ساڵی ١٩٨٣ چالاکیە پارتیزانیەکانى شۆڕش دژ بە ڕژێمى بەعس لە شێوەى هێرشکردنە سەر ڕەبایە و بنکە سەربازیەکان و دانانەوەى بۆسە و زۆر شێوازی تر بە رفراوانى لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان بەردەوامى هەبوو، بە هۆیەوە زیانى گەورەى بە هێزەکانى حکومەت دەگیاند (بارزانى، ٢٠٢١، ٩٣)، یەکێک لەو چالاکیانەى کە هێزى پێشمەرگە ئەنجامیدان دژ بە هێزە سەربازیەکانى ڕژێمى بەعس هەڵکوتانە سەر ڕێگاى گەرووى سیتکان بۆ ئەنجامدانى چالاکیەکى پێشمەرگەیی و گەیاندنى زیان بە سوپاى عێراق، هەروەها زڕاندنى خەوى ئاسوودەیی لە چاوى هێزەکانیان و بە گوێدا چرپاندنیان کە شۆڕش بەردەوامە لە تەواوى شار و گوند و چیا بەرزەکان ئەگەر سەربازڕێژیش بکرێن، پێشمەرگە لە چالاکیە پارتیزانیەکانى ناوەستێ و لە هەر کوێى ناو جەرگەى دەسەڵاتى حکومەت بێ دەیگاتێ و گورزى خۆى تێ دەسرەوێنێ.
بۆ گفتوگۆ و وتووێژ لەسەر چۆنیەتى ئەنجامدانى ئەو چالاکیە پێشمەرگەییەى گەرووى سیتکان، توانیمان یەکێک لەو پێشمەرگانەى بەشدار بووى چالاکیەکە بدۆزینەوە و بیهێنینە دوان لەسەر چۆنیەتى دەستپێکردنى شەڕەکە و دەرەنجامەکانى، بە ناوى (نەبی خان عەزیز عومەر)، کە بە ووردى بۆى گێڕاینەوەو گوتى: ئێمە هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان کە ژمارەمان ١٤ پێشمەرگە بووین بە فەرماندەى ئەنوەرى سەعید ئاغا ناوەندەیی، لە بەهارى ١٩٨٣ بۆ ئەنجامدانى چالاکیەکى پارتیزانى لە جەولەیەکدا بووین لە دەوروبەرى شارۆچکەى دیانا، بەڵام ئەوەى مەبەستمان بوو لە ئەنجامدانى بۆمان ڕێکنەکەوت، بۆیە ناچار بووین گەڕاینەوە، لە گوندى پیروسوان بۆ بەسەرکردنەوەى ڕێکخستنە نهێنیەکان بۆ ماوەیەکى کورت لاماندا، لەوێ زانیاریەکمان پێگەیشت کە بەیانى سەربازگەى سریەى خارۆمەر کە کەوتۆتە لاپاڵێکى سەر بەرزایی چیاى زۆزگ جێگۆڕکێ دەکرێ، ئێمەش ئەوەمان بە هەلێکى گونجاو زانى کە لە کاتى ئەنجامدانى جێگۆڕکێکە دەرفەت بقۆزینەوەو هێرشیان بکەینە سەر.
ناوبراو لە درێژەى گێڕانەوەیدا گوتى: ئێمە بە شەو خۆمان گەیاندە قەدپاڵی چیاى ڕووتەک کە شوێنێکە بە ناوى سەربەرد چەند هۆڵێکى ئاژەڵدارانى گوندى پیروسوانى لێ بوو، شوێنەکە کەوتۆتە بەرامبەرى چیاى زۆزگ کە بارەگاى سەربازگەى سریەى زۆر بە باشى لێوە دیارە، ئەو شەوە لەو شوێنە ڕۆژمان کردەوە، بە دووربین چاوەدێرى ئەو کاتەمان دەکرد تاکو هێزى نوێى سەربازان دێن جێگۆڕکێى هێزە کۆنەکە دەکەن، هەر لە بەیانیەوە هێزەکەى پێشمەرگە لە چاودێرى و چاوەڕوانیدا بوو تا دواى عەسر، ئیتر هەر ئەومان بەرچاو کەوت کە جموجۆڵی گۆڕانکاى لە سەربازگەکەدا بیندرا، ئێتر کاتى ئەوەش هات کە پێشمەرگەمانیش دەست بە جوولە بکەن، دوو لە پێشمەرکانمان کە چەکی (بی کەى سی)یان پێ بوو لە شوێنێک جێگیر کردن بەرامبەر گەروەکەى کە چالاکیەکەمان لێ ئەنجامدا بۆ پشتیوانى و پارێزگارى هێزى پێشمەرگەى هێرش بەر لە کاتى شەڕەکە و تەقەکردن لە ڕەبایەکانى دەوروبەر وەکو هێزى پشتیوانى، چونکە بەرزاییەکانى سەرتیز و ڕووتەک لە دەوروبەرى گەرووى سیتکان هەمووى ڕەبایە و سەربازگەى سوپا بوون، پێشمەرگەکان بە قەدى چیادا بە ماوەیەکى زۆر کورت لە بستى چیاى ڕووتەک لە ناو دارستان و چەنگەڵە چڕەکە دەیان کیلۆمەتریان بڕی تا گەیشتنە سەر گەرووى سیتکان، کە ڕێگاى هاتوچۆى سەربازى بوو نزیکى کیلۆمەترێک دوورە لە بارەگاى سریەى سەربازى سوپا، لە نێوان هەردوو گوندى سیتکان و پیروسوان هەڵکەوتووە.
