دوای ڕووخانی شای ئێران، زۆرێک لە چەکدارانی پێشمەرگە ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد و لەوێ ماڵی ئوم حەلیمە بوو بە پەناگە بۆ هێزی پێشمەرگە. یەکێک لە کوڕەکانی بە ناوی ئەیوب لە سەرەتای ساڵی 1982 پەیوەندی بە ڕیزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە کرد و لە 10ی شوباتی 1982 لە گوندی کورک شەهید بوو. کوڕێکی دیکەی بەناوی ئیسماعیل لە ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٨٤ لە چیای کامکە لە نزیک گوندەکانی ئەمینکی و بابوخکی شەهید بوو و تەرمەکەی کەوتە دەستی سوپای عێراق. کوڕی سێیەمی بە ناوی سەڵاح دوای شەهیدبوونی دوو براکەی پەیوەندی بە پێشمەرگەوە کردووە و هەروەها لە ٢٠ی تەمووزی ١٩٨٦ لە دەڤەری ئاکرێ شەهید بووە. دوای شەهیدبوونی سێ کوڕەکەی، کوڕی چوارەمی ئوم حەلیمە، محەممەد ناسراو بە حەمۆ، پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەوە کرد و لە 19ی نیسانی ساڵی 1987، لەسەر ڕێگای سەرەکیی نێوان دۆهوک و ئامادیە شەهید بوو.
ماڵی ئوم حەلیمە هەمیشە بە بارەگای پێشمەرگە هەژمار دەکرا و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ڕێزی زۆری لێدەگیرا. ساڵی 1985 ڕووی لە ناوچە ئازادکراوەکان کرد و لە گوندەکانی بەدیە و بوتیای ناوچەی زاویتە و قازیوە نیشتەجێ بوو. ساڵی 1988 دوای هەڵمەتی ئەنفال و کیمیابارانی ڕژێمی عێراق، خۆی و کوڕەکانی هەوڵیاندا بچنە باکوری کوردستان، بەڵام سوپای عێراق ڕێگری لێکردن و ناچاری گەڕانەوە. ماوەیەک لە دارستانێکدا خۆیان حەشاردا و دواتر ڕێژیم بە هۆی ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکە، بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ دەستبەسەریان کرد و بەر لەوەی ئازادیان کرد.
لە ساڵی ١٩٩١ لە پێشەنگی ڕاپەڕینی کورد بوو. لە 16ی ئابی ساڵی 1996 بە بۆنەی یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەدالیای بارزانی پێبەخشرا.
سەرچاوە:
1- ئەرشیفی دەسەڵاتی ئینسایکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

