شەهید قادر زەمەن الله موراد ناسراو بە وەستا قادر، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول و گوڵان بووە. دوای پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلول پەنای بۆ ئێران برد. جارێک لە کاتی خەباتی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا بریندار بوو. ساڵی 1981 دوای ئەوەی لە داستانی چیای شارامدا تەقە لە سەری کرا، شەهید بوو.
شەهید قادر زەمەن الله موراد عەلی وەیس ناسراو بە وەستا قادر لە شاری تەویلە کە سەر بە ناحیەی بیارە لە دەڤەری هەورامان لەدایک بووە. دانیشتووی شاری تەویلە بووە و کاری باخەوان و دارتاشی کردووە. دوای پاشەکشەی شۆڕشی ئەیلول پەنای بۆ ئێران برد و لە شاری هەنکرمالێی ئێران نیشتەجێ بوو. هاوسەرگیری لەگەڵ سەبریە حەمەڕەزا کردووە، یەک کوڕ و سێ کچیان (دڵشاد، ئەمیرە، سەمیرە، سەباحەت) بووە.
لە ساڵی ١٩٦٤ لە کومپانیای سێی فەوجە حەوتەمی پیارە لە ناو هێزەکانی خەباتی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندی بە پێشمەرگەوە کردووە. لە چەندین شەڕدا بەشداری کردووە، لەوانە: شەڕی زەلەم، شەڕی پردی زەلەم، شەڕی کانی سەیف، شەڕی ئەحمەد ئاوا، شەڕی شەرام.
ناوبراو لە ساڵی ١٩٦٨ لە سیرتک بەمۆ نزیک شاری هەڵەبجە لە کاتی تێکهەڵچوون لەگەڵ سوپای ڕژێمی عێراق بە سەختی بریندار بوو.
لەسەر ڕاسپاردەی نادر هەورامی، لە چوارچێوەی کەمپی ئاوارەکانی ئێران دەستی بە کاری ڕێکخراوەیی کرد، هەڤاڵانی پێشمەرگەی لە دەڤەری هەورامان ئاگادار کردەوە بۆ ڕێکخستنەوە و ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕینی گوڵان.
ساڵی 1981 بەشداری لە داستانی چیای شارامدا کردووە. دوای دوو ڕۆژ لە خۆڕاگری لە بەرامبەر هێرشەکانی سوپای ڕژێمی بەعس بۆ سەر شاخ و خەندەقەکانی پێشمەرگە، قادر زەمان تەقە لە سەری کرا و دەستبەجێ شەهید بوو. هاوڕێ پێشمەرگەی (مەجنون شەهید)یش لەگەڵیدا شەهید بوو. هەڤاڵەکانی تەرمەکانیان گواستەوە ناو خاکی ئێران و لە چیای کەمنەی ئێران بەخاکیان سپارد.
سەرچاوە:
ئەرشیفی دەسەڵاتی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان




