کۆنفرانسی دووه‌می یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان کانى ماسى - سلێمانی - ١٩٦٤

کۆنفرانسـى دووەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، دواى سەرکەوتوو نەبوونى سەرکردایەتى هەڵبژێردراوى کرنگرەى چوارەمى ڕێکخراوەکە لە ڕاپەڕاندنى ئەرک و کارەکانیان، لە سەرەتاى مانگى ئابى ١٩٦٤ لە ناوچەى کانى ماسى نزیک شارى سلێمانى بەسترا.


هۆکارەکانى بەستنى کۆنفرانس

بەپێی ئەو دابەشکارییەى بۆ قۆناغەکانى کارى ڕێکخراوەیى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان) کراوە، ساڵى ١٩٦٤ جگە لەوەى بە دووبارە دەستپێکردنەوەى قۆناغى کارى نهێنى ڕێکخراوەکە لەقەڵەم دەدرێت کە لە ساڵى ١٩٦١ دەستپێدەکاتەوە، ڕێکخراوەکە لەو ساڵەوە تا ساڵى ١٩٧٠، تووشى بارودۆخێکى ناهەموارتر دەبێت کە بە قۆناقى ترازان ناودەبردرێت، لەم قۆناغەدا دوو ئاراستەى ڕێکخراوەکە بە هەمان ناوى (یەکێتى قوتابیانى کوردستان)ەوە لە ناوەندەکانى خوێندن هەوڵیان بۆ ڕاکێشانى قوتابیان بۆ ڕیزەکانیان دەدا، لەم پێناوەدا لە ڕکابەرییەکى نا تەندروستدا بوون١.

پێش ئەوەى باس لە هەر وێستگەیەکى کارى یەکێتى قوتابیانى کوردستان بکەین، وادەخوازێت چاوێک بە بارودۆخى پارتی دیموکراتی کوردستان لەو قۆناغەدا بخشێنینەوە، بۆئەوەى ڕووداوەکانى نێو ڕێکخراوەکەمان بۆ ڕوونتر ببنەوە، بەتایبەت کە ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیان یەکێک بووە لە ئۆرگان و کۆڵەگە هەرە گرنگ و کاریگەرەکانى حزب و ڕووداوەکانى نێوخۆ و دەرەکییەکانى حزب ڕەنگدانەوە و کاریگەرى ڕاستەخۆى بەسەر ڕێکخراوەکەوە هەبووە.

دواى ڕێککەوتنى ١٠ى شوباتى ١٩٦٤ى شۆڕش لەگەڵ حکومەت، لە مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان کە مەبەستیان جیاکردنەوەى سلێمانى بوو لە پارتى و شۆڕش وەک دەربڕینى ناڕەزایی بەرامبەر ڕێککەوتننامەکە، لە پارتى دیموکراتى کوردستان جیابوونەوە و لە ئەدەبیاتى مێژووى هاوچەرخى کورد ناوى (جەلالى)یان لێنرا٢.

هەوڵەکانى ئەم جیابوونەوەیە ئەگەرچى بۆ کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٣ دەگەڕێتەوە، بەڵام ساڵى ١٩٦٤ و دواى مانگى شوبات بە ئاشکرا بە ڕوخسارى حزبەوە دەرکەوت. کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى قوتابیانى کوردستان ڕەنگدانەوەى ئاشکراى ئەم لێکترازانەى حزبە، بەو پێیەى ئەم گرووپەى مەکتەبى سیاسى بە بانگێشت نەکردنى ئەندامانى بادینانى ڕێکخراوەکە، هەوڵیاندا سکرتاریەتێک لە خۆیان بۆ ڕێکخراوەکە دابمەزرێنن، ئەوەبوو زۆربەى ئەندامانى سکرتاریەتى یەکێتى قوتابیان لە ناوچەى سلێمانى هەڵبژێردران٣.

ئەم سکرتاریەتە لە ڕێکەوتى ٨ى حوزەیرانى ١٩٦٤ بە ناونیشانى (هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر مه‌لا مستەفا بارزانی و پارتی)، بەیاننامەیەکیان لە دژى سەرۆک مستەفا بارزانی و پارتى دیموکراتى کوردستان بەڵاوکردەوە٤. ئەم بەیاننامەیە لە ڕێکەوتى ١٩ى ئابى ١٩٦٤ لەلایەن لێژنەى ئامادەکارى یەکێتى قوتابیانى کوردستان لە سلێمانى وەڵام درایەوە کە پشتیوانى خۆیان بۆ سەرۆک مستەفا بارزانی و شۆڕش و پارتى دیموکراتى کوردستان دووپاتکردبووەوە٥.

بەڕێوەچوون و بڕیارەکانى کۆنفرانس

بەوپێیەى گرووپی جیابووەوەى مەکتەبى سیاسى کەمینەى حزبیان پێکدەهێنا، سەرکردایەتییەکەشیان لە یەکێتى قوتابیان کە تەواو خۆیان لە بەرژەوەندى گرووپەکە یەکلاى کردبووەوە، توانا و دەسەڵاتى ڕایکردن و ڕاپەڕاندنى کاروبارى ڕێکخراوەکەیان نەبوو، بۆیە بڕیاردرا لە زووترین کاتدا کۆنفرانسى ڕێکخراوەکە ئەنجام بدرێت٦.

