە - 2016).
  8. محەمەد سەهیل تەقووش، مێژووی کورد 637 - 2015، (بەیرووت - دار النەفائیس بۆ چاپ، وەشاندن و بڵاوکردنەوە - 2015).
  9. حەمید گەوهەری، مستەفا بارزانی، پێشمه‌رگه و سەرۆک، (هەولێر – چاپخانەی ڕۆژهەڵات – 2017).
  10. حەبیب محەمەد کەریم، مێژووی پارتی دیموکراتی کوردستان - عێراق (وێستگە سەرەکییەکان) 1946-1993، (دهۆک - چاپخانەی خەبات - 1998).
  11. سامی شۆڕش، کوردستان و کورد، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2019).
  12. سامی عەبدولڕەحمان، لە کاغەزەکانی من، (کوردستان - وەشانی پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان - چاپخانەی گەل - 1991).
  13. عەلی شنگالی، کێشەی کورد و پارتی بەعسی عەرەبیی سۆسیالیست لە عێراق، بەشی سێیەم، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2012).
  14. عەلی شنگالی، ڕاستیی کاروانی شۆڕشی 11ی ئەیلوولی 1961، (دهۆک - چاپخانەی خانی - 2013).
  15. عەبدولڕەحمان گوندیکی، نامەیەک لە شڕناخەوە، (ئەستەنبوڵ - وەشخانەی دۆز - 2016).
  16. کەریم شارەزا، سیاسەتمەداری کورد شەهید سامی عەبدولڕەحمان، فەرهەنگی ناوە نەمرەکان، بەرگی 1، ئامادە و سەرپەرشتیی موتەعەز حەیدەری، هێرش سینجاری و کاروان قاسم، (هەولێر - پەرتووکخانە و ئەرشیفی موتەعەز حەیدەری - چاپخانەی ڕۆژهەڵات - 2014).
  17. محەمەد مەلا قادر، خەباتنامە کورتە مێژووی حزب و کەلتووری بارزانیی نەمر، چاپی دووەم، (هەولێر - وەشخانەی ئاراس - 2007).
  18. مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، چاپی دووەم، (هەولێر - چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە - 2002).