ناو براو گوتى: هەرکە ئێمە گەیشتینە سەر گەروەکە بینیمان ژمارەیەکى زۆرى سەربازان بە پیادە بە ڕێگادا دەهاتن بۆ ئەو شوێنەى ئێمەى لێ دامەزرابووین، بۆ پارێزگارى و سەلامەتى ڕێگاى هاتووچۆى سەربازى ڕێگاى گەڕانەوەى هێزەکانى تر، شەش سەربازیان هەر زۆر نزیک بوون لە گەروەکە، ئەگەر پێشمەرگەکان چەند دەقیەقەیەکى تر دواکەتباین ئەوان زووتر دەگەیشتن و نەمان دەتوانى چالاکیەکە ئەنجام بدەین، بەڵام کە گەیشتیتن دوو دوو سێ سێ دابەش بووین بە دوورى (٢-٣)م لە یەکتر، یەکسەر هەریەکە و لە شوێنى خۆى سەربازەکانمان دایە بەر دەسڕێژى گوللە بە چەکى سوکى کە پێمان بوو، لە ماوەیەکى کورتى شەڕەکەدا تەواوى ئەو سەربازانەى کە لە ڕێگادا بوون بەبەر چاوى پێشمەرگەکان بەرکەوتن و کەوتنە سەر زەوى، ناو براو ئاماژوەى بەوە کرد کە سەربازگەکە و ڕەبایەکانى دەوروبەر بە ئاگا هاتن لەوەى کە هێزى پێشمەرگە هێرشى کردۆنەتە سەر، بە دۆشکە و هاوەن شوێنى شەڕەکە و ئاقارى ناوچەکەیان ئاگر باران کرد، پێشمەرگەکانیش بۆ ماوەیەکى کورت چاودێری دۆخەکەیان کرد پاشان بە ڕێگاى خۆیاندا لە بەرزاییەکەدا شۆڕ بوونەوە و گەڕانەوە بێ ئەوەى هێچ زیانیان لێ بکەوێـت.
سەبارەت بە کاردانەوەى سوپاى عێراق دواى هێرشەکەى پێشمەرگە یەکێک لە دانیشتوانى گوندى پیروسوان بە ناوى جەلال سلێمان شوان کە خۆى سەر بە ڕێکستنى نهێنی شۆڕش بوو بۆى گێراینەوەو گوتى: دواى ئەوەى کە هێزەکەى پێشمەرگە چالاکیەکەیان ئەنجامدا سەر لە ئێوارە بوو کاتێکى کەمى مابوو بۆ نوێژى شێوان، ڕەبایەکانى خارۆمەر و زۆزک و سەرتیز بە دۆشکە و هاوەن ئاقارى گوندی پیروسوانیان بۆردومان کرد، هەموو ئەوانەى کە ئاژەڵدار و خاوەن مەڕ و ماڵات بوون ئاژەڵەکانیان داکردەوە هۆڵ و ماڵاتەکانیان گەڕاندنەوە گوند، چونکە شەوەکەش بۆردومانەکە هەر بەردەوام بوو بەو پێیەى کە ڕێگاى گەڕانەوەى پێشمەرگە بوو، دواى ئەوەى کە پێشمەرگە لەو شوێنە چالاکى لێ ئەنجام دا، حکومەت خاڵێکى چاودێری سەربازى ڕۆژانەیەیان لە سەر گەروەکە جێگیر کرد پاشان کردیان بە ڕەبایەى چەکدارانى بەکرێگیراو، جگە لەوەش تەواوى گەروەکە و دەوروبەرى ڕەبایەکەیان مینڕێژ کرد بۆ ئەوەى رێگاکە لە مەترسى هێرشێکى دیکەى پێشمەرگە پارێزراو بێ.
سەرچاوەکان:
١-مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، 1975-1990 شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، 2021.
٢-دیمانە، نەبى خان عەزیز عومەر، پێشمەرگەى شۆرشى گوڵان، بەشدار بووى شەڕەکە، دانیشتووى سۆران. ٢٤ى ئازارى ٢٠٢٦.
٣-دیمانە، جەلال سلێمان شوان، خەڵکى گوندى پیروسوان، دانیشتووى سۆران. ٢٣ى ئازارى ٢٠٢٦.