لە ئەنجامی ناڕازیبوونی بنكەکانی ڕێكخستنی یهكێتی قوتابیانی كوردستان له ئهدای تاكڕەوانەی سكرتاریهتی كۆنگرهی چوارەم و پهراوێزخستنی قوتابیانی دهڤهری بادینان له كۆنگرهی چوارهم، بهتایبهتی كه سهركردایهتییهكه نوێنهرایهتی بەشێکى پارێزگای سلێمانی دهكرد نهك ههموو كوردستان. بۆیە له سهرهتای مانگی ئابی ساڵی 1964، شهش مانگ دوای بهستنی كۆنگرهی چوارهم، نوێنهرانی قوتابیان به شێوهیهكی ئاشكرا و له ناوچه ئازادكراوهكانی پارێزگای سلێمانی له گوندی كانی ماسی، كۆنفرانسی دووهمی خۆیان بهست. له كۆنفرانسهكهدا دهستهیهكی نوێ بۆ سهركردایهتی ههڵبژێردران، هەتا ڕێگا خۆش بكهن بۆ بهستنی كۆنگرهی پێنجهم.

دەستەى نوێی سکرتاریەت کە هاوکات لێژنەى ئامادەکاریشى ناوبوو، بەم شێوەیە هەڵبژێردران:

١- بهكر حوسێن- ڕێكخستنی سلێمانی

٢- جەلال حەمە عەلى- ڕێكخستنی سلێمانی

٣- عهدنان حاجی موسا- ڕێكخستنی بهغدا

٤- حەوێز دزەیی. ڕێكخستنی بهغدا

٥- عهبدولوههاب تاڵهبانی- ڕێكخستنی کەرکووک

٦- جهواد محهمهد شێروانی- ڕێكخستنی ههولێر

٧- عهبدولكهریم فەندی- ڕێكخستنی دهۆك٧.

بهمهش گشت ڕێكخستنهكان، به پێچهوانەی سهركردایهتی كۆنگرهی چوارهم نوێنهریان لهم سهركردایهتییهدا ههبوو.


سەرچاوه و پەراوێز

١- ماجد حسن علی، الحرکة الطلابییة الکردیة فی العراق (١٩٢٦-١٩٧٠)، رسالة ماجستر/جامعة الصلاحدین فى اربیل ٢٠٠٨، منشوراة سپیرێز، (هەولێر- مطبعة حاجى هاشم)، ص ص ٥١،٤٦.

٢- عرفان عەزیز عەزیز، کۆنگرە و کۆنفڕانسەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، چاپى یەکەم، (هەولێر-چاپخانەى ڕۆژهەڵات-٢٠١٢)، ل ٤٣؛ دهستهی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژوو پارتی دیموكراتی كوردستان كۆنگره كۆنفرانس (پرۆگرام و پهیرهوی ناخۆ)، بهرگی یهكهم، چاپی یهكهم، (ههولێر- چاپخانهی ڕۆژههڵات- 20٢١)، ل ١٧٨.

٣- عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ل ٤٣-٤٤.

٤- شازین هێرش، ڕێكخراوه‌ دیموكراسیی و پیشه‌یی یه‌كان له‌ چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژووییدا 1958 ـ 1968، چاپی دووه‌م، (سلێمانی ـ چاپخانه‌ی ڕاز ـ 2001ز)، ل ٧٥،٧٣.

٥- هەمان سەرچاوە، ل ل ٨١-٨٢.

٦- ساسان عەونى، یەکێتى قوتابیانى کوردستان چەند لایەنێکى تێکۆشان و مێژوو، (هەولێر- چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- ١٩٩٨)، ل ٢٤.

٧- ماجد حسن علی، المصدر السابق، ص ١٥٠؛ عرفان عەزیز عەزیز، هەمان سەرچاوە، ل ٤٤.


بابەتی پەیوەندیدار

کۆنفرانسی هەولێرى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان هەولێر ـ ٢٠١٧

ئه‌م كۆنفڕانسه‌‌ له‌ ڕێکەوتى ١٨ی تشـرینی دووه‌می ساڵى ٢٠١٧، له‌ هۆڵی شه‌هید مه‌ئمون ده‌باغ، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سكرتاریه‌تی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان له‌ شاری هه‌ولێر، بە دروشمی (یه‌كێتی قوتابیان؛ نوێ بوونه‌وه‌ و به‌رده‌وامی) و به‌ ئاماده‌ بوونی ٦٥ نوێنه‌ر به‌سترا١.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی هاوبەشى یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان گوندى خنێره - ١٩٨٦

ساڵى ١٩٨٦، هەردوو ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان و یەکێتى لاوانى دیموکراتى کوردستان بەهۆى ئەو بارودۆخە ناهەموارەى باشوورى کوردستانى تێکەوتبوو و بەهۆى لێکنزیکى خەباتی پیشەیی هەردوو ڕێکخراوەکە لە یەکترییەوە، بۆ ماوەیەکى کاتى بڕیارى بەستنى کۆنفرانسێکى هاوبەشیان دا.

زانیاری زیاتر

کۆنفرانسی یەکەمی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بەغدا - ١٩٦٢

لە مانگى ئادارى ساڵى ١٩٦٢، یەکەمین کۆنفرانسـى ڕێکخراوى یەکێتى قوتابیانى کوردستان، بەهۆى چەند پێشهاتێکى سیاسى ناوچەیی و گۆڕانکارى لە پەیکەرییەتى نێوخۆی ڕێکخراوەکە، بەشێوەیەکى نهێنى لە شارى بەغدا بەسترا.

زانیاری زیاتر